حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف
(نەجیبە ئەحمەد حه‌كیم) خانمه‌ شاعیر و چیرۆكنووس و وەرگێڕی ناسراوی كورد له‌ساڵی ١٩٥٤ له‌ شاری كه‌ركووكی دڵی كوردستان چاوی گه‌شی بۆ ژیان هه‌ڵێناوه‌ و قۆناغەکانی سەرەتایی وناوەندی و ئامادەیی لە کەرکوک خوێندووە و لە ساڵی 1976 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەبەشی زمان و ئەده‌بی کوردی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سلێمانی وەرگرتووە. لەنێوان ساڵانی 1976ـ 1981 لە دەربەندیخان و چەمچەماڵ مامۆستای ئامادەیی بووە..
– دوای ئه‌وه‌ی لەساڵی 1981 دوای ئەوەی لەسەر هەڵوێستی کوردایەتی (حەمەی حەمە باقی) هاوژینی پڕیاری ده‌ستگیرکردنی دەدرێت، خاتونی شاعیر بە خێزانەوە ڕوودەکەنە شاخ و دەبن بە پێشمەرگە.
– شاعیر . لە سه‌رەتای مانگی کانوونی دووەمی 1981 لەگەڵ دەستەیەک لە نووسه‌رانی شاخ (حەمە ی حەمە باقی، هەڤاڵ کوێستانی، ڕەفیق سابیر، حەمە ڕەنجاو، ئەبوبەکر خۆشناو، دڵزار، حاجی مەمۆ، ئاسۆکەریم، فازیل جاف، حوسێن بەفرین، ئەڕسەلان بایز … )یەکێیتی نووسەرانی کوردستان دادەمەزرێنن و گۆڤارێک بەناوی (نووسەری کوردستان) دەردەچوێنن.
– ڵە ساڵی 1987 دوای هێرشی دڕندانەی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆری ڕووخاو بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان بەخێزانەوە ڕوویانکردە شارەکانی ڕوژهەڵاتی کوردستان و لە شاری (سەقز) گیرسانەوە.
– لە ساڵی 2003 دوای ڕووخانی ڕژێم گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و لە شاری هەولێری پایته‌خت نیشتەجێبووە .
شایانی باسه‌، (نه‌جیبه‌ ئه‌حمه‌د). کاتێک دەستیکرد بەنووسینی شیعر تاکە کەسایەتییه‌كی ئافرەت بوو لە نێوه‌ندی شیعرو نووسین و ئەدەبییاتی کوردیدا. كه‌ لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کەم له‌ شاعیرانی ئافرەت و نووسەر به‌ كاری نووسینه‌وه‌ سه‌رقاڵبوون له‌وانه‌ (کەژاڵ ئەحمەد) و (مەھاباد قەرەداغی) و (شیرین ك).
نه‌جیبه‌ ئه‌حمه‌د له‌ شیعرێكدا كه‌ده‌ڵێت:
گەڕاومەوە
تەنیا و تەنیا
بەر ئاستانەوە گەڕاومەوە
ئاگرەکانت پڕن لە پشکۆ
تکایە، تکایە بسووتێنم
دەستەچیلەیەک کەرەمکە
بە ئاگرە خامۆشەکانم
با من و تۆ
وەک دوو دڵداری لە یەک زیز
دەست لە مل کەین
ئاشت بینەوە
ئەی شیعر
ئەی خۆشەویست
ئەی مەعشوقی هەمیشە جوانم
شاعیر له‌و شیعره‌یدا كه‌ تێکەڵەیەکە لە هەستی (گەڕانەوە) و (سۆزی ئاگرین) و (ئارامبەخش). تەنیاو ته‌نیای گەڕانەوە بۆ لانكی ئارامبه‌خشی ژیان وته‌مه‌ن و جوانی مه‌عشوقیه‌تی شیعر كه‌ خۆی له‌ خۆیدا (گەڕانەوە) بۆ سەرچاوە یان پەیوەندییەکی قوڵە. ئاگرەکان «پڕ لە پشکۆ» دەردەکەوێت کە گەرمی و زیندووییەتی تێدایە، بەڵام بە به‌كـاهێـنانی ده‌ســـــته‌واژه‌یـه‌كـی شیعریی به‌ (تکایە ده‌سته‌ چیله‌یه‌ك بسووتێنم) داواکاریەکی بەرچاوی بۆ خۆبەخشانەی خۆی دەکات.
