کاروان محەمەد سینۆ
لە ساتەوەختێکی زۆر هەستیار و چارەنووسسازدا، کاتێک تەمومژی سیاسی ئاسمانی بەغدای داپۆشیوە و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە، جارێکی دیکە چاوەکان بەرەو هەولێرە وەک «قەڵای چارەسەر» و بەرەو کەسایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک «ئەندازیاری تەبایی» دەبڵێژرێن.
سەردانی فەرمیی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا لە ڕێکەوتی ٤ی ئایاری ٢٠٢٦، لەگەڵ ئەوەی گەشتێکی دیپلۆماسیی نیاز پاکانەیە، هەروەها دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە مێژووی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا. ئەم سەردانە کە لەسەر بنەمای دیدگا و ستراتیژیی نیشتمانیی سەرۆک مەسعوود بارزانی بۆ عێراقێکی فیدڕاڵی ڕاستەقینە داڕێژراوە، هەڵگری پەیامێکی ڕوون و بڕیارە کە « لە چوارچێوەی دەستووردا؛ هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک پایەیەکی سەرەکیی سەقامگیری و شەریکێکی ڕاستەقینە لە عێراقدا دەمێنێتەوە.»
نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکە لە سەرووی ململانێکانە
ئەوەی نێچیرڤان بارزانی لە سەرکردەکانی دیکەی عێراق جیا دەکاتەوە، ئەو «نەرمییە زیرەکانە» و «دیپلۆماسییەتی بێلایەنیی ئەرێنی»یە کە توانیویەتی متمانەی هەموو جەمسەرە جیاوازەکانی عێراق بەدەست بهێنێت. لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی تەنیا وەک سەرۆکی هەرێم پێشوازی لێ ناکرێت، بەڵکو وەک «کۆکەرەوەی دەنگە ناڕازییەکان» و «بونیادنەری پردە ڕووخاوەکان» دەبینرێت. کاتێک قەیرانەکان دەگەنە بنبەست، مێژوو دەیسەلمێنێت کە دەستپێشخەرییەکانی نێچیرڤان بارزانی وەک «ئەندازیاری تەبایی» دەبنە دەرچەیەک بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە پاشاگەردانی و ناسەقامگیری.
ئامانجە ستراتیژییەکانی سەردانەکە
لێرەدا هەوڵدەدەم تیشک بخەمە سەر ئەو مەلەفە قورس و هەستیارانەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە جانتا دیپلۆماسییەکەیدا بۆ بەغدای بردووە. لە سەرووی هەمووشیانەوە:
1) چەسپاندنی شایستە داراییەکان: ناردنی پەیامێکی بڕیاردرانە کە نابێت چیتر بژێوی و مووچەی خەڵکی کوردستان بکرێتە کەرەستەی ململانێی سیاسی.
2) پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتیمانی: پشتگیریکردن لە کابینەی بەڕێز عەلی فالح زەیدی بە مەرجی ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بنەماکانی «تەوافوق و تەوازن و شەراکەت».
3) یاسای نەوت و گاز: دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ مەلەفی وزە کە بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی کوردستان و مافە یاساییەکانی بپارێزێت.
4) ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم: جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ کەرکووکی دڵی کوردستان و تەواوی ناوچە دابڕێندراوەکان.
هاوسەنگی لە نێوان سێ جەمسەر
لەم سەردانەدا، نێچیرڤان بارزانی بە وردی کار لەسەر ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان سێ جەمسەری سەرەکیی بەڕێوەبردنی عێراق (کورد، شیعە و سوننە) دەکات. کۆبوونەوەکانی لەگەڵ «چوارچێوەی هەماهەنگی» لە ماڵی بەڕێز نووری مالیکی و دواتر دیدارەکانی لەگەڵ جەمسەرە جیاوازەکانی سوننە، نیشانەی ئەوەن کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی یەکەم و ڕاستەقینەی کوردستان، تاکە لایەنە کە بتوانێت هاوکێشەی سیاسیی عێراق بەرەو ئاراستەیەکی دروست ڕێکبخاتەوە.
چەسپاندنی سەقامگیری
لە ساتەوەختێکی مێژوویی و هەستیاردا، کاتێک عێراق لە نێوان چەقبەستوویی سیاسی و تاقیکردنەوەی پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکومەتدا گوزەر دەکات، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک باڵاترین دیپلۆماتکار و هێمای دیالۆگ، گەیشتە بەغدا. ئەم سەردانە کە لە ڕۆژی دووشەممە، ٤ی ئایاری ٢٠٢٦ ئەنجام درا، گەشتێکی پرۆتۆکۆڵی و وەک «نەخشەڕێگەیەک» دەبینرێت بۆ دەربازکردنی عێراق لەو قەیرانە قووڵانەی کە ساڵانێکە ڕێگرن لەبەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نیشتمانیی گشتگیر.
