
حەسونە موسباحی
له‌زستانی ساڵی 1987 شانۆنووسی گه‌وره ئۆژێن يۆنێسكۆ هاته میونیغ بۆ پێشكه‌ش كردنی موحازه‌ره‌یه‌ك له‌سه‌نته‌ری رۆشنبیری فه‌ره‌نسی له‌باره‌ی ئه‌ده‌به‌كه‌ی. هاوسه‌ر و كچه‌كه‌شی هاوسه‌فه‌ری بوون. له‌به‌ر نه‌خۆشی و پیری، به‌زه‌حمه‌ت ده‌جولاوه. دوای موحازه‌ره‌كه داوام لێ‌كرد دیدارێكی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ سازبكه‌م. سه‌ره‌تا دوودڵبوو. دواتر به‌خه‌نده‌وه پێی وتم: «باشه، بابزانم. من پێشتر دیمانه‌م له‌گه‌ڵ هیچ رۆژنامه‌نووسێكی عه‌ره‌ب نه‌كردووه، بابزانم، با تۆ ببی به‌یه‌كه‌م، له‌وانه‌یه دواهه‌میش!». دیمانه‌كه‌م له‌گه‌ڵیدا له‌به‌ر هۆیه‌كانی په‌یوه‌ست به‌بارودۆخی تاراوگه و گوازه‌گواز لاماوه، كاغه‌زه‌كانم فه‌رامۆش كرد تا به‌و دواییه دۆزیمه‌وه.
به‌یانی رۆژی دوایی موحازه‌ره‌كه به‌ئۆژێن يۆنێسكۆ گه‌یشتم، له‌و هوتێله‌ی كه له‌گه‌ڕه‌كی (شوابینگ) ی ناوجه‌رگه‌ی میونیغ لێی دابه‌زیبوو. ئه‌و دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵیشیم كرد پێده‌چێت ره‌نگدانه‌وه‌ی دۆزه‌كانی ئه‌مڕۆ بێت، له‌سه‌ر ئاستی جۆراوجۆر، به‌تایبه‌تی سیاسی.
ئاشكرایه ئۆژێن يۆنێسكۆ رۆژی 26 ی تشرینی دووه‌می ساڵی 1909 له‌سلاتینای رۆمانیا هاته دونیا. كه‌ته‌مه‌نی گه‌یشته ساڵێك له‌گه‌ڵ (تیریزا)ی دایكی چووه پاریس و له‌وێدا نیشته‌جێبوون. باپیری جوتیار بوو. باوكیشی پارێزه‌ر. كه‌گه‌یشته ته‌مه‌نی ده ساڵی دایكی له‌ته‌ك خوشكه بچووكه‌كه‌ی بردییه ناوچه‌ی (مایان).
فه‌یله‌سوف و مارشال
سه‌باره‌ت به‌و ماوه‌یه يۆنێسكۆ وتویه‌تی: «له‌ماوه‌ی ساڵی خوێندن قوتابخانه‌ی پاریسم جێهێشت، ئه‌وسا نه‌خۆشبووم، دووچاری كه‌م خوێنی ببووم، بۆیه منیان برده گوند تاكو ته‌ندروستیم باش بێته‌وه». له‌وێدا وه‌ك هه‌موو منداڵان خه‌ونی به‌وه ده‌بینی ببێته سانت (قه‌دیس)، یاخود مارشال. له‌و باره‌وه وتی: «ویستم ببم به‌سانت ئه‌وه گه‌وره‌ترین شكۆ بوو به‌لامه‌وه. حه‌زم نه‌ده‌كرد له‌ئاینده چاره‌نووسم نادیار بێت. له‌كتێبی ئایینی ده‌مخوێنده‌وه – كه ئه‌وه‌ش بێزاری له‌ناخمدا ده‌ڕواند- زه‌روڕنییه به‌دوای شكۆ بگه‌ڕێین، چونكه مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌و‌ی ته‌نیا له‌پێناو ئه‌و‌دا ناژیه‌ت. ئه‌وسا به‌ئاگا هاتمه‌وه كه‌ناتوانم ببمه سانت. دوای ئه‌وه كتێبی دیكه‌م خوێنده‌وه وه‌هایان لێكردم هه‌ست به‌وه بكه‌م ده‌توانم ببم به‌مارشال!».
