سهرهتا وتار پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێوان پاراستنی نەریت و بە جیهانیبووندا
سهڵتهنهت عەلی
پارتی دیموکراتی کوردستان تەنها حزبێکی سیاسی نییە کە لە ساڵی ١٩٤٦ دامەزرابێت؛ بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسییە کە توانیویەتی بۆ ماوەی نزیکەی هەشت دەیەی بەردەوام، هاوسەنگییەک لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەکدا ڕابگرێت، خێڵگەریی و نەتەوایەتی لەگەڵ نەریت و تەکنۆکراتیەت.
لەلایەکەوە دەبینین میتۆلۆژیای ڕێبەرایەتی و سەقامگیریی ناوخۆیی لە کاتێکدا زۆربەی پارتە سیاسییەکانی ناوچەکە لەگەڵ گۆڕانکاریی نەوەکاندا تووشی لێکترازان یان گۆڕینی ئایدۆلۆژیا بوون، پارتی توانیویەتی کۆدەنگیی ناوخۆیی خۆی بپارێزێت. ئەمە تەنها پەیوەندی بە هێزەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو مۆدێلە تایبەتەی ڕێبەرایەتییەوە هەیە کە پارتی پەیڕەوی دەکات، مۆدێلێک کە تێیدا سەرۆک وەک چەترێکی کۆکەرەوە دەردەکەوێت بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان بیروبۆچوونە جیاوازەکان و تێکۆشەرانی ناو حزبەکە. لەلایەکی ترەوە گۆڕانکاری لە خەباتی چیاوە بۆ خەباتی دیپلۆماسییەتی جیهانی.
خاڵێکی سەرنجڕاکێش کە کەمتر وەک شیکاری ئاماژەی پێ کراوە، توانای پارتییە لە گۆڕینی زمانی سیاسی خۆی. پارتی لە حزبێکی شۆڕشگێڕی شاخاوی گۆڕاوە بۆ یاریزانێکی دیپلۆماسی کە لە پایتەختە گرنگەکانی جیهان (واشنتۆن، برۆکسل، ئەنقەرە و تاران) هەژموونی هەیە. ئەم گۆڕانکارییە بەبێ لەدەستدانی بنکە جەماوەرییە گوندنشین و نەریتییەکەی، هونەرێکی سیاسییە کە کەم حزب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەنیەتی.
هەروەها تەحەدییەکانی نەوەی نوێی ئێستای پارتی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێدایە کە پێشتر نەیبینیوە هەروەها نەوەیەک کە شۆڕش ئەیلوول و گوڵانی نەبینیوە و تەنها لە ڕێگە و ڕامانی سۆشیاڵ میدیا و ئابوورییەوە حوکم دەدات.
حکومڕانیی پارتی لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر بەرەو دیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان و چاکسازیی دارایی هەنگاوی ناوە، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا پارتی هەوڵ دەدات ناسیۆنالیزمی کوردی لە خەباتی چەکدارییەوە بگۆڕێت بۆ سەقامگیریی ئابووری.
گرەوی داهاتووی پارتی لەسەر ئەوە نییە کە چەند مێژوویەکی پڕ لە سەروەری هەیە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە تا چەند دەتوانێت سیستەمی پێوەندییە کۆمەڵایەتییە کۆنەکان نوێ بکاتەوە بۆ ئەوەی وەڵامدەرەوەی خواستی گەنجێکی بێکاری شارنشین بێت.
پارتی ئێستا لە قۆناغی پارتیی دەوڵەتساز دایە؛ قۆناغێک کە تێیدا پاراستنی قەوارەی هەرێم وەک ئەرکێکی پیرۆز دەبینێت، بەڵام هاوکات دەبێت ڕووبەڕووی ئەو ڕەخنانەش ببێتەوە کە داوای شەفافیەت و دیموکراسییەتی دامەزراوەیی زیاتر دەکەن.