پارتی دیموكراتی كوردستان.. حەوت دەیە لە ئەمەكی نیشتمانی

308

حەمدی شنگالی
لە سەردەمێكدا كە بنەماكان دادەخورێن و متمانەش لەگەڵیدا دادەخورێت، بەجێگەیاندنی بەڵێن وەك بارانی بیابان، دەگمەن دەبێت، پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی)، وەك هێمایەكی دیار لە دیمەنی سیاسیی عێراق و هەرێمەكەدا دەمێنێتەوە. لەو كاتەوەی لە ساڵی 1946 لەسەر دەستی سەركردەی نەمر مەلا مستەفا بارزانی دامەزراوە، پارتی تەنها ڕێكخراوێكی سیاسی نەبووە، كە بەدوای بەرژەوەندییە تەسكەكاندا بگەڕێت، بەڵكوو پێشان و ئێستاش پڕۆژەیەكی شارستانیی پتوونە، كە لەسەر سێ كۆڵەگەی سەرەكی ڕاوەستاوە و سازشیان لەسەر ناكات: كەرامەت، بەڵێن و ویژدان.
پارتی كێیە؟
هەڵەیە ئەو كەسەی پارتی دیموكراتی كوردستان، تەنها لە چوارچێوەی پارتە نەتەوەییە ئاسۆ بەرتەسكەكاندا، كورت دەكاتەوە، چونكە ئەو زۆر لەوە گشتگیرتر و قووڵترە. پارتی حزبێكە مێژوویەكی درێژی خەباتی لە پێناوی ئازادی و كەرامەت، لە خوێنیدایە، بەڵام لە هەمان كاتدا حزبێكە، یەكپارچەیی و سەروەریی عێراق بە كۆڵەگەیەك دەبینێت، كە ناتوانرێت دەستبەرداری بێت. ئەمەشی بە كردەوە نەك بە وتار، لە سەخترین وێستگەكان و توندترین تاقیكردنەوە بۆ هەڵوێستەكاندا سەلماندووە. پارتی لە ساتە یەكەمەكانی دامەزراندنییەوە، پەیامێكی دوولایەنەی هەڵگرتووە: بەرگریكردن لە ناسنامەی كورد و پاراستنی مافەكانی لە لایەك و بەشداریكردنی تەواو لە بنیاتنانی دەوڵەتی عێراق لە لایەكی ترەوە. ئەمەش تەنها خۆشگوزەرانییەكی سیاسی یان دووفاقەیی لە خۆبەندیدا نەبوو، بەڵكو دەربڕینێكی ڕاستگۆیانە لە قەناعەتێكی چەسپاو بوو كە دەڵێت: برایەتی كورد و عەرەب، تەنها دروشمێكی هەڵبژاردن نییە، بەڵكو ڕاستییەكی مێژوویی و مرۆییە، كە دەبێت بپارێزرێت و شتی لەسەر بنیات بنرێت.
ساڵی 2003: كاتێك كورد عێراقی یەكخست
كاتێك ڕژێمی سەدام لە ساڵی 2003دا ڕووخا، عێراق خۆی لەبەردەم بۆشاییەكی سیاسی گەورە و ئاڵنگارییەكی بوونی چارەنووسسازدا بینییەوە. لەو ساتە هەستیارەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان، هاوبەشێكی كارا و بەرچاوی بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراق بوو، نموونەیەكی جوانی هاوبەشی سیاسیی بنیاتنەر لە قۆناغێكی زۆر ورد و ئاڵۆزدا، پێشكەش كرد.
ساڵی2005.. كاتێك كورد یاساكانی یاری دیموكراسیی داڕشت
لەگەڵ داڕشتنی سیستەمی حوكمڕانی عێراق لە ساڵی 2005 و چەسپاندنی ڕێساكانی پەیوەست بە دابەشكردنی سێ سەرۆكایەتییەكە، پارتی دیموكراتی كوردستان، لایەنێكی سەرەكی چەسپاندنی ئەم سازانە نیشتمانییە بوو. لە دیمەنێكی پڕ لە واتادا، كە قووڵیی تێڕوانینی بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمان نیشان دەدات، سەرۆك مەسعود بارزانی، پێی باش بوو بەربژێرێك لە دەرەوەی ڕیزەكانی پارتی، بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق پێشكەش بكات، بۆیە سەركردەی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی، بۆ ئەم پۆستە باڵایە بەربژێر كرد، دوای ئەوەی بە توندی و بەبێ هیچ دوودڵی و پاشگەزبوونەوەیەك، ئەو پۆستەی بۆ خۆی ڕەتكردەوە. ئەمەش هەڵوێستێكە، تەنها لە سەركردەیەكی دڵسۆز دەوەشێتەوە، كە بەرژەوەندی نیشتمان دەخاتە سەرووی هەموو هەژمارێكی حزبی و خۆدەوە. هەر بەهەمان شێوە، سەرۆك بارزانی هەمیشە جەختی كردووەتەوە كە نازناوی (پێشمەرگە)، ئازیزترین نازناوە لەلای و لە هەموو پۆستە سیاسی و ئیدارییە باڵاكان كە لە كاروانی ژیانیدا وەریگرتوون، لەپێشترە. ئەمەش ئاماژەیەكی قووڵە بۆ ناسنامەی پیاوێكی سەربازیی، كە خەبات دروستی كردووە، پێش ئەوەی دەسەڵات دروستی بكات.
شەڕی داعش.. كاتێك كورد بەرگری لە هەموو عێراق كرد
كاتێك ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014دا، ڕووبەرێكی فراوانی لە خاكی عێراق داگیركرد و لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا، چەندان شاری گرت، هێزەكانی پێشمەرگە وەك بەربەستێكی پۆڵایین لەبەردەم ئەم شەپۆلە تاوانكارییەدا وەستان، نەك تەنها بۆ بەرگریكردن لە كورد، بەڵكو بۆ بەرگریكردن لە عێراق، بە هەموو پێكهاتە و چینەكانییەوە، بەڵكو بۆ بەرگریكردن لە هەموو مرۆڤایەتی، ئەمەش كۆمەڵی نێودەوڵەتی دانی پێدا نا و وتە و گەواهی سەركردە و بەرپرسانی جیهانیش، دووپاتیان كردەوە. لەو داستانە گەورانەدا، وێنە نەمرەكانی هاوكاری مرۆیی بەرز نەخشێنران، كاتێك كورد شانبەشانی برایانی عەرەب و پێكهاتەكانی تری گەلی عێراق، لە یەك سەنگەردا ڕووبەڕووی تیرۆری كوێر بوونەوە. ئەم هەڵوێستە مێژووییە، ڕۆژگار نایسڕێتەوە و هەژمارە سیاسییەكان و وەرچەرخانەكانیش، دایناپۆشن. ئەم وێنەیەش بە دیمەنێكی مرۆیی تەواو دەبێت، كە لە ڕووی قووڵی و جێگیرییەوە، هیچی كەمتر نییە؛ ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بەوە دەكەن، نزیكەی سێ ملیۆن و نیو ئاوارە لەو ناوچانەی داعش داگیری كردبوون هەڵاتن، لە كاتێكدا دەروازەكانی تر داخرابوون و ڕێگەكان مەترسیدار بوون. كەچی سەرۆك مەسعود بارزانی، دەرگەكانی هەرێمی كوردستانی بەبێ جیاوازی و دوودڵی، بەڕووی ئەو ئاوارەكاندا واڵا كرد، ئەمەش زۆر كەس ستایشیان كرد و دووپاتیان كردەوە، هەڵوێستەكەی بارزانی، نموونەیەكی ئاوارتەی برایەتی نیشتمانی و بەرپرسیارێتی مرۆیی بوو.