له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ پاریس یه‌كه‌م شانۆنامه‌ی به‌ناوی (نیشتمانی) نووسی. له‌ته‌مه‌نی سێنز‌ده ساڵی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی گه‌ڕاوه رۆمانیا، ئه‌وسا سه‌رقاڵی فێربوونی زمانی رۆمانی بوو. يۆنێسكۆ وتویه‌تی :»كه منداڵ بووم جوان بووم. له‌ده ساڵی تا سێنز‌ده ساڵی، ئه‌وه‌م ده‌زانی. خه‌ڵكیش پێیان ده‌وتم جه‌وانی جوانم. له‌ته‌مه‌نی سێنز‌ده ساڵی به‌ره‌و دزێوی چووم، چاوه‌كانم دره‌وشانه‌وه‌یان له‌ده‌ستدا، لوتم گه‌وره بوو، لێوه‌كانیشم ئه‌ستوور بوون. پێویست بوو له‌سه‌رم به‌و دۆخه نوێیه رازی بم و به‌ناشیرنیش له‌و جیهانه‌دا بژیه‌م. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆشه‌ویستی و پیرۆزكردنم بۆ جوانی له‌ده‌ست نه‌دا.» له‌و ماوه‌یه‌شدا دایك و باوكی له‌یه‌كتری جیابوونه‌وه. ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌ده‌روونی جێهێشت.
دواتر يۆنێسكۆ بۆ ئاماده‌كردنی ماسته‌ر له‌زمانی فه‌ره‌نسی، چووه زانكۆی بوخاریست. له‌ماوه‌ی ساڵانی خوێندنی زانكۆ، یه‌كه‌م چامه‌كانی نووسی. له‌و باره‌وه ده‌ڵێت : «كاره گه‌وره‌كان هه‌رده‌م له‌ڕێگه‌ی سۆزی ساكار و ساویلكانه دێنه‌بوون، وه‌ك ئه‌وه‌ی بایۆلۆجی بن. ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له‌حه‌قیقه‌ته بێهاوتا و ره‌هاكان كه ده‌كرێت ته‌ئكیدی لێبكه‌ن به‌هونه‌ر».
له‌دایكبوونی گۆرانیبێژی سه‌ر رووتاو
ساڵی 1936 يۆنێسكۆ له‌گه‌ڵ كچه قوتابییه‌كی به‌شی فه‌لسه‌فه هاوسه‌رگیری كرد. ساڵی 1938 مینحه‌ی خوێندنی به‌ده‌ستهێنا. ئه‌وه‌ش یارمه‌تیدا بگه‌ڕێته‌وه فه‌ره‌نسا بۆ ته‌واوكردنی تێزه‌كه‌ی (چه‌مكی گوناھ و مردن له‌شیعری فه‌ره‌نسی له‌بۆدلێر به‌ره‌وسه‌ر). به‌ڵام دوای گه‌یشتنی به‌پاریس بڕیاریدا به‌ته‌واوی ده‌سته‌به‌رداری ئه‌و تێزه‌ی بێت. له‌به‌هاری ساڵی 1939 يۆنێسكۆ نووسی (له‌ڕۆژنامه‌كان هه‌واڵی خراپ هه‌یه، له‌وانه‌یه جارێكی دیكه جه‌نگ هه‌ڵگیرسێته‌وه. ئایا ئه‌وروپا به‌شارستانی ده‌بێت؟ ده‌ترسم ئه‌وه كۆتایی هه‌موو شتێك بێ. مردن دوا ئاماده‌یه له‌و كه‌شتییه‌ی كه نغڕۆده‌بی. له‌هه‌ر ساتێك به‌ترسی زۆره‌وه ده‌ژیم. باره‌كه بۆ ئه‌وانی دیكه‌ش به‌و شێوه‌یه‌یه. ئایا بۆ چاره‌نووسیان بگریم یان چاره‌نووسی خۆم؟ وه‌ها ده‌بینم شارستانی ده‌ڕمێ، داروپه‌ردوه‌كه‌ی كه‌ڵه‌كه ده‌بێت. په‌شیمانی تیژ و توندوتیژ دایگرتووم. مردنی هه‌موو شتێك مردنی منیشه).
