بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئه‌مڕۆ هه‌ینی 22ى ئایاری 2026 ڕاگه‌یاندراوێكی له‌باره‌ى ڕووداوێكی كوشتن بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: “دوای ئەوەی تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە درەنگانی شەو (کاتژمێر 1:30ی شەو) ئاگادارکرانەوە لە ڕووداوێکی کوشتن، دەستبەجێ تیمەکانی پۆلیس لە بەشی پۆلیسی بنەسڵاوە (بنکەی پۆلیسی کەسنەزان) گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکه‌”.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: “لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە تۆمەتبارێک بە ناوی (م. س. م) بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە تەقەی لە باوکی خۆی بە ناوی (سه‌فیر موراد سابیر) کردووە ، لەڕووداوەکەدا باوکی دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە. پاشان تۆمەتبارەکە تەقەی لە برایەکی خۆی بە ناوی (میران سه‌فیر موراد) کردووە و برینداری کردووە، کە ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە”.

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌ تیمەکانی پۆلیس لە ماوەیەکی پێوانەیی کورتدا توانییان تۆمەتباری ناوبراو دەستگیربکەن. لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان.