سه‌هه‌ند كۆیی

پەیوەندی نێوان میدیا و سیاسەت لە سەردەمی نوێدا تەنیا پەیوەندییەکی گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ جۆرێک لە فەرهەنگی دەوڵەتداری کە شێوازە تەقلیدییەکانی کارکردنی دەسەڵات و بەشداری هاوڵاتیانی گۆڕیوە.
ئەمڕۆ ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە تەنیا ئامرازێک نین بۆ گواستنەوەی هەواڵ، بەڵکو خودی ئەو ژینگەیەن کە کلتوری گشتی تێدا بەرهەم دەهێنرێت و گەشەی پێ دەدرێت، چونکە بەبێ ئامادەیی کەناڵەکان، هیچ جوڵەیەکی حکومی یان حزبی ناتوانێت شەرعییەت و ناسنامەی گشتگیر بەدەست بهێنێت.
کاتێک باس لە کلتورێکی دیپلۆماسی و بەڕێوەبردنی نوێ دەکەین، مەبەستمان لەو گۆڕانکارییە بنەڕەتییانەیە کە لە هۆشیاریی تاک و کۆمەڵگەدا بەرامبەر بە دەسەڵات، مافەکان و ئەرکەکان دروست بوون.
ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بە هەموو جۆرەکانییەوە توانیویانە سنوورە کلاسیکییەکانی نێوان فەرمانڕەوا و فەرمانبەران ڕیفۆڕم بکاتەوە و زمانێکی نوێ بۆ گفتوگۆی نیشتمانی دابهێنن کە لەسەر بنەمای خێرایی، وێنە و کارلێکی ڕاستەوخۆ دامه‌زراوە. ئەم فەزا نوێیە وای کردووە کە کایەی بڕیاردان لە بازنە داخراوەکانەوە بێتە ناو شاشەکان و گیرفانی هەموو تاکێک، ئەمەش ڕەهەندێکی جیاواز دەدات بە چەمکی دیموکراسی و بەشداریی جەماوەری.

بونیادی گشتی و ململانێی ئایدۆلۆژیای هاوچەرخ
لەم سەردەمەدا میدیا بوونەتە ئەندازیاری سەرەکیی داڕشتنەوەی تێگەیشتنی گشتی، بە شێوەیەک کە تاکەکان زۆربەی زانیارییە سیاسییەکانیان و هەڵوێستە فیکرییەکانیان لەو وێنانەوە وەردەگرن کە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بۆیان دەکێشێت. ئەمە تەنیا کاریگەرییەکی کاتی نییە، بەڵکو گۆڕینی بنەماکانی تێگەیشتنە بۆ چەمکەکانی وەک نیشتمانپەروەری، ئۆپۆزسیۆن و مافی هاوڵاتیبوون.
فەرهەنگی بەڕێوەبردنی نوێ کە دەزگاکانی بڵاوکردنەوە دەیخوڵقێنێت، پشت بە “سیاسەتی وێنە” دەبەستێت، واتە لەبری ئەوەی کێبڕکێکان لەسەر بنەمای بەرنامەی وشک و درێژ بن، لەسەر بنەمای ئەو ناوبانگەیە کە پلاتفۆرمەکان بۆ کارەکتەرە نیشتمانییەکان دروستی دەکەن.
ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هاوڵاتی لە وەرگرێکی بێدەنگەوە بگۆڕێت بۆ چاودێرێکی بەردەوام. لێرەدا سەکۆکانی دەنگ و باس وەک دەسەڵاتی چوارەم نا، بەڵکو وەک کایەیەکی گشتی کار دەکەن کە تێیدا ململانێی ئایدۆلۆژییەکان ڕوودەدەن. ئەم ژینگە نوێیە ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی کلتورێکی گشتی دروست بێت کە تێیدا ڕەخنەگرتن (بە شێوازێکی بونیادنەر و مەدەنی) دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ شەفافییەت و بەرپرسیارێتیی دەسەڵات لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا.

ترێند و کەمپەین؛ ئامرازی نوێی فشاری جەماوەری
میدیا فەرهەنگێکی سیاسیی وای بەرهەمهێناوە کە تێیدا “فاکتەری کات” ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت. بە پێچەوانەی ڕابردوو کە بڕیارەکان ماوەیەکی زۆریان دەخایاند، ئێستا میدیا گوشارێکی بەردەوام لەسەر ناوەندەکانی بڕیار دروست دەکات. ئەم گۆڕانکارییە، سیاسەتی لە کارێکی وەرزییەوە گۆڕیوە بۆ چالاکییەکی ٢٤ کاتژمێری، بەجۆرێک هاوڵاتیان چیتر چاوەڕێی بەڵێنی دوور مەودا نین، بەڵکو داوای وەڵامی دەستبەجێ و کرداری دەکەن. لەلایەکی دیکەوە، سۆشێڵ میدیا چەمکی “سیاسەتی بنەڕەتی سۆشیاڵ میدیا (Social Media Policy)” کە (کۆمەڵێک ڕێسا و ڕێنمایی یاساییە؛ لەلایەن کۆمپانیا و ڕێکخراو،یان دامەزراوە میدیاییەکانەوە دادەنرێت بۆ دیاریکردنی چۆنیەتی بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا لەلایەن کارمەندان یان بەکارهێنەرانەوە)، ئەم چەمکە میدیاکانی بەرەو کایەیەکی دیجیتاڵی بردوە.
ئێستا بەشداریی سیاسی تەنیا لە سندوقەکانی دەنگداندا کورت نابێتەوە؛ بەڵکو دروستکردنی ڕای گشتی، “ترێند” و کەمپەینە ئەلیکترۆنییەکان، بوونەتە ئامرازی نوێی گوشار. ئەمەش وا دەکات تاکەکان هەست بە هێز و کاریگەریی خۆیان بکەن لە گۆڕینی ڕەوتی ڕووداوەکاندا، کە دەرەنجام ئینتیمای سیاسی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراوەوە، بەرەو ئاسۆیەکی نیشتمانی و گشتگیرتر دەبات.

