خدر مهنتك
دیاردەی دەوڵەتی قووڵ، لە عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣، وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشە سیاسی و یاساییەکانی ناوچەکە دەردەکەوێت. ئەم دیاردەیە لە واقیعدا بریتییە لە دروستبوونی تۆڕێکی ئاڵۆز لە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان کە لە پشت پەردەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە کار دەکەن و بڕیارە ستراتیژییەکانی وڵاتەکە ئاڕاستە دەکەن.
ئەوەی ئەم سیستمە لە دەوڵەتی ڕاستەقینە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەستی ئەو کەس و لایەنانەدایە کە لە ڕووی دەستوورییەوە بەرپرسیار نین، بەڵکو لە ڕێگەی هەژموونی سەربازی و داراییەوە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر جومگە هەستیارەکانی حکومەتدا سەپاندووە.
کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم دەوڵەتە سێبەرە لە هەژموونی گروپە چەکدارە نادەولەتیەکان بەرجەستە دەبێت، کە زۆربەی کات خاوەن ئەجێندای ئایدیۆلۆژیی هەرێمی و سنووربەزێنن. ئەم گروپانە توانیویانە بنەمای (قۆرخکاریی بەکارهێنانی هێز) کە تەنها مافی دەوڵەتە، تێکبشکێنن و ببنە خاوەن بڕیار لە کێشە چارەنووسسازەکانی وەک شەڕ و ئاشتی. مەترسیی ئەم دۆخە کاتێک زیاتر دەبێت کە دەبینرێت ئەم هێزانە بەبێ گەڕانەوە بۆ فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان، هێرش دەکەنە سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و وڵاتانی دراوسێ و ناوچە نیشتەجێبوونەکان، ئەمەش وای کردووە کە سەروەریی دەوڵەت تەنها وەک ڕواڵەتێکی یاسایی بمێنێتەوە و ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی لەدەست بدات.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەژموونە سەربازییەدا، لە عێراق ئابووریی سێبەر وەک مەکینەی دارایی دەوڵەتی قووڵ کار دەکات. ئەم سیستمە داراییە لە ڕێگەی سپیکردنەوەی پارە، کۆنترۆڵکردنی مەزادی دراو و دەستبەسەرداگرتنی گرێبەستە گەورەکانی وەبەرهێنانەوە گەشە دەکات. ئەم داهاتانە تەنها بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی سەربازیی گروپە میلیشیاکان بەکاردێن. دەرەنجامی ئەم ڕەفتارانە ڕاستەوخۆ لە داڕمانی بەهای دینار و تێکچوونی بژێوی هاووڵاتیاندا ڕەنگ دەداتەوە، چونکە سامانی گشتی لەبری ئاوەدانکردنەوە، دەخرێتە خزمەت ئەجێندا هەرێمییەکانەوە.
قووڵایی ئەم تەنگژەیە کاتێک زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە دەبینین دەوڵەتی سێبەر توانیویەتی هەژموونی خۆی بسەپێنێت بەسەر سیستمی بیرۆکراسی و دادوەریی وڵاتەوە. دروستکردنی تۆڕێکی فراوان لە بریکارە هەمیشەییەکان و فەرمانبەرانی باڵا لە ناو وەزارەتەکاندا، وایکردووە کە هەر هەوڵێکی چاکسازی یان لێپرسینەوەیەکی یاسایی پەک بخرێت. کاتێک دەزگا چاودێرییەکان و دادگاکان دەکەونە ژێر هەڕەشەی سەربازی یان فشاری سیاسی، سەروەریی یاسا دەبێتە دروشمێکی بێمانا و گەندەڵی دەبێتە سیستمێکی ڕێکخراو کە کەس نەتوانێت لێی بپرسێتەوە.
بۆ پاراستنی ئەم ئیمپراتۆرییەتە نادیارە، دەوڵەتی سێبەر پەنا دەباتە بەر ئامرازە توندەکان، لەوانە پاکتاوکردنی سیاسی بۆ بێدەنگکردنی نەیارەکان و چالاکوانان، لەگەڵ بەکارهێنانی سوپای ئەلیکترۆنی و میدیای ئاڕاستەکراو بۆ شێواندنی ڕاستییەکان. ئەم جەنگە دەروونی و میدیاییە ئامانجی ئەوەیە کە شەرعییەت لە دەنگی نیشتمانی وەربگرێتەوە و هەر ڕەخنەیەک وەک خیانەت پێناسە بکات. لە کۆتاییدا، عێراق وەک قەوارەیەکی سیاسی لەبەردەم هەڕەشەیەکی وجوودیدایە؛ چونکە تا ئەو کاتەی “دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا” هەبێت و چەک و پارە لە دەرەوەی یاسا بێت، نە ئارامیی ناوخۆیی و نە سەروەریی نێودەوڵەتی بەدی نایەت.