دیمانە – هێمن ئاری
دوای بەچاپگەیاندنی نۆبەرە شیعری (ئەو هەنگاوانەی بێ هاوێشتن هاتنە بوون)، بە پێویستمانزانی گفتوگۆیەکی ئەدەبی لەگەڵ شاعیر عەلی شێخانی بکەین.
عەلی شێخانی، ساڵی ۱۹۷۲ لە شاری هەولێر لە دایک بووە، وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات وەک زۆربەی نووسەران دەستپێکی نووسینی بە بابەتی هەمەجۆر بووە، وەک ڕەخنەی هونەری، بابەتی وەرزشی، بابەتی سیاسی، بابەتی زمانەوانی، وەک خۆی دەڵێت: بە گشتی هەرچی دەسەڵاتم بەسەریدا بشکابا دەپرژامە سەری و لە چوارچێوەی نووسیندا بڵاوم دەکردەوە، لە پاڵیشیدا شیعرم هەر نووسیوە، بەڵام ئەمیانم کەمتر بڵاو کردۆتەوە، چونکە پرۆسەی نووسینی شیعر لە ڕووی بەرپرسیارێتی و ئەمانەتەوە تەواو جیاوازە لەگەڵ بابەتەکانی دیکە و تەنانەت ژانرەکانی دیکەی ئەدەب، بۆیە دوای ساڵانێک لە نووسینی هەمەجۆر، دواجار بڕیارم دا، بە تەواوی کاتی خۆم بۆ شیعر تەرخان بکەم. هەر واشم کرد، وازم لە نووسینی هەموو ئەو بابەتانەی باسم کرد، هێنا. خۆمم خستە ناو دنیای فراوانی شیعر، بەڵام دەتوانم بڵێم بە تەنیا نووسینی شیعر بووە ئامانج بەبێ بڵاوکردنەوە، چونکە زۆر بە کەمی بڵاوم دەکردنەوە، بەڵکوو دەمنووسین و بە پشوودرێژییەکی زۆرەوە بۆ ئەوکاتەی دامنابوو بەچاپیان بگەیەنم، وەک ئەرشیف هەڵم دەگرتن، ئەوە بوو لەم دواییانەدا لە دەزگای موکریانی بەچاپم گەیاندن، بۆ زانیاریی خوێنەرانیش خۆم بیست و شەش ساڵە بەبێ پچڕان لە ڕۆژنامەی خەبات کاری ڕۆژنامەنووسی دەکەم.
– وەک دەزانین لە خێزانەکەی ئێوە کەسانی دیار لە بواری نواندن و میوزیک هەڵکەوتوون، تۆ چۆن پێچەوانەی ئەوان لەو بوارانەدا دەرنەکەوتوویت و ڕووت کردە بواری شیعر؟ ئەمە چۆن بوو؟
– لەوانەیە ئەمە پەیوەندیی بە خاڵێکی دیارکراوەوە نەبێ و خاڵگەلێک ڕۆڵیان لێی هەبووبێت، جا چ بەهرە ڕۆڵە زۆرەکەی بینیبێ، یان بوار ڕەخسان و زەمینەسازی و ڕێککەوت، یان دەسەڵات بەسەرداشکان و دەرقەتهاتن، تۆ سەیر بکە کاتێ دەبینی ناوەندەکانی خوێندن و بڕوانامەی بەرز ڕۆڵێکی فراوان لە توانای نووسیندا نابینن، ئەوکات لە گەورەیی ڕۆڵی بەهرە لە بواری نووسیندا تێدەگەی، من نەمویستووە و نامەوێ لە بوارێکدا بچمە مەیدان خۆم لە هێڵی پێشەوەدا نەبینمەوە و تەنیا خۆمی پێ هەڵبواسم، هەر بۆیە ئەم کتێبەی بەمدواییە بەچاپم گەیاند بەرهەمی زیاتر لە سی ساڵی نووسینمە و زیاتر لە دوو ساڵ تەنیا خەریکی تایپکردن و پێداچوونەوەیان بووم، تەنیا بۆ ئەوەی بەرهەمێکی بە دڵی خۆمی لێ بێتەبوون.