نێچیرڤان بارزانی، کە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە وەک «ئەندازیاری لێکتێگەیشتن» و «کەسایەتیی جێگەی متمانەی هەموو لایەنەکان» دەناسرێت، بە جانتایەکی پڕ لە پێشنیازی نیشتمانی و دەستوورییەوە چووەتە پایتەخت، تا جارێکی دیکە بیسەلمێنێتەوە کە هەولێر و پارتی دیموکراتی کوردستان، نەک هەر بەشێکی سەرەکین لە بڕیاری سیاسی، بەڵکو «کلیل و چەقی چارەسەرن» بۆ هەر کێشەیەکی ئاڵۆز لە عێراقدا.
تەوەر و دیدار و چاوپێکەوتنەکانی نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا
تەوەرەی یەکەم: کۆبوونەوە لەگەڵ «چوارچێوەی هەماهەنگی»؛ لە ماڵی مالیکی وەک چەقی بڕیار.
یەکەم وێستگەی گرنگ و ستراتیژیی ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی، کۆبوونەوەی بوو لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی (الإطار التنسيقي)، کە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراقە و زۆرینەی لایەنە شیعەکانی تێدا کۆبووەتەوە. ئەم دیدارە کە لە ماڵی بەڕێز نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەڕێوە چوو، قورساییەکی سیاسیی گەورەی هەبوو. بە پێی زانیارییە وردەکان، لەم کۆبوونەوەیەدا باس لە چەند پرسێکی هەستیار کراوە:
1) پێکهێنانی حکومەتی نوێ: جەخت لەسەر پێویستیی خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەیەک کراوەتەوە کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی هاووڵاتییان بێت.
2) مافە دەستوورییەکانی هەرێم: نێچیرڤان بارزانی بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە دەبێت حکومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای «شەریکایەتیی ڕاستەقینە» و «ڕێزگرتن لە دەستوور» بونیاد بنرێت، بە جۆرێک کە مافی هەموو پێکهاتەکان، بە تایبەت مافە دارایی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان، پارێزراو بێت.
3) ستایشی سیاسەتی حەکیمانەی هەرێم: سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە شێوەیەکی بێوێنە ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی نێچیرڤان بارزانییان کردووە. ئەوان ئاماژەیان بەوە کردووە کە «دیدگا و بۆچوونەکانی بەڕێز بارزانی هەمیشە وەک چرایەک بووە بۆ دۆزینەوەی دەرچەی ئاشتییانە لە کاتی تەنگژەکاندا.»
تەوەرەی دووەم: پەیامی پارتی بۆ بەغدا؛ جەختکردنەوەیە لەسەر بودجە و بژێوی ژیانی خەڵکی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و جیگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیدارەکانیدا، مەلەفە داراییەکان و یاسای بودجە و کێشەی هەناردەکردنی نەوت، لە پێشینەی کارنامەی شاندە باڵاکەی هەرێم بوون. نێچیرڤان بارزانی بە زمانێکی دیپلۆماسی بەڵام بڕیاردەرانە، داوای کردووە کە کۆتایی بە سیاسەتی بەکارهێنانی مووچە وەک فشار بهێنرێت و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لە دەستێوەردانی سیاسی جێبەجێ بکرێن.
تەوەرەی سێیەم: عەلی فالح زەیدی؛ کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق ڕۆڵی کورد وەک یەکلا کەرەوە دەبینێت
یەکێکی دیکە لە گرنگترین دیدارەکانی ئەم سەردانە، کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ بەڕێز عەلی فالح زەیدی، کە وەک کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دیاری کراوە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە عەلی زەیدی لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦ ڕاسپێردراوە و کەمتر لە ٣٠ ڕۆژی لەبەردەمە بۆ تەواوکردنی کابینەکەی. سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لەم کاتەدا، وەک «دەرفەتێکی زێڕین» بۆ زەیدی دەبینرێت تاوەکو پشتگیریی پارتێکی خاوەن پێگەی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بەدەست بهێنێت.
