خەبات – سەید فاتیح بەرزنجی
ماوەی چەندین ساڵە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە ڕێگەی کەمپەین و بڵاوکراوەی جۆراوجۆرەوە، هۆشیاری و ڕێنمایی بە هاووڵاتییان دەدات کە دەست بە ئاوەوە بگرن و بەفیڕۆی نەدەن، چونکە ئاو سامانێکی نەتەوەیی و سەرچاوەیەکی ژیانی بنەڕەتییە کە نابێت بە هەدەر بدرێت. لەم چوارچێوەیەدا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی بێوێنەی بە کەرتی ئاو و ئاوەڕۆ داوە و چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان ئەنجام داوە. یەکێک لە دیارترین ئەو پڕۆژانە، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێرە، کە لە ماوەیەکی پێوانەییدا تەواو بوو و سوودێکی یەکجار گەورەی بۆ هاووڵاتییان هەبووە و تا ڕادەیەکی زۆر کێشەی کەمئاوی لە شاری هەولێر و دەوروبەری چارەسەر کردووە.
هاوکات لە بواری ئاوەڕۆشدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگی ئەنجام داوە. یەکێکی دیکە لە پڕۆژە نوێ و ستراتیژییەکان، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف ئەنجام دەدرێت، پڕۆژەیەکە بۆ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی کەرتی ئاو و کەمکردنەوەی ڕێژەی بەفیڕۆچوونی ئاو.
دەربارەی ئەم بابەتە و وردەکارییەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی خێرای هەولێر و دوا وێستگەی کارەکانیان، لەگەڵ پڕۆژەکانی دیکەی ئاو و ئاوەڕۆ، ڕۆژنامەی خەبات سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستانی کرد و لەوێدا ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، وردەکاریی ئەو پڕۆژانەی بۆ خستینە ڕوو.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد لە دەستپێکی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر پڕۆژەیەکی نوێ کە ئامانجی دیاریکردنی ئەو شوێنانەیە کە ئاوی لێ بەفیڕۆ دەچێت و گوتی: «ئەم پڕۆژەیە، جگە لەوەی هۆکارێک دەبێت بۆ باشترکردنی سیستمی دابەشکردنی ئاوی پاک و خاوێن بۆ هاووڵاتییان، وەکوو هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژییشە بۆ پاراستنی سامانی ئاو. دەکرێت لە ڕێگەی تیمی پسپۆڕ و تەکنەلۆژیای سەردەمییانەوە، کار لەسەر کەمکردنەوەی ئەو بەفیڕۆچوونە گەورەیەی ئاو بکرێت کە لەناو تۆڕەکانی دابەشکردندا هەیە. پڕۆژەکە بە شێوەیەکی زانستی کار لەسەر دەستنیشانکردنی ئەو شوێنانە دەکات کە ئاویان تێدا بەفیڕۆ دەچێت، جا چ بەهۆی لێچوونی تەکنیکی (شکانی بۆرییەکان) بێت، یان بەهۆی بەکارهێنانی نایاسایی و سەرپێچییەوە.»
سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ڕایگەیاند: «بڕیار وایە دیزاینکردن و جێبەجێکردنی سیستمەکە لە شوێنێکی دیاریکراو وەک نموونە (Pilot Project) دەست پێ بکات. ئەم کارە بریتییە لە جێبەجێکردنی سیستمێکی جیهانی کە پێی دەگوترێت ‹کەمکردنەوەی ئاوی بەفیڕۆچوو› (Non-Revenue Water Reduction). ئەم سیستمە نەک هەر کار لەسەر کەمکردنەوەی بڕی ئاوە بەفیڕۆچووەکە دەکات، بەڵکو کار لەسەر کەمکردنەوەی ئەو تێچووەش دەکات کە لەکاتی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئاودا خەرج دەکرێت، تا دەگاتە ناو ماڵی هاووڵاتییان. بۆ ئەم مەبەستە، ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێفی جیهانی، پڕۆژەیەکی ئەزموونی لە شارۆچکەی قوشتەپە، لە زۆنێکی دیاریکراودا، ئەنجام دەدەین. واتە لە گەڕەکێکی تایبەت دەست بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی پڕۆژەکە دەکەین.»
