
خەبات – چیادۆست ڕەسووڵ
ئەمساڵ بۆ دووەم ساڵە لەسەریەک، باڵندەی فلامینگۆ، کە بە کوردەواری جاران پێیان دەگوت (قوڵینگ) یان بە دەستەواژەیەکی دوورودرێژتر (قازو قوڵینگ)، بوونەتە میوانی ڕووباری زێی بچووک، لە نزیک دەربەندەوە تا دەگاتە سەرووی ئاوی زێی خاس لە بناری چیای ئاسۆس. هاتنی ئەو باڵندانە هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا، تێپەڕبوونی سەرمای ناوچەکە و ڕەخسانی کەشێکی گونجاو لەگەڵ خواستی باڵندە سپی و جوان و دەمسوورەکە.
هاوکات، زیادبوونی ئاوی زێی بچووکیش چێژێکی زۆری بەخشیووە؛ هەم بە باڵندەکان و هەم بە گەشتیاران و ڕۆژنامەنووسانی ناوچەکە و تەنانەت کامێرامان و ڕۆژنامەنووسانی دەڤەرەکانی هەولێر و بادینان و سلێمانی و گەرمیانیش.
لەگەڵ ئەوەی کە باڵندەکان ڕێژەیان زۆرە و کۆچێکی بەکۆمەڵ و ڕێکخراو و ناوازەیان ئەنجام داوە، بەڵام مەترسییەک هەیە. ئەگەر دەسەڵاتدارانی سنوورەکە، بەتایبەتی هێزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە، لە دەستی ڕاوچییان و خەڵکانی یاساشکێن نەیانپارێزن، زۆرێک لە ژینگەپارێزان پێیان وایە جارێکی تر ڕەنگە ئەم فلامینگۆیانە کۆچ نەکەنەوە بۆ ڕووبارەکە و ئیتر خۆیان لە میوانداریی دەڤەرەکە بپارێزن. ئەم نیگەرانییەش لەبەر ئەوەیە کە بەپێی بەدواداچوونی ژینگەپارێزان، لە ساڵانی ڕابردوودا ئەو باڵندانە لە هۆڕ و زۆنگاوەکانی باشووری عێراقیش بینراون، بەڵام بەهۆی ڕاوکردن و کوشتنیانەوە، بۆ هەتاهەتایە لەو ناوچانەی خوارووی عێراق تۆراون.
سەبارەت بە هاتن و کۆچی ئەم باڵندانە بۆ ناوچەی ڕاپەڕین، عومەر عەبدوڵڵا حاجی، ژینگەپارێز و چالاکوانی ژینگە و سروشتی دەڤەرەکە، قسەی بۆ ڕۆژنامەی خەبات کرد و گوتی: بەپێی بەدواداچوونی ئێمەی ژینگەپارێزان، ئەو باڵندانە لە باشوور و نێوەڕاست و باکووری ئەفریقاوە کۆچ دەکەن بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرماشدا، دیسان لێرەوە کۆچ دەکەن بۆ ناوچەکانی باکووری گۆی زەوی و بەشێکیشیان بۆ سیبیریا و وڵاتانی ئەسکەندەنافیا.
هەروەها گوتیشی: وڵاتی باشووری ئەفریقا، بەتایبەتی ئاوەکانی ناوچەی کەیپتاون، پڕن لەو باڵندانە. لەگەڵ ساردبوونەوەی ئاوی کەیپتاون، بەرەبەرە کۆچ دەکەن بۆ ناوچە گەرمەکانی وڵاتانی وەکوو ئەسیوپیا و نایجیریا. پاشان لەگەڵ گەرمبوونی کەشی ئەو وڵاتانەش، فلامینگۆکان بەدرێژایی ڕووباری نیل کۆچ دەکەن و وەرزی زستان لە وڵاتانی ئۆگەندا، باشووری سوودان، تەنزانیا، سوودان، هەروەها ئەسیوپیا و بەدرێژایی ڕووباری نیل لە وڵاتی میسر بەسەر دەبەن و ئەو شوێنانە دەکەنە لانەی خۆیان. دواتریش لەگەڵ گەرمبوونی کەشوهەوای باکووری ئەفریقا، بەدوای شوێنێکی فێنکتردا دەگەڕێن، بۆ نموونە، ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان و دوورگەکانی نێوان تورکیا و یۆنان.
سەبارەت بەم بابەتە و بۆ قسەکردنی زیاتر لەسەر پارێزگاریکردن لەم باڵندە و میوانە نازدارانە، ڕۆژنامەی خەبات پەیوەندیی کرد بە هاووڵاتییەکی دەڤەری پشدەرەوە کە پیشە و خولیاکەی بەخێوکردنی باڵندەی نامۆ و تایبەتە. ئەویش ڕێبوار محەمەد عەلییە، کە بە ڕێبوار نەجەفی ناسراوە و بە خەباتی ڕاگەیاند: من لە ماڵەکەی خۆم و لە باخەکەشمدا خاوەنی زیاتر لە ١٢ جۆری جیاوازی ئاژەڵ و باڵندەم. زیاتر لە ١٧ ساڵە ئەمە خولیای منە و باڵندە و کۆتر و کەوی زۆر جوانم هەن. لە ئێستادا پیشەکەم لە خولیاوە گۆڕیوە بۆ کڕین و فرۆشتنیان.
سەبارەت بە فلامینگۆکان و باڵندە کۆچەر و کێوییەکانی دەڤەرەکە، گوتی: دوو ساڵ پێش ئێستا جووتیارێک باڵندەیەکی بۆ هێنام کە باڵێکی شکابوو، وادیار بوو کەوتبووە تەڵەی چەند ڕاوچییەکی بێویژدانەوە. لەلای من پارێزگارییەکی باشی لێ کرا و بە دەرزی و دەرمان توانیم برینەکەی ساڕێژ بکەم. پاش شەش مانگ لە بەخێوکردنی و چاکبوونەوەی، ڕۆژێکیان کە گەڕامەوە ماڵەوە، هاوسەرەکەم پێی گوتم کە بینیویەتی باڵندەکە فڕیوە و ئێرەی بەجێهێشتووە. ئەو باڵندەیە هەمان ئەو فلامینگۆیە بوو کە ئەمساڵ بەکۆمەڵ لەسەر ڕووباری زێی بچووک نیشتوونەتەوە.
لەکۆتاییدا و سەبارەت بە پاراستنیان لە دەستی ڕاوچی و مرۆڤی دژەسروشت، ڕێبوار محەمەد ڕایگەیاند: هەموو کەس وەکوو من ئەوینداری بەخێوکردن و پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان نییە؛ خەڵکی وا هەیە لە پێناو پارچەیەک گۆشتی ئەو باڵندانەدا، ئامادەیە کوشتاری بەکۆمەڵیان بکات. ئەگەر پۆلیسی دارستان و ژینگە هەوڵێکی جددی نەدەن بۆ پاراستنیان، ئەوا دڵنیاتان دەکەمەوە جارێکی تر ئەو باڵندە نازدارانە نابنەوە میوانی ئێمە.