كوردستان نموونەیەك بۆ پێكەوەژیان
لە سایەی چوارچێوەیەكی هەرێمی، كە بە ململانێ و گرژییەكان دەكوڵێت، هەرێمی كوردستانی عێراق وەك نموونەیەكی ناوازە وەستاوە، كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێش ئەوانی تر شایەتی بۆ دەدات. ناوچەیەكە كە پێشوازی لە سەدان هەزار ئاوارەی عەرەب، كریستیان و پێكهاتەكانی تر كردووە، پەناگە، كەرامەت و ژیانێكی شایستەی بۆ دابین كردوون. لە كوردستاندا، كورد، عەرەب، كریستیان و ئێزیدی شانبەشانی یەكدی، لە ناو شیرازەیەكی كۆمەڵایەتی یەكگرتوودا دەژین، كە ڕەنگدانەوەی قووڵیی برایەتی مرۆییە نەك ساختەكاری. ئەمەش بەدڵنیاییەوە لە خۆڕا نەهاتووە، بەڵكو بەرهەمی ئەو سیاستە چەسپاوانەیە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا دایڕشتووە؛ سیاسەتێكە وەك سامان سەیری فرەچەشنی دەكات، نەك وەك بارگرانی، وەك هاوبەش سەیری ئەوی تر دەكات، نەك وەك نەیار.
سەركردایەتییەك دەزانێت چ دەڵێت
جیاوازییەكی بنەڕەتی لە نێوان ئەو سەركردەیەدا هەیە، كە پێشەوایەتی دەكات و ئەو بەرپرسەی كە بەڕێوەدەبات. سەرۆك مەسعود بارزانی، سەر بەو جۆرە سەركردە دەگمەنانەیە، كە خەمی هەموو نیشتمانیانە، نەك تەنیا خەمی چینێكی دیاریكراو یان جوگرافیایەكی سنووردار. ئەو پیاوەیە كە بەسەر ناڵەی هیچ هاووڵاتییەكی عێراقیدا تێپەڕ نابێت، چ لە بەسرە بێت یان نەجەف یان بابل یان هەر شوێنێكی تری عێراقدا، مەگەر بە هەمان ئەو گرنگیپێدان و چاودێرییەی كە بۆ هاووڵاتییەكی كورد هەیەتی، مامەڵەی لەگەڵ دەكات. ئەمەش تەنها بانگەشە نییە، بەڵكو ڕەفتارێكی چەسپاو و مێژووە، كە نزیك و دوور بەیەكەوە شایەتی بۆ دەدەن. ئەوەی ئەمڕۆكە سەرۆك بارزانی ئەنجامی دەدات، داهێنانێكی تاكەكەسیی نییە، بەڵكوو درێژكراوەیەكی سروشتی ئەو میراتە ڕەسەنەیە، كە لە باوكی، سەركردەی نەمر مەلا مستەفا بارزانییەوە بۆی ماوەتەوە، كە باوەڕی وابوو، سەركردایەتی ڕاستەقینە پەیامێكی مرۆیی گشتگیرە، پێش ئەوەی چەقی دەسەڵات بێت. لەم مانایەدا، سەرۆك مەسعود كۆشش دەكات، ببێتە میراتگرێكی دەستپاكی ئەم میراتە، هەوڵیش دەدات، جاویدانی بكات و فێری نەوەكانی داهاتووی بكات.