پێشتر عەلی زەیدی لە ٢ی ئایاردا سەردانی هەولێری کردبوو و لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی و سەرکردایەتیی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی) کۆبووەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە هەر سەرۆک وەزیرانێک لە عێراقدا دەخوازێت بە پاڵپشتی و هاوئاهەنگیی و لێکتیگەیشتنی پارتی و جەنابی سەرۆک بارزانی، حکومەتێکی سەرکەوتوو و جێگیر پێکبهێنێت. لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی وردەکاریی زیاتری لەسەر کارنامەی حکومەتی عێراق و مافەکانی کورد لەگەڵ زەیدی تاوتوێ کردووە، بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا دەستەبەر بکرێن.
تەوەرەی چوارەم: شاندی یاوەری نێچیرڤان بارزانی؛ تیمی پسپۆڕ و خاوەن ئەزموونن
قورسایی ئەم سەردانە؛ لەو شاندە باڵایەدایە کە یاوەری نێچیرڤان بارزانی کردووە. بوونی ئەم کەسایەتییانە نیشان دەدات کە هەرێمی کوردستان بە دیدگایەکی گشتگیر و بەرنامەیەکی تۆکمەوە چووەتە بەغدا؛ شاندەکە پێکهاتبوو لە:
1) بەڕێز فوئاد حوسێن: وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، کە نوێنەرایەتیی دیپلۆماسییەتی باڵای کورد دەکات.
2) بەڕێز فەوزی هەریری: سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
3) بەڕێز فەلاح مستەفا: یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سیاسی.
4) بەڕێز د. عەبدولحەکیم خەسرۆ: سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی حکومەت، کە بەرپرسی مەلەفە تەکنیکی و داراییەکانە.
ئەم پێکهاتەیە پەیامێکی ڕوون بۆ بەغدا دەنێرێت: هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆی ڕووکاری نەچووەتە بەغدا، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان و ڕێککەوتنی کارا چووە.
تەوەرەی پێنجەم: لایەنە عێراقییەکان؛ نێچیرڤان بارزانی وەک پارێزەری هاوسەنگی دەبینن
کەسایەتی و سیاسەتمەدارانی بەغدا، پێشوازییەکی گەرم لەم سەردانەکەی نێجیرڤان بارزانی دەکەن و بەهادارانە ستایشی ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم دەکەن:
یوسف کیلابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە زمانی ستایشەوە باسی لە کەسایەتیینێچیرڤان بارزانی کرد و گوتی: «سەرۆکی هەرێمی کوردستان شێوازێکی زۆر نەرم و دیپلۆماسییانەی هەیە. ئەو لە بەغدا ڕێز و پێزانینێکی بێوێنەی بۆ هەیە، چونکە هەمیشە وەک کەسێکی بێلایەن و خەمخۆر بۆ چارەسەری کێشەکان دەردەکەوێت. چاوەڕێ دەکەین بە کۆتاییهاتنی ئەم سەردانە، هێڵە گشتییەکانی پێکهێنانی حکومەت یەکلا بکرێنەوە.»
هەروەها عەزام حەمدانی، نوێنەری هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە «نێچیرڤان بارزانی هەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەر و کلیلە بۆ کردنەوەی ئەو گرێ کوێرە سیاسییانەی کە لایەنە ناوخۆییەکان ناتوانن بیبین.» ئەم لێدوانانە نیشانەی ئەوەن کە نێچیرڤان بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان توانیویەتی متمانەی هەموو جەمسەرە دژبەیەکەکان بەدەست بهێنێت.
تەوەرەی شەشەم: مەلەفە ئاڵۆزەکان و وادەی دەستووری
عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکە کە بەپێی دەستوور؛ بە کات و ڕۆژ سنووردار کراوە.
عەقێل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، ئاشکرای کرد کە بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران بە نیازن بۆ فەریزەی حەج بچنە عەرەبستانی سعوودی، بۆیە لە ئێستادا هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە تا پێش جەژنی قوربان و پێش ٢٧ی مانگ، کابینەی حکومەت دەنگی لەسەر بدرێت.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەم بارەیەوە هۆشداری داوە کە هەر دواکەوتنێک یان پێشێلکردنی وادە دەستوورییەکان، دەبێتە هۆی دروستبوونی فەراغێکی سیاسیی مەترسیدار کە کاریگەریی خراپی لەسەر ئابووری و سەقامگیریی وڵات دەبێت. بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی بەرپرسیار، هەموو ئاسانکارییەکی پێشکەش کردووە تاوەکو پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی تێپەڕێت، بە مەرجێک مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان فەرامۆش نەکرێن.
تهوهری حەوتەم: نێچیرڤان بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی جەخت لە چەسپاندنی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەن.