ناوبراو وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و گوتی: «یەکەم هەنگاو بریتییە لە دیراسەکردن و هەڵبژاردنی شوێنێک بۆ ئەنجامدانی کارەکە، کە گەڕەکێکە لە قوشتەپە. دواتر کار لەسەر جیاکردنەوە و تێستکردنی تۆڕەکانی ئاوی ئەو ناوچەیە دەکرێت، بۆ ئەوەی بزانرێت ئاو بۆ چەند شوێن دەچێت و سنووری تۆڕەکە بەتەواوی دیاری بکرێت. پاشان، سەرجەم ئەو هاوبەشانەی لەو ناوچەیە سوودمەندن، پۆلێن دەکرێن، جا چ هاوبەشی نیشتەجێبوون بن یان بازرگانی، پیشەسازی، یان هەر جۆرێکی تر. بەم شێوەیە، هەموو بەکارهێنەرانی ئاو لەناو ئەو زۆنە دیاری دەکرێن و ئەگەر هەر هێڵێکی لاوەکیی دیکە هاتبووە ناو زۆنەکەوە یان لێی دەرچووبوو، ئەوا دایدەخرێت یان کۆنترۆڵ دەکرێت. دواتر هەڵدەستین بە دانانی پێوەرێکی سەرەکی (فلۆمیتەرێکی مەرکەزی) لەسەر ئەو هێڵەی کە ئاو دەهێنێتە ناو تۆڕەکەوە. بۆ ماوەی مانگێک بۆ دوو مانگ، چەند جارێک لە هەفتەیەکدا، خوێندنەوە بۆ ئەو بڕە ئاوەی کە لە پێوەری سەرەکییەوە دەچێتە ناو تۆڕەکە تۆمار دەکرێت، هاوکات کۆی گشتیی ئەو ئاوەی کە لە پێوەری هەموو ماڵەکان و هاوبەشەکانی دیکەدا بەکار هاتووە، ئەویش تۆمار دەکرێت.»
ئەندازیار ئاری ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا: «بە کەمکردنەوەی کۆی بەکاربردنی هاوبەشان لەو بڕە ئاوەی کە لە پێوەرە سەرەکییەکەوە هاتووەتە ناوەوە، دەتوانین بزانین کە ڕێژەی ئاوی بەفیڕۆچوو چەندە. بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، ئەگەر ئەم ڕێژەیە لە ١٠٪ کەمتر بێت، ئەوا دۆخەکە ئاساییە و ڕێگەپێدراوە، بەڵام ئەگەر لە ١٠٪ زیاتر بوو، ئەوا چەند ڕێکارێک دەگیرێتەبەر. یەکەم شت، بەدوای لێچوون (Leak) لە تۆڕەکاندا دەگەڕێین و هەر شوێنێک شکانی یان کێشەی هەبوو، چاکی دەکەینەوە. دواتر، تێستی زۆربەی پێوەرەکانی هاوبەشان دەکەین؛ بۆ نموونە، ئەگەر پێوەرێک بەکارهێنانێکی نا-ئاسایی تۆمار کردبێت، تێست دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا لەناو ماڵەکەیدا شکاوی هەیە، تەوافەی تەوالێتەکەی خراپە، یان بە شێوەیەکی زیادەڕۆیانە ئاو بەکار دێنێت. لەو حاڵەتەدا ڕێنمایی دەدرێت و کێشەکە چارەسەر دەکرێت. پاشان جارێکی دیکە، بۆ ماوەی مانگێکی تر، خوێندنەوەکان دووبارە دەکرێنەوە و کار لەسەر ئەوە دەکرێت کە ڕێژەی بەفیڕۆچوونەکە بگەیەنرێتە خوار ١٠٪.»
بەپێی ئەو داتایانەی کە لە بەردەستی بەڕێوەبەرایەتییەکەدایە، لە نێوان ٣٥٪ بۆ ٤٠٪ی ئەو ئاوەی لە کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، بەفیڕۆ دەڕوات و ناگاتە هاووڵاتییان. هۆکارەکانیش دەگەڕێنەوە بۆ بوونی شکاوی و لێچوون لە تۆڕەکاندا، بوونی هاوبەشی نایاسایی، کێشە لە بەشێک لە پێوەرەکاندا، کە هەندێکیان زیاتر لە ١٠ ساڵە دانراون و وەکوو پێویست کار ناکەن.
