
خەبات – سەید فاتیح بەرزنجی
شاری هەولێر زۆر فراوان بووە و ژمارەی گەڕەکەکانیشی زیادی کردووە، لەگەڵ ئەو فراوانبوونەشدا سەگی بێلانە ڕۆژانە لەناو کۆڵان و شەقامەکانی گەڕەکەکانی ناو شاری هەولێریشدا کەم تا زۆر بوونی هەیە. لە شارێکی گەورەی وەکوو هەولێردا، ڕۆژانە لەلایەن دوو تیمی چەند کەسییەوە سەگی بێلانە کۆدەکرێنەوە و دەبرێن بۆ شەڵتەری هەولێر بۆ ئاژەڵی بێلانە. تەنيا ئەو دوو تیمە لەو شارە گەورەیەی هەولێردا ڕۆژانە خەریکی کۆکردنەوەی سەگەکانن. دیارە ئەو شەڵتەرە ماوەی سێ ساڵە کراوەتەوە و لەسەر ڕووبەری ٢٠ دۆنم زەوی دروستکراوە، بەم ژمارە کەمەی کارمەندانیشەوە ماندووبووناوانە کار دەکەن. دەربارەی ئیشوکارەکانیان و ژمارەی تیمەکان و کارمەندانیان، وەک ڕۆژنامەی خەبات ئەم ڕاپۆرتەمان ئامادەکرد:
ژمارەی تیمەکان بۆ شارێکی گەورەی وەکوو هەولێر کەمە
لەوەتەی ئەو شەڵتەرە دامەزراوە، ژمارەی سەگەکان لەناو گەڕەکەکاندا کەمی کردووە. حەسەن ئیسماعیل، لێپرسراوی شەڵتەری سەگی بێلانە لە هەولێر بە (خەبات)ی ڕاگەیاند: «پێش ئەوەی ئەو شەڵتەرە بکرێتەوە، ژمارەی سەگە بێلانەکان گەلێک زۆر بوو، هاووڵاتییانیش گلەییان لەو سەگانە هەبوو کە پەلاماری خەڵکیان دەدا. دوای دروستکردنی ئەو شەڵتەرە لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ئەو زەوییە فراوانە و دروستکردنی کۆڵیت بۆ سەگەکان، توانرا ژمارەیەکی زۆر سەگی بێلانە لەناو گەڕەکەکاندا کۆبکرێتەوە. لە ڕۆژی ٢٧/٩/٢٠٢٣ تا پێش جەژنی قوربان، ژمارەی کۆکراوەی سەگەکان گەیشتە ٢٥ هەزار سەگ.
گوتیشی: کۆکردنەوەی ئەو هەموو سەگە بێلانانە بەهۆی ماندووبوونی ئەو ژمارە کەمەی کارمەندانی شەڵتەرەکەیە، ڕۆژانەش لەلایەن دوو تیمەوە بە شێوەیەکی بەردەوام خەریکی کۆکردنەوەی سەگی بێلانەی ناو گەڕەکەکانین و هەر تیمێک بەلایەنی کەمەوە ١٥ تا ٢٠ سەگ لەناو گەڕەکەکانی شاری هەولێر کۆدەکاتەوە.»
زیاتر گوتی: «هەر هاووڵاتییەک ئەگەر لەدەست سەگی بێلانە هەراسان بوو، دەتوانێت پەیوەندیمان پێوە بکات بە ژمارەی مۆبایلی (٠٧٥٠٥٧٠٧٠١١)، بەڵام بەداخەوە هەندێک کەس هەراسانمان دەکەن و بۆ یەک سەگ پەیوەندی دەکەن، تا تیمەکانمان دەگەنە شوێنی دیاریکراو، سەگە بێلانەکە لەو شوێنە نامێنێت. خەڵک هەبووە لە شارەکانی دیکەوە وەکوو دهۆک و سلێمانی پەیوەندیمان پێوە دەکەن، ئەگەرچی تیمەکانمان هەر خۆیان سەردانی زۆربەی گەڕەکەکانی شاری هەولێر دەکەن و لە هەر شوێنێک هەست بکەن سەگی بێلانە هەیە، دەستبەجێ دەیگرن و دەیهێننە شەڵتەرەکە. پێویستە شەڵتەری سەگی بێلانە لە هەموو شار و شارۆچکەکاندا هەبێت بۆ ئەوەی خەڵکی شارەکانی دیکە پەیوەندی بە ئێمەوە نەکەن، ئەوانیش هەقی خۆیانە. ئەو تیمانە هەر جارەی دوو ڕۆژ سەردانی گەڕەکەکان دەکەن، بۆیە پەیوەندیکردن بە تەلەفۆن هەمیشە جێی خۆی ناگرێت، چونکە هەندێک کەس کاتێک سەگێک دەبینن پەیوەندی دەکەن، بەڵام تا تیمەکە دەگاتە شوێنەکە سەگەکە دەڕوات.»
بۆ زانینی هاووڵاتییان، کاری ئەو تیمانە قورس و ناخۆشە، ڕێگای شەڵتەرەکە دوورە و شارێکی گەورەی وەکوو هەولێریش زۆر گەورە و فراوانە. بەو ژمارە کەمەی تیمەکانەوە چۆن بتوانرێت فریای ئەو هەموو سەگە بێلانانە بکەوین؟ پێویستە ژمارەی تیمەکان بەلایەنی کەمەوە بکرێتە ٧ تا ٨ تیمی گەڕۆک، ئەو کاتە تیمەکانمان دەتوانن بە باشی فریای کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بکەون. هەر بۆیە دروستکردنی ئەو شەڵتەرە بۆ شاری هەولێر زۆر گرنگ و پڕ بایەخ بوو، لە هەموویشی گرنگتر دابینکردنی دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت بوو بە گواستنەوەی سەگەکان..