لە درێژەی دیدارە دیپلۆماسییە چڕو پڕەکانیدا لە بەغدا، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی٤ی ئایاری ٢٠٢٦، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی (کاربەرێکەری) عێراقی فیدراڵ کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا دوایین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوە دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کران. لەم دیدارەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پرۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای «هاوبەشیی ڕاستەقینە»ی نێوان پێکهاتەکان، بە جۆرێک کە حکومەتی داهاتوو ببێتە هەوێنی پاراستنی سەقامگیری و برەودان بە لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە کار و چالاکییەکانی حکومەتی فیدراڵ کراوە لە ماوەی ڕابردوودا. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، وەک هەمیشە کە خاوەن دیدگایەکی نیشتمانی و خەمخۆرانەیە بۆ بژێویی ژیانی هاووڵاتییانی کوردستان، پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی بەڕێز سوودانی دەربڕی. هەروەها لە دیدارەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر گرنگیی «بنیاتنان لەسەر ئەو لێکتێگەیشتنە ئەرێنییانە»ی کە لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان هەبووە، بە تایبەت مەلەفی دارایی و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی (کاربەڕێکەری) عێراق، بە وردی باسیان لە دۆخی تەناهیی ناوچەکە کرد. هەردوولا جەختیان لە پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی عێراق لە هەر جۆرە گرژی و لێکەوتەیەکی شەڕ و ململانێ هەرێمییەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە سەروەریی خاک و بەرژەوەندییە باڵاکانی وعێراق و هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان پارێزراو بن.
جێی ئاماژەیە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سودان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەو هەوڵە نیشتمانییانەی لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەدرێن.
تەوەرەی هەشتەم: نێچیرڤان بارزانی و عەممار حەکیم جەخت لە هاوبەشیی ڕاستەقینە و دیالۆگی نیشتمانی دەکەن.
لە درێژەی زنجیرە دیدارە سەرکەوتووەکانیدا لە پایتەختی عێراق، ئێوارەی دووشەممە، ٤ی ئایاری ٢٠٢٦، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز سید عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە گەرمی پیرۆزبایی لە بەڕێز عەممار حەکیم کرد بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی ڕەوتەکەیان و هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ڕەوتی حیکمە. هەروەها هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرکردایەتیی نوێی ڕەوتەکە خواست لە ئەرکە نیشتمانییەکانیاندا. لای خۆیەوە، عەممار حەکیم سوپاس و پێزانینی قووڵی بۆ ئەم بەسەرکردنەوەیەی سەرۆکی هەرێم دەربڕی و بە نیشانەی دۆستایەتی و هەماهەنگیی مێژوویی نێوان هەردوولای دانا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەوڵە چڕەکان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری، تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان بوون. هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە «دیالۆگی نیشتمانی و لێکتێگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەکان» تاقە کلیلی چارەسەرە بۆ تەواوی کێشەکان، بە جۆرێک کە یەکڕیزی و تەبایی لە نێوان پێکهاتەکاندا بپارێزرێت و عێراق بەرەو ئاوەدانیی زیاتر هەنگاو بنێت.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ڕەوتی حیکمە هاوڕا بوون کە پێویستە حکومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای «هاوبەشیی ڕاستەقینە» و تەوافوق بونیاد بنرێت. جەخت کرایەوە کە دەبێت خزمەتگوزاری و باشترکردنی بژێویی هاووڵاتییان لە هەر شوێنێکی عێراق بن، لە پێشینەی کارنامەی کابینەی نوێدا بێت. لەم چوارچێوەیەدا، بەڕێز عەممار حەکیم پێزانینی تایبەتی بۆ ڕۆڵی هاوسەنگ و نیشتمانیی نێچیرڤان بارزانی دەربڕی و ڕایگەیاند کە «سەرۆکی هەرێم هەمیشە وەک چەترێکی نیشتمانی ڕۆڵی هەبووە لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و دۆزینەوەی دەرچەی ئاشتییانە بۆ کێشەکان.»
لەم دیدارەدا، باس لە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵ کرا. بەڕێز عەممار حەکیم لە هەژماری فەرمیی خۆیدا ئاشکرای کرد کە لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هاوڕا بوون لەسەر پشتگیریکردنی بەڕێز عەلی زەیدی، کاندیدی ڕاسپێردراو، بۆ سەرخستنی کابینەکەی لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی وڵاتدا.
تەوەرەی هەشتەم: نێچیرڤان بارزانی و ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی جەخت لە هاوبەشیی ڕاستەقینە دەکەن.
