
خەبات – تریفە ئازاد
دوای چەندین ساڵی دوابەدوایەکی کەمبارانی و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی وشکەساڵی، وەرزی دابارین لە ساڵی 2025 – 2026 وەک ساڵێکی پڕ لە بەرەکەت بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت. زستان و بەهارێکی دەگمەن، بە بارینی ڕێژەیەکی بێپێشینەی باران و بەفر و تەرزە، سیمای سرووشتی کوردستانی بە تەواوی گۆڕیوە و هیوا و ژیانی بۆ خاک و دانیشتووانەکەی گەڕاندۆتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا، بە پشت بەستن بە داتا و زانیاری و لێدوانی پسپۆڕان و جووتیاران، تیشک دەخەینە سەر ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم دیاردە سرووشتییە و کاریگەرییەکانی لەسەر کەرتی ئاو، کشتوکاڵ و ئابووریی هەرێمی كوردستان.
داتاکان چی دەڵێن؟
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ڕێژەی بارانبارینی ئەمساڵ ژمارەی پێوانەیی شکاندووە و لە زۆربەی ناوچەکاندا لە تێکڕای ساڵانی ڕابردوو بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاتر بووە. لە پارێزگای سلێمانی و بەتایبەتیش لە ناوچە شاخاوییەکانی وەک پێنجوێن و شارباژێڕ، ڕێژەی بارانبارین لە 1200 ملیمەتر تێپەڕیووە، کە ئەمەش نزیکەی 40% لە تێکڕای ساڵانە زیاترە. لە سەنتەری شاریشدا زیاتر لە 850 ملیمەتر باران باریووە. لە پارێزگای هەولێر و ناوچەکانی سۆران، رواندز و مێرگەسۆر بەفربارینێکی چڕیان بەخۆوە بینیووە، کە بەرزییەکەی لە هەندێک شوێن گەیشتووەتە زیاتر لە دوو مەتر. ئەم بەفرە زۆرە بووەتە هۆی پاشەکەوتێکی ستراتیژیی ئاو کە لەگەڵ گەرمبوونی کەشوهەوادا وردە وردە دەتوێتەوە و سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوییەکان و ڕووبارەکان تێرئاو دەکات. ڕێژەی بارانبارین لە دەشتی هەولێر گەیشتووەتە 650 ملیمەتر. لە پارێزگای دهۆک بەهۆی نزیکیی لە کەشی دەریای ناوەڕاستەوە، سەنتەری پارێزگای دهۆک و بەتایبەت ناوچەی ئامێدی، بارانبارینی بە لێزمەی زۆر بەخۆوە بینیووە و ئامارەکان ئاماژە بە بارینی زیاتر لە 1100 ملیمەتر دەکەن لەو ناوچەیەدا لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و تەنانەت ناوچە گەرمەکانیش کە بە کەمیی باران ناسراون، ئەمساڵ لە هیچ شەپۆلێكی بارانبارین بێبەش نەبوون، لە کەلار و کفری، ڕێژەی بارانبارین لە 400 ملیمەتر نزیک بووەتەوە، کە ئەمەش دوو هێندەی تێکڕای چەند ساڵی ڕابردووە و هیوا دەبەخشێتە جووتیارانی ناوچەکە.
پسپۆرڕ و شارەزایانی كەشناسی لەبارەی ئەم ڕێژە زۆرەی دابارینی ئەمساڵ و بەردەوامبوونی شەپۆلەكانی بارانبارین تا كاتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە پێیانوایە ئەوەی ئەمساڵ ڕوویداوە، دیاردەیەکی دەگمەن بووە، کە دەکرێت ناوی بنێین (ساڵی چاکبوونەوەی سرووشت). ئەم ڕێژە زۆرەی بارانبارین دوای چەندین ساڵ گوشاری وشکەساڵی، وەک پاکردنەوەیەکی سرووشتی وایە بۆ ژینگەی هەرێمی كوردستان، هاوكات دەرفەتێکیشە بۆ ئەوەی حکوومەت و هاووڵاتیان پێکەوە کاربکەن بۆ بەڕێوەبردنێکی دروستی ئەم سامانە ئاوییە.
