كاروان محه‌مه‌د سینۆ

ڕۆژی پێنجشەممە7 ی ئایاری2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاری دا “عەلی مەعارج ئەلبەهادلی”، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بخاتە لیستی سزاکانەوە. تۆمەتی ئەم بەرپرسە بریتییە لە قۆستنەوەی پۆستەکەی خۆی بۆ ئاسانکاریکردنی گواستنەوەی نایاسایی نەوتی عێراق بۆ بەرژەوەندیی ئێران و میلیشیاکانی عێراقی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی چاودێریی سەرمایە بیانییەکان (OFAC)، “بەهادلی” ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە پرۆسەکانی بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق. ئەمەش لە ڕێگەی پێدانی ئیمتیازاتی هەناردەکردنی نەوت بەو گروپانەی کە پەیوەندییان بە قاچاخچیی نەوت “سەلیم ئەحمەد سەعید”ەوە هەبووە، کە پێشتر لەلایەن واشنتۆنەوە سزا دراوە. لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە کە بەهادلی؛ لەڕێتەی (تەنکەری بارهەڵگرەوە) سەرپەرشتی گواستنەوەی نەوتی کێڵگەی “گەیارە”ی کردووە بۆ “خۆر ئەلزوبێر”، لەوێشدا نەوتی (ئێران) لەگەڵ نەوتی عێراق تێکەڵ کراوە و دواتر وەک نەوتی عێراقی هەناردە کراوە، بۆئەوەی (هەناردە کردنی نەوتی ئێران) لە گەمارۆی ئەمریکا ڕزگاری ببێت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەوەیشی ئاشکراکردووە کە “بەهادلی” بەڵگەنامەکانی سەرچاوەی نەوتە هەناردەکردووەکەی ساختە کردووە تاوەکو ڕاستی بارەکان بشارێتەوە و بە ناوی نەوتی تایبەت بە عێراق عێراق بیگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان.
هەر لەم چوارچێوەیەشدا، “مستەفا هاشم لازم ئەلبەهادلی” ناسراو بە (سەید عون) وەک بەرپرسی ئابووریی بزووتنەوەی “عەسائیبی ئەهلی حەق” خرایە لیستی سزاکانەوە. ڕپۆرتەکەی ئەمریکا؛ ئاماژە بەوە کردووە کە ناوبراو لەگەڵ “لەیس خەزعەلی” دروستکردنی کۆمپانیایەکی تایبەت بە گواستنەوە و پاراستنی نەوت، ئەمەش وای کردووە “عەسائیبی ئەهلی حەق” بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی ببێتە هێزێکی دەستڕۆیشتوو لە کەرتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی عێراق و دزینی سووتەمەنی دیزڵ (بەپێی دەقی بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا).
شیانی باسە؛ بڕیاڕەکە چوار کۆمپانیای خزمەتگوزاری بواری نەوتی خستۆتە نێولیستی سزاکانەوە، کە بیتین لە:
1) کۆمپانیای “خدمات الخليج” بۆ وزەی نەوت.
2) کۆمپانیای “الخليج” بۆ بەڵێندەرایەتی گشتی.
3) کۆمپانیای “العراق الدولية” بۆ وزە.
4) کۆمپانیای “الخليج” بۆ وزە و گواستنەوەی گشتی و خزمەتگوزارییە دەریاییەکان.

ڕەهەندە سیاسیی و دەرەنجامەکانی ئەم بڕیارە
کاتی ڕاگەیاندنی ئەم سزایانە گرنگییەکی سیاسی و ئابووری زۆری هەیە بەسەر عێراقدا، چونکە لە کاتێکدایە کە واشنتۆن فشارەکانی بۆ سەر بەغدا توندتر کردووەتەوە تاوەکو کۆنتڕۆڵی جووڵەی پارە و وزەی پەیوەست بە ئێران بکات. ئەم هەنگاوە حکومەتی عێراق دەخاتە دۆخێکی شەرمەزارییەوە، چونکە بەرپرسێکی باڵای وەزارتی نەوتی عێراق کراوەتە ئامانج لەکاتێکدا ئەم وەزارەتە بڕبڕە پشتی دارایی و ئابووریی عێراقە کە بەرپرسە لە دابینکردنی زیاتر لە 90٪ی داهاتی عێراق.

بەغدا تۆمەتەکانی واشنتۆن “عەلی مەعارج ئەلبەهادلی”ڕەت دەکاتەوە
ئەمڕۆ هەینی 8ی ئایاری 2026وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەو تۆمەتانەی ئەمریکای ڕەت کردەوە کە ئاراستەی “عەلی مەعاریج ئەلبەهادلی” بریکاری وەزارەتی نەوت کراون؛ سەبارەت بە هاوکاریکردنی ئێران بۆ دەربازبوون لە سزاکان.
وەزارەتی نەوت لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەسەر گرنگیی پەیڕەوکردنی شەفافیەت و بەرپرسیارێتی کردووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو کەیس و تۆمەتەکاندا لەسەر بنەمای بەڵگە و ڕاستییەکان. وەزارەتەکە لە بەیاننامەکەیدا ئامادەیی خۆی دەڕبڕیوە بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەکانی (هەناردەکردن، بەبازاڕکردن و بارکردنی تانکەرە نەوتییەکان) لە چوارچێوەی ئەرک و دەسەڵاتەکانی “بەهادلی”دا نییە. پێموایە ئەمە هەوڵێکە بۆ ڕزگارکردنی “بەهادلی” و هاوکارانی لە تۆمەت و لێکۆڵینەوە، لە لەوانەیە قەیرانێکی سیاسی و ئابووری و یاسایی لە ناو عێراقدا بخوڵقێنێت.