دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی نامەیەکی ئاراستەی کۆنگرێسی ئەمریکا کردووە و تێدا هۆکارەکەی بۆ کۆنگرێس ڕوون کردووەتەوە کە -بۆچی پێویستی بە مۆڵەتی ئەوان نییە- بۆ جەنگی ئێران. دەشڵێت “جەنگی ئێران کۆتایی هاتووە”.
بەگوێرەی دەستووری ئەمریکا، تەنیا کۆنگرێس دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی جەنگی هەیە، بەڵام یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ کە لە ساڵی 1973 دەرچووە، ماف بە سەرۆک دەدات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سنووردار لە حاڵەتە نائاسایی و بەپەلەکاندا، بەو مەرجەی مۆڵەتی یاسایی وەربگرێت ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکان لە 60 ڕۆژ تێپەڕیان کرد.
ترەمپ لە نامەکەیدا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەو یاسایە بەسەر ئەودا جێبەجێ نابێت، چونکە ململانێکان لەگەڵ ئێران ئێستا لە دۆخی ئاگربەست دایە. دەشڵێت شەڕەکە کۆتایی هاتووە.
– ترەمپ بەو پاساوە بەرگری لە خۆی کرد کە لە دوای 7ـی نیسانەوە هیچ بۆردوومانێک و ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێراندا ڕووی نەداوە، بەڵام ترەمپ لە نامەکەیدا باسی لەوە نەکردووە کە هێزەکانی ئەمریکا لە 19ـی نیساندا تەقەیان لە کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی کردووە کە ئاڵای ئەو وڵاتەی هەڵگرتبوو .