كورد.. سەدەیەك لە قوربانیدان لە جەنگەكانی ئەوانی تر بێ دانپێنانی سیاسیی

293

عەبدولقادر زادە محۆ*
كێشەی كورد هیچ كاتێك تەنها پرسێكی نەتەوەیی ڕاگوزەر نەبووە، لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵكوو یەكێكە لە ئاڵۆزترین و تێكەڵاوترین كێشەكان، كە تێیدا جوگرافیا و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەكان تێكەڵ بوون و كوردستانیش، بۆ گۆڕەپانێكی كراوە، بۆ ململانێی ئەوانی تر گۆڕا، كەچی گەلەكەی لە دەرەوەی تێكەولێكەی سەوداكاندا مایەوە. دوای كۆتایی هاتنی یەكەم جەنگی جیهانگرەوەدا، كورد لایەنێكی كێشانی داهاتووی خۆی نەبوو، بەڵكو بووە بابەتێك بۆ بڕیارە نێودەوڵەتییەكان، كە بەپێی بەرژەوەندیی زلهێزەكان داڕێژرابوون؛ ئەمەش بە ڕوونی لە ڕێككەوتننامەی (سایكس-پیكۆ)دا دەركەوت، كە ناوچەكەی بۆ چەند قەوارەیەكی سیاسیی دەستكرد دابەش كرد، كوردستانیشی بەچوار وڵاتەوە لكاند، بەمەش قۆناغێكی نوێ لە مەینەتی سیاسیی و بوونگەراییەوە، دەستی پێ كرد.
ئەم دابەشكردنە تەنها هەڵەیەكی مێژوویی نەبوو، بەڵكوو دەربڕینی ویستێكی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریكردن، لە دروستبوونی قەوارەیەكی كوردی سەربەخۆدا بوو، لە ترسی ئەوەی نەوەك كاریگەری لەسەر هاوسەنگییەكانی ناوچەكە و بەرژەوەندییەكانی زلهێزەكاندا هەبێت. ڕۆژئاوا، كە لە دوای یەكەم جەنگی جیهانگرەوەدا، دروشمەكانی مافی چارەی خۆنووسینی بەرزكردەوە، هەر زوو لێی پاشگەز بووەوە، كاتێك لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی خۆی، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە وەك توركیا، ئێران و عێراق؛ كە -تاكوو ئێستا- كۆڵەگەی سەرەكیی هاوكێشەكانی ئاسایش، وزە و هەژموونن، یەكی نەدەگرتەوە. بەم شێوەیە، كێشەی كورد بووە ڕۆژەڤێكی دواخراو، كە لە كاتی پێویستدا بەكاردەهێنرێت، لە كاتی یەكگرتنی بەرژەوەندییەكانیشدا، سڕ دەكرێت.
لە ماوەی چەند دەیەكی سەدەی بیستەمدا، هەروەها لە نێوان دووەم جەنگی جیهانگرەوە و سەردەمی جەنگی سارددا، كورد جارێكی تر خۆیان لە ناو جەرگەی ململانێیەكی نێودەوڵەتیدا بینییەوە، كە خاوەنی ئامرازەكانی نەبوون. بزووتنەوە سیاسی و سەربازییەكانیان، وەك كارتی گوشار لە نێوان هەردوو سەربازگەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا بەكارهێنران، وەكوو ئەوەی لە ئەزموونی (كۆماری كوردستان) لە مەهاباد ڕوویدا، كە بە كشانەوەی پشتگیری سۆڤیەت، كەوت؛ ئەمەش دووپاتبوونەوەیەكی ڕوونی شێوەی پشتتێكردنی نێودەوڵەتییە، لەگەڵ یەكەم گۆڕانكاری لە هاوسەنگی هێزەكاندا. ئەم ڕەفتارە ئاوارتە نەبوو، بەڵكو بووە بنەما، چونكە كورد وەك بارمتەی لێكتێگەیشتنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا مایەوە، وەك ئەوەی دوای ڕێككەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی 1975دا ڕوویدا، كاتێك لە هیكڕا هەموو جۆرە پشتگیرییەك بۆ شۆڕشی كورد وەستا، بۆ ئەوەی بە تەنیا ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆی بێتەوە.
لە سەروبەندی جەنگی عێراق و ئێرانیشدا، جەخاری كورد گەیشتە لوتكە، چونكە ناوچەكانیان بوونە هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوە، هاوكات لە ناوخۆی عێراقیشدا، لەسەر دەستی ڕژێمەكەی سەدام حوسێندا، ڕووبەڕووی شاڵاوەكانی كۆمەڵكوژی بوونەوە، بێ ئەوەی كۆمەڵی نێودەوڵەتی ئەو دەم، هیچ هەنگاوێكی سەرڕاست بۆ ڕاگرتنی ئەو تاوانانە بنێت. ئەو قۆناغە بەڵگەیەكی تر بوو، لەسەر ئەوەی، بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەكان، چ لە باوەشگرتنی ئێران یان لەپشتگیریكردنی عێراقدا، پێش هەر بەهایەكی مرۆیی یان مافگەری دەكەوت، كە بە گەلی كوردەوە پەیوەست بێت.
