
خەبات
ڕۆژنامەگەریی کوردی لەپاڵ هەموو ئالنگارییەکان بە درێژایی مێژووی خۆیدا لەوانەش ڕێگری لە ئازادییەکان، چاپ و بڵاوکردنەوەی، ئێستا لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا، جیهانێکی جیاوازی لەبەردەم کراوەتەوە. ئەوە هەم ئاسانکارییە و هەم ئالنگاری. مامۆستایەکی زانکۆش باس لەوە دەکات، ژیریی دەستکرد، یارمەتیدەری هەموو بوارەکانی میدیایی دەبێت و دەکرێت سوودی لێ وەربگیرێت، بەڵام ئەوە بە واتای ئەوە نییە کە بە تەواوی پشتی پێ بسپێردرێت. بە بڕوای د. سادق سەرگەتی، دوای ١٢٨ ساڵ لە دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، ڕۆژنامەگەریی کوردی ئێستا شکڵ و شێواز و ناوەڕۆکێکی پێشکەوتووتری هەیە و لەگەڵ پێشکەوتنی جیهانی دیجیتاڵی خۆی گونجاندووە. یەکەم دەرچوونی ڕۆژنامەی کوردی لە ساڵی ١٨٩٨ لە قاهیرەی پایتەختی میسر، پچڕ پچڕیش بێت، ڕۆژنامەکە دەرچووە. لە ژێر لۆگۆی ڕۆژنامەکە بە ناوی «کوردستان»، بە هەردوو زمانی کوردی کرمانجی و تورکی نووسرابوو کە ڕۆژنامەکە ١٥ ڕۆژ جارێک دەردەچێت. جگە لە پێناسی کولتووریی و شوناسی کوردی کە مەبەستی سەرەکی ڕۆژنامەکە بوو، بە بابەتی هاندانی خوێندن و فێربوونی زمانی کوردی وەک ئامانج لە دەرکردنی ڕۆژنامەکە وەسف دەکرێت.
لەم بارەیەوە مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سەلاحەدین، دکتۆر سادق سەرگەتی، باس لە قۆناغەکانی پەرەسەندنی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەکات و دەڵێت؛ ئەگەر بەر لە ڕاپەڕینی دژی بەعس ڕۆژنامەگەریی کوردی بە نهێنی چاپکراوە، ئێستا دوای ڕاپەڕین ئازادانه دهردهچێت و وەک پیشەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
دوای ڕاپەڕین ڕۆژنامەگەریی کوردی وەچەرخانێکی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە
لە هەرێمی کوردستان یاساکانی ڕۆژنامەگەریی لە پەرلەمانی هەرێم پەسەند کراوە و بەپێی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ و هەروەها یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣ بۆ مافی دەستكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان، بنەما و ماف و ئەرکەکان دیاری کراون.
دکتۆر سادق سەرگەتی ڕایگەیاندووە «ڕۆژنامەگەریی کوردی لە مێژووی خۆیدا بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە. بەر لە ١٩٩١ ڕۆژنامەگەریی کوردی لە هەرێم، لە چیاكان بە نهێنی دەرچووە و ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە پڕۆسەی سیاسی و سەربازیی و ڕۆشنکردنەوەی بیروڕای خەڵک. دوای ڕاپەڕین ڕۆژنامەگەریی کوردی وەچەرخانێکی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە». ئەو مامۆستایەی بەشی ڕاگەیاندنی کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سەلاحەدین پێشی وایە کە گەشەکردن بە ئاراستەی ستوونی و بە ئاراستەی ئاسۆیی لە ڕۆژنامەگەریی کوردییدا هەبووە بەو واتایەی لە ڕووی هەم لهڕووی ژمارە و هەم ناوەڕۆکەوە وەرچەرخانی گەورە هەبووە لە ڕۆژنامەگەریی کوردیدا.
