ڕاپۆرت- مسلم دۆلەمەری:
دایكان هەمیشە یەكەم قوتابخانەی سەرەتای ژیانی هەر مرۆڤێكن، ڕۆلی گرنگ و كاریگەریان هەیە لە پێگەیاندنی نەوەیەكی تەندروست و نیشتمانپەروەر بۆئایندەی هەرولاتێك و فێركردنی بەها ئەخلاقی و ڕەفتارییەكان. لەم ڕاپۆرتەدا ژمارەیەك لە مامۆستایان چالاكوانی مەدەنی باس لەڕۆلی دایكان دەكەن لە بەكلتوركردنی پاراستنی ژینگەی كوردستان لەلایەن نەوەی داهاتومان.
مامۆستا سیروان شێخ حاجی بەرپرسی ڕێكخراوی وار بۆپاراستنی ژینگە گوتی: ڕۆلی دایكان لە بەكلتوركردنی پاراستنی ژینگە بۆ نەوەی داهاتو زۆر گرنگ و كاریگەرە. پەروەردەكردنی منداڵ یەكێكە لە گرنگترین ئەركەكانی دایك، چونكە دایك مامۆستایەكی گەورەو میهرەبانە كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پێشكەوتنی ڕۆحی، دەروونی و كۆمەڵایەتی منداڵ. لەڕووی فێركردن بە تابیەت هۆشیاری پەروەردە یەكەم جار لەماڵەوە دەست پێدەكات ئەوجا باخچەی ساویان و قوتابخانە پەروەردەی ماڵ بناغەی دورست بوونی هەموو مرۆڤێكە، بۆیە گرنگە دایك ئاگاداربیت لە پەروەردەكردنی منداڵدا پەروەردەیەك بێت پربێت لە ڕەفتار و كرداری جوان. كاتێك منداڵ دەبینێت دایكەكەی خۆی ژینگە دەپارێزێت، ئەوا بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ هەمان ڕەفتار دەكاتەەوە، بۆیە پێویستە پەیوەندییەكی تەندروست و پڕ لە خۆشەویستی و ڕێز لەگەڵ منداڵەكانیاندا دروست بكەن. كاریگەری دایك لە داڕشتنی كولتوری منداڵەكان تا ئەو جێگایەی پێویستە كە مرۆڤێكی تەواو تەندروست بۆكۆمەڵگە بەرهەم دێت، چونكە دایك زۆربەی كاتەكانی لەگەڵ مندالەكانی بەسەردەبات وپێكەوەن و منداڵان لە ژێر كاریگەرییاندان. دایك بیرۆكە و پەروەردەو زانستە، دایكی باش نەوەیەكی باش بەرهەم دێنیت بەتایبەت فێڕكردنی خۆشەویستی ژینگە و خاك لە ڕووی پاراستن و گرنگیدان بە ژینگەكە نیعمەتێكی خوداییە و هەرچی لە نێو ئەم چوارچێوەیەدا فەراهەم كراوە بۆ خزمەتی مرۆڤ دروست كراوە. ساڵ لە دوای ساڵیش بە هۆی پێشكەوتنی زانست و تەكنەلۆژیای سەردەم دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر ژینگە زیاتر دەبێت، بۆیە پێویستە بگەرێینەوە بۆ پەروەردەی دایك كە بتوانیت نەوەیەكی رۆشنبیرو تەندورست ئامادە بكات تا ئەو ئەمانەتی ژینگەیە بپارێزێت و بەرامبەر نەوەی داهاتوو هەست بە بەرپرسایەتی بكات.
مامۆستا بنار شەهاب عەزیز دەلێت : دایك وەك یەكەم مامۆستای منداڵ، كاریگەرییەكی قووڵی لەسەر بیركردنەوە، هەست و ڕەفتاری منداڵ هەیە. لە نێو ماڵەوە، دایك دەتوانێت بە شێوەیەكی سادە و ڕۆژانە فێری منداڵەكانی بكات كە چۆن ئەوان پێشووتر پژینگەیان پاراستووە ئەوانیش ئەوها بیپارێزن. یەكێك لە گرنگترین ڕۆڵەكانی دایك ئەوەیە كە ڕەفتاری باش و نموونەی دروست پیشان بدات. بۆ نموونە، كاتێك دایك سەرچاوەكان بە باشی بەكاردەهێنێت، ئاوی زیاتر بەفیڕۆ نەدات، یان زبڵەكان جیا دەكاتەوە، منداڵیش بە شێوەیەكی سروشتی ئەم ڕەفتارانە فێر دەبێت. ئەمە دەبێتە بنەمایەك بۆ دروستكردنی كلتوری پاراستنی ژینگە لە نێو خێزاندا هەروەها دایك دەتوانێت ڕۆڵی فێركاری هەبێت بە ڕوونكردنەوەی گرنگیی پاراستنی ژینگە. بۆ نموونە، دەتوانێت باس بكات كە پیسبوونی هەوا و ئاو چۆن كاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، یان بڵێت كە دارچاندن و پاراستنی سروشت چەندە گرنگە بۆ داهاتووی منداڵان. ئەمجۆرە گفتوگۆیانە هەستی بەرپرسیارێتی لە نێو منداڵدا دروست دەكات، لە لایەكی ترەوە دایك دەتوانێت منداڵەكانی هان بدات بۆ بەشداریكردن لە چالاكیی ژینگەییەكان، وەك پاككردنەوەی شوێنەكان، دارچاندن، یان كەمكردنەوەی بەكارهێنانی پلاستیك. ئەم چالاكییانە نەك تەنها فێركارییە، بەڵكو هەستێكی هاوبەشی و پاراستنی جیهان لە ناخی منداڵدا دروست دەكەن. لە كۆتاییدا، دەتوانرێت بڵێین كە دایكان ڕۆڵی سەرەكی و بنەڕەتییان هەیە لە دروستكردنی كولتوری پاراستنی ژینگە بۆ نەوەی داهاتو. ئەگەر دایك بە ئاگاداری و بەرپرسیاری هەڵسوكەوت بكات، دەتوانێت نەوەیەكی ئاگادار و پارێزەر لە ژینگە پەروەردە بكات، كە ئەمەش بنچینەی داهاتووێكی باشترە بۆ هەمووان.