– چۆن لە شیعر و ماهییەتی شیعر، لە تەکنیک و زمانی شیعر یان خەیاڵی شیعر دەڕوانن؟
– زمانی شیعری بە شیعربینی و تێگەیشتن و خوێندنەوەی شیعر لەلایەن شاعیرەوە بەندە، شاعیر هەیە تا دواهەناسەی شیعرنووسینی دەستبەرداری ڕێچکە باوەکەی شیعر نابێت، ئەوەی لەلای بەشی زۆری خوێنەرانی شیعر پەسەندە و دەخوێندرێتەوە، وەک بڵێی بۆ ڕەزامەندیی زۆرینە دەنووسێت یان هەر ئەوەندەی لەباردا هەیە، یان لەوەیە ئاگای لە ڕەوتی کاروانی شیعری نوێخوازی جیهان نەبێ، یان نەتوانێ خۆی لە قەرەی تازەگەری و زمانی شیعری سەردەم بدات. دەبێ زمانی شیعر لە زمانی شیعریی چەقبەستوودا بێتە دەرەوە، نابێ شیعر بۆ ڕازیکردنی زۆرینە بنووسرێت و تەنیا ژمارەی خوێنەر ڕەچاو بکرێت نەک ژمارەی شیعرناس، کەی کاری شاعیرە بە زۆر خەڵک بکات بە خوێنەری شیعر؟! ئەگەر کەسێک تینوو بە شیعر نەبێت هەرگیز نە دەپرژێتە سەر شیعر، نە دەبێتە خوێنەری جدیی شیعر، نە شیعری باش و خراپ لێک جیادەکاتەوە، ئەو شێوەکارەی تابلۆیەکی باڵا دەکێشێت، چاوەڕوان نابێت هەموو خەڵک سەرسام بە تابلۆکەی بن، ئەو دەزانێ بۆ کێی دەکێشێ و کێ دێتە پیشانگەکەی و کێ دەستخۆشیی لێدەکات، ئامادە نییە تەنانەت ڕێبازی کارەکەی بگۆڕێت تەنیا لە پێناو هەواداری زیاتر. شانۆکارێک ڕۆڵی لە شانۆگەرییەکی باڵادا دەبێ، سوور دەزانێ هەموو خەڵکی لە کارەکەی ناگەن، بەڵام ئامادە نییە لە باڵایی کارەکەی بێنێتەخوار لە پێناو زیاتر پڕبوونی هۆڵی شانۆدا، زمانی شیعریی من بۆ خەڵکە، ئەوانەی لە قووڵیی شیعر دەگەن و خوێنەری جدیی شیعرن و ڕۆشنبیریی شیعرییان بەرزە.
– ئەگەر باسی خەیاڵ بکەین، خەیاڵ نەک هەر شیعری داگیر کردووە، بەڵکوو ژیانیشی داگیر کردووە، کەم جار خەیاڵ بۆتە کردار ؟
کەم جار خەیاڵ مرۆڤی ون کردووە؟. ئەگەر لە ژیاندا بە تێپەڕینی کات خەیاڵ گۆڕانی بەسەردا دێت، لە شیعریشدا دەبێ لەگەڵ تێپەڕینی پرۆسەی نووسین خەیاڵ بگۆڕدرێت. هەروەک من لە کورتەشیعرێکمدا دەڵێم (لەدوای سپیبوونی قژم قژی خەیاڵیشم هێدی هێدی بەرەو سپیبوون دەچێت)، گۆڕینی خەیاڵە زمانی شیعر دەباتە قۆناغی دواتری. هەموومان خەیاڵ دەکەین، بەڵام هەندێکمان خەیاڵ دەبەین، هەندێکمان خەیاڵ دەمانبات، هەندێکمان خەیاڵ جڵەو دەکەین، هەندێکمان خەیاڵ جڵەومان دەکات، جەوهەری جیاوازییەکە لە ئازادیی بیرکردنەوەدایە، واتا لەوەدایە مرۆڤ تا چ ئاستێک خودی خۆیەتی، ئەو خودی خۆبوونەش چەند لە قازانجی پرۆسەی نووسینی شیعر بەگشتی و زمانی تایبەتیی شیعردایە.