کلتوری نیشتمانپەروەری لە کایەی نوێدا
لەناو جەرگەی ئەم کلتورە سیاسییە نوێیەدا، میدیا ئەرکی پاراستنی بەها دیموکراسییەکانی لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام بەمەرجێک دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن بە شێوەیەکی پرۆفێشناڵ و ئەکادیمی و لە بەرژەووندی باڵای نیشتیماندا کار دەکەن، ئەوکات دەبێتە هۆی بڵاوکردنەوەی کلتوری لێبوردەیی و قبوڵکردنی یەکتری. لێرەدا ئەم کایەیە تەنیا سەکۆیەک نییە بۆ هاوارکردن، بەڵکو ناوەندێکە بۆ گفتوگۆی عەقڵانی کە تێیدا دیدگا جیاوازەکان بەیەک دەگەن. ئەم چەشنە لە مەعریفەی سیاسی پێویستی بەوەیە کە میدیاکاران وەک ڕۆشنبیرێکی سیاسی نیشتمانپەروەر کار بکەن نەک تەنیا وەک پیشەگەرێکی ڕاگەیاندن، چونکە ئەوانن ئاڕاستەی بیرکردنەوەی جەماوەر دیاری دەکەن. ئەم مۆدێلە نوێیەی میدیاکاریی دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتداران درک بەوە بکەن کە هەموو هەنگاوێکیان لەژێر وردبینی مایک و کامێرای نیشتمانپەروەران تێدەپەڕێت. ئەمەش جۆرێک لە کلتوری لێپرسینەوە دروست دەکات کە لە سیستمە سیاسی و میدیاییە کۆنەکاندا کەمتر بوونی هەبووە. بەم شێوەیە ئەم دامەزراوانە دەبنە زامنی پاراستنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمان و مافی مرۆڤ و ڕێگری لە ستەمکاری، چونکە لەم ژینگە نوێیەدا بێدەنگی بەرامبەر بە نادادی بوونی نییە.

پێگەی هاوڵاتی لە جیهانی میدیای دیجیتاڵیدا
گوێزراوەی مەعریفەی دەوڵەتداری لە کایەی گشتی بۆ فەزای دیجیتاڵی، یەکێکە لە گرینگترین وەرچەرخانەکانی سەردەم، کە تێیدا سۆشیال میدیای بەرپرس و نیشتامان پەروەر نەک تەنیا وەک ئامراز، بەڵکو وەک “پەرلەمانێکی سێبەر” کار دەکات. لەم کلتورە نوێیەدا، پرۆسەی بڕیاردان تەنیا لە دەستی نوخبەیەکی دیاریکراودا نەماوە، بەڵکو گوشارە ئەلیکترۆنییەکان و ڕای گشتیی نێو تۆڕەکان ئاڕاستەی یاساکان و بڕیارە حکومییەکان دەگۆڕن. ئەم دیاردەیە جۆرە نەریتێکی دروست کردووە کە تێیدا «هاوڵاتیی هۆشیار» هێزێکی ڕەخنەیی بونیاتگەر و چاودێریی یەکجار گەورەی هەیە، بە شێوەیەک کە شەرعییەتی دەسەڵات چیتر تەنیا لە سندوقی دەنگدانەوە نایەت، بەڵکو مانەوە و سەرکەوتنی، بەندە بە پشتگیریی بەردەوامی جیهانی دیجیتاڵی.

هۆشیاریی میدیایی و ئاییندەی سیاسی
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین کە ژینگەی میدیایی نیشتمانی بەرپرس و هۆشیار؛ تەنیا ئامرازێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو گیان و بزوێنەری فەرهەنگە سیاسییە نوێیەکەیە. ئەم نەریتە تازەیە توانیویەتی مانا و مەبەستی حوکمڕانی و هاونیشتمانیبوون دابڕێژێتەوە و مۆدێلێکی جیاواز لە پەیوەندییە نیشتمانییەکان بخاتە ڕوو. دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن بە بڵاوکردنەوەی زانیاری و ڕەخساندنی ژینگەی دیالۆگ، کۆمەڵگەی لە بێدەنگییەوە بەرەو قۆناغێکی پڕ لە جووڵە و بەشداریی کارا گواستووەتەوە. ئەگەرچی ئاستەنگی گەورەی وەک هەواڵی نادروست و “پۆپۆلیزمی میدیایی ئاراستەکراو” بوونیان هەیە، بەڵام جەوهەری ئەم سیستەمە فیکرییە بەرەو کرانەوەی زۆرتر و تێگەیشتنێکی قووڵتر هەنگاو دەنێت. بۆ ئەوەی ئەم ژینگە سیاسییە بە دروستی گەشە بکات، پێویستە دامەزراوە هەواڵییەکان وەک ناوەندێکی زانستی و پسپۆڕانە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکاندا بکەن و سوودی گشتی وڵات بخەنە سەروو هەموو مەبەستێکی دیکەوە، چونکە ئاییندەی هەر گەلێک بەندە بەو هۆشیارییە میدیاییەی کە تێیدا بنیاد دەنرێت. تۆڕەکانی گەیاندنی بەرپرس و نیشتمانپەروەر وەک کلتورێکی سیاسی نوێ، نەک تەنیا ڕاستییەکان دەگوازێتەوە، بەڵکو مۆدێلێکی تازە بۆ ژیانی گشتی بنیاد دەنێت کە تێیدا مرۆڤ و وڵات چەق و ئامانجە.