خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی:- شاری هەولێر، وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان و ناوەندێکی بازرگانی و کارگێڕیی گرنگ، ڕۆژانە جموجۆڵێکی زۆری هاتوچۆی بەخۆیەوە دەبینێت. ئەمەش وای کردووە کە پاراستن و چاککردنەوەی بەردەوامی تۆڕی ڕێگاوبانەکان ببێتە ئەرکێکی بنەڕەتی و هەستیار. لەم چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر ساڵانە بەپێی پلان و بەرنامەیەکی دیاریکراو، چەندین هەڵمەت ئەنجام دەدات. ئەم کارانە سەرەڕای بوونی ئاستەنگی دارایی، بە پشت بەستن بە بودجەی مانگانە و داهاتی قەپانەکان (خاڵەکانی کێشی بارهەڵگرەکان) بەڕێوە دەچن. بۆ زیاتر ئاشنابوون بە چالاکییەکانیان، ڕۆژنامەی خەبات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی کرد و لەوێدا ئەندازیار عیماد محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر، زانیاریی وردتری خستە ڕوو.

ڕۆڵی ڕێگاوبانەکان لە بووژاندنەوەی ئابووری و بازرگانی
دروستکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی هاتوچۆ وەکوو ڕێگاوبان بە چارەسەرێکی ستراتیژی و بنەڕەتی دێتە ئاراوە کە ڕۆڵێکی دوولایەنەی هەیە: ئاسانکاری بۆ ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان و پاڵنەری سەرەکی بۆ گەشەی ئابووری.
یەکەم و ڕاستەوخۆترین سوودی ڕێگاوبانەکان، کەمکردنەوەی قەرەباڵغییە لە شەقام و چوارڕیانە سەرەکییەکان. ئەم پڕۆژانە بە جیاکردنەوەی ئاستەکانی جووڵەی ئۆتۆمبێلەکان، ڕێگری لە وەستانی ناپێویست و تێکەڵبوونی هێڵەکانی هاتوچۆ دەکەن. لە ئەنجامدا، هاووڵاتییان دەتوانن بە کاتێکی زۆر کەمتر و بەبێ گوشاری دەروونیی زیادە، بگەنە شوێنی کار، خوێندنگە، یان ماڵەکانیان. کاتێک هاووڵاتی کاتێکی کەمتری لەناو ئۆتۆمبێلەکەی بەسەر دەبات، کاتی زیاتری دەبێت بۆ کارکردن، بەسەربردنی کات لەگەڵ خێزان، یان پەرەپێدانی خودی، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی لەسەر کوالێتی ژیانی گشتی دادەنێت.

لەلایەکی ترەوە، ڕێگاوبانەکان ڕۆڵێکی گرنگ لە زیادکردنی سەلامەتی هاتوچۆدا دەگێڕن. زۆربەی ڕووداوەکانی پێکدادان لە چوارڕیانەکاندا ڕوودەدەن. بە لابردنی ئەم خاڵە مەترسیدارانە و دروستکردنی ڕێڕەوی خێرا و بێ وەستان، ئەگەری ڕوودانی کارەساتەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەبێتەوە. هەروەها، ئەم پڕۆژانە کاریگەری ئەرێنیان لەسەر ژینگەش هەیە؛ کەمبوونەوەی کاتی وەستانی ئۆتۆمبێلەکان واتە کەمتر بەکارهێنانی سووتەمەنی و کەمبوونەوەی دەرهاویشتە گازییە زیانبەخشەکان.

ژێرخانی هاتوچۆی کارا و مۆدێرن بە خوێنبه‌ری ئابووری هەر وڵاتێک دادەنرێت. ڕێگاوبانەکان جووڵەی بازرگانی بە شێوەیەکی بەرچاو خێراتر و ئاسانتر دەکەن. گواستنەوەی کاڵا و شمەک لە نێوان ناوچە پیشەسازییەکان، بازاڕەکان، و دەروازە سنوورییەکان پێویستی بە تۆڕێکی ڕێگاوبانی بێ گرفت هەیە. کاتێک بارهەڵگرەکان و ئۆتۆمبێلە بازرگانییەکان بەبێ دواکەوتن و کێشە لە هاتوچۆدا دەجووڵێن، تێچووی گواستنەوە کەمدەبێتەوە و کارایی زنجیرەی دابینکردن (Supply Chain) زیاد دەکات. ئەمەش وادەکات کاڵاکان بە نرخێکی گونجاوتر و بە خێراییەکی زیاتر بگەنە دەستی بەکاربەر.

