ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی 5ی 2026، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، لە بەغدا، له‌گەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق کۆ بووەوە.

له‌ دیدارەکەدا، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاماژەی بە گرنگیی سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا کرد و گوتی شانازی بە هەرێمی کوردستانەوە دەکەین کە خەبات و قوربانییەکی زۆری داوە و ڕۆڵێکی دیاری لە هێنانەدی سیستەمی سیاسیی ئێستای عێراقدا هەبووە.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی ڕۆڵی گرنگیی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و پشتیوانییەکەی لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان کرد.

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پشتیوانیکردنی حکوومەتی نوێی فیدراڵ بۆ خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی هەرێمی کوردستان.