ڕۆژنامەی”واشنتۆن تایمز” بڵاوی کردەوە.. دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆر نزیک بووەتەوە لە بەدیهێنانی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا؛ گەرچی پێی وابوو دەرفەتی ڕێککەوتن و گەڕانەوە بۆ شەڕ یەکسانن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات ئاشکرای کرد کە ئەمریکا و ئێران بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێن کە تا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ڕێککەوتنێکی ئاشتیی کۆتایی بۆ کۆتایهێنان بە ڕووبەڕووبوونەوەکان لە بەرەکانی جیاوازدا ڕابگەیەنن.
ئەو سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە کە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیی ڕۆژی شەممەدا لەسەر ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە ڕێککەوتوون، و بڕیاریشە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بە فەرمی ڕابگەیەنرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە دانوستانکارە باڵاکان ڕەزامەندییان لەسەر داڕشتنی کۆتایی پێشنیازەکە دەربڕیوە، کە لە نێوانیاندا محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا، و جێرد کۆشنەر هەن.
هاوکات، کۆپییەکی سەرەتایی ڕێککەوتننامەی ئاشتییەکە بۆ سەرکردەکانی هەردوو وڵات نێردراوە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی کۆتایی.
له‌ ئەگەری سەرکوتوونی ڕێککەوتنەکەدا، ئەو ئاگربەستە لەرزۆکەی کە ماوەی شەش هەفتەیە بەردەوامە دەگۆڕێت بۆ ئاشتییەکی بەردەوام، هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕیش کردووە.
شایانی باسە هێشتا وردەکارییەکانی ڕێککەوتنی ئەگەریی ئاگربەستەکە ڕوون نین؛ بەو پێیەی هێشتا نەزانراوە چۆن کێشە سەرەکییەکان چارەسەر دەکرێن، لەوانەش چارەنووسی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و داواکارییەکەی تاران بۆ لادانی سزاکان.