
ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
رۆژی 14 ی ئازاری ئه‌م ساڵ، یورگن هابرماسی بیرمەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی و یه‌ك له‌گرنگترین فەیلەسوفه ئەڵمانییه‌كانی نیوەی دووەمی سەدەی رابردوو، لە شاری ستارنبێرگ کۆچی دوایی کرد. په‌یامی سەرەکی ئەو بریتی بوو لەوەی عەقڵانییەت تەنیا لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بەدیدێت. ناوبراو لەگەڵ تیۆری کۆمەڵایەتی ڕەخنەگرانە دەناسرێتەوە کە لە ساڵانی نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی رابردوو لەلایەن پەیمانگای توێژینەوەی کۆمەڵایەتی لە فرانکفۆرت پەرەی پێدرا و بە قوتابخانەی فرانکفۆرتیش ناسراوە.
ئه‌و دوای نەوەی یەکەم و دامەزرێنەرەکانی، له‌وانه ماکس هۆرکهایمەر، تیۆدۆر ئادۆرنۆ، هێربێرت مارکوز، له نەوەی دووەمی قوتابخانه‌كه‌یه. بەهۆی بەشدارییە کاریگەرەکانی لە ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و مشتومڕی گشتیدا، هەم لە دەرەوەی بازنەی ئەکادیمی و هەمیش لەناو ئەواندا بەهۆی په‌یام و وتارە بەرفراوانەکانی کە له‌ناویاندا دیدی هەمەلایەنەی کۆمەڵگەی مۆدێرن و ئەگەری ئازادی لەناو ئەو کۆمەڵگەیەدا داڕشتووە، شوێنی خۆی گرتبوو. نووسراوه‌كانی کاریگەری بەهێزیان لەسەر زۆرێک لە دیسیپلینەکاندا هەبووه، لەوانە توێژینەوەی پەیوەندی، لێکۆڵینەوەی کولتووری، تیۆری ئەخلاقی، یاسا، زمانەوانی، تیۆری ئەدەبی، فەلسەفە، زانستی سیاسی، توێژینەوەی ئایینی، کۆمەڵناسی و تیۆری دیموکراسی. لەگەڵ بەشداریکردنی ڕەخنەگرانە لە کاروباری گشتیدا شیکاری توندی فەلسەفیشی تێکەڵ کردووە تا نووسینەکانی بوونە بەشێکی دانەبڕاو لە گفتوگۆکانی تایبه‌ت به بواره جۆراوجۆره‌كان.
هابەرماس رۆژی 18 ی حوزەیرانی 1929 لە شاری دوسلدۆرف لە دایکبووە. لە شاری گومێرسباخی گەورە بووە. لە تەمەنی 10 ساڵی پێوەندی بە گەنجانی هیتلەر کرد. وەکوو زۆرێک لە هاوچەرخەکانیشی، لە تەمەنی 15 ساڵیدا، لە مانگەکانی کۆتایی جەنگی دووه‌می جیهانی، ڕەوانەی بەرەی ڕۆژئاوا کرا. دوای شکستی نازییەکانیش لە مانگی ئایاری ساڵی 1945 خوێندنی ناوەندی تەواو كرد. ئه‌وسا ئەزموونی جەنگی دووه‌می جیهانی و داڕمانی ئەڵمانیا كاریگه‌ری له‌بیرنه‌كراویان لەسەر گەشەسەندنی هزری جێهێشت. ئەزموونی تاڵی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی نازی وایلێکرد هەمیشە گومانی لە دەسەڵاتی تاکڕەوی هەبێت و باوه‌ڕ به کۆمەڵگەی دیموکراتی بكات. ساڵی 1949 رووی له خوێندنی زانکۆ کرد. لە چەندان زانکۆی ئەڵمانی و سویسری بابه‌ته‌كانی فەلسەفە و مێژوو و ئابووری و دەروونناسی و ئەدەبی خوێند. شانبەشانی کاری توێژینەوە و ئەکادیمی، وەکوو رۆشنبیرێكیش بەشداری لەو مشتومڕە فیکرییە گەورانه كرد كه ئه‌وسا له‌ناو وڵاتەکەدا ساز ده‌كرا بۆ نمونه ڕووبەڕووی مارتن هایدگەر بۆوە لەسەر هاوسۆزی پێشووی ئه‌و بۆ نازییەكان.