لەگەڵ سەرەتای سەدەی بیست و یەكەمیشدا، وا دەركەوت، دەرفەتێك بۆ ڕاستكردنەوەی ئەم ڕێڕەوە هاتووەتە پێشەوە، بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی عێراق لە ساڵی 2003 و دەركەوتنی قەوارەیەكی هەرێمیی بۆ كورد، كە خاوەن بڕێك لە دەسەڵاتی خۆیەتی، هەروەها لەگەڵ دەركەوتنی ڕۆڵی كورد لە سووریا، دوای بەهاری عەرەبی. بەڵام ئەم دەرفەتانە، لە ژێر بنمیچی هەمان بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا، بە سنوورداری مانەوە، چونكە هێزە گەورەكان لەترسی بەریەككەوتن لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی هاوپەیماندا، ڕێگەیان نەدا، ئەم ئەزموونانە ببنە پڕۆژەیەكی سەروەریی تەواو.
هەمان دیمەن لە كاتی شەڕ لە دژی ڕێكخراوی داعش دووپات بووەوە، كاتێك هێزە كوردییەكان ڕۆڵێكی یەكلاكەرەوەیان لە تێكشكاندنی ئەو ڕێكخراوە گێڕا و قوربانیی زۆریشیان لە جیاتی جیهان دا، بەڵام ئەم قوربانییانە، بۆ دانپێنانێكی سیاسیی ڕوون بە مافە نەتەوەییەكانیان، پاچڤە نەكرا، بەڵكوو هێزە نێودەوڵەتییەكان، گەڕانەوە سەر هەمان سیاستە نەریتییەكانی خۆیان، كە لەسەر بنەمای ڕاییكردنی هاوسەنگییەكان، نەك چارەسەركردنی كێشەكان، بەرپا بووە.
یەكێك لە دیارترین هۆكارەكان، كە وای كردووە، كورد هەمیشە لە پێگەی قوربانیدا بێت، یەكگرتنەوەی بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بووە لەگەڵ ئەو وڵاتە هەرێمییانەی، كە دژی هەر قەوارەیەكی سەربەخۆن بۆ كورد. توركیا وەكوو ئەندامێكی ناتۆ، هاوبەشێكی ستراتیژی ڕۆژئاوایە لە ڕۆژەڤەكانی ئاسایش، وزە و كۆچكردندا؛ ئێران یاریزانێكی هەرێمییە، كە ناتوانرێت لە هاوكێشەكانی سەقامگیرید، پشتگوێ بخرێت؛ عێراقیش وڵاتێكی گرنگە لە بازاڕی وزەدا. لە سایەی ئەم هاوكێشەیەدا، پشتگیریكردن لە هەر پڕۆژەیەكی كوردیانە بۆ سەربەخۆیی، یان تەنانەت بۆ فراوانكردنی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری، دەبێتە سەركێشییەكی سیاسیی، كە هێزە گەورەكان نایانەوێت ئەنجامی بدەن، ئەمەش پاڵیان پێوە دەنێت، پاراستنی بارودۆخی ئێستایان پێ باشتر بێت، ئەگەر لەسەر كیستی مافی ملیۆنان كوردیش بێت.
ئەمڕۆكەش، لەگەڵ هەڵكشانی گرژییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكاندا، كورد جارێكی تر دەگەڕێتەوە ڕووگەی ڕووداوەكان، نەك وەك خاوەن دۆزێك، بەڵكوو وەك گۆڕەپانێكی ململانێی ئەگەریانە. هەر جارێكیش نەخشەی هەژموونەكان بگۆڕێن، هەمان نەهامەتی بەرهەم دەهێنرێتەوە: كورد شەڕ دەكەن، قوربانی دەدەن، پاشان لە دەرەوەی هاوكێشەی چارەسەردا، جێدەهێڵدرێن. بەرەواژییە مێژووییەكە لێرەدایە، گەلێكی تەواو بووەتە توخمێكی جێگیر لە جەنگەكاندا، بەڵام گۆڕاوێكی پێوارە لە ڕێككەوتنەكاندا.
بەردەوامیی ئەم ڕێچكەیە، تەنها هەڕەشە لە داهاتووی گەلی كورد ناكات، بەڵكو دۆخێكی ناسەقامگیرییش لە هەموو ناوچەكەدا دەچەسپێنێت، چونكە پشتگوێخستنی مافە نەتەوەییە ڕەواكان، نابێتە هۆی ڕەتكردنەوەیان، بەڵكو تەنها تەقینەوەیان دوادەخات. بەبێ دیدگایەكی نوێی نێودەوڵەتییش، كە وەك نەتەوەیەكی خاوەن مافی چارەی خۆنووسین و هاوشێوەی گەلانی تری جیهان، دان بە كورددا بنێت، كوردستان هەر وەك گۆڕەپانێكی كراوە بۆ جەنگەكان دەمێنێتەوە، گەلەكەشی هەر باجی هاوسەنگییەك دەدات، كە هیچ كاتێك هاوبەشی دروستكردنیان نەبووە.
* ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا (ئەلپارتی).
و: ڕەمزی میرەكانی