دیمانه ـ هاژە بەرزنجی
پەیام ئیبراهیم عهبدولڕهحمان، چیرۆکنووس و ڕۆماننووس و میدیاکارێکی چالاکە، له ساڵی 1979 له شاری سلێمانی له دایكبووه، لە ساڵی 2010ەوە دەستیکردووە بە نووسین، سەرەتا له نووسینی شیعرهوه دەستیپێکردووە و چیرۆک و ڕۆمانیش دەنووسێت. ئەندامێکی چالاکە لە چەند ڕێکخراوێکی پەروەردەیی و ژینگەپارێزی کاری کردووە. خاوەن هەشت کتێبی چاپکراوه، بۆ منداڵان شەش کتێبی چیرۆکی نووسیوە، ڕومانێک و کتێبێکی مێژوویی بەناوی 21 تیشکی خۆری کوردستان بڵاوکردۆتەوە، لە ساڵی ٢٠١٩ وە سەرقاڵی نووسینی رۆمانی «نازیلێی مانگ و شازادەی خۆر» ه، یەکەم ژنی کورده کە رۆمانی زانستی بۆ نەوجەوانان نووسیوە. ناوبراوجێگری بەڕێوەبەری بەشی پەروەردەیە لە ڕێکخراوی ھۆس، ئەندام و ڕاھێنەری ژینگەیە لە ڕێکخراوی سروشتیی کوردستان و ئەندامی ڕێكخراوی نازی بێسەرپەرشتانە بۆ منداڵانی بێلانە و سەرپەرشتیاری بەشی منداڵانە لە تەلەڤیزیۆنی پەروەردەیی.
پهیام ئیبراهیم له وهڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە خوێندنەوە و نووسین گوتی: لە سەرەتای مناڵیمدا زۆر حەزم بە خوێندنەوە و نووسینی شیعر دەکرد، هەندێک شیعرم لەو قۆناغەدا نووسیوە، بەڵام لەساڵی 2010 یەکەم چیرۆکی منداڵانم بڵاوکرایەوە بەناوی (میوەکان). سەرەتا تەنیا شیعرم دەنووسی، دواتر دەستم بە نووسینی چیرۆک و ڕۆمان بۆ منداڵ و نەوجەوانان کردووه.
له وهڵامی پرسیارێكی تردا سەبارەت بە نووسینی چیرۆک گوتی: نووسینی چیرۆک بوو بە یەکێک لە خولیاکانم و لەساڵی 2018 زۆرترین چیرۆکم لە تیڤییەکان و گۆڤارەکانی تایبەت بە منداڵان بڵاوکرایەوە، نزیکی چل چیرۆکم وێنەی بۆ کراوە و پێشکەش بە منداڵان کراوە، هاوكات وەک پێشکەشکاری دوو بەرنامە، بەرنامەی میوانداری و بەرنامەی ماوەی منداڵان،(لە تەلەفیزۆنی پەروەردەیی) لەساڵی 2018 دەستبەکار بووم، بابهتی چیرۆکم پێشکەش بەمنداڵان دەکرد و بەردەوام بووم لەنووسینی چیرۆک هەتا ساڵی 2021 چوار کتێبی چیرۆکی منداڵانم چاپ و بڵاوکردەوە. ههروهها لە ڕادیۆ بەرنامەیەکم هەبوو بەناوی (بونیاد) بەرنامەیەکی پەروەردەیی تایبەت بە پەروەردەی منداڵان بوو.
ئەم خاتوونە له وهڵامی پرسیارێكدا سهبارهت به چەمکی نیشتمانپەروەری لای منداڵ و گرنگی پەروەردەی نیشتمانی لای پەیام چۆن دەبیندرێت؟ لە وەڵامدا گوتی: منداڵ تەنیا وەرگری زانیاری نییە، بەڵکو نەخشەسازی دواڕۆژی هەر نەتەوەیەکە. چاندنی هەستی نیشتمانپەروەری لە تەمەنی منداڵیدا، تەنیا دروشمێکی سۆزداری نییە، بەڵکو پڕۆسەیەکی پەروەردەیی و زانستییە کە ئاسایشی نەتەوەیی و بەردەوامیی ناسنامەمان دەستەبەر دەکات. زانستی کۆمەڵناسی و دەروونناسی گەشە جەخت دەکاتەوە کە ساڵانی سەرەتای تەمەن، قۆناغی دروستبوونی «ئینتیما»یە لەمنداڵاندا، کاتێک منداڵ فێر دەبێت خاک و زمان و ئاڵاکەی خۆشبووێت، جۆرێک لە هاوسەنگی دەروونی و متمانە بەخۆبوونی بۆ دروست دەبێت. منداڵێک کە هەستی نیشتمانی بەرز بێت هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات بەرامبەر ژینگە و موڵکی گشتیی.