له‌و شیعره‌دا به‌كاربردنی (دەستەچیلە) وەک نیشانەیەکی گه‌رم ونەرمی ئاگرێكی خۆشی بێ خۆڵه‌مێش دێته‌ بوون، لەگەڵ ئاگرێکی (خامۆش) کە نیشانەی گەرمییەکی نھێنی و ناسەقامگیرە.
كه‌ ده‌شڵێت (وه‌ك دوو دڵدار لە یەک زیز) وێنەیەکی جوانە بۆ ته‌بایی و ئاشتی و نزیکبوونه‌وه‌ (له‌ ئه‌وی شیعر). داواکاری کۆتایی شاعیریش ئاشت بوونەوە یه‌ وه‌ك دەربڕینی ئارامبوون و ئاشنایه‌تی .
هه‌ڵبه‌تا ڕێزگرتن لە (خۆشه‌ویستی شیعر) و چواندنی وه‌ك (مەعشوقێكی هەمیشە جوان و دڵسۆز كه‌ ئه‌مه‌ش نیشانەیەکی قووڵی سۆزداری و خود شوناسییە، کە بەشێوەیەکی ڕەسەن و بە ڕێگەیەکی ئارام و شاعیرانە دەربڕدراوە.
بڕوانە چۆڵەوانی دڵم
چەند پڕە لە بۆنی تەنیایی
لە تاڵاوی سەرگەردانیی
لە سامی زستانی عومر
لە دڕک و داڵی قەدەر و
لە حیلەی مەرگباری
ئەو ئەسپەی
جار نا جارێ
لە سەر دەرگای حەوشەوە
سەرێ دەکێشێتە ماڵی ئێمە!
خاتونی شاعیر له‌و شیعره‌شدا دڵی خۆی بە (چۆڵەوانی) ناودەبات کە پڕە لە تەنیایی. ئەم تەنیایییە لە ھەندێک كاری گران و قورسی ژیانیدا ڕەنگدەداتەوە.
شاعیر ته‌نیایی وەک قه‌یران و تاڵاوی سەرگەردانیی و (ناڕەحەتییەكانی ژیان) ده‌شوبهێنێ و (زستانی عومر) و (سەرمای ژیان) له‌ شیعره‌كه‌یدا بەکار دێنێت بۆ نواندنی تەنیایی و نائومێدی.
له‌ كاری تەکنیکی شیعریشدا بەکارھێنانی «قەدەر وه‌ك ئەرکێکی قورس دڕک و داڵ وه‌ك (ئازار و ستەم) و «حیلەی مەرگبارو (فێڵی مردن) نیشانەی ئەو قەیران و ئازارانه‌یه‌ كه‌ له‌ ژیاندا به‌رجه‌سته‌ ده‌بن و تەنیایییەکەی دروستیکردووە. ئه‌و ئەسپه‌ی شاعیر جار نا جارێ سەردەکێشێتە ماڵی ئێمە». ئەمە دەکرێت نیشانەی ڕزگاربوونێکی کاتی، بێ یان یادو بیرەوەری ھیوایەک بێت کە بە شێوەیەکی ڕەمەکی بێتە پێشەوە، هه‌رچه‌نده‌ بەردەوام نییه‌و ناشبێت .
من لێره‌دا وه‌ك خوێندنەوەیەکی کۆمەڵایەتییش تێی ده‌ڕوانم . چونكه‌ ئەو تەنیایی و ئه‌سته‌م وستەمەی شاعیر باسی لێوه‌ دەکات، دەکرێت تیشک بخاتە سەر ئەزموونی کەسێک لە ناو کۆمەڵگایه‌كی پڕ كێشه‌. كه‌ تیایدا دان بە ئاریشه‌كانی ژیانی ڕۆژانەدا بنێت.
