خەبات – وریشە عومەر
هاوژین حەمە ڕەشید قادر، لە دایكبووی ناحیەی ژاراوەی سەر بە قەزای پشدەر، خوێندنی بەر لە زانكۆی هەر لە ژاراوە تەواوكردووە و پاشان كۆلێژی زمانی زانكۆی كۆیە – بەشی زمانی ئینگلریزی خوێندووە و ماوەی پێنج ساڵ مامۆستای زمانی ئینگلزی بووە. لە كۆتایی ساڵی 2014ەوە چووەتە وڵاتی بەریتانیا و ژیانی هاوژینی پێكهێناوە و ئێستا دایكی 3 منداڵە. سەرقاڵی كاری وەرگێڕانە و زیاتر وەك نووسەر و چالاكوانێكی بواری ئافرەتان دەناسرێت، لەم دیمانەیەدا وەڵامی چەند پرسیارێكی تایبەت بە خەبات دەداتەوە.
* وەك چالاكوانێكی بواری ئافرەتان هۆكاری كێشەكانی ئەمڕۆی ئافرەتان لە نێوخێزان بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
_ هۆكارەكەی هۆشیاربوونەوەی ئافرەتان و بە ئاگابوونیانە لە ئەرك و مافەكانیان. لە ئێستادا، ژیان لە ژێر سیستمی سەرمایەداریدا ئاسان نییە، مرۆڤەكان بارتەقای جوانی ڕووخساریان و پارەی باخەڵیان مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت. بۆیە ئافرەتانیش هەوڵدەدەن لەو پێناوەدا بژین و بەرگەی ئەو زەبرە قورسە بگرن كە سیستمەكە لێیان دەدات، بۆیە دەبینین ئافرەتانێك هەن، تەنها لە ڕواڵەتدا مێن، بە كار و كردەوە بوونەتە پیاو، ئەمەش پێچەوانەی سروشتە و پیاو لەمە تێناگات، بۆیە بە هەموو جۆرێك ڕووبەڕووی ئەمە دەبێتەوە و دەیەوێت وەكو سەردەمانی زوو، خۆی سەردار بێت، ئافرەتیش بەوە ڕازی نییە مەگەر پیاوەكەی هیچ كەم و كورتی مادی و هەست و سۆزی نەبێت.
* ڕۆڵی پارە لە بەختەوەری خێزاندا چۆن دەبینی؟
– وەك پێشتر ئاماژەم پێدا، ژیانی ئێستای مرۆڤ بەپێی باخەڵی پێوانە دەكرێت. تۆ چەندت لە باخەڵدایە ئەوەندە ڕێزت هەیە، بۆیە پیاوەكان دەیانەوێ ئەو لایەنە بگرن و دەسەڵاتی دابینكردنی پارە و مادە لای خۆیان بێ و ئاوا كۆنتڕۆڵی هاوژینەكەیان و ماڵ و منداڵیان بكەن. بەس وەك وتم ئافرەتی ئەو سەردەمە بەوە ڕازی نییە و نایەوێ كۆنتڕۆڵ بكرێت، بۆیە ڕووبەڕووی ئەو بیرو ڕایە دەبێتەوە و ئەمەش سەرەتای سەرهەڵدانی گرفتە كۆمەڵایەتییەكانە و هەركەس دەیەوێ، خۆی باڵادەست بێت و بیسەلمێنێ بەهێزترە، دواجار شكست بە پەیوەندییەكەیان دێنن و ڕێگایان جیادەبێتەوە.
* هۆكاری سەرنەكەوتنی ڕادەیەكی زۆی ژیانی هاوژینی لە ئێستادا بۆچییە و تەكنۆلۆژیا تا چەند هۆكارە؟
– گوێنەدان بە هەست و سۆزی یەكتر. نەخوێندنەوەی دەروونی ئافرەت لەلایەن پیاوەوە و پێچەوانەكەشی. ژیانی هاوژینی بۆتە ژیانی هاوشینی. هەر دووكیان دەگرین و ئازاریان هەیە و هیچیش ناكەن تا دۆخەكە تێپەڕێنن، بە داخەوە یەكتری دەهاڕن نەك یەكتری تەواو بكەن. تەكنۆلۆژیا هۆكارێكی سەرەكییە، چونكە جیهانی بچووككردۆتەوە. خەڵك لەبری ئەوەی تەنها چاودێربێ بە سەر ژیانی خێزانی خۆیەوە، ڕۆژانە هەزارەها لاپەڕە و شتی خەڵكیتر دەبینن، ڕەنگە زۆربەشیان ڕاست نەبن و تەنها چاوی بینەر و گوێی بیسەری پێ فریو بدەن. مرۆڤەكان لە ئێستادا دەستیان دەگاتە دوورترین قوڕنەی جیهان و هەندێجار ئەمە سەردەكێشێ بۆ ناپاكی هاوسەرگیری و لە كۆتاییدا لە ئاسانترین حاڵەتدا، دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی خێزان.