– چۆن دەڕوانیتە شاعیرانی ئەم سەردەمە، زۆر جار کە باس لە سەردەمی شیعر دەکرێ و بەوە وێنا دەکرێ شیعری ئێستا خاڵییە لە ئەندێشە و خەیاڵی قووڵ؟
– دەبینین ساڵانە چاپکراوی شیعریی بەرچاو دێتە ناو کتێبخانە بێ سانسۆر و بێ خاوەنەکەی کوردی، هەر کەسێک حەز بکات ببێتە خاوەن کتێب، ڕێوشوێنەکانی کتێب چاپکردن دەگرێتەبەر و ئاسانترین ژانریش لە نووسین، لای ئەو شیعرە، بۆیە کتێبەکەی خۆی دەکاتە ماڵ بەسەر شیعری کوردییەوە و پێشگری شاعیر بە ناوەکەی خۆی دەلکێنێ، هەڵبەت مەبەستم تەواوی چاپکراوەکان نییە، کتێبی نایاب و دانسقە بە سەنگی خۆی جێگەی خۆی لای خوێنەری ڕاستەقینە دەکاتەوە، بۆیە ئەوانەی، یان ئەو ڕەخنەگرانەی لایان وایە شیعری سه‌رده‌م خاڵییە لە ئەندێشە و خەیاڵی قووڵ، دەبێ مەبەستیان لەو کتێبانە بێت کە بە زۆر دەکرێنە ماڵ بەسەر شیعری کوردییەوە، لێ ئەگەر مەبەستیان لە هەموو شاعیران ئێستا بێ بە هەموو دەنگە شیعرییە جیاوازەکانەوە، ئەوە ستەمە لە بەرامبەر شاعیرە باڵاکانی سەردەم.
– خەسڵەتەکانی شیعری ئەم نەوە نوێیە بە ڕای ئێوە چین، ئایا فەلسەفە و شیعر و ئەدەب وەک بوارەکانی دیکەی ژیان بەپێی سەردەمەکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت؟
– ئەگەر گۆڕانکاریی بەسەردا نێت، واتا لە دۆخی چەقبەستووییدا دەمێنێتەوە، بەڵام پرسیارە گرنگەکە لێرەدا ئەمەیە، ئایا گۆڕانکاری بە چ ئاراستەیەک؟، ئایا ئەو شاعیرەی دەیەوێ تازەگەری و نوێخوازی لە شیعرەکانیدا ڕەنگبداتەوە تا چەند ئاگای لە ڕەوتی شیعری جیهانی و هەرێمایەتی و چواردەورییەتی؟، تا چەند دەتوانێ لەگەڵ شیعری سەردەمدا هەنگاو بنێ؟، تا چەند لە ماهیەتی شیعری تازە دەگات و دەسەڵاتی بەسەردا دەشکێ؟، چۆن دەتوانێ فکر لەناو شیعردا بچێنێ؟، چۆن لە چوارچێوەشکاندنی فۆرمدا لە جێگەی دەنگی شکان دەنگی ئارامبوونەوە دەخاتە ناخی خوێنەر؟، لە هەمووی گرنگتر چەند شیعری تازە دەناسێ و چەند بەقەد ناسینی دەریای شیعر مەلە دەزانێ؟.
