خەبات: ڕۆشنا عەلی:- مامۆستایەكی زانكۆی هەولێری پزیشكی توێژینەوەكەی سەرنجی توێژەرانی جیهان ڕادەكێشێت وكۆمپانیاكانی بواری دەرمانیش سەرنجییان خستۆتە سەر ولە پەیوەندین لەگەڵ توێژەرە كوردەكە. دكتۆر بەهرە حەسەن ئەحمەد مامۆستای كۆلێژی پزیشكی ددانە لە زانكۆی هەولێری پزیشكی توێژینەوەكەی لە بواری پیشەسازی نوێ، لەلایەن دەزگای ناوەندی بۆ پێوانەکردن و کۆنترۆڵی کوالێتی سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی عێراق بە داهێنان پەسەند كراوەو بەناوی زانكۆكانی كوردستان و لەژێر ناوی خۆی پارێزراوە. توێژینەوەکە بەسەرپەرشتی هەریەک لە (د.نیاز حەمە غەریب حەمە سعید) لە کۆلێجی پزیشکی ددانی زانکۆی ناوبراو د.فائق حەمە سعید حسین لە کۆلێجی زانستە کردارییەکان لە زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک لەژێر ناونیشانی New Approach to Incorporate Charged) Hydroxyapatite Nano particles into Resin Adhesive پێشكەشكرا .لاپەڕەی پەروەردە لەمبارەیەوە دیمانەیەكی لەگەڵ توێژەر د.بەهرە حەسەن ئەنجامدا:
*سەرەتا لەبارەی ئەوەی كە ئایا ئەم توێژینەوەیە لەبواری دداندا بۆچی بەكاردێت و چۆن پزیشكانی بواری ددان و كۆمپانیاكان ومرۆڤایەتی بەگشتی دەتوانێت سودی لیوەربگرێت ؟ د.بەهرە تایبەت بە لاپەڕەی پەروەردە لە ڕۆژنامەی خەبات گوتی: ئەم توێژینەوەیە لە بواری ماددەی پڕكردنەوەی ددانە كە ڕۆژانە لە كلینیكەكان بەكاردەهێنرێت و ئەم ماددەیە چەسپێكی تایبەت بە خۆی هەیە كە وادەكات ئەم ددانانە جێگیر ببن و بلكێن بەیەكەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لەسەر ئاستی جیهان توێژەران لە توێژینەوە بەردەوامن بۆ بەرەو پێشبردنی ئەم چەسپە. بۆ ئەوەی بە هێز بێت هەندێك ماددەی دەكەنە ناو یەكێك لەو ماددانە پەیوەندی بە نانۆ تەكنەلۆژییەوە هەیە ئەو ماددەیە زۆر گرنگە بچێتە ناو ئەو چەسپەوە كاتێك دەیكەنە ناوی جوان بڵاو نابیتەوە بە گوتەی توێژەران تۆپەڵ تۆپەڵ دەبێت و دەبێتە گرێ ئەوەش وایكردووە سوودی لێوەرنەگیرێت و زەرەر بە چەسپەكە بگەیەنێت. بۆیە توێژەران خۆیان ئاماژەیان پێكردووە كە سەركەتوو نەبوون لەم بوارە،ئێمە وەك توێژەرێكی كوردو مامۆستایەكی زانكۆی هەولێری پزیشكی توانیمان ڕێگاچارەیەك بۆ ئەم ماددەیە بدۆزینەوە بەرێگایەكی پڕۆفیشناڵانەو زانستییانە.
*لەبارەی دەنگدانەوەی داهێنانەكەی ئێوە پەیوەندی زۆرتان پێوەكراوە ئەم پەیوەندییانە لە كوێ وە كراون وداوای كردووە بەرهەمەكەت لێبكرن؟ لەمبارەیەوە د. بەهرە بۆ خەبات گوتی: دوای بڵاو بوونەوەی توێژینەوەكە كاردانەوەیەكی جیهانی زۆری بە خۆیەوە بینی هەر لەسەر ئاستی جیهانی و ناوخۆیی داوای هەماهەنگییان كرد، پەیوەندییان دەكرد كە ئەم بەرهەمەمان لێبكڕن لە هەمووی گرنگتر یەكێك لە كۆمپانیا بەناوبانگەكانی یابان كە كاری بەرهەمهێنانی مادەی پڕكەرەوەی ددانە خۆی لەگەڵمان هاتە سەر خەت داوای وردەكاری ئەم توێژنەوەیەی كرد بۆ بەرەو پێشبردنی بەرهەمەكانی لە داهاتوودا .لە ئێستادا ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵی.
*ئایا هیچ دەستەبەرییەك هەیە كە توێژینەوەكەی ئێوە پارێزراو بێت لە جیهاندا؟ لەمبارەیەوە ئەو توێژەرە كوردە بۆ خەبات گوتی: بۆ ئەوەی بیرۆكەی ناو تویژینەوەكە پارێزراو بێت توانیمان وەك داهێنانێك لە بەغداد تۆماری بكەین كەلەوێ دەزگایەكی فەرمی هەیە بەناوی (دەزگای ناوەندی بۆ پێوانەکردن و کۆنترۆڵی کوالێتی) كە سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی عێراقە هەربیرۆكەو توێژینەوەیەك كاریگەری هەبێت لەسەر جیهان لەوێ دەپارێزریت ئەوەی ئێمەش لەوێ بە داهێنان وەرگیرا لە لیستی زانكۆكانی كوردستان و بەناوی خۆم.
*ئەم داهێنانەی ئێوە لە بواری پڕكردنەوەی ددان چ خاڵیكی گرنگی تێدایە كە پیشتر دركی پێنەكراوەو خاڵی سەرەكی داهێنانەكەتانە؟ د.بەهرە حەسەن لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا كە هەموو ئەو توێژینەوانەی لەسەر ئەم چەسپە دەكرێت بۆ ئەوەیە بتوانن كار لەسەربەهێزی وكاریگەری تەمەنی درێژی چەسپی پڕكردنەوەكە بكەن لە هەمانكاتیشدا دژە بەكتریا بێت لەو بەكتریایەی كلۆرید دروست دەكات سوپاس بۆ خوا ئەم كێیشەیەمان چارەسەركردو تاقیكردنەوەمان لەسەر كرد. هەم بەهێزتربووهەم دژی بەكتریای كلۆربوون بوو. كە زۆربەی توێژینەوەكان ئەو ئامانجەیان هەیە.