لە وێستگەی کۆتایی دیدارەکانیدا لە بەغدا؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی کۆبووەوە. ئەم دیدارە وەک دواین وێستگەی گەشتە فەرمییەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا، بایەخێکی ستراتیژیی هەبوو بۆ یەکخستنی تێڕوانینەکان بەرەو قۆناغی داهاتوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی سیاسیی عێراق و پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی «دیالۆگی نیشتمانی» و لێکتێگەیشتنی نێوان تەواوی پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان کردەوە وەک تاقە کلیلی چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان، بە جۆرێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بن.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە کابینەی داهاتووی حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای «هاوبەشیی ڕاستەقینە»، هاوسەنگی و تەوافوقی نێوان پێکهاتەکان بونیاد بنرێت، هەروەها دابینکردنی خزمەتگوزاری و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە لە پێشینەی کارەکانیدا بێت. لەم چوارچێوەیەدا، سەرکردەکانی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی پێزانینی قووڵی خۆیان بۆ ڕۆڵی حەکیمانە، هاوسەنگ و نیشتمانیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەربڕی لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی تەواوی گەلان و پێکهاتەکانی عێراق. دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و گرنگیی پاراستنی تەناهی و سەقامگیری، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو. تێیدا جەخت لە دوورخستنەوەی عێراق لە هەر جۆرە گرژی و لێکەوتەیەکی ململانێیەکان کرایەوە، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و سەروەریی نیشتمانی بە تەواوی پارێزراو بن.
ئەم کۆبوونەوەیە کۆتایی بە زنجیرە دیدارە سەرکەوتووەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هێنا لە بەغدا، کە تێیدا جارێکی دیکە پێگەی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان وەک جەمسەری سەرەکیی چارەسەر و سەقامگیری لە عێراقدا دووپات کرایەوە.
چاوەڕوانییەکان لە دوای سەردانەکە نێچیرڤان بارزانی
ئەوەی لەم ڕاپۆرتە شیکارییەدا دەردەکەوێت، ئەوەیە کە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، خاڵی وەرچەرخان دەبێت لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا:
1) بڕیاری کۆتایی لەسەر دابینکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت و چیتر دوا نەکەوێت.
2) لیژنەیەکی باڵای هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ داڕشتنی یاسایەک کە لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکاندا بێت.
3) هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم مادەیە و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بنرێت.
پەیامی کۆتایی
بە کورتی دەتوانم بڵێم؛ سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕابەرایەتی سەرۆک مەسعوود بارزانی و هەردوو سەرکردەی گەنج و لیهاتووی کوردستان؛ هەمیشە خاوەن دیدگایەکی نیشتمانیی بەهێزن و بەرژەوەندیی گشتی دەخەنە سەروو هەموو شتێکەوە. ئەم گەشتە ینێچیرڤان بارزانی نەک تەنیا بۆ بەرجەستەکانی مافە دەستووری و سیاسییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بەڵکو هەوڵێکی جیدییە بۆ ڕزگارکردنی هەموو عێراقە لەو ئاستەنگ و ئالنگارییەی ئێستا تێیکەوتووە. نێچیرڤان بارزانی بە «نەرمییەکی زیرەکانە» و «دیپلۆماسییەتێکی کاریگەر»، جارێکی دیکە ڕێگەی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزی عێراق خۆش کرد، کە تێیدا کورد وەک شەریکێکی ڕاستەقینە و خاوەن بڕیار دەربکەوێت. جیهان و ناوچەکە و هاووڵاتییانی عێراقیش، ئێستا بە ئومێدەوە سەیری ئەنجامەکانی ئەم «سەردانە مێژووییە» نێچیرڤان بارزانی دەکەن.
ئاڵنگارییە هەرێمییەکان و کاریگەرییان لەسەر عێراق
سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە نێوان ململانێی توندی هێزە ئیقلیمییەکان و نێودەوڵەتییەکاندا هەراسان بووە. جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکەدا، تارمایی نەرێنی خۆی خستووەتە سەر بازاڕی نەوت و ئاسایشی عێراق.
نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە «دەبێت عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەر جۆرە پێکدادانێکی هەرێمی دوور بخرێنەوە.» ئەم دیدگایەی سەرۆکی هەرێم کە بە «دیپلۆماسییەتی بێلایەنیی ئەرێنی» دەناسرێت، وای کردووە هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی ئارام و جێگیر لە ناو جەرگەی ئاگرەکەدا بمێنێتەوە.