*ڕێژەی زۆری جیابوونەوە لە سەرەتای پرۆسەی هاوسەرگیری بۆچی دەگێڕیتەوە؟
– پەلەكردن لە هاوسەرگیری زۆر جار بە هۆی تینووبوون بۆ گەیشتن بە لاشەی ڕەگەزی بەرامبەر، بێ گوێدانە سروشت و هەڵسوكەوتی یەكتری، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی هەركە حەزەكە كەمێك تێربوو، ئیدی لە یەكتر تێربن و بەرگەی درێژەدان بە ژیان نەگرن. هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی و ئامادەنەكردنی كچ و كوڕەكە بۆ خۆدانە بەر بەرپرسیارێتی هاوسەرینی و هاوژینی. كحول خواردنەوەی پیاوان و زۆری چونە دەرەوەیان لەگەڵ دۆست و برادەر، دەستێوەردانی خێزانەكان لە ژیانی ژن و مێردە لاوەكان و چاولێكەری و كۆمەڵێك هۆكاری تر هەن كە ڕەنگە لێرەدا جێی نەبێ هەموویان بە دوور و درێژی باس بكەین.
* ئایا سەربەخۆیی ئابووری ئافرەت دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی پابەندی خێزانی كەمبێتەوە؟
– نا بەپێچەوانەوە، دەبێتە هۆی زیادبوونی داهاتی خێزان و زیاتر هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەڕێوبردنی خێزان لەلایەن ژنەوە، چونكە ئەوكاتە ئافرەتەكە تێدەگات پارەپەیداكردن و كاركردن لە دەرەوە هێندەش ئاسان نییە، بەڵام هەندێ لە پیاوەكان نایانەوێ ژنەكانیان لە دەرەوە كاربكەن، چونكە دەترسن ئاوا چاویان ببێتەوە و چیدی نەكەونە داوی كۆنتڕۆڵكردنی پیاوەوە، یانیش كاتی تەواویان نەبێت بۆ گرنگیدان بە خێزان و ماڵ و منداڵ وەكو ژنێكی ماڵەوە.
* پێتان وانییە زۆرێك لە كێشەكان هۆكارەكەی ئەوەیە كەژن دەیەوێت وەك پیاو هەڵسوكەوت بكات؟
– نەخێر، ژن هەر ژنە و پیاویش پیاوە، زۆربەی جار كە ژن دەچێتە قاڵبی پیاوەوە، لەبەرئەوەیە پیاوەكەی لە ڕووی كەسێتیەوە لاوازە. پیاوی بە كەسایەتی و بەهێز و بە توانا كە لە دەروونی ئافرەت تێبگات، ژن والێدەكات بە ناسكی و ژنبوونی خۆیەوە سەرقاڵبێ و نەبێتە پیاو. بە كورتی بەختەوەری خێزان بەندە بە پیاوەوە، چونكە ئافرەت ئاوێنەیە، ئەوە پێشان دەدات كە بەرامبەریەتی.
دەكرێت بەختەوەر بیت بە هەڵگرتنی نازی یەكتر، گوێنەدان بە قسەی ئەم و ئەو، ڕازیبوون بەبەشی خۆت، خۆشەویستی و میهرەبانی و چاوتێری، ڕێزگرتنی هاوبەش و هاوكاری یەكتری تا كۆتایی و لە كاتی پێویستدا، بەهاناوەچوونی یەكتری، بەرپرسیارێتی وەرگرتن و لە كاتی بەهەڵەداچوونیان داوای لێبووردن لە یەكتری بكەن.
* زۆر لە خێزانی كورد كە دەگەنە ئەوروپا لێكهەڵدەوەشێن هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟
– هۆكارەكان زۆرن، لەوانە دڵپیسی پیاوەكان كە خۆیان باگڕاوەندێكی تاڕادەیەك خراپیان هەیە، ئیدی متمانە بە ئافرەت ناكەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پیاوەكان بە داخراوی هەڵسوكەوت بكەن لە هەندێ حاڵەتدا ئافرەتیش بەمە ڕازی نییە. هۆكاریتر، چوونە دەرەوەی زۆری پیاوەكان و مەی خواردنەوە و نێرگەلە كێشان و قوماركردن، ئەمانە هەمووی پیاو دووردەخەنەوە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی خێزان و ئافرەتیش ئەوەی ناوێت. هۆكاریتر، بوونی ماف و ئەركی زیاترە وەك دایكێكی تەنیا لەلایەن حكوومەتەوە هاوكاری زیاتر دەكرێت كە زۆرجار ئەگەر ئافرەتەكە لەگەڵ مێردەكەی بێت ئەو هاوكارییە ناكرێ. خاڵێكی تر، نا هۆشیاری ژنان و پیاوانە بە دەروونی یەكتر و هەوڵنەدان بۆ گەیشتنە بە خاڵی هاوبەش لە قازانجی منداڵەكان.