مامۆستا كاكە جەعفەر عەزیز لە بەشی جوگرافیا و لێكۆلینەوە ژینگەییەكانی زانكۆی سۆران گوتی: (لە باوەشی دایكەوە بۆ پاراستنی ژینگە) ئەم ڕستەیە گوزارشتە لە ڕاستییەكی زانستی و پەروەردەیی، چونكە پەیوەندی نیوان دایك و منداڵ، یەكەمین و بەهێزترین پەیوەندییە كە مرۆڤ لە قۆناغەكانی ژیاندا دەیبینێت، هەربۆیە منداڵ ئەو بەها و سیفەتانەی لە باوەشی دایكییەوە فێردەبێت، دەبنە بەشێك لەناسنامەكەی، بۆیە دایك وەك یەكەمین نموونەی باڵا منداڵ لە ساڵانی سەرەتای تەمەنیدا زیاتر لەوەی بە قسە فێرببێت، بە چاو فێردەبێت. ئەگەر دایك لە ماڵەوە ئاو بە فیڕۆ نەدات، پاشماوەكان لە یەكتر جیا بكاتەوە، یان بایەخ بە ڕووەك بدات، منداڵەكە بەبێ ئەوەی هەستی پێ بكات، ئەمە وەك (یاسایەكی ژیان) دەبینێت و لاسایی دەكاتەوە. هەروەها ڕەفتارە بچووكەكانی دایك لە نێوماڵدا دەبنە بناغەی كولتوورێكی گەورە لە داهاتوودا، ئەمە لەلایەك و لەلایەكی ترەوە دایكان خاوەنی ئەو توانایە سۆزدارییەن كە دەتوانن مانا بە شتەكان ببەخشن، سروشت وەك (ماڵ) بە منداڵەكەی بناسێنێت. كاتێك منداڵێك فێر دەبێت كە ئازاردانی دارێك وەك ئازاردانی هاوڕێیەك وایە، لێرەدا ژینگەپارێزی لە ئەركێكی یاساییەوە دەبێتە بەهایەكی ئەخلاقی. لە زۆربەی كۆمەڵگەكاندا، دایكان گێڕەرەوەی چیرۆك و ئەفسانەكانن. بەستنەوەی چیرۆكەكان بە پاراستنی كانیاوەكان، دارستانەكان و چیاكان، وادەكات پاراستنی ژینگە ببێتە بەشێك لە شوناسی نیشتمانی منداڵ. لە كۆتایدا دایك دەتوانێت ژینگەپارێزی لە زانیارییەوە بگۆڕێت بۆ (ئیمان و بڕوا) ئەگەر دایكێك هۆشیار بوو، ئەوا نەوەیەكی هۆشیار و زەوییەكی پارێزراومان دەبێت .
ڕێزان محەمەد مەلا چالاكوانی مەدەنی و كارمەند لە كرتی تەندروستی گوتی: رۆلی دایكان لە بەكولتوركردنی پاراستنی ژینگە بۆ نەوەی داهاتو زۆر گرنگ و بنەڕەتییە. دایك یەكەمین قوتابخانەی ژیانە و منداڵ لە سەرەتای ژیانییەوە لە نێو خێزاندا فێری ڕەفتار و هەڵسوكەوتەكانی دەبێت. ئەگەر دایك گرنگی بە پاكی و پاراستنی ژینگە بدات، ئەو هەست و بیرۆكەیە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەكە و دەبێتە بەشێك لە كولتووری ژیانی مندالەكە. ‎دایك دەتوانێت بە شێوەیەكی سادە فێری منداڵ بكات كە چۆن ژینگە بپارێزێت، وەك ئاگاداری لە فڕێدانی زبڵ لە شوێنی گونجاو، پاراستنی ئاوی خواردنەوە، كەمكردنەوەی بەكارهێنانی شتە پلاستیكییەكان و ڕێزگرتن لە سروشت. ئەم ڕەفتارانە كاتێك لە ماڵ دەست پێدەكەن، بە هەمان شێوە دەگوازنەوە بۆ دەرەوە و كۆمەڵگە، ‎ژینگەی ماڵ و ژینگەی دەرەوە لە شێوەدا هاوشێوەن. ئەگەر ماڵ پاك و ڕێكوپێك بێت، منداڵ فێر دەبێت كە پاراستنی ژینگە تەنها لە دەرەوە نییە، بەڵكو لە نێوخۆی ژیانیشە، بۆیە دایك لەگەڵ هەموو ماندووبوون و كارەكانی، دەبێت ئەم ئەركە پیرۆزە لە بیر نەكات و هەوڵ بدات منداڵێكی هەستیار و بەرپرسیار پەروەردە بكات . ئەگەر دایك بتوانێت ئەم بەها و ڕەفتارانە لە منداڵدا بنیات بنێت، ئەوا نەوەیەكی ئاگادار و دڵسۆز بۆ ژینگە دروست دەبێت كە داهاتوویەكی پاكتر و جوانتر بۆ هەمووان دێتە ئاراوە.