سەرباری ئەوەش، بوونی ژێرخانێکی پێشکەوتووی هاتوچۆ، هاندەرێکی بەهێزە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی. کۆمپانیا و کارگە گەورەکان بەدوای ئەو شار و ناوچانەدا دەگەڕێن کە ژێرخانێکی تۆکمەیان هەیە تا بتوانن بە ئاسانی کارمەند و کاڵاکانیان بگوازنەوە. بۆیە، وەبەرهێنان لەم پڕۆژانەدا دەبێتە هۆی دروستکردنی هەلی کاری نوێ و بووژاندنەوەی بازاڕی خانووبەرە و زیادکردنی بەهای ئەو زەویانەی دەکەونە دەوروبەری پڕۆژەکانەوە.

هەڵمەتە وەرزییەکان؛ وەڵامێک بۆ زیانەکانی سرووشت
ئەندازیار عیماد گوتی: «وەکوو بەڕێوەبەرایەتییەکی خزمەتگوزاری، پاراستنی تۆڕی ڕێگاوبانەکان ئەرکی سەرەکیمانە. ساڵانە لەپێناو دابینکردنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و پاراستنی ژێرخانی ئابووری، چەندین هەڵمەتی فراوان بۆ چاککردنەوەی ڕێگاکان بەئەنجام دەگەیەنین. بەتایبەتی دوای وەرزی زستان و بارانبارینی زۆر، هەڵمەتی بەهارە دەست پێ دەکەین، کە تیایدا بەشێکی زۆری ئەو زیانانەی بەهۆی باران و بەستەڵەکەوە دروست بوون چارەسەر دەکەین. تا ئێستا هەڵمەتی یەکەم و دووەممان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە، کە تێیاندا ئەو ڕێگایانە کرانە ئامانج کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتبوو و تەمەنێکی زۆریان هەبوو. بارانی بەخوڕی زستان بووە هۆی دروستبوونی چاڵ و چۆڵییەکی زۆر کە هاتوچۆی دژوار کردبوو.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا: «لە هەڵمەتی یەکەمدا، ڕێگای هەولێر-خەبات، خەبات-کەورگۆسک، بەشی یەکەمی ڕێگای سماقوڵی، و ڕێگای بەستۆرە-سۆرک-شه‌قڵاوە، بە باشترین شێواز و لەسەر بودجەی قەپانەکان قیرتاو کران. گرنگییەکی تایبەتمان بە ڕێگاوبانی ناوچە گەشتیارییەکانیش دا، وەک ڕێگای شێخ توڕاب، کە لە وەرزی بەهاردا خواستێکی زۆری لەسەرە. هەروەها ڕێگاکانی هەولێر-پیرمام و هەولێر-گوێڕ کە پێویستیی زۆریان بە نۆژەنکردنەوە هەبوو، لەلایەن تیمەکانمانەوە بە شێوەیەکی تۆکمە و ئەندازەیی چاککرانەوە.

ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی بارانبارین و داڕمانی شاخەکان
بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانەکان زیاتر دوا و گوتی: «شەپۆلە بارانە بەخوڕانەی ئەمساڵ نەک تەنها چاڵی دروست کرد، بەڵکوو لە هەندێک ناوچەی شاخاویدا بووە هۆی داڕمانی خاک و بەرد و هاتنەخوارەوەی قوڕ و لیتە، کە مەترسیی گەورەی لەسەر هاتوچۆ دروست کردبوو. تیمەکانمان بە شێوەیەکی خێرا و مەیدانی ڕووپێویی وردی هەموو ئەو ڕێگایانەیان کرد کە زیانیان بەرکەوتبوو، بۆ ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ چارەسەریان بکەین. دەستبەجێ ڕێگاکانیان لەو پاشماوانە پاککردەوە و هاتوچۆیان ئاسایی کردەوە. بۆ نموونە، پێش بارانبارینەکان، ڕێگای هەولێر-مەخموور بەهۆی قورسایی بارهەڵگرەکان و تەمەنی زۆرییەوە چاڵ و چۆڵییەکی زۆری هەبوو، کە بەشێوەیەکی ئەندازەیی لەلایەن تیمەکانمانەوە پڕ کرانەوە. هەروەها ڕێگاکانی دێگەڵە، هەولێر-قوشتەپە، قوڕشاغڵوو و ڕێگای ترانزێتیش چاککرانەوە.

گرنگیی داهاتی قەپانەکان و کاریگەریی قەیرانی دارایی
ئەندازیار عیماد محەمەد ئەمین ڕوونی کردەوە: «بودجەی قەپانەکان بەشێکی گرنگی داهاتمان پێکدەهێنێت. ئەم بودجەیە لە ڕێگەی کێشانی ئەو بارهەڵگرانەوە دابین دەکرێت کە کێشیان لە سنووری یاسایی زیاترە، و پارەکەشی ڕاستەوخۆ بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانانە بەکاردێت کە هەمان بارهەڵگرەکان دروستی دەکەن. ئەمە بنەمایەکی دادپەروەرانەیە کە تیایدا بەکارهێنەری قورس خۆی لە تێچووی چاککردنەوەکەدا بەشدار دەبێت. بەڵام ئەم داهاتە بە تەنها بەشی هەموو پڕۆژەکان ناکات.»
ناوبراو سەبارەت بە ئاستەنگەکان گوتی: «بەداخەوە قەیرانی دارایی و دواکەوتنی شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کارەکانمان هەبووە و چالاکییەکانی سنووردار کردووین. زۆر پڕۆژەی گەورە هەن کە پێویستیان بە بودجەیەکی زۆر هەیە و لە ئێستادا ڕاگیراون. دەبێت هاووڵاتییانیش ئەوە بزانن کە بەشێک لەم ڕێگایانە زۆر کۆنن و لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە بۆ مەبەستی سەربازی دروستکراون، بۆیە پێویستیان بە دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانیان هەیە، نەک تەنیا قیرتاوکردنی ڕووکەش. هەرچەندە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان درێغییان نەکردووە، بەڵام نەبوونی بودجەی پێویست پڕۆژەکانی سست کردووە.

پلانی ستراتیژی و کارەکانی دیکەی بەڕێوەبەرایەتی
لەکۆتایی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر گوتی: «کارەکانمان تەنیا چاککردنەوەی قیر نییە. بەڵکوو پاککردنەوەی بەردەوامی جۆگەلە و کەناڵەکانی ئاوەڕۆ لە تەنیشت ڕێگاکان، نۆژەنکردنەوەی هێماکانی هاتوچۆ، ڕەنگڕێژکردنەوەی هێڵەکانی شەقام و پشکنینی بەردەوامی پردەکان بەشێکن لە ئەرکە ڕۆژانەییەکانمان. پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو لەسەر ڕێگاکان و دروستبوونی لافاو. لە کاتی بارانی بەخوڕیشدا، تیمی ئێشکگرمان هەیە بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو.» هەروەها گوتی: «پلانی ستراتیژیمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕێگا سەرەکییەکان کە بوونەتە شادەماری هاتوچۆ، وەکوو ڕێگای ١٥٠ مەتری و ١٢٠ مەتری و ڕێگا نێودەوڵەتییەکان، کە پێویستیان بە چاودێریی بەردەوام هەیە. لە کۆتاییدا، داوا لە هاووڵاتییانی بەڕێز دەکەین هاوکارمان بن و لە کاتی بینینی هەر کێشەیەک لە ڕێگاوبانەکان، ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن. ئێمە هەموو تێبینی و سکاڵایەک بە هەند وەردەگرین و هەوڵ دەدەین لە نزیکترین کاتدا چارەسەری بکەین.»