سهرهتا وتار ڕێنماییەکانی بارزانیی نەمر ئێمە لەسەری پەروەردە بووین و تا ئێستا بەرزی دەکەینەوە
پ. د. فوئاد حەمە خورشید – سلێمانی
بارزانی نەمر (١٩٠٣-١٩٧٩) قارەمانێکی نەبەرد و سەرکردەیەکی بوێر بوو. لە کۆمەڵگەیەکدا گەورە بوو کە لە ئازادی و مافە نەتەوەییەکانی بێبەش بوو، لە نیشتمانێکی پارچەپارچەکراودا دەژیا کە لە هەموو لایەکەوە بە دوژمن و ڕژێمە تاکڕەوەکان دەورە درابوو، بەڵام هەر کە بارزانیی ئاگاداری ئەو واقیعە پڕ لە ئازارە بوو؛ هەموو هەوڵ و بیرکردنەوە و هێزی خۆی لەپێناو نەتەوە و نیشتمانەکەی بۆ بەرگریکردن لەو ماف و ئازادییەی نیشتمانەکەی تەرخان کرد.
هەر لە تەمەنی گەنجایەتییەوە بۆ ئەم مەبەستە، چەکی هەڵگرت و ئیرادە و تواناکانی خەباتگێڕانی خۆی بۆ بەرگریکردن لە گەلە ستەملێکراوەکەی و بەرەنگاربوونەوەی ستەمکارەکانیان تەرخان کرد و چووە بەرەی بەرگریکردن. بە تێپەڕبوونی کات بوو بە پاڵەوانێکی شاخی ترسناک بۆ دوژمن و داگیرکەران، و سەرکردەیەکی بەسۆز و خۆشەویست و بێڕکابەر لە سەرانسەری کوردستان؛ لە دەرەوەی وڵاتیش ناوبانگی پەیدا کرد و ناوی “بارزانی” بوو بە هێما یان هاوواتای ناوی گەلی کورد.
لێرەدا باسی ئازایەتیی بارزانیی نەمر ناکەم، کە دوژمنەکانی پێش لایەنگران و شوێنکەوتووانی باسیان لێ کردووە و دانیان پێدا ناوە. هەروەها ئاماژە بە وردەکارییەکانی سەختیی خەباتی درێژخایەنی جەنابی و هاوڕێکانی و ئەو قوربانییە بێئەندازەییەی کە لە بەرەکانی شەڕدا داویانە ناکەم؛ چونکە ئەوە پێویستی بە چەند بەرگێکی کتێبێک دەکات، بەڵکوو مەبەستم لە سەبر و خۆڕاگری و دەروێشییەکەیەتی کە لە هی (هۆشی منە)ی ڤیتنام و لە خۆڕاگری و عەقڵی ستراتیژیی سەربازی لە (ماوتسی تۆنگ)ی چین کەمتر نەبوو. ڕەنگە خۆنەویستی و سادەیی ئەویش لە سیفەتە جیاکەرەوەکانیدا بووبێت، سەرەڕای سەختیی ژیان و هەلومەرجی مەترسیداری خەباتی چەکداری.