هەڵوێستی پارتی سەبارەت بە سەرۆكایەتی كۆمار
هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە ڕۆژەڤی سەرۆكایەتی كۆمار، قەت لە دەمارگیری بۆ ناوەكان یان دەستگرتن بە كەسەكانەوە، سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو دەربڕینێكی ڕاستگۆیانەی بنەمایەكی چەسپاوە، كە سەرۆك مەسعود بارزانی باوەڕی پێیەتی ئەویش ئەوەیە: ئەم پۆستە باڵایە تەنها بۆ كەسایەتییەكی كورد بێت كە شایستەی قەبارە و پێگەی عێراق بێت و لە ڕێگەی كۆدەنگییەكی ڕاستەقینە لە ناو ماڵی كورددا، بگەنە ئەنجام، وەك ئەوەی لە پۆستی سەرۆك وەزیران لە ناو ماڵی شیعە و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە ناو ماڵی سوننەدا پەیڕەو دەكرێت. لەم چوارچێوەیەدا، مسۆگەریەكی كرۆكیی بۆ پاراستنی بنەمای هاوسەنگی سیاسی و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆی هەر پێكهاتەیەكدا هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە، سەرۆك بارزانی ڕەزامەندی خۆی بۆ بەبژێركردنی نزار ئامێدی بۆ ئەم پۆستە دەربڕی، بەڵام مەرجێكی بۆ دانا كە سازشی لەسەر ناكرێت: ئەویش ئەوەیە، دەبێت پێشتر كۆدەنگییەكی كوردی-كوردی ڕاستەقینە هەبێت، كە ببێتە هۆی كشانەوەی بەربژێركردنی فوئاد حوسێن و چوونە ناو هۆڵی پەرلەمان، بە دەنگێكی كوردیی یەكگرتووەوە. لەسەر ئەم بنەمایەش، ڕێككەوتنێكی سەرەتایی لەگەڵ سەركردایەتییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كرا، بەڵام ئەو ڕێككەوتنانە لەبەردەم ئەو مانۆڕانەی لە پشتی پەردەوە بەڕێوەدەچوون، زۆری خۆی نەگرت، كە هەوڵیان دەدا ئەم بنەمایە تێبپەڕێنن و بشكێنن. مێژووی سیاسی و شایەتەكانی دیمەنەكەی ئێستا، باشترین شایەتن لەسەر ئەوەی كارەكە بەكوێ گەیشت، تەنها ئاماژەیەكیش بۆ كەسی تێگەیشتوو بەسە.
كەتوارێكی سیاسی كە پێویستی بە پێداچوونەوە و هۆشیاریی هەیە
هیچ خوێندنەوەیەكی دەستپاكانە بۆ دیمەنی سیاسیی كوردی ڕاست نابێتەوە ،بەبێ وەستان لەسەر دیاردەیەك نەبێت، كە سەرنجی زۆری بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە و پێویستی بە چارەسەرێكی سەرڕاست هەیە، ئەویش دیاردەی سەركەوتنی هەندێك سەركردەی گەنجە، كە جڵەوی بڕیاریان لە هەندێك حزبدا گرتووەتە دەست، بەبێ ئەوەی خاوەن قووڵاییەكی مێژوویی یان پاشخانێكی ئەزموونی پێویست، بۆ هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیە بن. ئەو سەركردانە هیچ گرنگییەكی ئەوتۆ بە پیرۆزیی مێژوو، بەهای كەرامەت و قورسایی پەیمان و بەڵێنەكان نادەن. بووەتە شتێكی باو، ئەم سەركردانە لە ڕۆژی یەكەمدا بەڵێنێك بدەن و ڕۆژی دواتر لێی پاشگەز ببنەوە و لەوانەش هەڵدەگەڕێنەوە، كە دەرگەی هاوبەشی نیشتمانی بۆ واڵا كردوون. ئەم ڕەفتارە تەنها مەترسی بۆ سەر پەیوەندییەكانی كورد-كورد نییە، بەڵكو درێژ دەبێتەوە و پەیوەندی كورد لەگەڵ هاوبەشە عەرەبەكان و پێكهاتەكانی تری عێراقیش دەگرێتەوە. لە بەرانبەردا، پارتی دیموكراتی كوردستان، بەجێگیری لەسەر بنەماكانی خۆی دەمێنێتەوە، كە بە گۆڕانی باكان ناهەژەێت، بۆ بەڵینەكانی بەئەمەكە، كە هەمیشە پێی ناسراوە. مێژوو، نەك دروشمەكانیش، دادگەریترین و ماوەترین شایەتە.
