شەریف عەلی
كەركووك نابێتە كاڵا، ڕۆژێك لە ڕۆژانیش نابێتە لاپەڕەیەك لە دەفتەری تێكەولێكەی سیاسەتمەداراندا، چونكە شوێنێكی سەر مێزی سەوداكردن نییە، بەڵكو شارێكی كوردستانییە، یادگەی گەلێك، قووڵاییەكی جوگرافی و سەنگێكی ئابووریی تێدا كۆبۆتەوە، كە ناكرێت بكرێتە بڕگەیەك لە دانووستانە ڕاگوزەرەكان، یان ئەو دەستەوارانەی لە ژوورە تاریكەكاندا، لە نێوان ئەوانەی لە فرۆشتنی هەڵوێست و كڕینی هەژموون ڕاهاتوون، ئەنجام دەدرێن. هەر هەوڵێك بۆ خستنەڕووی كەركووك وەك ڕۆژەڤێك كە شیاوی كڕین و فرۆشتن بێت، ڕاستییەك پشتگوێ دەخات، ئەویش ئەوەیە، كەركوك نە موڵكی دەسەڵاتێكی كاتییە و نە موڵكی تاقمێكە، كە لە ڕێگەی لێكتێگەیشتنی پیلانگێڕییەوە توانیبێتی بەسەریدا زاڵ بێت، بەڵكو بەشێكە لە ناسنامەیەكی چەسپاو، كە نە لە ڕێككەوتنامەكاندا كورت دەكرێتەوە و نە بە دەستكەوتی سیاسیی كورتخایەنیش، دەپێورێت.
چەند ساڵێكە، دەستەوارەی بێ كۆتایی لەسەر كەركووكەوە دەكرێت، هەندێكیان ئاشكران و زۆربەشیان شاراوەن؛ لە لێكتێگەیشتنەكانی 2017 ـەوە، دەستپێدەكات، كە دەرگەی کردەوە لە بەغدا بۆ هێزە عێراقی و ناعێراقییەكان بۆئەوەی بە زەبری هێزی چەك و بێ گوێدانە لێكەوتەكانی ئەو جۆرە كارە، لەسەر دانیشتووانە مەدەنییەكەی، شارەكە بەرزەفت بكەن، ئەم دەستەوارانە لە ڕێككەوتنەكانی نەوت، سنوور و دەروازەكانیش لە نێوان بەغدا، ئەنکارە و تاراندا بەردەوامن، كە تێیدا كەركووك وەك كارتێكی گوشار، یان وەك خەڵاتێك بەرانبەر بە سازشی سیاسیی بەكاردەهێنرێت. هەموو جارێكیش، بە جۆرێك باس لە شارەكە دەكرێت، وەك ئەوەی موڵكێكی تایبەت بێت و دەستاودەستی پێ بكرێت، هاوشێوەی ڕێككەوتنەكەی ساڵی 2024ی ( هۆتێل ڕەشید) لە بەغدا، كەچی خەڵكەكەی لە بڕیاردان دوور دەخرێنەوە و ناسنامەكەشی لەناو تێكەولێكەكاندا كورت دەكرێتەوە، كە هیچ پەیوەندییەكی نە بە مێژوو و هەیە نە بە پێكهاتە نەتەوەییەكانەوە.