يۆنێسكۆ ماوه‌ی جه‌نگه‌كه‌ی له‌مه‌رسیلیا به‌سه‌ربرد كه له‌خانه‌یه‌كی بڵاوكردنه‌وه هه‌ڵه‌چن بوو. له‌به‌هاری ساڵی 1949 بڕیاریدا فێره زمانی ئینگلیزی بێت. به‌و زمانه‌ش شانۆنامه نادواره‌كه‌ی (ژنه گۆرانیبێژه سه‌ر رووتاوه‌كه)ی نووسی. دواتر به‌شانۆی (بێهوده) یاخود شانۆی نامه‌عقول لكا تا له‌ته‌ك بیكێت و ئادامۆف و ئه‌وانی دیكه، بوو به‌یه‌ك له‌ڕێبه‌ره گه‌وره‌كانی. يۆنێسكۆ له‌ساڵی 1994 مرد.
غه‌مۆكی پیری
له‌كاتی پێشكه‌ش كردنی موحازه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌نته‌ری رۆشنبیری فه‌ره‌نسی، يۆنێسكۆ ره‌شبین بوو، زۆربه‌ی ئاماده‌بووانیش هه‌ستییان پێكرد. له‌باره‌ی ئه‌وه‌ش ده‌یوت: «نووسین به‌لای من كاری رۆژانه‌یه. وه‌ك چۆن پێشتر زۆرم ده‌خوێنده‌وه، به‌لام ساڵانێكه ده‌ستم له‌خوێندنه‌وه و نووسین گرتۆته‌وه. شتێكی دیكه هه‌یه پێم ده‌ڵێت هیچ شتێك نییه رزگارم بكات له‌و غه‌مۆكییه‌ی كه ماوه‌یه‌كی درێژه گازم لێده‌گرێت. ته‌نانه‌ت قسه چیتر سوودی نییه له‌جیهانێك كه رۆژ دوای رۆژ ناشیرینی و دڵڕه‌قی زیاتر ده‌بێت. جیهان هه‌رده‌م چاوه‌ڕواننه‌كراوه«. دواتر درێژه‌ی پێده‌دات :»به‌ڵام ئێستا به‌رگه‌ناگرێت! منیش هه‌موو رۆژ كه هه‌ڵده‌ستم له‌باره‌ی هۆی ئه‌و هه‌مووه ر‌قه‌ی له‌نێوان گه‌لان و له‌نێوان نه‌ته‌وه‌كان و هه‌روه‌ها له‌نێوان تاكه‌كاندا هه‌یه ده‌پرسم. هه‌روه‌ها له‌هۆیه‌كانی ئه‌و جه‌نگانه ده‌پرسم. ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی كه رۆژانه مرۆڤایه‌تی ده‌یچێژێت. وه‌ك شازاده میشكینی پاڵه‌وانی رۆمانی (گێل)ی دیستۆیڤسكی ده‌پرسم له‌به‌رچی مرۆڤ له‌خۆشه‌ویستی و سازاندا ناژیه‌ت، به‌بێ ئه‌و شه‌ڕ و پێكدادانه، ئه‌و رق و كینانه. ره‌شبینی من له‌به‌ر پیری نییه، له‌به‌ر نه‌خۆشیم نییه، به‌ڵكو له‌به‌ر هه‌ڵوێستمه ده‌ر‌باره‌ی ئه‌وانه‌ی رۆژانه له‌و جیهانه رووده‌دات كه بۆته غه‌مباری به‌جۆرێك به‌رگه‌ی نه‌گیرێت!»
بۆ هه‌موو ئه‌وانه پرسیارم لێ‌كرد ئه‌گه‌ر ئه‌وه واتای ئه‌وه بێت هیوا بۆ مرۆڤایه‌تی نه‌ماوه، وه‌ڵامیدامه‌وه :»نازانم، به‌ڵام ده‌ڵێم له‌سه‌ر نه‌وه‌كانی داهاتووه له‌شۆڕشه‌كان، له‌كۆدێتا خوێناوییه‌كان به‌دوای گۆڕان نه‌گه‌ڕین، به‌ڵكو به‌دوای خۆشه‌ویستی و هه‌وڵدان بۆ دروست كردنی پێوه‌ندی د‌ۆستانه له‌نێوان خه‌ڵكی و له‌نێوان چینه‌كان».
وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ پرسیاره‌كه‌ی كێشی كردم ئه‌وه ئه‌گه‌ر پێویست بێت له‌سه‌ر نه‌وه‌كان چاره‌نووسی خۆیان له‌ڕێگای شۆڕشه‌كان دیاری بكه‌ن، وتی: «پێویسته دانبه‌وه‌دا بنێم وشه‌ی شۆڕش ده‌ترسێنێ. خه‌ڵكی نزیكه‌ی سێ سه‌ده‌یه شۆڕش ده‌كه‌ن، شۆڕشی فه‌ره‌نسی، شۆڕشی ئه‌ڵمانی، شۆڕشی رووسی، شۆڕشی چینی، شۆڕشی ڤێتنامی و له‌كۆتایشدا شۆڕشی ئێرانی. به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌موو ئه‌و شۆڕشانه هیچیان نه‌هێنا جگه له‌زیادكردنی كاره‌ساته‌كان بۆ گه‌لان و به‌هه‌مان شێوه بۆ تاكه‌كان. نه‌ك ئه‌وه‌نده به‌ڵكو حاڵه‌ته‌كانی سته‌م و زۆرلێكردن و كۆیله‌كردنی دوو هێنده كردووه. شۆڕش كه له‌سه‌ره‌تادا واتای رزگاری و عه‌داله‌ت و خۆشه‌ویستی ده‌گه‌یه‌نێ، بۆ پرۆسه‌كانی تۆڵه‌ساندنه‌وه و تاڵانی سامناك گۆڕاوه و بۆته هۆكارێكیش خه‌ڵكانێك بۆ زیاتركردنی ئازاره‌كانی خه‌ڵكی و كۆستی گه‌لان به‌كاری ده‌هێنن. سه‌یری ئێرانی ئێستا بكه، شتێكه بڕوای پێناكرێت. وه‌های لێهاتووه بترسێم رادیۆ داگیرسێنم یان رۆژنامه لێككه‌مه‌وه. له‌وانه‌ش نامۆتر ئه‌وانه‌ی به‌شۆڕشه‌كان هه‌ڵده‌ستن هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه ئازاریان چێشتووه و سه‌ركوتكردن و ریسواكردن ده‌ناسن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وان زۆرتر پیاده‌ی ده‌كه‌ن، به‌شێوه‌ی وه‌ها دڕندانه‌تربێ له‌وه‌ی پێشوو. ئێستا من له‌گه‌ڵ ئه‌و دروشمه‌ی (هیبیه‌كان)م كه ده‌ڵێت سێكس بكه و خۆشه‌ویستی مه‌كه«!
قه‌یرانی رۆشنبیری
وه‌هام بۆ ده‌ركه‌وت ئه‌و هه‌ڵوێستانه وه‌ك بانگه‌وازبێ بۆ خۆكوشتنی به‌كۆمه‌ڵ، به‌ڵام يۆنێسكۆ وتی :»بۆچوونی خۆم ده‌ربڕی، هه‌رچی پرسی خۆكوشتنه ئه‌وه پرسێكی دیكه‌یه، له‌وانه‌یه واتای گروپێك یان كۆبوونه‌وه ئایینییه‌كان بێ وه‌ك ئه‌وانه‌ی له‌ئه‌مه‌ریكا هه‌ن. من باسم له‌ڕه‌شبینی كرد. تۆش ده‌بینی من له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیه‌كه‌م به‌هه‌موو ئه‌و ره‌شبینیانه و به‌هه‌موو ئه‌و بێهیوایانه‌ی كه گیانم ده‌هه‌ژێنن ده‌ژیه‌م، به‌ڵكو پێویسته له‌سه‌رم ئه‌وه‌ش زیاد بكه‌م زه‌ڕورییه نه‌وه نوێیه‌كان پارێزگاری له‌بێگه‌ردی و ئارامی له‌و جیهانه شێته بكه‌ن. ئه‌و جیهانه‌ی بریتییه له‌چیرۆكێك كه‌سێكی كه‌وده‌ن ده‌یگێڕێته‌وه، پڕه له‌هاتوهاوار و توندوتیژی، وه‌ك ئه‌وه‌ی شكسپیر ده‌یڵێت».
