ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكی پاكستانی بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ شاندی واشنتن و تاران دەگەنە ئیسلام ئاباد و سبەی دەست بە گفتوگۆ و دانوستاندن دەكرێت، لە ئەگەری نزیكبوونەوە لە ڕێككەوتنیش، چاوەڕوان دەكرێ دۆناڵد ترەمپ لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بەشداریی گفتوگۆكان بكات.

زیاتر گوتی، ئەمڕۆ شاندی هەردوو وڵات دەگەن و سبەی چوارشەم دەست بە گفتوگۆ و دانوستاندن دەكرێت، لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێككەوتن و پێشكەوتنی بەرچاو لە نێوان شاندی هەردوولا، چاوەڕوان دەكرێ دۆناڵد ترەمپ بەشداریی گفتوگۆكان لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بكات.

پێشتر سی ئێن ئێن بڵاوی كردەوە، جەی دی ڤانس و شاندی یاوەری ئەمڕۆ سێشەم بەرەو پاكستان بەڕێ دەكەون، هاوكات ئەكسیۆس لە زاری سەرچاوەكان بڵاوی كردەوە، سەرەڕای ئەوەی ناكۆكی لە نێوان شاندی دانوستاندكاری ئێران و سوپای پاسداران لەبارەی چوونیان بۆ پاكستان و بەشدارییان لە دانوستاندنەكان هەیە، بەڵام موجتەبا خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ڕەزامەندیی بە چوونی شاندی وڵاتەكەی بۆ پاكستان دەربڕیوە و ئەمڕۆیش شاندەكە بەرەو ئیسلام ئاباد دەفڕن.