خەبات: عامر فەرحان:- بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، لە پارکی شاری یاریی خورماڵ، شەشەمین فیستیڤاڵی گیا بەهارییەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو. ئەم چالاکییە وێستگەیەکی گرنگ بوو بۆ بووژاندنەوەی ئابووری و ناساندنی کولتووری ناوچەکە، بە ئامادەبوونی ٥٠ هەزار سەردانیکەر و گەشتیار و نمایشکردنی زیاتر لە ٣٠ جۆر گیای بەهاری. سەرپەرشتیارانی ڤیستیڤاڵەکە جەختیان لە پاراستنی کەلەپووری هەورامان کردەوە. ئەم ڤیستیڤاڵە هاندەرێک بوو بۆ بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری و هاندانی خەڵکی ناوچەکە بۆ پشت بەستن بە بەرهەمی خۆیان.
ئەمین حاجی زەڵمی، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی شەشەمین فیستیڤاڵی گیا بەهارییەکانی خورماڵ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە «خەبات»ی راگەیاند: «وەک رێکخەران و سەرپەرشتیارانی چالاکییەکە چەند ئامانجێکمان هەبوو؛ بە پلەی یەکەم رەخساندنی هەلی کار بوو بۆ گەنجانی سنوورەکەمان، کە ڕۆژانە بۆ هێنانی گژوگیای بەهاری ڕوو لە شاخ و کێوەکانی ناوچەکە دەکەن. هەروەها ئامانجمانە فرۆشیار و دوکاندارەکانی قەزای خورماڵ زۆرترین فرۆشیان هەبێت و ئابووریی شارەکە ببووژێتەوە. یەکێکی دیكه لە خاڵە جەوهەرییەکانی رێکخستنی ئەم ڤیستیڤاڵە، ڕاکێشانی زۆرترین گەشتیارە لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکە، چونکە خورماڵ و هەورامان ناوچەیەکی گەشتیاریی زۆر دڵڕفێنن و توانای پێشوازیکردنیان لە ڕێژەیەکی زۆری گەشتیار هەیە.
ئەوەشی بۆ «خەبات» ڕوونکردەوە: «بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، شەشەمین فیستیڤاڵی گیا بەهارییەکانی خورماڵ زۆر جیاواز و پێشکەوتووتر بوو، بەوپێیەی ڕێژەی کەپری فرۆشیارانمان زیاد کرد، هەروەها جۆری گیا بەهارییەکانیش زیاتر بوو، کە زیاتر لە ٣٠ جۆر گیای بەهاری نمایشکران.
ئەمین حاجی زەڵمی ئەوەشی بە «خەبات» گوت: «بۆ کارئاسانیی ئابووری بۆ گەشتیاران و سەردانیکەرانی فیستیڤاڵەکە، بە هاوکاریی قایمقامییەتی هەڵەبجە و ناحیەی خورماڵ، بۆ هەر فرۆشیارێک کە خواردن و خواردنەوەی دەفرۆشت، بتڵێک غازمان بۆ دابین کردن، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر نرخی خواردنەکان و گەشتیاران زۆر لێی ڕازی بوون. گرنگترین خاڵ لەم چالاکییەدا پاراستن و ناساندنی کولتوور و گیا بەهارییەکانە بە نەوەکانی ئایندە. هەرچەندە بەهۆی بارودۆخەوە هەموو جۆرە چالاکییەک ڕاگیرابوو، بەڵام ئێمە وەک کۆمەڵێک چالاکوانی قەزای خورماڵ، خۆبەخشانە و بێبەرامبەر هەستاین بە ڕێکخستنی چالاکییەکە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: «ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، بۆ ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەیەکی زۆر گەشتیار و سەردانیکەر هاتوونەتە فیستیڤاڵەکە. بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەستی ئێمەدایە، لە ماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا نزیکەی 50 هەزار کەس سەردانی بازاڕچەکەیان کردووە لە تەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستان و باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئابووریی سنوورەکە. بوونی ئەم جۆرە چالاکییانە بۆ قەزای خورماڵ زۆر گرنگە، چونکە گرنگیپێدانی میدیا بە چالاکییەکە وای کرد ببێت بە ترێند. دەرکەوتنی دیمەنی خورماڵ و ناوچە گەشتیارییەکانی دەبێتە خاڵێکی گرنگ بۆ ناساندنی سنوورەکە بە گەشتیاران و دەبێتە هۆی بووژانەوەی کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە.
ئەمین حاجی زەڵمی دواجار ئەوەشی بۆ «خەبات» ڕوونکردەوە: «خورماڵ و هەورامان دوو ناوچەی گرنگی گەشتیاری و مێژوویی و کەلەپووریی کوردستانن، بۆیە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی خۆجێیی ناوچەکە دەکەین هاوکارمان بن لە بەرەوپێشچوون و سازدانی ئەم جۆرە چالاکییانە، چونکە بە ساغبوونەوەی بەرهەمی فرۆشیاران وادەکات خەڵکی سنوورەکە بەدوای سەرچاوەی دیکەی داهاتدا بگەڕێن و تەنیا پشت بە مووچە و دامەزراندن نەبەستن. لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو گەشتیارانەی سەردانی فیستیڤاڵەکان دەکەن، دەتوانن سەردانی ناوچە مێژوویی و کەلەپوورییەکانی خورماڵ بکەن، وەک قەڵای کۆنی خورماڵ و مزگەوتی گەورە و ئاوی کانزایی (گەڕاوەکەی خورماڵ)، ئەمەش کاریگەریی باشی دەبێت لەسەر ناساندنی شوێنەوارە مێژووییەکانی ناوچەکە.