ساڵی 1954 له‌زانكۆی بۆن به‌هۆی تێزێك له‌باره‌ی فریدریك شێلینگی هزرمه‌ندی ئه‌ڵمانی، بڕوانامەی دکتۆرای پێبه‌خشرا. ئینجا ماوه‌یه‌ك له‌بواری رۆژنامه‌گه‌ری كاری كرد. له نێوان ساڵی 1956 تا 1959 وەکوو یەکەم یاریدەدەری تیۆدۆر ئادۆرنۆ (كه یەکێک بوو لە کەسایەتییە پێشەنگەکانی قوتابخانەی فرانکفۆرت) لە پەیمانگه‌ی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی کاری کرد. ئه‌و ساڵانه وەرچەرخانی یەکلاکەرەوە له‌هزری هابرماس روویدا. ساڵی 1961 كتێبی (خوێندکاران و سیاسەت: لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵناسی لەسەر هۆشیاری سیاسی خوێندکارانی فرانکفۆرت Student und Politik: Eine soziologische Untersuchung zum politischen Bewußtsein Frankfurter Studenten) ی بڵاوكرده‌وه و بۆ دووەم جاریش دکتۆرای پێبه‌خشرا. دوای جێهێشتنی قوتابخانه‌ی ناوبراو ره‌خنه‌ی له‌هاوڕێیانی قوتابخانه‌كه و فه‌یله‌سوفانی تیۆری ره‌خنه‌یی گرت و بیرۆكه‌ی سه‌ركۆنه‌كردنی عه‌قڵیشی به‌شێوه‌ی گشتی ره‌تكرده‌وه. هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ی له عه‌قڵی ئامرازییانه، یان عه‌قڵی وه‌زیفی گرت و به‌رگری له به‌كارهێنانی دروستی عه‌قڵی رۆشن كرد. به‌و گۆڕانه هابرماس په‌ره‌ی به‌پرۆژه فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی خۆیدا له‌وه‌ی تیۆری کۆمەڵایەتی و راڤه‌ی زمانەوانی و فەلسەفەی ئاكاری و سیاسی ئاوێته‌ی یه‌كتری بکات، بەبێ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ مۆدێرنیتە بپچڕێنێت. ئه‌وه‌شی لەو کتێبە خسته‌ڕوو كه ساڵی دواتر بە ناوی (گۆڕانی پێکهاتەیی لە کایەی گشتیدا: لێکۆڵینەوەکان لەسەر پۆلێکی کۆمەڵگەی بۆرژوازیStrukturwandel der Öffentlichkeit: Untersuchungen zu einer Kategorie der bürgerlichen Gesellschaft) بڵاوکرایەوە. كه تێیدا ئاماژه‌ی به دروستبوونی فەزای ئازاد كردووه له‌وانه بازاڕ، ساڵۆنە ئەدەبییەکان، ڕۆژنامەکان، و کافێ و شوێنه گشتییه‌كانی دیكه کە تێیدا هاووڵاتییان ده‌توانن گفتوگۆی عەقڵانی لەسەر کێشە گشتییەکان بکەن و قورسایش له‌سه‌ر دەسەڵاتی سیاسی جێبهێڵن. هابرماس ئەو کایەی وه‌ها ده‌بینی له‌ئه‌نجامدا ڕۆڵی چارەنووسساز لە سەرهەڵدانی دیموکراسی هاوچەرخدا ده‌بینێ و لە فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخیشدا ده‌بێت بە چەمکێکی گرنگ. ئه‌مه‌و هه‌ر له‌و ساڵه لە زانکۆی هایدلبێرگ وەکوو پرۆفیسۆری نائاسایی (پڕۆفیسۆری بێ کورسی) دەستنیشانکرا.
ساڵی 1963 به‌شی یه‌كه‌می كتێبی (تیۆری و پراكتیك Theorie und Praxis) بڵاوكرده‌وه کە بە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمە فەلسەفییەکان دادەنرێت. تێیدا هەوڵیداوه چەمکی عەقڵانییەت لەسەر بنەمایەکی جیاواز لە عەقڵانییەتی ئامرازی کە لە مۆدێرنیتە ڕۆژئاواییەکان زاڵ ببوو، دووبارە بنیات بنێتەوە. ره‌خنه‌شی له‌و باره گرتبوو كه بە تێڕوانینی خۆی، کۆمەڵگه نوێیه‌كان عەقڵیان ته‌نیا بۆ توانای کۆنترۆڵکردنی تەکنەلۆژی بەسەر جیهاندا چڕ كردۆته‌وه، كه پێیده‌وت عەقڵی ئامرازی. ئه‌و عه‌قڵه له‌گه‌ڵ سەرکەوتنیشی لە به‌ره‌وپێش بردنی زانست و تەکنەلۆژیا، كه‌چی هاوكات هۆكار بووه بۆ سەرهەڵدانی شێوه‌ی نوێی هەژموون و نامۆ بوون لەناو کۆمەڵگه پیشەسازییە مۆدێرنەکاندا.