ئەم پڕۆژەیە دەبێتە پڕۆژەیەکی نموونەیی و ستافێکی تایبەتی لەسەر ڕادەهێنرێت. دواتر، ئەزموونی ئەم کارە دەگوازرێتەوە بۆ تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
لەگەڵ ئەم کارە تەکنیکییەدا، بابەتی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانیش بەردەوامە، لە ڕێگەی دابەشکردنی پۆستەر و ڕێنمایی جۆراوجۆرەوە، بە ئامانجی نەهێشتنی بەفیڕۆدانی ئاو و هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەستنی تەوافە بۆ تانکییەکانیان، پابەندبوون بە بەستنی پێوەری ئاو، و ڕاپۆرتکردن لەسەر هەر سەرپێچییەک کە دەیبینن. هەروەها، ڕێکخستنەوەی پاڵەپەستۆی ئاو (Pressure Management) لەناو تۆڕەکاندا، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوون، لەگەڵ نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر تۆڕەکانی ئاو و دانانی تیمی زیاتر بۆ بەدواداچوونی ئەو کەسانەی کە هێڵی دووەمی نایاساییان ڕاکێشاوە یان دەستکاریی پێوەرەکانیان کردووە.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەنیا پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری ئەنجام نەداوە، بەڵکوو کۆمەڵێک پڕۆژەی زۆر گرنگ و ستراتیژیی دیکەی لە بواری ئاودا جێبەجێ کردووە. بەڵام بێ گومان، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر گەورەترین و کاریگەرترین پڕۆژە بوو. جێی شانازییە کە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، ٧٥٪ی پڕۆژەکە تەواو بوو، و لە ماوەی تەنیا یەک ساڵ و سێ مانگدا، ١٠٠٪ی پڕۆژەکە بەتەواوی کۆتایی هات. لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە (نەک ٢٠٢٥)، پڕۆژەکە بە تەواوی کەوتووەتە خزمەتی هاووڵاتییانی شاری هەولێرەوە و لە هاوینی ڕابردوودا، توانی نزیکەی ٧٠٪ی کێشەی کەمئاویی شاری هەولێر چارەسەر بکات.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، تەنیا پڕۆژەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو وەڵامێکی خێرا و ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ قەیرانێکی ئاوی چەندین ساڵە کە هەڕەشەی لە ژیانی دانیشتووانی پایتەخت دەکرد. بۆ تێگەیشتن لە گرنگیی ئەم پڕۆژەیە، دەبێت سەرەتا لە قەبارەی کێشەکە بڕوانین. شاری هەولێر بەهۆی گەشەسەندنی خێرای دانیشتووان و فراوانبوونی ئۆربانی، ساڵانە ڕووبەڕووی کورتهێنانێکی زۆری ئاوی خواردنەوە دەبووەوە، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا. پڕۆژەکانی پێشووی ئاوی ئیفراز (١، ٢، و ٣) چیتر توانای دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانەی شارەکەیان نەمابوو. ئەم دۆخە وای کردبوو کە حکوومەت و هاووڵاتییان پەنا بۆ لێدانی هەزاران بیری ئاو بەرن، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ئاوی ژێرزەوی و ژینگەی ناوچەکە دروست کردبوو.
لەم سۆنگەیەوە، کابینەی نۆیەم بڕیاریدا بە شێوەیەکی ڕیشەیی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرا بە ئامانجی دابینکردنی بڕێکی زۆری ئاوی سەرزەوی لە زێی گەورەوە بۆ شاری هەولێر دیزاین کرا. قەبارەی پڕۆژەکە زۆر فراوان بوو؛ لە وێستگەی ئاو هەڵگرتن لەسەر زێی گەورە، یەکەیەکی چارەسەرکردنی پێشکەوتوو بە توانای پاڵاوتنی سەدان هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێکدا، وێستگەکانی پاڵنانی بەهێز، و هێڵێکی گواستنەوەی سەرەکی بە درێژایی دەیان کیلۆمەتر و بە تیرەی زۆر گەورە (لە هەندێک شوێن دەگاتە ٢ مەتر) پێکهاتبوو. جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی بەم قەبارەیە لە ماوەیەکی کەمتر لە ساڵ و نیوێکدا، دەستکەوتێکی ئەندازیاری و لۆجستیی گەورە بوو.