بەنداوەکان پڕبوون و کانیاوەکان تەقینەوە
یەکێک لە دڵخۆشکەرترین دیمەنەکانی ئەمساڵ، پڕبوونەوەی بەنداوە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان بوو. بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان، کە دوو شادەماری سەرەکیی ئاوی هەرێمن، ئاستی ئاویان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، كە تا ئێستا ئاستی ئاوی دەریاچەی دوکان گەیشتووەتە 510 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا، ئەمەش دیمەنێکی دڵڕفێنی بە ناوچەکە بەخشیوە و گەنجینەیەکی ئاوی یەدەگی بۆ ساڵانی داهاتوو مسۆگەر کردووە. ئەم پڕبوونەوەیە توانای بەرهەمهێنانی کارەباش لە وێستگەی کارۆئاویی دوکان بە ڕێژەی 35% زیاد دەکات. هەروەهاش بەنداوی دەربەندیخان سەرەڕای نیگەرانییەکانی پێشوو لەسەر دۆخی بەنداوەکە، بەڵام بەهۆی بەڕێوەبردنێکی ورد و چاکسازییەکانەوە، توانیویەتی ئەم شەپۆلە گەورەیەی ئاو لەخۆبگرێت و ئێستا ئاستی ئاوەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە 92%ـی توانای گشتیی خۆی.
جگە لەم دوو بەنداوە گەورەیە، بەنداوە بچووکەکانی وەك گۆمەسپان و دەیان پۆند و بەنداوی تریش پڕئاو بوون و بوونەتە سەرچاوەی ژیانەوەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە ناوچەكانیان و ئومێدی دیكەیان بە جووتیاران بەخشییەوە، كە هەموو ئەوانەیش لە ئەنجامی گرنگیدانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە، بە سەرچاوەكانی ئاو و ئاودێری. گرنگتر لەوەش، بوژانەوەی کانیاوەکانە (کانی). لە گوند و ناوچە شاخاوییەکاندا، دەیان کانی کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ وشکیان کردبوو، ئەمساڵ جارێکی تر هەڵقوڵینەوە.
بوژانەوەیەكی نایاب لە کەرتی کشتوکاڵدا
ئەم دابارینە بەخوڕە ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ هەبووە. دەشتە بەپیتەکانی شارەزوور، بیتوێن، هەولێر، و دهۆک، وەک فەرشێکی سەوز دەردەکەون کە تا چاو بڕ بکات داچێنراون. گەنم و جۆ، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕووبەری داچێنراو بە گەنم و جۆ ئەمساڵ گەیشتووەتە زیاتر لە 3.5 ملیۆن دۆنم، کە 30% لە تێکڕای پێنج ساڵی ڕابردوو زیاترە. پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ هەرێمی کوردستان بتوانێت زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو تەن گەنم بەرهەم بهێنێت، کە ئەمەش نەک هەر پێداویستی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە، بەڵکو دەرفەتی هەناردەکردنیش دەڕەخسێنێت و ئاسایشی خۆراک لە هەرێمدا بەهێزتر دەکات.
سەبارەت بە بەروبوومی هاوینەش، تێرئاوبوونی خاک و زەوییەکان، هاندەرێکی گەورە بووە بۆ جوتیاران تا ڕووبکەنە چاندنی بەروبوومەکانی تری وەک تەماتە، خەیار، باینجان، شوتى و کاڵەک و سەوزە. چاوەڕوان دەکرێت بازاڕەکانی کوردستان ئەم هاوینە پڕبن لە بەرهەمی خۆماڵی و هاوردەكردنی ئەم بەروبوومانە لە وڵاتانی دەوروبەر بە ڕێژەیەكی بەرچاو دابەزێت و نرخەکانیش بۆ هاووڵاتیان گونجاوتر بن.
محەمەد سەلیم جوتیارێکی دەشتی هەولێرە و لە کاتێکدا سەرقاڵی چاودێریکردنی کێڵگەی گەنمەکەی بوو، گوتی: پار و پێرار لە ترسی بێ ئاوی و گرانیی تێچوون، نیوەی زەوییەکەمان بە بەراوى دەهێشتەوە. بەڵام ئەمساڵ، دڵمان خۆشە. هەرچی پارەمان هەبوو خستمانە ناو ئەم زەوییەوە و بە باشترین تۆو و پەین داچاندوومانە. گوڵەگەنمەکان سەریان بەرزکردۆتەوە و چاوەڕێی مانگی داهاتوو دەکەین بۆ دروێنە و ئومێدمان هەیە كە ئەمساڵ، ساڵی خێر و بەرەکەت دەبێت.
لێکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان
کاریگەرییەکانی ئەم ساڵە پڕ بارانە تەنیا لە بواری کشتوکاڵدا قەتیس نابێتەوە، بەڵکو چەندین ڕەهەندی تریش دەگرێتەوە: لەوانەش ئاژەڵداری، كە لەوەڕگاکان سەوز و فراوان بوونە و ئەمەش وادەکات مەڕدار و ئاژەڵداران تێچووی کڕینی ئالیکیان بۆ کەم ببێتەوە و بەرهەمی شیر و گۆشتیان زیاد بکات. هەروەهاش لە كەرتی گەشتوگوزاردا پڕبوونی دەریاچەکان، هەڵقوڵینی تاڤگەکان و سەوزبوونی شاخ و دۆڵەکان، وادەکات هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنێکی سەرنجڕاکێشتر بۆ گەشتیارانی ناوخۆیی و دەرەکی، كە پێشبینی دەکرێت هاوینێکی پڕ جوولەی گەشتیاری بێتە ئارا و گەشتیارێكی زۆر سەردانی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بكەن. هاوكات ژینگەی هەرێمی كوردستان بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی شێ لە هەوادا و پاکبوونەوەی ژینگە لە كوژاندنەوەی نزیكەی شەش هەزار موەلیدەی ئەهلی بەهۆی سەركەوتنی پرۆژەی ڕووناكی، خۆی لە پاكبوونەوەی هەوا لە دەبینێتەوە، کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستیی گشتیی هاووڵاتیان دەبێت.
گرنگیدان بە ئاییندە
لەگەڵ هەموو ئەم دڵخۆشی و دەرفەتانەدا، پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەوەی کە نابێت ئەم ساڵە ببێتە هۆی پشتگوێخستنی پلانی درێژخایەن و پێیانوایە، دەبێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر گرنگی بە وەبەرهێنان بدات لەم بوارانەی كە دەبنە هۆی سوودوەرگرتنی بەردەوام لە ئاوی كانیاوەكان و پۆند و بەنداوەكان، نابێت ئەم پڕئاوییەی ئەمساڵ وامان لێبکات بیر لە بەفیڕۆدانی ئاو بکەینەوە. هێشتا پێویستمان بە سیستمى ئاودێریی مۆدێرن (وەک ئاودێریی دڵۆپاندن) و هۆشیاریی بەکارهێنانی ئاو هەیە، چونکە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەردەوامن و کەس نازانێت ساڵی داهاتوو چۆن دەبێت، ئەمە باشترین کاتە بۆ ئەوەی حکوومەت بیر لە دروستکردنی بەنداوی زیاتر و پۆندی بچووک بکاتەوە بۆ گلدانەوەی ئاوی باراناو، تاوەکو لە ساڵانی وشکەساڵیدا سوودی لێوەربگیرێت.
لە لایەكی دیكەشەوە جووتیاران باس لەوە دەكەن كە پێویستە حکوومەت لە ئێستاوە پلانی هەبێت بۆ وەرگرتنەوەی ئەم بڕە زۆرەی گەنم لە جووتیاران، پێویستە سایلۆکان ئامادە بکرێن و میکانیزمێکی خێرا و دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران دابنرێت و هەوڵێكی جدی لەگەڵ حكوومەتی عیراق بدرێت، كە چیتر جووتیارانی هەرێمی كوردستان و بەرهەمەكانیان فەرامۆش نەكات. پسپۆرانی بواری كەشناسی باس لەوەش دەكەن كە وەرزی دابارینی ساڵی 2025- 2026 وەک خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ لە هەرێمی کوردستان و ناوچەكە هەژمار دەكرێت، ساڵێک کە تێیدا سرووشت جارێکی تر بەخشندەیی خۆی نیشاندا و هیوا و دەرفەتی بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە هێنایەوە. ئێستا ئەرکی سەرشانی حکوومەت، پسپۆڕان، جووتیاران و سەرجەم هاووڵاتیانە، کە ئەم دیارییە سرووشتییە بە شێوەیەکی زانستی و دروست بەڕێوەببەن، بۆ ئەوەی ئەم بوژانەوەیە تەنیا کاتیی نەبێت و ببێتە بناغەیەک بۆ ئابوورییەکی خۆبژێو و ئاسایشی ئاو و خۆراکی بەردەوام بۆ نەوەکانی داهاتوو. چاوی هەمووان لەسەر وەرزی دروێنەیە، کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە بوژانەوەیەكی ئابووری بۆ جووتیاران و سەرجەم خەڵکی کوردستان.