خهبات: ئاشتی شەهباز:- هەردوو بەڵگەفیلمی تۆپزاوا: پرسگەیەك بەر لە دەروازەی جەهەننەم و گەڕانەوە بۆ قەڵای مەرگ بە هاوبەشی گۆڤاری تۆپزاوا و بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری كەركووك بە بۆنەی 38 مین ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفال، دەزگای ئەرشیفی نەتەوەیی جینۆسایدی كوردستان بە هاوكاریی سینەمای هەولێر لە 9-5-2026 لە رۆیاڵ مۆڵ نمایش كرا
خاتوو عەدالەت عومەر دامەزرێنەری دەزگای ئەرشیفی نەتەوەیی جینۆسایدی كوردستان سەبارەت بەو چالاكییە بە خەباتی راگەیاند: بە بۆنەی 38مین ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفال دوو بەڵگە فیلممان نمایش كرد لە سەربازگەی تۆپزاوای و كەركووك و قەڵای نوگرە سەلمان (بە سوپاسەوە سینەما هەولێر بێ بەرامبەر ئامادەبوون ئەم دوو بەڵگەفیلمەی تێدا نمایش بكرێت).
سەبارەت بەم دوو بەڵگەفیلمە خاتوو عەدالەت گوتی: ئەم دوو بەڵگەفیلمە باسی هەموو ئەو دەربازبووانەیە كە لە ساڵی 1988 جینۆسایدی ئەنفالەكە لەسەر كورد ڕوویدا لە زاخۆ تا خانەقین، لەلایەن حكوومەتی عێراق لەسەردەمی بەعسدا، كە جیاوازیی نەكرد لە نێوان رەگەز و تەمەنە جیاوازەكان بە نێر و مێیەوە تێیدا جینۆساید و ئەنفالكرا و راگوێزرا بەرەو گۆڕە بەكۆمەڵەكان و زیندەبەچاڵ كران. كە زۆریان تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە ، زیاتر ڕوونیكردەوە لەسەر كەیسی ئەنفال دەڵێ: لە كەیسی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەكان بە ساڵی 1987-1988 دیاریكراوە، بەڵام ئەم بەڵگە فیلمە باس لە ئەنجامدانی خودی كردەوەكە دەكات كە لە رێككهوتی 23ی شوباتی 1988 تا 6-9-1988 بەردەوام بووە. كە خەڵكی كورد بە هەزاران گوندی سووتێندرا و وێران كران، ههر لە مزگەوت و قوتابخانە و خانوو و وشكردنی كانیاوەكان و و سووتاندنی ڕەزوباخ، 285 جار كیمیابارانكراون، لە بالیسان و شێخ وەسانان و بادینان و هەڵەبجە، عەدالەت عومەر جەختی لەسەر ئەوە كردەوە وگوتی: ئێمە كار دەكەین لە پێناو ناساندنی كەیسی جینۆسایدی گەلی كوردستان بەجیهان، لە ئێستاشدا خەریكین بەپێی هەڵكەوتی ناوچەكە بە چوار زمان كاری لەسەر دەكەین بە زمانهكانی (كوردی – عەرەبی – ئینگلیزی- فارسی لە سایتی kgna) و هەروەها لەهەمانكاتدا هەوڵدەدەین قەرەبووی زەرەر و زیانی كەسوكاری قوربانیان بكرێتەوە لەلایەن دەوڵەتی عێراق، چونكە عێراق لە سەردەمی رژێمی بەعس بكەری جینۆساید بووە و دەبێت هەموو ئەو بابەتە دادپەروەری راگوزەری بۆ تەواوی خەڵكەكە و خاك و ژینگەكەی تێدا بكرێت. ئەم دوو بەرهەمە لە دەرهێنانی هونەرمەند محەمەد سەید و پرۆدیوسەری هێمن حەسیب لە چوارچێوەی مێژووی زارەكی و زانیاریی ورد و یادەوەری ئەنفالكراوانی دەربازبوو لە سەربازگەی تۆپزاوای كەركووك و قەڵای نوگرە سەلمان وەك دوو شوێنی گرنگ لە مێژووی ئەنجامدانی تاوانەكانی جینۆسایدی ئەنفال بەرهەم هاتووە.