ساڵی دواتر دوای ماکس هۆرکهایمەر وەک مامۆستای فەلسەفە و کۆمەڵناسی لە زانکۆی یۆهان وۆڵفگانگ گۆته لە فرانکفۆرت، كه‌وته كار. ئینجا له‌ماوه‌ی ساڵانی نێوان 1971 تا 1981 وەک بەڕێوەبەری پەیمانگه‌ی ماکس پلانک لە ستارنبێرگ كاریكرد و دواتر گه‌ڕاوه فرانکفۆرت تا له ساڵی 1994 خانەنشین كرا. دواتر لە زانکۆكانی نۆرس وێستەرن و نیویۆرک لە ئەمه‌ریکا وانە‌ی وته‌وه.
هابرماس هه‌رده‌م لە نووسین و وتار كۆڕه‌كاندا باسی لە بابەتەکانی پەیوەست بە كۆمه‌ڵگه و له‌نگه‌رگرتی ئاسووده‌ییانه‌ی كردووه، بۆ نموونه لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا یەکێک بوو لە تیۆریستە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی قوتابییان لە ئەڵمانیا. له‌باره‌ی بزووتنەوە گه‌وره و كاریگه‌ره‌كه‌ی قوتابییانی فه‌ره‌نساش له‌ساڵی 1968 هاته وه‌ڵام و بۆچوونی خۆی خسته‌ڕوو. بەشداری لەو كۆڕانه‌ش كرد كه سەبارەت بە داهاتووی یەکێتی ئەوروپا و ڕێگاکانی به‌ره‌وپێشبردنی ساز ده‌كرا. لە ساڵانی 1985 تا 1987 بەشداری لەو كۆبوونه‌وانه كرد كه سەبارەت بەسه‌ركۆنه‌كردنی نازی ده‌به‌ستران. دواتر بەهۆی یەکگرتنەوەی هه‌ر دوو به‌شه‌كه‌ی ئەڵمانیا، هۆشداریدا لە مەترسییەکانی ناسیۆنالیزمی ئەڵمانیا و داوای رێگه‌گرتنی كرد. به‌و جۆره له‌هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رده‌وام بوو تا بوو به یەکێک لە دیارترین داکۆکیکارانی پڕۆژەی ئەوروپی. ئه‌وروپای دوور له جه‌نگ و پرسی ناسیۆنالیزمی، ئه‌وروپی مه‌كۆی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان، ئه‌وروپای مۆدێرن و هه‌نگاوبه‌ر به‌ره‌و پێشكه‌وتن. هاوكات هۆشداریشیدا لە کاردانەوەی ئسولییه ئایینییەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی ڕۆژئاوا، بەرامبەر بە عەلمانی کردنی وێرانکەر. ساڵی 1999 بۆ ڕێگری‌کردن لە جینۆسایدی ئەلبانییه‌كان لە کۆسۆڤۆ، پشتگیری له بۆردومانکردنی سربیا لەلایەن پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) كرد. به‌ده‌ر له‌ئه‌وروپاش جه‌نگی عێراقی ساڵی 2003 ی بەكارێكی ناپێویست و نایاسایی زانی.
هابرماس بە درێژایی ژیانی فیکریی خۆی، سەرقاڵی پرسی بنیاتنانی کۆمەڵگه‌یەك بوو كه لەسەر بنەمای عەقڵ و دیالۆگ، نەک لەسەر بنەمای هێز و توندوتیژی وه‌ستابێت. به‌رگری له به‌ها و ده‌ستكه‌وته‌كانی چاخی رۆشنگه‌ری و ئازادكردنی خودی ئاده‌میزاد له ده‌مارگرژی نه‌ته‌وه‌یی و كۆنه‌په‌رستی ده‌كرد. گرنگییه‌كه‌شی لەوەدایە کە توانی لەنێوان فەلسەفە، کۆمەڵناسی، سیاسەت و یاسا پردی جۆراوجۆر دروست بکات. به‌وه‌ش له فه‌یله‌سوفانی پێش خۆی جیاده‌كرێته‌وه كه كاری كرد له رزگاركردنی عه‌قڵگه‌رایی رۆژئاوایی له (چڕنووكی نه‌مان و فه‌وتان). جگه له‌و كتێبانه‌ی ناومان هێنان چه‌ندان كتێبی دیكه‌ی نووسیوه. له‌پای رۆڵه‌كه‌شی چه‌ندان خه‌ڵات و پایه‌ی گرنگی پێبه‌خشراوه.