گرووپەكانی عێراقیش لەم دیمەنە دوور نەبوون، هەندێكیان هەوڵیان داوە لە ڕێگەی گۆڕینی هاوسەنگیی هێزە تەناهاییەکان یان گوشار خستنە سەر كارگێڕی خۆجێی، یان كاریگەریی خستنە سەر پێكهاتەی دانیشتووانەکەی، كەتوارێكی نوێ بسەپێنن، هەموو ئەمانەش لە چوارچێوەی لێكتێگەیشتنێكی فراوانتری نێوان بەغدا و تاراندایە، بەجۆرێك، كە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئەو هێزانە بکات، نەك دانیشتوانی كەركووك، ئامانجی سەرەكیشی، كەمكردنەوەی ئامادەیی كوردە لەو شارە، كێشانەوەی سنووری هەژموون و دانانی بەربەستە لەبەردەم كاروانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی سەركردایەتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا. بەڵام لەناو جەرگەی ئەم دیمەنەدا، ماددەی 140ی دەستووری عێراق هەیە – كە پیلانگێڕەكان بەسەریدا باز دەدەن- وەك ئەو تێکستەی سەوداكەران لێی دەترسن. ئەم ماددەیە تەنیا بڕگەیەكی یاسایی نییە، بەڵكو نەخشەڕێگەیەكی ڕوونە بۆ چارەسەری كێشەی كەركووك، لە ڕێگەی( ئاساییكردنەوە، سەرژمێری و ڕاپرسی دا)؛ ئەو كارەی، كە دەبوو پێش كۆتایی ساڵی 2007 تەواو بكرێت. بەڵام ئەو هێزانەی سوود لە مانەوەی دۆخە هەڵپەسێردراوەكە وەردەگرن، كاریان لەسەر پەكخستن، سڕكردن و گۆڕینەوەی بە دەستەوارەی كاتی كردووە، چونكە دەزانن جێبەجێكردنی ماددەی 140 واتە كۆتاییهاتنی توانای ئەوانە، بۆ بەكارهێنانی شارەكە وەك كارتی دانووستاندن. پشتگوێخستنی ماددەكە ڕەتیناكاتەوە، هەوڵەكانی بادانەوەش لێی، ڕەوایەتییەكەی ناكەوێنێت، چونكە تاقە دەقی دەستوورە، كە چارەسەرێكی دادگەرانە مسۆگەر دەكات و ڕەنگدانەوەی ویستی دانیشتووانی كەركووكە، نەك ویستی ئەوانەی بە ناوی ئەوان و بەبێ ڕێگەپێدانی ئەوانەوە، دانووستاندن دەكەن.
كەركووك دەستەوارە نییە، بەڵكو بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە، كە نەوە دوای نەوە بۆمان ماوەتەوە، ناسنامە كوردستانییەكەشی بە خوێنی دەیان هەزار ڕۆڵەی گەلی كورد چەسپاوە. هەر كەسێكیش دەستبەرداری بێت، تەنیا دەستبەرداری سەقامگیریی عێراق نابێت، بەڵكو دەستبەرداری سەقامگیریی هەموو ناوچەكە دەبێت، چونكە دەستكاریكردنی ناسنامەی كەركووك، واتە دەستكاریكردنی هاوسەنگییەكی نەتەوەیی و سیاسیی هەستیارە، كە بەرگەی سەركێشی و دەستەوارەی كورتبین ناگرێت. ئەزموونەكان سەلماندوویانە، كەركووك بە ڕێككەوتنی ڕاگوزەر بەڕێوەنابرێت و لە لێكتێگەیشتنەكانی شەوانەشدا كورت نابێتەوە، هەر لایەنێكیش -قەبارەكەی هەرچەند بێت – ناتوانێت كەتوارێكی بەسەردا بسەپێنێت، كە لە خۆی نەچێت.
لە كۆتاییدا، كەركووك هەر بە ( دڵی كوردستان) دەمێنێتەوە و نابێتە كاڵا، یان خەڵات، یان بەخشین، كە لە دەستەوارە( صفقة) سیاسیی یان حزبی یان هەرێمايەتییەکاندا ببەخشرێت. هەر كەسێكیش پێی وا بێت، دەتوانێت سەودا یان بازرگانیی پێوە بكات، بە دەستی خۆی كۆتایی سیاسیی خۆی دەنووسێتەوە. گەلان ئەو كەسانە لەبیر ناكەن كە سەودا لەسەر شارەكانیان دەكەن، لەو كەسانەش خۆش نابن، كە مێژووەكەیان دەكەنە بەندێك لە دەفتەری ژمێریاریی و ڕێزیش لەوانە ناگرن، كە خۆیان لە پشتی لێكتێگەیشتنی گوماناوی دەشارنەوە، بۆ ئەوەی پاساو بۆ خیانەتەكەیان بهێننەوە. كەركووك بە ناسنامە، مێژوو و خەڵكەكەی، هەر بە كوردستانی دەمێنێتەوە، هەرچی سەوداكەر و لایەنگرانیشانن، چ لە كوردستان بن، یان لە عێراق، یان لە وڵاتانی دەوروبەردا، پێش ئەوەی مەرەكەبی ڕێككەوتنەكانیان وشك ببێتەوە، دەستەوارەكانیان شكست دەهێنێت و تەنها وەك پەراوێزێكی ڕاگوزەر لە مێژووی شارێكدا دەمێننەوە، كە نە دەفرۆشرێت و نە دەكڕدرێت.
و: ڕەمزی میرەكانی