بە دزی شەوەوە مانگ دێتە دیدارم
لە پەتای پەرژینی باخچەکەمانا پێکدەگەین
لە سنگما و لە ژێر هێلەکەکەمدا حەشاری دەدەم
سرتەکانمان دەدەین بە گوێی گەڵا ڕژاوەکاندا
هەناسەمان تێکەڵ بۆنی گوڵە یاسەکان دەبن و
شار بۆنی هەناسەی ئێمە دەگرێ و
هەر دەڕۆم و ڕووناکیم لێ دەپڕژێ
کەسیش نازانێ من مانگم لە باخەڵدایە
– نه‌جیبه‌ ئه‌حمه‌د له‌و شیعره‌یدا مانگ به‌ دزی شه‌و سه‌ردانی ده‌كات و به‌ دیداری شاد ده‌بێت:
هه‌ڵبه‌تا شاعیر له‌و شیعره‌یدا باس لە پەیوەندییەکی نھێنی و ڕۆمانسی دەکات کە لە ناو شەو و تاریکیدا ڕوودەدات. (مانگ) وەک كائینێكی ڕۆمانسی و نھێنی دێتە دیداری شاعیر، و ئەم دیدارە لە باخچەیەکدا ڕوودەدات کە بە پەتای پەرژین وەسف دەکرێت، نیشانەی زیندوویی و. حه‌شاردان له‌ سنگدا وەک چالاکییەکی کۆمەڵایەتی و پێکەوەبوون دەردەکەوێت. ئەو گەڵا ڕژاوانەی سەر سەریان دەدەن، نیشانەی پەروەردەبوون و ھاوسۆزی لەگەڵ سروشتە.
ھەناسە تێکەڵی بۆنی گوڵەشیعرییه‌ رۆمانسییه‌كانی شاعیر دەبێت، کە نیشانەی پاکی و جوانییە. شاریش بۆنی ھەناسەیان دەگرێت، شاعیر ڕووناکی خۆی لێ دەپڕژێ، کە وەک نیشانەیەکی خۆشەویستی و ھەستی قووڵ لێکدەدرێتەوە، بەڵام کەسیش نازانێ کە مانگی لە باخەڵدایە وه‌ك خۆی له‌ شیعره‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێده‌دات، واتە ئەم خۆشەویستیە نھێنییە و بەردەوامە.
مانگ لەم بارودۆخەدا نە تەنھا جەسەرێکی ئاسمانی نییه‌، بەڵکو كائینێكی عیشقی ئیلاهیه‌ خۆشەویستی به‌سه‌رژیان و ته‌مه‌ندا په‌خشده‌كاته‌وه‌..
لە دۆزەخی تەنیاییمدا
تێکەڵی خەونی باخچە دەبم
تا بەرگەی تاریکی بگرم
لە شەوی ئەنگوستە چاودا
بیر لە چاوت دەکەمەوە
تا ڕۆژی ڕەش ببەزێنم
هەر بیر لە تۆ دەکەمەوە
– شاعیرله‌م شیعره‌دا بیر له‌و ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وی سروشت و خه‌ونی باخچه‌ كه‌ تیایدا‌ جوانی سروشت و شه‌وانی تەنیایی و خەون و یادەوەری ته‌مه‌نی ژیان وشه‌وی ئه‌نگوسته‌ چاوی بەکارهێناوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی قورسایییەکانی ژیان. (دۆزەخی تەنیایی) و (شەوی ئەنگوست) و (ڕۆژی ڕەش) هێمای هه‌ست به‌ كه‌میكردن و نائومێدی و دژوارین، لەکاتێکدا (باخچە) و (چاو) و (بیرکردنەوە) هێمای ئومێدو جوانی و ڕزگاربوونن. تەنیایی و تاریکییش له‌ یادەوەری شه‌ودا دۆزه‌خێك ده‌خوڵقێنن كه‌ به‌رده‌وام خه‌ونی پێوه‌ ببینن به‌ڵام له‌ كۆتایی شیعره‌كه‌دا (تۆ) و خەونێکی جوان له‌ (خەونی باخچە)دا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.
