خەبات ـ عەلی بانیشاری
لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی كوردستان ڕەتیدەكاتەوە ڕەزامەندبووبن لەسەر ئەو بڕە گەنمەی كە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دیاریكردووە بۆ ئەمساڵ لە جووتیارانی كوردستان وەربگیرێت. ئەندامێكی لیژنەكە قسەی بۆ (خەبات) كردووە و دەڵێت: سەرەتا 292 هەزار تۆن گەنم دیاریكرابوو لە هەرێمی كوردستان وەربگیرێت، بەڵام ئێمە ڕەزامەندنەبووین و لە بەغداوە گەڕاینەوە هەولێر. دەشڵێت: ئەو 400 هەزار تۆن گەنمەی باس دەكرێت كە بۆ ئەمساڵ لە جووتیاران وەردەگیرێت فەرمی نییە و داوامان كردووە بڕی وەرگرتنی گەنم لەلایەن سایلۆكانەوە زیاد بكرێت.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: لەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەكوو لیژنەی باڵا كە لە نوێنەری وەزارەتەكانی بازرگانیی و كشتوكاڵ و پلاندانان پێكهاتووە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەسەر هێڵین و كۆبوونەوەكمان لەگەڵ تیمی وەزارەتەكە كردووە و لە كۆبوونەوەكە 292 هەزار تۆن گەنم بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكرا، بەڵام ئێمە واژۆی كۆنوسەكەمان نەكرد و گەڕاوینەتەوە هەولێر و سەرووی خۆمان ئاگادار كردووەتەوە و ئەوانیش لایەنی پەیوەندیداریان لە بەغدا ئاگادار كردووە كە ئەو بڕەی دیاریكراوە زۆر كەمە.
گوتیشی: ئەو 400 هەزار تۆن گەنمەی لە میدیاكانەوە باسدەكرێت كە بۆ ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەریدەگرێت فەرمی نییە و ئێمە داوامانكردووە بڕەكە زیاد بكرێت، چونكە بۆ وەرزی چاندنی 2025-2026 ڕووبەرێكی زۆری زەوی كشتوكاڵی بە گەنم داچێنراوە و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی زۆری بڕی بارانبارین و پێدانی بنەتۆوی باش بە جووتیاران لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكرێت بڕێكی زۆری گەنم بەرهەم بێت، بۆیە بۆ ئەوەی جووتیارانی كوردستان زیانیان بەرنەكەوێت هەموو هەوڵێك دەدەین گەنمی تەواویان لە ڕێگەی سایلۆكانەوە لێ وەربگیرێت.
هەروەها سەبارەت بە خەرجكردنی شایستە داراییەكانی ساڵی ڕابردووی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، نەوزاد شێخ كامیل گوتی: ئەگەرچی بڕیاربوو پاش ماوەیەكی كەم لە ڕادەستكردنی گەنم بە سایلۆكان، حكوومەتی عێراق شایستە داراییەكانی جووتیاران خەرج بكات، بەڵام دوای زیاتر لە نۆ مانگ هێشتا 195 ملیار و 812 ملیۆن دیناری پارەی گەنمی جووتیاران خەرج نەكراوە و وەكوو قەرز لای حكوومەتی عێراقە.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێشبینی كردووە بۆ وەرزی چاندنی 2025-2026 بڕی گەنمی بەرهەمهێنراو لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بگاتە زیاتر لە 1.5 ملیۆن تۆن.