ڕەگی قووڵتر
لە هەڵوێستە ڕاگوزەرەكان
لە كۆتاییدا، هەڵوێستی لاواز یان هەڵچوونی سەركێشانەی تاكەكەسیی، پەیوەندییە مێژووییەكەی نێوان عەرەب و كورد لێڵ ناكات. ئەم برایەتییە لە ڕۆژێكدا بنیات نەنراوە و بە یەك هەڵوێستیش ناڕووخێت. چونكە بە خوێنی هاوبەش، خەباتی هاوبەش و ئازاری هاوبەش بەدرێژایی چەندین دەیەوە، هەوێن كراوە. خوێنی كورد تەنها لە دەماری ڕۆڵەكانی باشووری عێراقدا هاتوچۆی نەدەكرد، كاتێك باوەشیان بۆ خێزانە كوردە هەڵاتووەكان لە دەستی زوڵمی ڕژێم دەكردەوە، بەڵكو ئەوەیان شایەتییەكی زیندوو بوو لەسەر یەكێتی چارەنووس. ناوچەكانی نوگرە سەلمان، سەماوە و ناسڕیە دەستی سپییان بۆ ڕۆڵەكانی كوردستان، لە سەخترین كاتەكانی مەینەتیدا درێژ كرد، كاتێك ئامێری سەركوتكردنی بەعس، لە نێوان قوربانییەكانیدا جیاوازی لە نێوان كورد، عەرەب، توركمان، كریستیان، شیعە و سوننەدا نەدەكرد. لە بەندیخانە تاریكەكانی ئەبو غرێبدا، لە نێوان بەندكراوانی سەر بە پێكهاتە جیاوازەكاندا، پەیوەندییەكی مرۆیی نەمر دروست بوو، كە ئەستەمە لەبیر بچێتەوە و شایەتی لەسەر ئەوە دەدەن، ڕژێمی دیكتاتۆر بەزەیی بە كەسدا نەدەهاتەوە، مەینەتی هاوبەشیش، برایەتییەكی ڕاستەقینەی دروست كرد، كە سیاسەت ناتوانێت دروستی بكات. بۆیە، هاوبەشی نیشتمانیی ڕاستەقینە، دەبێت لە نێوان خاوەن مێژووی تێكۆشانی ڕەسەندا بنیات بنرێت، نەك لە نێوان ئەوانەی لەسەر شەپۆلی ناكۆكییەكان هاتوون و بەرهەمی ململانێی پێكهاتەكانن. لێرەوە، پێویستی هۆشیاربوون و بەئاگایی هاووڵاتی عێراق، دووپات دەبێتەوە، كە نابێت لێدوانە بریقەدارەكان هەڵیخەڵەتێنن و بانگەشە ساختەكان پەلكێشی بكەن، نەخاسمە ئەوانەی زوڕناژەنەكان بانگەشەی بۆ دەكەن، كە خزمەت بە بەرژەوەندییە تەسكەكان دەكەن و سوپای ئەلیكترۆنی، بۆ تێكدانی ڕای گشتی و شێواندنی ڕاستییەكان دەخەنە گەڕ، بە مەبەستی گەڕانەوەی میلی كاتژمێر بۆ پێش ساڵی 2003.
پارتی هاوبەشە لە نیشتماندا نەك لایەنێك لە دابەشبووندا
ئەوەی سەرۆك مەسعود بارزانی لە هەموو بۆنەیەكدا جەختی لێ دەكاتەوە، وەك ڕێنمایی ئاراستەی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانیش دەكات، نوێنەرایەتی هەموو عێراق بكەن و لە خزمەت هەموو عێراقییەكاندا بن، بە هەموو ڕەنگ و شارەكانیانەوە، بە ڕوونی هەموو ئەو بانگەشانە پووچەڵ دەكاتەوە، كە پارتی بە جوداخواز تۆمەتبار دەكەن. پارتی دیموكراتی كوردستان، هیچ كاتێك حزبێكی جوداخواز نەبووە، داوای پارچەپارچەكردنی عێراقیشی نەكردووە، بەڵكو بەردەوامە لە چەسپاندنی برایەتی كورد و عەرەب و فێركردنی بە نەوەكانی داهاتوو، چونكە باش دەزانێت، عێراقی یەكگرتوو ئەو نیشتمانەیە كە شایستەی بەرگریكردن و بنیاتنانە. ڕاستییەكەی، تەنها ڕاستی ڕاستە، مێژوو تۆماری دەكات و نەوەكانی داهاتووش دەزانن، كێ لەگەڵ نیشتمان وەستا و كێش بازرگانیی پێوە كرد.
و: ڕەمزی میرەكانی