پەیمانی دڵسۆزی و ڕێبازی سەرفرازی

109

ئازاد كەكشار ژاژوکی
مێژووی گەلان بە هەڵوێستی مەردانە و بازووی پۆڵاینی کوڕە دڵسۆزەکانی دەنووسرێتەوە. ئێمە وەک لافاوێکی سەرکەش، بە باوەڕێکی به هێز و ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە، هەمیشە وەکوو هێزی پێشەنگ ڕێڕەوی کاروانی خەبات و شەرەف دەگرینەبەر. لەسەر ڕێگای ڕابەر و مەرجەعمان جەنابی سەرۆک بارزانی، بەرەو ئاسۆی ڕووناک و سەرکەوتن هەنگاو دەنێین و دەڵێین: «پێشمان کەوە، تۆ قیبلەنمای خەبات و سیمبولی خۆڕاگریی و بەرخۆدانی ئەم نەتەوەیەیت»
با نەیاران، داگیرکەران و خۆفرۆشان لە جادەی خیانەت و پیلانگێڕیدا چەند دڕندە و بێباک بن، با هەرچی لە توانایاندایە دژی کەرامەتی ئەم خاکە تاقی بکەنەوە؛ تاکو خەونیان لە گور دەنین و ئێمە خاوەن بڕیارێکی ڕەسەن و خاوەن دڵێکی بێترسین چونکە خودان سەرۆک و رابەرێکی وەکوو سەرۆک بارزانین ،ترپەی دڵمان بە هێزی خوای مەزن، بە پشتیوانیی خەڵکی دڵسۆز و هاوکاریی کوردی ڕەسەن و ڕاستەقینە لێدەدات. لە فەرهەنگی مەردایەتیی ئێمەدا ئەستۆ خوارکردنەوە و چەمانەوە بوونی نییە. ئێمە مێژووەکەمان بە دروشمی پیرۆزی «یان کوردستان یان نەمان» نەخشاندووە و ئەمە بژاردەی کۆتایی و گەڕانەوەنەبووی ئێمەیە.
تاکوو دوا دڵۆپی خوێنی دەمارەکانمان، پەیمانێکی ئەبەدی و پیرۆزمان لەگەڵ خوای گەورە، سەرۆک بارزانی و خاکی پیرۆز بەستووە؛ پەیمانێک کە بە هیچ زریانێک نالەرزێت و بە هیچ تەوژمێک ناشکێت. بۆ هەمیشە وەک چیا سەرکەشەکانی کوردستان بە پێوە دەمێنینەوە و دەلین: “یان بە ئازادی و سەربەرزی لەسەر ئەم خاکە دەژین، یان بە مەرگی شەرەفمەندانە کە شەهید بونە لە پێناو باوەڕەکەماندا هەڵدەبژێرین، بەڵام هەرگیز و لە هیچ کاتێکدا سەر بۆ ژێردەستەیی و زوڵمی دوژمنان شۆڕ ناکەین”.