گرنگترین دەستکەوتی پڕۆژەکە، کەمکردنەوەی پشت بەستن بوو بە ئاوی ژێرزەوی. لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەکە، تا ئێستا نزیکەی ٩٠٠ بیری ئاو لەناو شاری هەولێر کوژێنراونەتەوە و ڕاگیراون، و ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە زیاتر لە ١٢٠٠ بیر بکوژێنرێنەوە. ئەم هەنگاوە کاریگەرییەکی ژینگەیی و ستراتیژیی گەورەی هەیە؛ یەکەم، ڕێگە دەدات ئاستی ئاوی ژێرزەوی دووبارە بەرز ببێتەوە و وەک یەدەگێکی ستراتیژی بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێنێتەوە. دووەم، مەترسیی داچوونی زەوی (Land Subsidence) کە بەهۆی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی دروست دەبێت، کەمدەکاتەوە. سێیەم، تێچووی کارەبایەکی زۆر کە بۆ کارپێکردنی هەزاران بیر خەرج دەکرا، پاشەکەوت دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، پڕۆژەکە ئێستا بەردەوامە لە فراوانبوون. کارکردن لەسەر بەستنەوەی هێڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە بە تۆڕەکانی ناو گەڕەکەکانی شارەوانیی دوو و سێ بەردەوامە، و هەرکاتێک ئەم قۆناغەش تەواو بوو، ئەوا بەتەواوی کاریگەرییەکانی لەسەر هەموو گەڕەکەکانی هەولێر دەردەکەوێت و کێشەی ئاو بەرەو نەمان دەچێت. بەکورتی، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، پایەیەکی پتەوی بۆ ئاسایشی ئاوی پایتەخت بۆ دەیان ساڵی داهاتوو داناوە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، كە ئایا جگە لە هەولێر، هیچ پڕۆژەیەکی دیکەتان لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان هەیە؟ ئاری ئەحمەد گوتی:
بەڵێ، جگە لەو پڕۆژانەی کە باسمان کردن، ژمارەیەکی دیکەی پڕۆژەی گرنگمان هەیە، لەوانە:
پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ: کارەکانی بەردەوامە و تا ئێستا ٣٢٪ی جێبەجێ کراوە.
پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش: ئەم پڕۆژەیەش کارەکانی دەستی پێکردووە و لە قۆناغی جێبەجێکردندایە.
پڕۆژەی ئاوەڕۆی شاری هەولێر (قۆناغی یەکەم و دووەم): هەردوو قۆناغەکە دەستیان پێکردووە و کارکردن تێیاندا بەردەوامە، کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژێرخانی تەندروستی و ژینگەیی شارەکە دەبێت.
پڕۆژەی ئاوی هێڵی سێیەمی دوکان – سلێمانی: دەست بە کاربوون کراوە و لە ئێستادا خەریکی ئامادەکاری و تەواوکردنی دیزاینەکانین و لە ماوەیەکی نزیکدا کارە کردارییەکانی دەست پێدەکات.
پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە: ئەمەش یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ٧٢ گوند سوودی لێ وەردەگرن. ماوەی شەش مانگە هاووڵاتییانی ناحیەی بیستانە و گوندەکانی دەوروبەری سوودمەندن لەم پڕۆژەیە، و لە ماوەی کارکردنی پڕۆژەکەدا، نزیکەی ١٣٠ بیری ئاو لەو دەڤەرە کوژێنراونەتەوە.
ئەم پڕۆژانە هەموویان بەشێکن لە دیدگای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ژێرخانێکی مۆدێرن و خزمەتگوزاریی بنەڕەتی بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستان.