سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەبووزەبی لە هاوکێشەی سیاسەتی دەرەوەی عێراقدا

316

د. هۆشیار موزەفەر عەلی
ئەو سەردانە فەرمییەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەبوزەبی ئەنجامی دا، لە ساتەوەختێكی زۆر گرنگی عێراقی و هەرێمییدا بوو، چونكە تەنها بە ڕەوتی پەیوەندییەكانی نێوان ئیمارات و هەرێمی كوردستان، پەیوەست نییە، بەڵكو لە كرۆكیدا، ڕەنگدانەوەی یەكێك لە ئاڕاستە ئەگەرییەكانی سیاسەتی دەرەوەی عێراقە، لە كابینەی داهاتوویدا، بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو عەلی ئەلزەیدی، كە وا دیارە لەسەر بنەمای فراوانكردنی كرانەوەی عەرەبی، بەهێزكردنی هاوسەنگی هەرێمیی و پشت بەستن بە ئابووری و وەبەرهێنان، وەك دەروازەیەكی سەرەكی بۆ پەیوەندییە دەرەكییەكان بەرپا دەبێت، كە نێچیرڤان بارزانی پێشتر و ئێستاش، جەختی لێ دەكاتەوە.
عێراق دوای ساڵانێكی درێژ لە گرژی و دابەشبوون و لە ناوەڕاستی جەنگی ئێستادا، پێویستی بە پێناسەكردنەوەی پشنۆرە دەرەكییەكانی خۆی هەیە. قۆناغی ململانێ توندەكان و بەفیڕۆدانی هەوڵی نیشتمانی لە تەوەرە هەرێمییەكاندا، توانای دەوڵەتی بۆ وەبەرهێنان لە پێگە جوگرافی و سەنگە ئابووری و مرۆییەكەی خۆی، لاواز كردووە. بۆیە پێشبینی دەكرێت، قۆناغی داهاتوو گواستنەوەیەكی ڕوونتر بەرەو سیاسەتێك بەخۆیەوە ببینێت، كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتمانییە ڕاستەوخۆكان، هەمەجۆركردنی هاوبەشییەكان و گەڕانەوەی قووڵایی عەرەبی، بەرپا بووبێت، بەبێ دەستبەرداربوون لە پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دەوروبەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكەیدا، ئەوەی كە بەڕێز عەلی ئەلزەیدی، بەنیازە بیكات و نێچیرڤان بارزانیش، لە دیدە ستراتیژی و پێشبینییەكانیدا، جەختی لەسەر دەكاتەوە.
لەم گۆشەنیگایەوە، جووڵەكانی عێراق بەرەو كەنداو، بەتایبەتی ئیمارات، دوای كشانەوەی لە ئۆپیك و ئەواپیك، لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە، تەنها چالاكییەكی لاوەكی نییە، بەڵكو دەربڕینی ڕەوتێكی ستراتیژی نوێیە. وڵاتانی كەنداو بوونەتە ناوەندێكی دارایی و وەبەرهێنانی كاریگەر، خاوەنی ئەزموونێكی فراوانن لە ژێرخان، وزە، تەكنەلۆژیا و بەڕێوەبردن، ئەمانەش ئەو بوارانەن، كە عێراق لە قۆناغی بنیاتنانەوە و گەشەپێداندا، بە شێوەیەكی بەپەلە پێویستی پێیانە. بۆیە هەر كەناڵێكی عێراقی سەركەوتوو لەگەڵ كەنداو، چ لە بەغداوە بێت یان لە هەولێر، لە كۆتاییدا لە بەرژەوەندی گشتی نیشتمانیدایە.
سەردانەكە بۆ ئەبوزەبی ئەوەش دووپات دەكاتەوە، عێراقی نوێ چیتر تەنها لە ڕێگەی پایتەختەوە ناجووڵێت، بەڵكو لە ڕێگەی سیستمێكی دەستووری فراوانترەوە، كە تێیدا ڕۆڵەكان لە نێوان حكوومەتی فیدراڵ، دامەزراوە سەروەرییەكان و هەرێمەكاندا دابەش كراون. هەرێمی كوردستان، وەك بەشێك لە دەوڵەتی عێراق، لە ساڵای ڕابردوودا بووەتە یەكێك لەو پەنجەرانەی، كە ڕۆڵی لە بەهێزكردنی ئامادەیی عێراق لە دەرەوە، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و وەبەرهێناندا هەبووە.
ئەم كەتوارە، نابێت بە دووفاقی لە سیاسەتی دەرەوەدا، لێكبدرێتەوە، بەڵكو بەپێچەوانەوە، دەربڕینی پەرەسەندنی چەمكی دەوڵەتی نوێیە، كە تێیدا ئامرازەكانی جووڵەی دەرەكی فرەچەشن دەبن، بەڵام بڕیاری سەروەریی، لە چوارچێوەی گشتی نیشتمانیدا دەمێنێتەوە. پێشبینیش دەكرێت، حكوومەتی داهاتووی عەلی ئەلزەیدی، زیاتر مەیلی بەرەو ڕێكخستنی ئەم فرەچەشنییە و گۆڕینی بۆ هێزێكی سەربار بۆ عێراق هەبێت.
بە مەزەندەی زۆرێك لە چاودێراندا، كابینەی داهاتوو ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەكی بنەڕەتی دەبێتەوە، ئەویش گواستنەوەی عێراقە لە دەوڵەتێكی سەرقاڵ بە پەرچەكردارەوە، بۆ دەوڵەتێك كە دەسپێشخەری لە دروستكردنی دەرفەتەكاندا بكات. ئەمەش پێویستی بە سیاسەتێكی دەرەوەی چالاك هەیە، كە تەنها بە بەڕێوەبردنی قەیرانەكان نەوەستێت، بەڵكوو كار بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنان، كردنەوەی بازاڕەكان، بەستنەوەی عێراق بە پڕۆژەكانی گواستنەوە و وزەی هەرێمی و پێشكەشكردنەوەی وەك هاوبەشێكی باوەڕپێكراو لە ناوچەكەدا بكات.
لێرەوە، پەیوەندی لەگەڵ ئیمارات گرنگییەكی ناوازەی هەیە. ئەبوزەبی وەك دەوڵەتێك كە خاوەنی توانایەكی قەبەیە، بازاڕێكی فراوان و پێگەیەكی ستراتیژی، سەیری عێراق دەكات، بەڵام چاوەڕێی ژینگەیەكی سیاسی سەقامگیر و دیدێكی ئابووری ڕوون دەكات. ئەگەر حكوومەتی داهاتوو بتوانێت ئەوە دابین بكات، ئەوا لەوانەیە لە ساڵانی داهاتوودا، گۆڕانكارییەكی گەورە لە قەبارەی هاوكاری ئابووری و وەبەرهێنان، لە نێوان هەردوو وڵاتدا ڕوو بدات، كە بە هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی، هەندێك لەوانە لە كوردستان ئەنجامیش دراون.
هەروەها كرانەوە بەڕووی ئیماراتدا، ڕەهەندێكی سیاسی لەخۆدەگرێت، كە گرنگییەكەی هیچی لە ڕەهەندە ئابوورییەكە كەمتر نییە. عێراق پێویستی بە جێگیركردنی پێگەی خۆیەتی، وەك دەوڵەتێكی عەرەبی ناوەندیی، كە توانای بنیاتنانی پەیوەندی هاوسەنگی لەگەڵ هەموواندا هەبێت. لەسایەی ئەو جەمسەربەندییانەی كە ناوچەكە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا پێیدا تێپەڕیوە، هاوسەنگی بەخودی خۆی بووەتە بەهایەكی ستراتیژی. ئەمەش ئەوەیە كە ئەگەری زۆرە حكوومەتەكەی عەلی ئەلزەیدی، لە ڕێگەی سیاسەتێكەوە پەنای بۆ ببات، كە لەسەر بنەمای هاوبەشی لەگەڵ كەنداو، پاراستنی دراوسێیەتی باش و كرانەوە بەڕووی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە، جووڵەكانی عێراق بە ئاراستەی كەنداو، چیتر تەنها لە داخویانییە فەرمییەكاندا قەتیس نەماوە، بەڵكو لە سەردانی بەردەوام، كۆبوونەوە ئابوورییەكان و پڕۆژە پێشنیاركراوەكاندا ڕەنگ دەدەنەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی، دەوڵەتی عێراق دەستی بە گەڕاندنەوەی ئامرازە سروشتییەكانی خۆی كردووە. لەم چوارچێوەیەدا، ئامادەیی عێراق لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە، نەرمی زیاتر بە سیاسەتی دەرەوە دەبەخشێت، چونكە هەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، خاوەنی تۆڕێك پەیوەندی ئابووری و سیاسییە، كە دەكرێت لە ناو دیدە نیشتمانییە گشتگیرەكەدا، بەگەڕ بخرێت.
پێشبینی دەكرێت، حكوومەتی داهاتوو پشت بەم بنەمایە ببەستێت، واتە بنەمای فرەچەشنكردنی كەناڵەكان لە چوارچێوەی یەكێتی بڕیاردا. بەغدا سەركردایەتی ئاڕاستە گشتییەكە دەكات، كەچی دامەزراوەكانی تری عێراق، بەشداری لە كردنەوەی دەرگەكان و فراوانكردنی بوارەكانی جووڵەكردن دەكەن. ئەم گەڵاڵەیە ئەگەر بە باشی ڕێكبخرێت، توانایەكی زیاتری مانۆڕكردن و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكان، بە عێراق دەبەخشێت.
لە ڕووی سیاسییەوە، سەرۆكوەزیران عەلی ئەلزەیدی درك بەوە دەكات، سەركەوتنی حكوومەتەكەی تەنها بە بەڕێوەبردنی ناوخۆوە ناپێورێت، بەڵكو بە توانای لەسەر باشكردنی پێگەی عێراقیش لە دەرەوە دەپێورێت. ئەمڕۆكە، سەقامگیری ناوخۆیی بە ئابووری بەستراوەتەوە، ئابووریش بە وەبەرهێنان بەستراوەتەوە، وەبەرهێنانیش پێویستی بە متمانەی دەرەكی هەیە، ئەم متمانەیەش، لە ڕێگەی سیاسەتێكی دەرەوەی هۆشمەند و كراوەوە، بنیات دەنرێت. هەر بۆیە ڕووگەی كابینەی داهاتوو، تا ڕادەیەك ڕوون دیارە: بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ كەنداو، ڕاكێشانی سەرمایە، چوونە ناو پڕۆژە گەورەكانی هەرێمیی، كەمكردنەوەی جەمسەربەندی و پێشكەشكردنی عێراق، وەك ئەڵقەیەك بۆ بەیەك گەیاندنی وڵاتانی ڕۆژهەڵات، كەنداو و ئاسیا. ئەم ئامانجانەش بە وتاری ئایدیۆلۆژی یان بە سیاسەتی تەوەرەكان بەدی نایەت، بەڵكو بە سیاسەتێكی كەتواریی، كە بەرژەوەندی دەوڵەت دەخاتە سەرووی هەموو شتێكەوە.
سەردانەكەی ئەبوزەبی، پەیامێكیشی بۆ ناوخۆی عێراق تێدایە، كە ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە: سەركەوتنی دەرەكی نابێت ببێتە جێگەی هەستیاری سیاسی. كاتێك هەر دامەزراوەیەكی عێراقی یان هەر بەرپرسێكی عێراقی، لە كردنەوەی دەرگایەكی ئابووری یان سیاسی سەركەوتوو دەبێت، سوودمەندی كۆتایی هەموو عێراقە. هەڵەیە ئەم جووڵانە لە ناو هەژمارە تەسكەكاندا كورت بكرێنەوە، چونكە دەوڵەتە بەهێزەكان ئەوانەن، كە هەموو وزەكانیان وەبەر دەهێنن، نەك ئەوانەی یەكتری پەك دەخەن.
سەبارەت بە ئیماراتیش، ئەو لە عێراق بە گشتی و كوردستان بەتایبەتی، وەك دەرفەتێكی ستراتیژی درێژخایەن دەڕوانێت، لە بوارەكانی وزە، گواستنەوە، ئاسایشی خۆراك، خزمەتگوزارییە لۆجستییەكان و بازاڕی بەرفراوانی بەكاربردن. ئەگەر حكوومەتەكەی عەلی ئەلزەیدی بتوانێت ئەم بایەخپێدانە، بۆ پڕۆژەی ڕاستەقینە بگۆڕێت، ئەوەیان دەبێتە یەكێك لە دیارترین دەستكەوتە زووەكانی. عێراق ئەمڕۆكە خاوەنی دەرفەتێكی دەگمەنی چەسپاندنەوەی پێگەی خۆیەتی لە ناوچەكەدا. ناوچەكە دەگۆڕێت، ئابووری بووەتە پێشنۆرە و هاوپەیمانییە نەریتییەكانیش دادەڕێژرێنەوە. لە ساتەوەختی ئەوهایشدا، ئەو دەوڵەتانە سەركەوتوو دەبن، كە زوو درك بە گۆڕانكارییەكان دەكەن و بە خێرایی دەجووڵێن. وا دیارە كابینەی داهاتوو بانگهێشت كراوە، لە ڕێگەی سیاسەتێكی دەرەوەی بەرژەوەندیخوازتر و كەم ژاوەژاوتر، ئەم ڕۆڵە وازی بكات.
لە دەرەنجامدا، سەردانەكەی ئەبووزەبی ڕووداوێكی دابڕاو نییە، بەڵكو ئاماژەیە بۆ ئاڕاستەیەكی فراوانتری سیاسەتی عێراق، لە قۆناغی داهاتوودا. ئاڕاستەیەك كە لەسەر بنەمای كرانەوەی عەرەبی، هاوبەشیەتی كەنداو، كاراكردنی ئامرازە ئابوورییەكان و سوودوەرگرتن لە هەموو پێكهاتەكانی دەوڵەتی عێراق، بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندی نیشتمانی، بەرپا بووبێت. ئەگەر حكوومەتەكەی عەلی ئەلزەیدی بەم ئاراستەیەدا بڕوات، ڕەنگە عێراق بچێتە قۆناغێكی نوێوە، كە تێیدا لە پێگەی كاریگەربوو بە قەیرانەكانی ناوچەكە، بۆ پێگەی هاوبەش لە داڕشتنی سەقامگیرییەكەی بگۆڕێت، لە دەوڵەتێكەوە كە پێشوازیی لە گوشارەكان دەكات، بۆ دەوڵەتێك بگۆڕێت، كە دەرفەتەكان دروست دەكات، لە ئابوورییەكی پەككەوتووەوە، ببێتە ئابوورییەكی كراوە بەڕووی دەوروبەری عەرەبی و هەرێمییەكەی خۆیدا. ئەمەش ئاڵنگارییە ڕاستەقینەكەیە، هەروەها ئەو دەرفەتە مێژووییەیە، كە ئێستاكە ڕەخساوە.
و: ڕەمزی میرەكانی