خه‌بات: هاوار مورتكه‌یی:- فیفا هەموارکردنەوەی نوێی ناوبژیوانان لە یاساکانی یارییەکە بۆ مۆندیال پەسەند کرد، کە یازده‌ی ئه‌م مانگه‌ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچێت.

فیفا ڕوونیکردەوە، لەنێو ئەو خاڵانەی ناوبژیوانان گرنگییان پێدەدەن، پابەندبوون به‌ پێدانی كارتی سوور بۆ هەر یاریزانێک کە لەکاتی قسەکردن لەگەڵ یاریزانێکی بەرامبەری ده‌می بگرێت (ده‌ستی له‌سه‌ر ده‌می دانێت، به‌تایبه‌تی لەکاتی شەڕ و گرژییه‌كان لە ناو یاریگادا.

– ئەگەر یاریزانێک بەهۆی توڕەیی لە بڕیارەکەی ناوبژیوان، یاریگا بەجێبهێڵێت، ئەوا ناوبژیوان دەتوانێت کارتی سووری پێ بدات.
– بۆ خێراکردنی یارییەکە، ناوبژیوانان دەتوانن به‌لانی كه‌مه‌وه‌ پێنج چرکە بۆ لێدانی گۆڵ و هه‌ڵدانی لا جێبەجێ بکەن، ئەگەر دوای تەواوبوونی 5 چركه‌كه‌، لێدانی گۆڵ جێبه‌جێنه‌كرا، لێدانی گۆشە دەبەخشرێتە تیپی بەرامبەر، ئەگەر لە هەمان ماوەی کاتدا هه‌ڵدانی لا لێنه‌درێت، ئەوا تۆپ دەبەخشرێتە تیپی بەرامبەر، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ یاسای هەشت چرکە بۆ گۆڵپارێزەکان، کە ڕێگەیان پێدەدات دوای سەیڤکردن تۆپەکە یاری پێبکەن.
– له‌كاتی گۆڕین، پێویسته‌ یاریزان لە ماوەی 10 چرکەدا گۆڕەپانی یاریکردن بەجێبهێڵن، تەنیا لە حاڵەتەکانی پێکان یان نیگەرانیی ئەمنی نەبێت.
– پرۆتۆکۆڵی یاریدەدەری ناوبژیوانی ڤیدیۆ (VAR) لە هەندێک لایەندا ڕوون دەکاتەوە، بۆ پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی کارتی سوور دوای ئەوەی یاریزانێک کارتی زەردی دووەمی بە هەڵە وەرگرت، هەروەها دەتوانێت پێداچوونەوە بەو لێدانە گۆشەیانە بكات کە بە هەڵە بڕیاری پێدراوه‌.
– هەروەها فیفا ڕایگەیاندووە، ئەو یاریزانانەی دەمیان بە دەست، قۆڵ، یان درێس دادەپۆشن، ئەگەر ناوبژیوانان گفتوگۆکەیان بە نادۆستانە بزانن، ده‌توانن کارتی سووریان پێ بدات، بەڵام ئەمە ئاساییه‌ ئەگەر قسه‌و ڕەفتارەکە شەڕانگێزی نەبێت.