بارزانیی نەمر ئامادە نەبوو لەلایەن پێشمەرگەکانییەوە بە “فەرماندە”، “سەرکردە”، یاخود “سەرۆک” ناوی لێ بنرێت، بەڵکوو بێزاریی خۆی دەردەبڕی و دەیگوت: “من ئەم نازناوانەم ناوێت، من تەنها یەکێکم لە ئێوە”. بەم جۆرە بارزانیی نەمر لەڕێگەی سەرکردایەتی و ئایدیا بەرزەکانییەوە، میراتی کولتووری و ڕۆحی قارەمانییەتی نەتەوەی کوردی بەرجەستە دەکرد. بۆیە بە درێژایی ساڵانی خەباتی شکۆمەندانەی، هەرگیز تووشی ڕۆژنامەنووسێک نەبووە کە ئەو ڕۆژنامەنووسە سەرسام نەبووبێت بە سیفەت و زیرەکی و بیرۆکەکانی بارزانی. لە هیچ سیاسەتمەدارێکیشم نەبیستووە کە لەگەڵی کۆبووبێتەوە و لێدوانەکانی و داواکارییەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی قبووڵ نەکردبێت! بارزانیی نەمر بە درێژایی سەرکردایەتیکردنی خەباتی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی باشوور، پیاوێکی پاک و ڕاستگۆ بوو، تەماحی پارە و شکۆ و پێگەیەک نەبووە. ئەگەر بە پێچەوانەوە بووایە، فەرمانڕەواکانی عێراق موڵک و ماڵی فراوان و کۆشکی بەرز و هەر سامانێکی زۆریان پێدەبەخشی، بەڵام بەهۆی دەستپاکی و ئەخلاقی بەرز و باوەڕێکی دروستەوە دەستبەرداری هەموو ئەوانە ببوو. بۆیە کاتێک کۆچی دوایی کرد، خاوەنی هیچ موڵک و سامانێک نەبوو جگە لە خۆشەویستیی میللەتەکەی و نیشتمانەکەی.
لە مێژووی خەباتی نەتەوەی کورددا، بارزانی نەمر بە یەکێک لەو سەرکردە دیارانە دادەنرێت کە میللەتی کورد بە درێژایی مێژووی خەباتی خۆی بەرهەمی هێناون. بارزانی لە هەڵویست و گوتار و ڕەفاتر و ژیان و خەباتی شۆڕشگێڕی دوور و دریژی خۆیدا چەند بنەمایەکی سەرەکی هزری و کۆمەڵایەتی و شۆڕشگیڕی و خەباتی داڕشتووە کە ئێمە پێی دەڵێین (ڕێبازی بارزانی)کە مۆدێلێکی ڕەفتارە کە هەموو کوردێکی دڵسۆز و ڕاستگۆ کە لەپێناو بەرژەوەندیی میللەت و نیشتمانەکەیدا کار دەکات، پێویستە لاسایی بکاتەوە و بیکاتە ڕێبازی خۆی.
لێرەدا چەند وتەیەکی بەنرخی بارزانی نەمر لە چەند خاڵێکدا دێنمە پێش کە نموونەی ئەو ڕێبازە بەرزەی بارزانی نەمرە، کە لە ساڵانی سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا بۆ ئەفسەران و پێشمەرگە و کاربەدەستانی پارتی بە وتارێک لە ١٥ی نیسانی ١٩٦٧ پێشکەشی کردبوو. هیوادارم کە کادیران و لایەنگرانی گەنجانی پارتی ئەمڕۆ بیزانن، چونکە ئەم وتانە بەشێکن لە میراتی ئەو ڕێبازە پیرۆزە:
١) شانازی بە میللەت
“هەر وەک هەزار جار وتوومە، ئەو فەخر و سەربەرزییە تەنیا هەر بۆ ئەوانە نییە کە تفەنگیان لەسەر شانی خۆیان داناوە، بەڵکو هەموو جووتیارێکی کورد، هەموو ئافرەتێکی کورد، پیر و جوان و منداڵی کورد، هەموویان لەو قارەمانییەتییەدا بەشدارن و لەم شۆڕشەدا هەموو کەس زۆر ئەزیەتی دیوە و ئازاریان پێگەیشتووە.” (ل٢)