زۆر جاران هاووڵاتیان پەیوەندی بە پارێزگاری هەولێر یان سەرۆکی شارەوانییەوە دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سەگی بێلانە، تیمەکانیش دەستبەجێ سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن و سەگەکان کۆدەکەنەوە. ئێمە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزین، سوپاسی خودی سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی دەکەین کە هاوکاری تەواومان دەکەن بۆ سەرکەوتنی کارەکانمان. یەکەم جار ئێمە تەنها یەک ئۆتۆمبێلمان هەبوو ئەویش زۆر خراپ بوو، سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە دوو ئۆتۆمبێلی نوێی بۆ دابین کردین. ئەگەر هاتوو ژمارەی تیمەکانمان بۆ زیاد بکرێت، ئەوا هەم کارەکانمان خێراتر دەبێت، هەمیش ژمارەی سەگە بێلانەکان لە شاری هەولێر کەمتر دەبێتەوە.
هەقوایە تیم بۆ دەوروبەری هەولێریش دابین بکرێت، چونکە شارۆچکەکانی دەوروبەری هەولێریش پێویستیان بە تیمی گەڕۆک هەیە. تیمەکانمان توانیویانە لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا ٢٥ هەزار سەگی بێلانە کۆبکەنەوە، ئەگەر ئەو هەموو سەگە کۆنەکرابوایەوە ئەوا دۆخەکە زۆر خراپ دەبوو.
ئێستا لەناو هەولێردا تا ڕادەیەک سەگی بێلانە کەمی کردووە. کێشەکە ئەوەیە ئاژەڵێکی وەکوو سەگ زۆر حەز دەکات لەو گەڕەکانەدا بێت کە گۆڕەپانی چۆڵیان لێیە. بۆیە لەو شوێنانەدا سەگی زۆر لێیە. سەگەکان بە شەو لە دوای خواردن دەگەڕێن و بە ڕۆژ دەخەون، بۆیە بە ڕۆژ زیانیان زۆر کەمە، بەڵام لە کاتی شەودا مەترسین بۆ سەر گیانی مرۆڤ. پێویستە لەسەر هاووڵاتییان لە کاتی شەودا دوور بکەونەوە لە سەگی بێلانە تا دووچاری گەستن نەبنەوە. کەس ناتوانێت لەناو شارەکاندا بە یەکجار ژمارەی سەگەکان تەواو بکات و بنبڕیان بکات.
ژمارەی پزیشکانی ڤێتەرنەری کەمە و پێویستە زیاد بکرێن
دواتر لێپرسراوی شەڵتەری سەگی بێلانە دەربارەی ئەم بابەتە گوتی: «ژمارەی پزیشکانی ڤێتەرنەری کەمە. لەو ماوەیەی کە شەڵتەرەکە دروستبووە، نزیکەی ٤ تا ٥ هەزار سەگ نەشتەرگەریی خەساندنیان بۆ کراوە و ئەڵقەیان لە گوێ کراوە. دوای ئەو حاڵەتە، ئەو جۆرە سەگانە مەترسییان نامێنێت. ئەو ژمارە زۆرەی کە نەشتەرگەرییان بۆ کراوە، لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە بەڕەڵا کراون تا لەوێ خواردن بۆ خۆیان پەیدا بکەن. داوا دەکەین ژمارەی پزیشکانی ڤێتەرنەریمان بۆ زیاد بکەن تا کاری نەشتەرگەرییەکان بۆ سەگەکان زیاتر بکرێت، چونکە لە دوای نەشتەرگەری ڤاکسینیان پێدەدرێت و جارێکی دیکە ئەو سەگانە پەلاماری خەڵک نادەنەوە و کێشەیان نامێنێت.»
لەو سەنتەرەدا هەشت کارمەندمان هەیە بۆ خزمەتکردنی ئەو سەگە بێلانانە کە بە شێوەی شەفت دەوام دەکەن (هەر جارەی دوو کارمەند). ڕۆژانە ٧ تا ١٠ تۆن خواردنیان پێدەدرێت، كه لەلایەن سەربڕخانەکانی مریشکی هەولێرەوە دابین دەکرێت. جێی خۆیەتی سوپاسی ئەو سەربڕخانانە بکەین کە ڕۆژانە خواردن بۆ ئەو سەگانە دابین دەکەن، ئەگەر ئەوان نەبن ئەو بارە قورسە بە کەس چارەسەر ناکرێت. خواردنەکان لە هەشت شوێندا دابەش دەکرێن.
کارمەندانی تیمەکان بۆ هەر سەگێک کە دەیگرن بڕی ٥ هەزار دیناریان پێدەدرێت، هەرچەندە سەگی زیاتر بگرن پارەی زیاتریان بۆ کۆدەبێتەوە. هەر تیمێک لە سێ کارمەند پێکدێت، گەر کارمەندێک باش کار بکات، هەفتانە نزیکەی ٥٠٠ هەزار دیناری بۆ کۆدەبێتەوە. کاری ئەوان قورسە و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، زۆر جاران کارمەندان بەهۆی گەستنی سەگەوە زامدار دەبن. ئێستا حاڵەتەکانی گەستنی سەگ کەمی کردووە و ڕۆژانە تیمەکان بەردەوامن لە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان.