خەبات: محەمەد حوسێن:- شێخ زهیدۆ باعەدرێ، نووسەرو چالاكوانی بواری مێژووی ئێزیدیاتی دەڵێت كە حكوومەتی عێراق و دەسەڵاتی خۆجێیی نەینەوا تاكو ئێستا ناوی ئەو كۆمەڵگانەی شنگالیان كە لە ساڵی 1975ـەوە لەپرۆسەی تەعریبدا گۆڕدران و ناوی عەرەبیان بەسەردا سەپێندرا ڕاست نەكردۆتەوە.
شێخ زهیدۆ باعەدرێ بە خەباتی ڕاگەیاند، بۆ نموونە كۆمەڵگاكانی وەکو خانەسوور و گرزەرک و دووگر كە ناوە كوردییە ڕەسەنەكانیانە، بەڵام مخابن هەتا ئێستا عێراق لە كاروبارە ئیدارییەكاندا ناوە عەرەبییە سەپێندراوەكان بەكار دەهێنێت وەكوو قادسیە و ئەندەلوس و جزیرە و چەندین ناوی دیكەی عەرەبی، ئەو نووسەر و چالاكوانەی بواری مێژووی ئێزیدیاتی ئەوەشی گوت: ئەو ناوانە هەر لەساڵی 1975ـەوە بە مەبەستی تەعریبكردنی ناوچە كوردییەكانی ئێزیدیان بەكار هاتووە و تا ئێستاش بەردەوامە. باعەدرێ باسی لەوەش كرد كە سەرەڕای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی 2003ـەوە كەچی ئاسەواری ئەم تەعریبكردنە هەرماوە و ڕاست نەكراوەتەوە.
شێخ زەیدۆ باعەدرێ ڕاشیگەیاند: پێویستە بە جیددی كار لەسەر نەهێشتنی ئەو ئاسەوارەی تەعریبە بكرێت و لەسەرووشیانەوە گێڕانەوەی ناوە كوردییە ڕەسەنەكان بۆ ئەم شوێنانە چونكە ئەو ناوچانە خاكی كوردستانن و زۆر گرنگە بە ناوە ڕەسەنەكانیان بناسرێن.