ناوەڕۆکی شیعره‌كه‌ بریتییە لە توانای خەون و یادەوەری و خۆشەویستی بۆ پاراستنی مرۆڤ و یارمەتیدانی بۆ سه‌ركه‌وتن و زاڵبوون بەسەر قورسایی و ئاریشه‌كانی ژیان و ته‌مه‌ن و ڕووناککردنەوەی تاریکی ژیان.
– خاتونەجیبە ئەحمەدی شاعیر لەو شیعرەدا كه‌ده‌ڵێت:
خۆت دەزانی
پیریش ببم
خەم ومەراق هەزاران ساڵ
بە خۆیەوە هەڵمشێلێ
لە حزوورتا
من هەر کچە سەرشێتەکەی جارانم و
ڕۆژێک دادێت
سەهۆڵبەندانی تەنیایی بشکێنم و
بە هەزار بە هەزاری باڵاتدا هەڵگژێمەوە.
چاک دەزانی
بەرگە ناگرم
بێ تۆیی دیقم پێدەکات
***
گەڕامەوە
یەجگار تاسەتم کردووە
بمدوێنە
من بە بێ تۆ
تەنیای تەنیام
گەڕامەوە
بە توێی کراسێک
هەلا هەلا لە بێدەنگیی و
لە تەنیایی
بە جامێک خەمی ڕەنگاو ڕەنگ
خاڵیی لە بزە و پێکەنین!!
خاتو نەجیبە ئەحمەدی شاعیر له‌و شیعره‌ جوانه‌دا جوانترین تابلۆی بۆ كێشاوین كه‌ تابلۆیەکی سۆزداریی خۆشەویستیی و تەنیاییە.
سه‌ره‌تا شیعره‌كه‌ له‌ ناوەڕۆک و هەستدا . شاعیر ئەوە ده‌رده‌بڕێت کە بێ یارو دۆسته‌كه‌ی دڵی تەنیایە و ژیان واتای خۆی دەدۆڕێنێت. ئەگەرچی تەمەن دەڕوات و خەم و مەراق زیاد دەبن، بەڵام لە حزوری ئەو کەسەدا هەر وەک کچە سەرشێتەکەی جارانه‌ كه‌ هەستە خۆشەکان بۆ ژیانی ئاسایی دەگەڕێنەوە.
هاوكات وێنەی شیعریی له‌و شیعره‌ی نه‌جیبه‌دا: كه‌ ده‌ڵێت: (خەم و مەراق هەزاران ساڵ بە خۆیەوە هەڵمشێلێ) وێنەیەکی جوان و بەهێزو چێژداره‌، کە نیشانیدەدات خۆشەویستی چۆن هێزێكی كاریگه‌ر دروستده‌كات و بەسەر هەموو ژانەکاندا زاڵی ده‌كات .
هه‌روه‌ها له‌ دێڕه‌شیعری (سەهۆڵبەندانی تەنیایی بشکێنم) کۆتایی هێنانانه‌ بە تەنیایی وەک ئازادبوون لە كۆت و زنجیرەکان.
یان كه‌ ده‌ڵێـت: (بە توێی کراسێک هەلا هەلا) وێنەیەکی دڵتەزێنی کەسێکه‌ کە بە تەنیایی ژیان ده‌گوزه‌رێنێ .
هه‌ڵبه‌تا زمانی شیعریی لای شاعیر زمانێکی ڕه‌وان و سادە و ڕاستەوخۆ، بەڵام پڕ لە هەست و زۆر جوان ده‌په‌یڤێ. هاوكات دووبارەکردنەوەی (گەڕامەوە) و (تەنیایی) جەخت لەسەر ئازار و خه‌م و نه‌هامه‌تی ڕۆژگار دەکەنەوە.
ئەم شیعرە نموونەیەکی جوانی شیعری کوردیی سەردەمی خۆیەتی کە هەستی مرۆیی گشتگیر بە شێوەیەکی دڵگیرو جوان دەردەبڕێت.
سەرچاوەکان:
• كوردۆپیدیا و ویکیپیدیا
• ئینسـایکلۆپێـدیای نـووسـەرانی هەولێر/ بەرگی شەشەم/ عەبدولڕەحمان مەعروف/ 2021 تاران.
• تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی شاعیرخۆی.