فازڵ میرانی
بهرپرسی دهستهی كارگێڕیی مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
كچ بیت، پسپۆڕی خوێندنی زانستی كۆمەڵناسی بیت، كورد بیت و ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان بیت؛ ئەمانە لە دیدی دوژمنانی گەلەكەمانەوە، چوارینەیەكی تووڕەكەرن، وا دیارە هزری تێگەیشتن لای جێبەجێكارانی تاوانی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم و هەڤاڵانی، هزرێكە بەرگەی ئەم جۆرە نەوەیە ناگرێت، كە ڕەتی دەكاتەوە، لە ئاست دۆزی نەتەوەكەیدا بێلایەن بێت، چ جای ئەوەی ببێتە ئامرازێك دژ بە نەتەوەكەی.
ئەو دەسەڵاتە تاوانبارە كە دەزگا و ئاڕاستەكانی خۆی، بۆ نانەوەی ترس لە ناو كۆمەڵگادا تەرخان دەكات، نقومی تاوانیش بووە، ئەگەر لەبەر پاڵنەری سیاسی و تەناهییەوە، هاووڵاتییان دەستگیر بكات، ئەشكەنجەیان بدات و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنێت، چونكە گونجاندنی سزاكە تێیدا، بەجۆرێكە كە بەپێچەوانەی دادگەرییە.
چ قەدەغەیەك لەوەدایە، مرۆڤ بیروباوەڕ و ئاڕاستەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی لە وڵاتێكی فرە گەلدا، هەڵبژێرێت؟
ئەوە چ پاڵپشتییەكی ڕەوشتییە، كە ڕێگە بە دەسەڵاتێك دەدات، مافەكان پێشێل بكات و بە تاوانیان دابنێت؟
چ دڵڕەقییەك لە دڵڕەقی تاقمێكی سیاسیی دەسەڵاتدار توندترە، كە گیانی هەزاران مرۆڤی كێشاوە، لەوانەش لەیلا قاسم و هەڤاڵانی؟
ئەوی لە ژیان و كۆتایی شەهید لەیلا ڕابمێنێت، لە بینینی كاروانێكی ڕوونی هۆشیاریی خانمێك دۆش دانامێنێت، كە لەگەڵ بارودۆخی گەلەكەی و قۆناغەكەیدا ژیاوە؛ ئەو بەر لەوەی شەهید بێت، گەواهیدەر بوو لەسەر مەینەتییەكانی بێبەشكردن، وەلانان، گۆڕانی دەسەڵاتەكان و بەشدارییكردنیان لە ستەمكردن لە نەتەوەكەیاندا. بۆیە هەڵبژاردنی نەتەوەكەی، بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەكەی و پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ئەوە بوو، لە دەسەڵاتی بگەینێت، ئەگەر فەرمانڕەوایەتی دادگەر نەبێت، نە بەگەن دەكرێت و نە بەردەوامیش دەبێت.
خوێندنەكەی بە پاڵنەرێكی زانستییەوە، كاریگەری لەسەر هەبوو، لە سەرچاوە و پرۆگرامەكانی خوێندنیدا، پێداچوونەوەی بە پەیوەندییەكانی كۆمەڵگە و دەسەڵات، بە چاك و خراپییەكانییەوە كرد، پێویستی بەكاتێكی زۆریش نەبوو، بۆ ئەوەی لەوە بگات، ڕاستگۆیی ئەوەی دەیخوێنێت، ئەو كەتوارەیە كە تێیدا دەژی.
لەدایكبوونی، گەشەكردنی، ژیانی لە گوند و شار و نزیكیی لە خەڵكەوە، لە مێشكیدا وێنەیەكی بۆ پێداویستییەكانی كارێك دروستكرد، كە ناتوانرێت بەبێ خۆبەندی بۆ بزووتنەوەیەكی سیاسی وەك پارتیمان بەدی بهێنرێت، كە نەخشەی لایەنگرانی هەموو كوردستانی گرتووەتەوە. دەسەڵات لەم كارلێكەی نێوان ئەندامانی پارتی و ئامانجەكانی پارتەكەیان نەگەیشت، بەوەش قایل نەبوو، نەوەی هۆشیار و تێكۆشەر بۆ ڕاپەڕینی نەتەوەی كورد لەدایك بن، بۆیە پەنای بۆ ئەوە برد كە تێیدا شارەزایە؛ واتە هێزنواندن و بەكارهێنانی دەزگاكان، كە لە ئەركی پاراستنی ئاسایشەوە، بۆ چەوساندنەوە گۆڕابوون ، چەندان یاسای دانا و چەندان دادوەری ئامادە كرد، بۆ ئەوەی بە نادادی خەڵكی سزا بدەن. بۆیە چەندین تاوان دووبارە بوونەوە و بە تاوانێك، كۆتایی هات؛ دەستگیركردنی لەیلا و هەڤاڵانی تاوان بوو، ئەشكەنجەدانیان تاوان بوو، لەسێدارەدانیان تاوان بوو، ئەو ترسەش تاوان بوو، كە هاودەمی دەستگیركردن و لەسێدارەدانیان بوو، پەڕینەوەشی بۆ ناو كۆمەڵگە، هەر تاوان بوو.
خوێنی لەیلا و هەڤاڵانی، یەكێكە لە باجەكانی ئەو ئازادییەی كە ئێستا نەتەوەكەمان، لەسەر ئەو ڕێچكەیەدا دەژی، كە هێشتا بەرەو ئامانجە باڵاكانی هەنگاو دەنێین، دەیدات.
خوا لە لەیلا قاسم و هەڤاڵانی، شەهیدانی نەتەوە و پارتیمان، خۆش بێت.
شەرمەزاری و ڕسوایی بۆ جەلادەكانیان، كە دژایەتی ئەو مافە خوداییەیان كرد، كە پێی بەخشیوین.
سەروەری بۆ شەهیدانی كوردستان، بارزانی و ئیدریسی هەمیشە زیندوو لەناو دڵاندا.