پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادەی کرد و گفتوگۆیان لەسەر دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کرد.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕۆژی دووەمی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە بەغدا دەستپێکرد، بەمەبەستی دروستکردنی هەماهەنگی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەمڕۆش سەردانی ژمارەیەک لایەنی دیکەی عێراق دەکات.

ئامانج لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی و بنەڕەتییە بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بە شێوازێک کە لەسەر بنەمای دەستوور بێت و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان بپارێزێت.

دیدارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردەوامیان دەبێت، بڕیارە هەر ئەمڕۆ زنجیرەیەک دیداری دیکە لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و چەند دیدارێکی دیکە بکات.