سهرهتا وتار لەیلا قاسم قوتابخانەی شکۆ و مانیفێستی خۆڕاگریی ژنی کورد
شێخ ستار عەواڵانی*
لە مێژووی بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی گەلاندا، هەمیشە وێستگەیەک هەیە کە ئاڕاستەی خەبات لە پەراوێزەوە دەگۆڕێت بۆ چەقی ڕووداوەکان،شەهیدبوونی لەیلا قاسم لە ١٢ی ئایاری ١٩٧٤دا، لەسێدارەدانی ئەم کچە نیشتیمان پەروەر و بووێرە لێهاتووەی کورد کە لەڕێکخستنەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و پارتی دیموکاراتی کوردستان کاری دەکرد، گەورەترین شکستی ئەخلاقی و سیاسی بوو بۆ ڕژێمی داگیرکەری ئەوکات و وەرچەرخانێکی ستراتیژی بوو لە هۆشیاریی سیاسیی تاکی کورددا.
ئەم ڕووداوە مێژووییە تەنها کۆتایی ژیانی جەستەیی مرۆڤێک نەبوو، بەڵکو لەدایکبوونی فکرێکی نوێ بوو کە تێیدا قوربانیدان وەک باڵاترین کەرەستەی فشاری سیاسی و دیپلۆماسی بەکارهێنرا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەو ستەملێکراویی گەلێک.
لەیلا قاسم تەنها وەک قوربانییەک نەچووە بەردەم پەتی سێدارە، بەڵکو وەک سیاسەتکارێکی خاوەن دیدگا مامەڵەی لەگەڵ مەرگدا کرد. ئەو لە ناو جەرگەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا لە بەغدا، پەیامی بوونی نەتەوەیی گەیاندە جیهان و لە ڕوانگەیەکی سیاسییەوە توانی هاوکێشەی ترس بشکێنێت، کاتێک جەلادەکانی ناچار کرد دان بەوەدا بنێن کە ئیرادەی مرۆڤی ئازادیخواز لە هەموو ئامێرە سەرکوتکارییەکانی دەوڵەت بەهێزترە. ئەم ورەبەرزەیەی ئەو، پەیامێکی ڕاشکاو بوو بۆ هەموو سیستمە تۆتالیتارەکان کە فیکری ئازادیخوازی بە زیندان و سێدارە کپ ناکرێت، بەڵکو لەناو هەر توندوتیژییەکدا، ڕەوایی دۆزی کورد زیاتر گەشە دەکات و دەبێتە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر لە گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەکەدا.
خەباتی ئەم کچە تێکۆشەرە چەند ڕەهەندێکی فیکری و نەتەوەیی گرنگی لەخۆگرتبوو کە تا ئێستاش لە مێژووی سیاسیی ئێمەدا رەنگ دەداتەوە. ئەو سەلماندی کە ژنی کورد کاراکتەرێکی سەرەکییە لە بڕیاری سیاسیدا و شانبەشانی پیاوان قوربانی دەدات، ئەمەش ڕەواییەکی زیاتری بە دۆزی نەتەوەیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەخشی و وێنەی کوردایەتی وەک بزووتنەوەیەکی پێشکەوتووخواز و یەکسانیخواز ناساند. هەروەها گواستنەوەی چالاكییەکان بۆ ناو پایتەخت، نیشانەیەک بوو بۆ تێگەیشتنی وردی ئەو گروپە تێکۆشەرە لەوەی کە دۆزی کورد کێشەیەکی سیاسی و مافی مرۆڤە و دەبێت لە ناو جەرگەی بڕیاردا دەنگی بۆ بەرزبکرێتەوە. لە هەمان کاتدا، ئەو هەڵوێستە نیشتمانییەی لە دوا چرکەکانی ژیانیدا نواندی، بووە مانیفێستێکی هەمیشەیی بۆ نەوەکانی داهاتوو کە ناسنامەی نەتەوەیی لە سەرووی هەموو هەڕەشە و سێدارەیەکەوەیە.
ئەمڕۆ کە باس لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکرێت، ناوی لەیلا قاسم وەک یەکەم ژنە تێکۆشەر لە مێژووی ناوچەکەدا کە لەسەر بیروباوەڕی سیاسی لەسێدارە درابێت، دەدرەوشێتەوە. ئەو قوتابخانەیەک بوو کە فێری کردین سیاسەت بەرگری کردنە لە کەرامەت، نەک تەنها مامەڵەی کاتی و بەرژەوەندیخوازی. ئەو بە گیانبەخشینی خۆی، کۆڵەکەیەکی ئەخلاقی بۆ سیاسەتی کوردی دامەزراند کە تا ئێستاش سەرچاوەی ئیلهامە بۆ هەر تێکۆشانێک. هەمیشە یادی ئەم تێکۆشەرە بەرز و شکۆدار بێت، کە بە خوێنی خۆی نەخشەی ئازادیی کێشا و بووە چرایەک بۆ هەموو ئەو کەسانەی باوەڕیان بە دادپەروەری و سەرفرازیی نەتەوەکەمان هەیە.
* بەرپرسی لقی٢١