له‌باره‌ی ئه‌وانه‌ش كه باس له‌قه‌یرانی رۆشنبیری ده‌كه‌ن له‌جیهان يۆنێسكۆ وتی : «به‌ڵێ، ئه‌مڕۆ له‌بواری دروستكردن و داهێنان قه‌یرانی گه‌وره هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌و بڕوایه‌م هێشتا رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی ته‌نیا ئه‌وانن كه هه‌وڵی رزگاركردنی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه پێویسته رزگار بكرێت. تۆ ده‌زانی ئه‌وان (رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان) به‌رده‌وام رووبه‌ڕووی قه‌یرانه‌كان بوون و به‌ر له‌ڕوودانیشیان پێشبینیان ده‌كه‌ن. بۆ نموونه ئه‌مڕۆ له‌فه‌ره‌نسا نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند هه‌ن له‌زۆر گرفتی فه‌لسه‌فی پێداچوونه‌وه ده‌كه‌ن و هه‌وڵی تێگه‌یشتن له‌وه‌ش ده‌ده‌ن كه له‌جیهانی ئه‌مڕۆ رووده‌دات. منیش له‌و بڕوایه‌م كاره‌كانیان تا ئاستێك سه‌ركه‌وتووه«.
له‌باره‌ی سۆفیگه‌ری و سۆفییه‌كان و گرنگییدانی يۆنێسكۆ به‌و بواره‌ش وتی : «گه‌واهیدانه‌كانی سۆفییه‌كان ساڵانێكه جێكه‌ی بایه‌خی منن. منیش ناوبه‌ناو ده‌یانخوێنمه‌وه، له‌و باوه‌ڕه‌شم له‌ناویاندا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌م دۆزیوه‌ته‌وه كه له‌و ماوه سه‌خته‌ی ژیانم بیری سه‌رقاڵكردووم». هه‌روه‌ها وتی :»له‌و بڕوایه‌م كاره‌كانی سۆفیگه‌ری له‌قۆناغه سه‌خته‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی نووسراون. كاری وه‌هاشن ره‌نگدانه‌وه‌ی ره‌شبینی به‌كۆمه‌ڵ و دڵه‌ڕاوكه‌ی روحی گه‌وره‌ن. من ده‌ڵێم ئێستا زه‌ڕورییه توێژینه‌وه له‌كاره‌كانی ئه‌و سۆفیانه بكرێت تاكو بتوانین له‌به‌رامبه‌ر كاره‌ساته‌كانی ئه‌مڕۆ به‌یه‌كگرتوویی بمێنینه‌وه. له‌باره‌ی ئه‌و سۆفیانه‌ش كه گرنگییان پێ ده‌ده‌م زۆربه‌یان مه‌سیحین له‌وانه (تیریزا دی ئاڤیلا) و (سانت خوان) و (فرانسوا داسیز) و ده‌كرێت (سانت ئوگستین) یش.
سه‌باره‌ت به‌سۆفیگه‌ری عه‌ره‌ب و تاچه‌ندیش شاره‌زای شوێنه‌واره‌كانیانه، وتی :»نه‌خێر هه‌رگیز، ده‌كرێت ناوی هه‌ندێكیانم بۆ به‌ریت؟» باسی (حه‌لاج) و (النفری) و (ابن العربی) و (ابن الفارض) م بۆ كرد. ئه‌وه‌شم بۆ باس كرد به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ زمانی فه‌ره‌نسی وه‌رگێڕدراون و لای ئه‌وان ناسراون. يۆنێسكۆ وه‌ڵامی دامه‌وه :» هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌گه‌ر بكرێت سه‌یریان بكه‌م. من ده‌مه‌وێت شتێكی دیكه بڵێم كه له‌ته‌ك ته‌سه‌وف مرۆڤ له‌ره‌هایی نزیك ده‌كاته‌وه ئه‌ویش هونه‌ره. هونه‌ر له‌دیدی من ده‌گه‌ڕیت به‌دوای ره‌هایی و خوداوه‌ندی و حه‌قیقه‌ت. هونه‌ر خه‌ڵكی له‌یه‌ك نزیك ده‌كاته‌وه، به‌ڵام سیاسه‌ت له‌یه‌كتریان جیا ده‌كات».
