بۆچی (ئیسلام ئاباد ) شكستی هێنا؟

271

یونس حەمەد – ئۆسلۆ
نكۆڵی لەوە ناكرێت كە پاكستان یەكێكە لە دەوڵەتە ناوچەییە گرنگەكانی ئاسیا، چەك و سوپا و هەتاوەكو دەگاتە چەكی ئەتۆمیشی هەیە !، بەڵام بۆ بەم جۆرە ناسراو نییە لە ئاستی نێودەوڵەتی و پایەكانی دەوڵەتدا . شێواز یان سیستمی حوكمڕانی لەم وڵاتەدا كۆماری پەرلەمانی ئیسلامی فیدراڵییە، بەناویش دەوڵەتێكی دیموكراسییە و وێڕای ئەمەش دەستوورێكی فیدراڵی بۆ ناوچەكان هەیە.لە سەروبەندی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەلایەك و ئێران لەلایەكی دیكەوە، ناوی پاكستان كەوتە ناو ناوان بۆ ئەوەی ببێتە ناوبژیوانێكی سەر ڕاست بۆ كوژاندنەوەی ئاگری ئەم جەنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
(ئیسلام ئاباد ) كە كۆمەڵگای حوكمڕان و دەسەڵاتی پاكستانە، هەر زوو خۆی كۆكردەوە بۆ ئەوەی ئەم ڕۆڵە بگێڕێت تا ئەم لایەنانەی شەڕكەر نزیك بكاتەوە، یان ئاشتیەك بێنێتە كایەوە كە بۆ ماوەی 47 ساڵ كەس نەتوانیوە خۆی لێ بدات . چۆن و بۆ نەتوانرا دانیشتن یان دانووستانەكان بەرهەمی لێ بچێنرێت، بۆ ئەم پرسە هۆكار زۆرە، ئەگەریش بە دیقەتترەوە لێی بڕوانین، هەر لە سەرەتادا وڵاتان باوەڕیان بە سەركەوتنی ئیسلام ئاباد نەبوو بۆ ئەوەی( ئاوێك بە ئاگرەكەدا بكات) و چاوەڕێی شكست بوون! . ڕاستە جەنگەكە زۆر بەهێزەوە هەڵگیرسا، بەڵام گەڕەكانی بە شێوازی جیاواز بوو لە جەنگی كلاسیكی كە بۆ جیهان بابەتێكی نوێ بوو، بوونی هەموو جۆرە دڕۆن و مووشەك بێ جولاندنی هێزی زەمینی، نەخشەیەكی سەرنجڕاكێشە بۆ توانا سەربازییە هاوچەرخەكان، لێرەدا چەكە بچووكەكان كپ كران تا چەكە گەورەكان دەنگیان بێت.
مەبەست لێرەدا، چی وایكرد، بزاڤ و جوولە سیاسی و سەربازییەكانی پاكستان نەتوانن كۆنتڕۆڵی ڕەوش و بارودۆخەكە بكەن، شیكردنەوەیەك، لایەنەكانی شەڕكەر باوەڕیان بەوە نەبوو كە ئیسلام ئاباد بتوانێت بە دروستی جلەوی دانووساندنەكان بەدەستەوە بگرێت، ئەمەریكا لە پێشوو و پێشووتریش زۆر گرنگی بە ڕۆڵی سەركردەكانی ئەم وڵاتە ئاساییە نەداوە، لای خۆیەوەش ئێران بەزۆر هۆكار ئاستی پەیوەندی لەگەڵیدا هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە بینیوە !. لایەنێكی دیكەی شەڕەكە ئیسرائیلە كە هیچ پەیوەندییەكی سیاسی و سیمبوولی لە نێوانیان نیە، لەكاتێكدا تەلئەڤیڤ لایەنێكی ئاماژەپێكراوە لەو جەنگەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گڕی گرتووە، بۆیە گرنگی بەشدارنەبوونی ئیسرائیل لە دانووستاندنەكاندا، وەك كەلەنێكە نەتوانرێت پڕ بكرێتەوە.
ئەگەر بۆ چەند خاڵێكی دیكەی لاوەكی هەنگاو بنێین، كە پەیوەستە بە خودی پاكستانەوە، لە چەند ڕووەوە سیاسەتی (ئیسلام ئاباد) جێگای پرسیارە، چ لە ڕووی هاوكێشەكان و شێوازی دەسەڵات و سیستم لەم وڵاتە ئاڵۆزەدا، كە بە شێوازێك بانگەشەی دیموكراتی دەكات، لە كاتێكدا دەوڵەتێكی داخراوە، هەروەها شوێنێكە بۆ كزكردنی مافەكانی مرۆڤ . بابەتێكی تر، ڕەنگە پشتپەردە چاوی لەسەر بێت، ئەویش یەكێكە لە گەندەڵترین دەوڵەتانی جیهان، كە هەتاوەكو ئێستا بە نەرێنی باڵی بەسەر دەوڵەتدا گرتووە، بە هیچ ناتوانرێت چارەسەری كێشەكانی ئەم پرسە بكرێ كە دەوڵەتی دووچاری چەندین قەیران كردووە.
دوو گەڕ لە دانووستان هیچ سوودێكی بە پێشوەچوون نەبینی، ئەمە دەرخەری ئەوەیە كە پاكستان ئەگەرچی لە ڕووی ناوچەییەوە بایەخدارە، بەڵام لە سیاسەتدا توانای ئەوەی نیە ئاو بە ئاگری جەنگێكدا بكات كە بناخەكەی زۆر بە تێن و قووڵە، سەرەڕای هەموو ئەمانەش، ئەو وڵاتێكی بێ ئەزموونە، پێدەچێ زۆر دەوڵەت و لایەنیش باوەڕیان پێی نەبێ .