ژیریی دەستکرد زۆر یارمەتیدەرە، بەڵام ناتوانێ پرۆفیشناڵ بێت
ئەمڕۆ ڕۆژنامەگەریی کوردی، بە قۆناغێکی جیاوازدا و لەژێر کاریگەریی جیهانی دیجیتاڵ و مودێرندا تێپەڕ دەبێت. ئەو بوارەش بەشێک بووە لەو گۆڕانکارییانە و بەبڕوای ئەو مامۆستایەی زانکۆی سەڵاحەدین، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، لەسەر ئاستی جیهانی هەوڵ هەبوو بۆ خۆگونجاندن و ڕۆژنامەگەریی کوردیش جیا نەبووە لەو دۆخە و بۆ گەیاندنی زۆرترین و خێراترین زانیاری هاوتەریب لەگەڵ جیهان جووڵاوەتەوە و گوتی: «لە کۆتایی ٩٠ـەکانەوە ئێمە توانیمان ببینە خاوەن ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنی و، بە پێچەوانەوە میدیاکانمان باویان نەدەما و کاریگەرییان کەم دەبوو». هاوکات دکتۆر سادق سەرگەتی پێی وایە کە ژیریی دەستکرد لەگەڵ ئەوەی کە کاریگەریی بێ وێنەی لەسەر ڕۆژنامەگەریی هەبووە، بەڵام ناتوانێت جێ پەنجەی مرۆڤ بگرێتەوە.
لەم بارەیەوە گوتی: «ژیریی دەستکرد یەکێکە لەو ئامرازانەی کە ئەمڕۆ لەسەرجەم بوارەکاندا بەکار دەهێندرێت و یەکێک لەو بوارانەش میدیایە وەک ئامادەکردنی هەواڵ، پشتڕاستکردنهوهی هەواڵ و دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری و مۆنتاژ و وەرگێڕانیش، بووەتە هاوکارێکی زۆر باشی میدیاکان و ڕۆژنامەوانان. دەکرێت سوود لە ژیریی دەستکرد وەربگیرێت، بەڵام بە تەواوی ناکرێت پشتی پێ ببەسترێت. ئەو ئامرازە ئەلیکترۆنییانە ناتوانن بگەنە ئاستی توانای مرۆیی، چونکە لە کۆتاییدا ئەوەی لە ژیریی دەستکرد هەیە، مرۆڤەکان پێیان بەخشیوە».
میدیاکان لە دۆخی جەنگدا پرۆفیشناڵ نەبوون
لە دەیەی ڕابردوودا بە هۆی هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و بەم دواییانەش جەنگی نێوان ئەمەریکا-ئیسرائیل دژ بە ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێم، دۆخی جەنگی لە ناوچەکەدا زاڵ بووە و ئەوەش پێویستی بە لێهاتوویی و تایبەتمەندیی جیاوازی ڕۆژنامەگەریی بە هەموو ژانرەکان هەیە. نەبوونی ئەو تایبەتمەندییە و لاوازیی لە گەیاندنی زانیاری بووەتە جێی ڕەخنەی زۆربەی شارەزایان و توێژەرانی ئەو بوارە و بگرە هاووڵاتییانیش.
دکتۆر سادق سەرگەتی لەم بارەیەوە گوتی: «لە دۆخی جەنگییدا میدیای کوردی هەوڵیداوە کە ڕۆڵی هەبێت لە ڕووماڵکردن، بەڵام بەداخەوە لە هەرێم چونکە ڕۆژنامەنووسی تایبەتمەند و میدیای تایبەتمەند نەبووە لە بواری جەنگ، بۆیە کەموکوڕیمان زۆر بووە لە بوارەکەدا، هەندێکجار نەک خزمەتیان بە دۆخەکە نەکردووە، لەوانەیە بە نەرێنیش بەسەر کۆی کۆمەڵگای کوردی بە بوارەکانی سەربازی، سیاسی، ئەمنی و ئابووری شکابێتەوە. لەو شەڕەی دواییشدا میدیای کوردی تا ئاستێک توانیویهتی ڕووماڵی بکات بەڵام دواجار بە هۆی ئاستی نەزمی پڕۆفیشناڵی ڕۆژنامەنووسەکان لە بواری سەربازی و نەبوونی پسپۆڕی میوانەکان لە بواری سەربازی، ڕووماڵی ڕووداوەکان کەموکوڕی زۆر پێوە دیار بوو. گوتیشی، لە هەوڵدادەبن بۆ ئەوەی بە ڕێگەی خولی پیشەیی و ڕاهێنان، هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی توانای ڕۆژنامەنووسان بدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دۆخێکی ئاوا.