٢) دڵسۆزی و ڕەوشت
“ڕەفیقەکانیشم دەزانن کە قەت خیانەتم لە ڕەفیقی خۆم نەکردووە، چاوچنۆکیم نەکردووە، خۆشەویستیی خۆییم نەبووە بەرامبەر ڕەفیقی خۆم، جلی خۆمم داوەتە ڕەفیقی خۆم، خۆم بەرگەی سەرمام گرتووە و تەحەمولم کردووە. تا قودرەتم هەبووە خۆم لەگەڵ ڕەفیقەکانم چوومەتە بەرەی شەڕ. بپرسن ئەو جێگەیەی تۆپ و فڕۆکە لێی دەدا، ئەو جێگەیەی کە کەس تیایدا نەدەژیا، خۆم چوومەتە ئەو جێگەیە؛ گەر دوژمن لە پێشەوە هاتبێت، خۆم یەکەم کەس بوومە کە هێرشم کردووە تاکوو گەیشتمە ئەم حاڵە.” (ل١١)
٣) برایەتیی کورد و عەرەب
“من هەر وەکوو لە ساڵانی ١٩٤٥ و ١٩٦٠دا هەمیشە گوتوومە و ئێستاش دەیڵێم: ئێمە شەڕی عەرەب و کورد ناکەین. نەک هەر دەڵێم شەڕی عەرەب ناکەم، شەڕی هیچ قەومێک ناکەم… کورد و عەرەب برای یەکن و دەتوانن زۆر بە تەبایی و برایەتی و خۆشەویستی و ئاشتی بژین. بەڵێ عەرەب برای گەورە و ئێمە برای گچکەین، ئێمە دەڵێین ئەوە ئینساف و دادپەروەری نییە برای گچکە بەری ڕووت بێت و نەتوانێت بخوێنێت و بۆ خۆی فێری شتێک ببێت، و نەتوانێت بیروڕای خۆی لە ئیدارەی ماڵی موشتەرەکی خۆیدا ڕوون بکاتەوە، لە کاتێکدا برای گەورە هەموو شتەکانی ماڵەکە بۆ خۆی ببات!! لازمە ڕەچاوی دادپەروەری بکرێت و برای گچکە خۆی بە چەوساوە نەزانێت و خیانەت و نادادپەروەریی لێ نەکرێت.” (ل١٤-١٥)
٤) ئیدارە و حکوومەت
“ئێمە پێشێلکاری لەگەڵ حکوومەتدا ناکەین ئەگەر حکوومەت نەکەوێتە دەستی بێئەخلاق و دزەکان!! ئەوانەی کە خزمەتی دوژمنانی کورد و عەرەب دەکەن. ئێمە لە شۆڕشی خۆماندا بەرژەوەندیی عێراقمان دەوێت؛ یەکەم بۆ عەرەب، دووەم بۆ کورد و بۆ هەموو خەڵکی عێراق، تورکمان، ئاشووری، ئەرمەن و هەر کەسێکی تێدابێت. ئێمە ئەمانەوێت حکوومەتێکی دادپەروەر و دیموکراتیک بە هەڵبژاردنێکی ئازاد، بەبێ گوشار و زۆرداری و زوڵم و تەعەدا لە عێراقدا بکرێت.. یاسایەکی هەبێت پڕ دادپەروەری بێت کە میللەتی عێراق خۆی بۆ خۆی دایبنێت… نەک هەر ڕۆژێک عەسکەرێک بڵێ (قررنا ما يلي..)! و بە ئارەزووی خۆی دەسەڵات لەسەر میللەتی عێراق بسەپێنێت و میللەت نەتوانێت و نەوێرێت لێپرسینەوەی لێ بکات.” (ل١٥)
٥) مرۆڤایەتی