– وەک شاعیرێک پەیامی تۆ لەسەر شیعر چییە و دەتەوێ لە ڕێی شیعرەوە چ پەیامێک بگەیەنیت؟
– وەک چۆن ناتوانرێ شیعر پێناسە بکرێ، بەهەمان شێوە ناشتوانرێ پەیامی شیعر دەستنیشان بکرێ. شاعیر شیعر دەنووسێ، لەبەر ئەوەی هەست دەکات بەهرەی هەیە و ئەو باکگراوەند و مەعریفە شیعرییەی هەیەتی دەیخاتە خزمەت شیعرەکانییەوە، گوشارە دەروونییەکانی بە ماسکی شیعرییەوە دەرخواردی خوێنەر دەدات، کەسایەتییەک لە پەنای شیعر بۆ خۆی بنیاد دەنێ،
– ئەو دەرگەیەک دەکاتەوە کە دەرگەی شیعرە لێ هەموو دنیای لێوە بە ڕووتی و بەبێ ڕووپۆش دەبینێ، زۆرترین موخاتەبەی خۆی دەکات، زۆرترین ئازادی بەدەست دەهێنێت، هەروەها زۆرترین کبریا‌ء، هەموو ڕاستییەکانی ناخی دەدرکێنێت و لە بەرامبەردا درۆیەکانی وەک نهێنییەکی پیرۆز لەناو کۆدەکانی شیعردا دەئاخنێ، شاعیر ئەو دەرگەیە بە ڕووی وشە و زماندا دەکاتەوە کە خۆی دەیەوێ، نەک ئەوەی وشە و زمان دەیانەوێ، لە ڕێگەی دوور و درێژی شیعردا ئەو مەودایە دەبڕێ کە خۆی دەیەوێ، نەک ئەو مەودایەی کە شیعر دەیەوێ، بەکورتی شاعیر جوانترین دیکتاتۆرە، بۆیە پەیامی هیچ شاعیرێک لە پەیامی شاعیرێکی دیکە ناچێ.
– پێتوانییە هەندێجار شیعر وێنەگرتنی واقیعێک بێت لە نهێنی و ژیانی شاعیر؟-
دەکرێ وا بێت، بەڵام دەقاودەق نا، هەندێجار شاعیر وا هەست دەکات نهێنییەکانی خۆی شاردۆتەوە، بەڵام بێئەوەی درک پێ بکات هەموو نهێنییەکانی لە ژێر زمانی ناو شیعرەکانیدا درکاندووە، هەندێ جاریش هەوڵ دەدات ژیانی خۆی بخاتە سەر پەڕ، کەچی دەبینێ ئەوەی خستوویەتییە سەر پەڕ، ژیانی خەڵکە.
– ئەو شیعرانەی دەیاننووسی تا چەند هەڵقوڵاوی فەنتازیایەکی ڕوحین بۆ تۆ؟
– شیعر لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی هەڵدەچنرێ، وێنەی شیعری و هەست و فکر، ئەمە بەو مانایە نییە لەم سێ کۆڵەکەیە بەو لاوە ئیدی ئەوەی بنووسرێ شیعر نییە، بەڵکوو ئەمانە کۆڵەکە سەرەکییەکەی شیعرن. چەند جوان و گرنگە لە شیعرێکدا بتوانی ئەو سێ ڕەگەزە لە شیعرێکدا کۆ بکەیەوە و جاویدانی بە شیعر ببەخشیت.
– تا چەند گرنگە شاعیر بە دەنگی خۆی شیعرەکانی لە ڕێی گوێچکەوە بە خوێنەر بگەیەنێت؟
– ئەدا و دەنگ و هەست لە خوێندنەوەی شیعردا لایەنێکی، یان ڕێژەیەکی سەرکەوتنی شیعرە، بەڵام ئەدی ئەگەر شاعیرەکە ئەدا و دەنگ و هەستی خوێندنەوەی لەبار و گونجاو نەبوو؟ ئەگەر شیعرەکە فۆرمێکی قورس و زمانێکی فکری و دەربڕینێکی قووڵی هەبوو؟ ئەوکات خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەیدا پێویستی بە خوێندنەوەی زیاتر لە جارێکە تا بچێتە قووڵایی شیعرەکە و لێی تێبگات، کەواتە هەموو شیعرێک بۆ گەیاندنی بە خوێنەر پێویستی بە خوێندنەوە نییە.
– جگە لەوەی شیعرێک کە کاتێکی زۆری لەلایەن شاعیرەوە بۆ نووسینی تەرخان کرابێ تا شاکارێکی نایابی لێ بێتەبوون، خۆ ئاساییە خوێنەریش کاتی پێویستی پێ بدات، نەک خوێندنەوەیەکی سەرپێییانە.