به‌ریئی له‌نووسین
له‌نووسینه‌كان و له‌شانۆگه‌رییه‌كانی وه‌ها دیاره گرنگی به‌كاره‌ساته‌كانی جیهان ده‌دات. ئه‌و گاڵته ده‌كات و پێده‌كه‌نێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێ ره‌شباون. يۆنێسكۆ له‌و باره‌وه وتی : «وه‌ها ده‌هاته به‌رچاوم جیهان بریتییه له‌شانۆگه‌ریه‌ك كۆسته‌بایی و شادومانی به‌سه‌ریدا زاڵه، به‌ڵام شانۆگه‌ریه‌كی زۆر به‌ئازاره. منیش ده‌مه‌ویست له‌ڕێگه‌ی شانۆگه‌ریه‌كانم بڵێم له‌سه‌رمانه به‌هه‌موو ئه‌وانه‌ی رێده‌كات و له‌پێشمان رووده‌ده‌ن، پێكه‌نین و پێكه‌نین و پێكه‌نیین. به‌ڵام له‌شانۆگه‌ریه به‌راییه‌كانم من به‌گوێره‌ی پێویست پێنه‌كه‌نیم. ئه‌وه خه‌ڵكی بوون له‌و باوه‌ڕه بوون شانۆگه‌ری وه‌ها ده‌بینن هانیان ده‌دات بۆ پێكه‌نین، به‌ڵام من به‌ریئم له‌وه. وابزانم بینه‌ران له‌مه‌به‌ستی من له‌ناو شانۆگه‌ریه‌كانم به‌چاكی تێنه‌گه‌یشتبوون كه كۆمیدی نه‌بوون به‌لای ئه‌وانه‌ی له‌و باوه‌ڕه‌ن گاڵته‌جاڕی واتای كۆمیدی ده‌گه‌یه‌نێ! بۆ نموونه له‌شانۆگه‌ری (كورسییه‌كان) گوزارشتم له‌پرسی عه‌ده‌م كردووه«.
يۆنێسكۆ وه‌ها دیاربوو هانی پیاده‌كردنی هونه‌ری ده‌دا، به‌ڵام دانی پێدانا چیتر ناتوانێ بنووسێ و بخوێنێته‌وه. له‌و باره‌وه وتی :»من چیتر بڕوام به‌وشه‌كان نییه چونكه لای من واتای زۆر بڵێی له‌دۆڵی وێرانه ده‌گه‌یه‌نێ، به‌ڵام به‌ڕێگای دیكه به‌رده‌وامم له‌پیاده‌كردنی هونه‌ر. من ئێستا نیگار ده‌كێشم، چونكه نیگار به‌بۆچوونی من بیده‌نگی ره‌هایه. راسته له‌نیگاریش ژاوه‌ژاوی گه‌وره هه‌یه. بۆ نمونه روبینز (1) كه به‌لای من نیگاركێشێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵام تا ئاستی بێزاركردن زۆر بڵێیه. كه‌سه‌یری تابلۆكانی ده‌كه‌م وه‌هام به‌خه‌یاڵدا دێت زۆربڵێی ده‌كات. نیگار زیاتر له‌هه‌موو هونه‌ره‌كانی دیكه په‌یوه‌سته به‌بێده‌نگی. منیش ئیستا گۆشه‌گیری ته‌واوم پێ باشه. له‌گۆشه‌گیری ملكه‌چی و رامان و دانایی به‌رده‌ست ده‌بێت.
سەرچاوە: www.alarab.co.uk
(1) مه‌به‌ستی (سێر پیتەر پاول روبینزSir Peter Paul Rubens ) 1577- 1640 ی گه‌وره نیگاركێشی قوتابخانه‌ی بارۆكه. لەبەر ئەوەی نیگار و پۆرترێتی بۆ زۆر پادشا و میر و بنەماڵەكانیان كێشاوە، بۆیە بەمیری نیگاركێشان دادەنرێ. (وه‌رگێڕ)
وەرگێڕانی/ ئاكۆ عەبدوڵا