“ئەگەر کەسێک لە ئەرکێکدا بەرپرسیار بێت و سەرۆکایەتیی گرووپێک دەکات، دەبێ لە ژێردەستەکانی زیاتر ئەزیەت بکێشێت… ئەگەر یەکێک لە گرووپەکەی برسی بێت، دەبێ نانی خۆی بداتە ئەو، خۆی برسییەتی قبووڵ بکات چونکە گەورە دەبێ خۆڕاگریی لە بچووک زیاتر بێت… ئەگەر من ناوی خۆم بنێم گەورە و بۆ خۆم تێر بم و بچووکتر لە بەرچاوی من برسی بێت، لەلای من ئەوە زۆر بە عارێکی گەورە دەزانرێت. بەڵام ئەگەر خۆم لە برسان بمرم و فەقیرێک لە برسییەتی ڕزگار بکەم، بۆ من شەرەفێکی زۆر گەورەیە. ئینسانییەت ئەوەیە قوربانی بە خۆشییەکانی خۆت بدەیت بۆ بەرژەوەندیی فەقیر و موحتاجەکان.” (ل٨)
٦) پێشکەوتنخوازی (التقدمية)
“پێشکەوتنخوازی مانای ئەوەیە کە بۆ زانیاری و ئەقڵ و پیاوەتی و عیفەت و دەست و داوێنپاکی و خزمەت بە میللەت ماندوو ببین… ئەو کەسەی کە بۆ ئەو شتانە هەوڵ نەدات، ئەگەر هەر کەسێک بێت، من بە پێشکەوتنخوازی نازانم؛ و ئەو کەسەی تەماح لە ماڵ و نامووسی خەڵک دەکات و خوا و خەڵک لە خۆی ناڕازی دەکات، ئەوە قەت بە ئینسان حیساب ناکرێت.” (ل٦)
٧) پارت (حزب)
“برایانی عەزیز: تکای من لە ئێوە، کە کوڕی میللەتن، ئەوەیە هەوڵ بدەن ڕۆژ بە دوای ڕۆژ پارتەکەتان بەقوەتتر و ڕێکوپێکتر بکەن و هەموو لایەک یارمەتیی یەکتر بدەن… ئەگەر پارتەکەمان و ڕێکخراوەکانی باش بن و فەرمانەکانی بە جوانی جێبەجێ بکرێن، ئەوە ئەمە دەگەیەنێت کە لەشکرەکەمان و میللەتەکەمان بەقوەتتر و باشتر دەبن.
پارت (حزب) واتە دامەزراوەکانی گشت میللەت، لەشکر بێت یان هەر جۆرێک لە ڕێکخراوەکانی تر، هەموویان بەشێکن لەم میللەتە… هیچ شۆڕشێک بەبێ سەرکردایەتیی پارتێکی ڕێکوپێک سەرکەوتوو نابێت. کە دەڵێم پارت، مەبەستم پارتێکی دڵسۆز بۆ میللەتەکەی و بەرژەوەندیی میللەتەکەی لەبەرچاو بێت، نەک وەکوو ئەوانەی کە لە (ماوەت) بوون و زوڵمیان لە میللەت دەکرد و ناوی خۆشیان نابوو (حزب)… ئەگەر ئێمە بمانەوێ شۆڕشەکەمان سەرکەوێت، دەبێ ئەم پارتەی کە هەمانە زۆر بەقوەت بکەین و بە دڵسۆزی یاریدەی پارتی خۆمان بدەین، نابێت کەسمان چاوی لە سەرکردایەتی و گەورەیی هەبێت… هەر کەسێک زۆرتر توانای هەبێت و بەرامبەر بەو توانایە خزمەتی میللەتەکەی بکات، میللەت ئەو کەسە بە سەرۆکی خۆی دەزانێت.” (ل٦-٧)
٨) خۆنەویستی
“هەزار جار من بە ئێوەم گوتووە، هەر کەسێک لە هەمووان بچووکتر بێت من خزمەتی دەکەم. من سەرۆکی کەس نیم، سەرۆکایەتیی کەسیشم ناوێت… بەڵام دەمەوێت برای ئێوە بم، خزمەتی ئێوە بکەم، ئێوەش برای من بن و کۆمەکی (هاوکاری) من بکەن، پێکەوە ببینە کوڕی میللەت، خزمەتی میللەتەکەمان بکەین. خۆشەویستیی خۆیی و خۆپەرستی بێمەعنا؛ چاوچنۆکییە، بە کاغەزێک، بە قسەیەک، بە درۆیەک ڕاستییەکانمان لەبیر نەچێت و فێڵمان لێ نەکەن.” (ل٦)
سەرچاوە:
بڕگەکانی ١-٨ لە: گوتاری سەرۆک سەرۆک مەلا مستەفا بارزانی نەمر لە کۆنفڕانسی ئەفسەرانی پێشمەرگە و کاربەدەستانی پارتی، ڕۆژی ١٥ی نیسانی ١٩٦٧ وەرگیراوە.