پهیام ئیبراهیم منداڵ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە چالاکتر و دڵسۆزتر دەبێت، وەکوو «کۆڵەکەیەکی بەهێز لەبەردەم شەپۆلەکانی نامۆبوون و ونبوونی ناسنامەدا دەوەستێتەوە ئهمه چۆن شڕۆڤه دهكهن؟ گوتی: پێویستە منداڵ لەو ساتەی كه چاو دەکاتەوە، نیشتمانەکەی ببینێت و تا مردنیش نیشتمان لە چاویدا بە بەرزی بمێنێتەوە، هاوكات پەروەردە دەبێت «هاووڵاتی» بەرهەم بهێنێت نەک تەنیا «مرۆڤی ئاسایی» جەختکردنەوە لە پیرۆزی خاک و خۆشەویستی وڵات دەبێت ببێتە عەشقێکی سرووشتی کە لەگەڵ گەشەی منداڵدا گەورە بێت، چونکە ئەمە تاکە گەرەنتییە بۆ پاراستنی ئازادی و سەربەخۆیی گەلی کورد، بەتایبەتی كۆمهڵ و کۆمەڵگە بەگشتیی. ئەگەر نموونەکانی ئەم دواییەی پشتگیرییەکانی کوردستان بۆ ڕۆژئاوایی كوردستان وەربگرین بینیمان لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەدا بۆ پشتگیریکردنی ڕۆژئاوایی کوردستان، چەندین دیمەنی سەرنجڕاکێش و پڕ مانا هەبوون ئامادەیی کارای منداڵان جێی سەرنجی هەمووان بوو، ئەو منداڵانەی بە ئاڵای کوردستانەوە، بە جلوبەرگی کوردی و بە گوتنەوەی سروودی نیشتمانی هاتبوونە سەر شەقام، سەلماندیان کە هەستی نەتەوایەتی لای ئەوان تەنیا زانیارییەکی ناو کتێب نییە، بەڵکوو پراکتیکێکی زیندووە. ههڵبهتا ئەم بەشدارییە نیشانیداین کە: منداڵی کورد لە ئازاری نیشتمانەکەی تێدەگات، خۆی له خۆیدا ئەمە پەیامێکی سیاسی و مرۆیی بەهێز بوو بۆ جیهان، کە ئەم نەتەوەیە نامرێت، چونکە منداڵەکان پارێزەری ناسنامەکەیانن.
گوتی: بۆ ئەوەی نیشتمانپەروەری ببێتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی منداڵ، پێویستە: لە دامەزراوە پەروەردەییەکان و لەناو خێزاندا گرنگی بدرێت بە چیرۆک و ئەفسانەکان گێڕانەوەی قارەمانێتییەکانی مێژووی کورد بە زمانێکی ساددە و لە سروود و میوزیکەوە ئاشناکردنیان بە ئاوازە ڕەسەنەکان. ههروهها گەشتی مێژووییان بۆ ڕێکبخرێت، بردنی منداڵ بۆ شوێنەوارە مێژووییەکان و ناساندنی سرووشتی کوردستان. دەبێت لەوە تێبگەین چیتر گلەیی و گازەندە لە نەوە و گەنجانی داهاتوو نەکەین، بزانین منداڵانی ئەمڕۆ، پارێزەرانی سبەینێی ئەم خاکەن. ئەگەر بمانەوێت نیشتمانێکی ئاوەدان و سەربەخۆمان هەبێت، دەبێت ئەمڕۆ لە باخچەی منداڵان و قوتابخانەکانماندا، تۆی عەشقی نیشتمان لە هزر و دەروونی منداڵانماندا بچێنێن.
پهیام، له وهڵامی پرسیارێكی تردا هەر سەبارەت بەو بابەتە گوتی:
خێزان یەکەمین قوتابخانەی نیشتمانپەروەرییە بۆ منداڵ، بەڵام گەورەترین مەترسی کە ڕووبەڕووی پەروەردەی مناڵ دەبێتەوە، تێکەڵکردنی چەمکی «نیشتمان» و «سیاسهتی حکومڕانی»یە. ئەرکی دایکان و باوکانە ئەم هاوسەنگییە بپارێزن، هاوكات، ئەمه بۆ منداڵەکان ڕوون بکەنەوە کە نیشتمان جیاواز و جێگیرە و له دڵهكانماندا دهژیت و بوونی ههیه. خێزان دەبێت ئەو تێگەیشتنە لای منداڵ دروست بکات کە نیشتمان (خاک، مێژوو، زمان، سرووشت و نەتەوە) شووناسێکی ئەبەدییە، دهبێت «دڵسۆزی» بۆ خاک و گهلهكهی به ههڵوێستێكی بهرزو تۆكمهوه بمێنێتەوە.
سهبارهت به پاراستنی شکۆی نەتەوەیی لەناو ماڵدا، خاتوو پهیام گوتی: ئەرکی خێزانە فێری منداڵهكانی بکات کە دهبێت ئێمە کوردستانمان خۆشبووێت،.