– پێناسەی تۆ بۆ شیعر چییە؟
– – پێناسەی من بۆ شیعر ئەوەیە، ئەگەر هەر پێناسەیەکت بەرجەستەی شیعر کرد، ئەوا تۆ شیعرت لە قاڵب داوە و لە ڕێی چوارچێوەدانان بۆی سنووردارت کردووە، ئەوەش ستەمێکی گەورەیە لە دنیای بێسنووری شیعر.
– قسەیەکی باوی ناو خەڵک و هەندێک لە ڕۆشنبیر و نووسەرانیش هەیە کە دەڵێن، کورد هەمووی شاعیرە، ڕای تۆ چییە؟
– ئەو قسەیە ڕێک پێچەوانەیە، کورد نەک هەمووی شاعیر نییە، بەڵکوو زۆرینەی هەر لە شیعر ناگات و ئەوەندەی لە ڕێی دەنگەوە گوێشی لێ دەگرێت، ڕیتم و مۆسیقایەکەیەتی بەهۆی کێش و سەرواکەی. دەنا زۆرینەی شیعری باڵا ڕەتدەکاتەوە، چونکە تێی ناگات. بەڵام ڕاستییەک هەیە دەبێ بیڵێم، لەم سەردەمەدا هەمیشە زۆرینە لە بەرامبەر کەمینەدا براوەیە، هەرچەندە زۆرینەش هەڵە بن و کەمینە ڕاست بن، نەک هەر لە شیعر بە تایبەت و ئەدەب بە گشتی، تەنانەت لە کایەکانی دیکەی ژیانیش وەک هونەر و سیاسەت و هتد ……..، هەروایە، لێشاوی زۆرینە کەمینە ڕادەماڵێ، کە نابێ وەها بێت ،بەداخەوە.
– لەم دواییە کتێبێکت بڵاو کردەوە، دەکرێ باسێکی ئەم کتێبە بۆ خوێنەران بکەیت و ئاماژەیەکیش بە پڕۆژەی داهاتووت بکەیت؟
– کتێبەکەم بەر لە جەنگی ئەمدواییەی ئەمەریکا و ئێران ڕەوانەی چاپخانەیەکی ڕۆژهەڵات کرا، بەڵام بەهۆی ئەو شەڕەوە نەتواندرا لەوێ چاپ بکرێ، ئەوە بوو دەزگای موکریان لە سلێمانی بەچاپیان گەیاند، چونکە وەک لە سەرەتا باسم کرد، کتێبەکە لە چاپکراوەکانی دەزگای موکریانییە و لە چوارسەد شیعر پێکدێت، بەشی زۆریان کورتن چەند دانەیەکیان نەبێت، چوارسەد و شازدە لاپەڕەیە. من لە سەرەتادا بە نیاز بووم هەشت سەد و هەشتا و هەشت کورتەشیعر لە بەرگێکدا کۆ بکەمەوە، بەڵام چەند هاوڕێیەکی ئازیزم پێیان زۆر بوو و پێشنیازیان بۆ کردم کەمی بکەمەوە، ئەوە بوو کردمە چوارسەد شیعر، هەرچەندە ئەوەشیان پێ زۆر بوو وەک نۆبەرەکتێب، ماوەتەوە بڵێم چونکە ئەو شیعرانە بەرهەمی زیاتر لە سی ساڵی تەمەنمە، بۆیە ئەوەی بیخوێنێتەوە تێبینیی مێژووی نووسینیان دەکات لە ڕێی جیاوازیی زمانی شیعرەکانەوە. هەر خۆشم تایپ و هەڵەگریم بۆی کردووە، بەڵام جێی داخە لەبەر بارودۆخی ناوچەکەو بەهۆی ئەم جەنگەوە تا سازدانی ئەم دیدارە نەمتوانیوە لە کۆڕێکدا بیناسێنم، لە کۆتاییدا سوپاسی بەڕێزت دەکەم بۆ ئەم دیدارە.