خەبات – عامر فەرحان
شەبەنگی ئۆتیزم، وەکوو تێکچوونێکی ئاڵۆزی گەشەی مێشک، ساڵانە لە پارێزگای هەڵەبجە ڕوو لە زیادبوونە. سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکان، سنوورەکە تەنیا خاوەنی یەک سەنتەری حکوومییە کە منداڵانی تەمەن (٣ بۆ ١٢ ساڵ) لەخۆدەگرێت. ئەمەش بووەتە بارگرانییەکی گەورە بۆ ئەو خێزانانەی منداڵەکانیان ئەو قۆناغە تەمەنەیان تێپەڕاندووە و هیچ سەنتەرێکی تایبەت و جێگرەوەیان لەبەردەستدا نییە، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی لە سیستەمی پەروەردەیی و تەندروستیی ناوچەکەدا دروست کردووە.
شەهێن عومەر هەڵەبجەیی، ڕاهێنەر لە سەنتەری ئۆتیزمی هەڵەبجە و چارەسەرکاری دەروونی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە خەباتی ڕاگەیاند: «لە پارێزگای هەڵەبجە، ئەو خێزانانەی منداڵی تووشبووی ئۆتیزمیان هەیە، جگە لە ئازاری دەروونی، لە ململانێیەکی سەختی ئابووریدان. گرانیی نرخی ئامرازەکانی ڕاهێنان و نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ لەناو سەنتەرەکاندا، پرۆسەی باشتربوونی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەتی خاو کردووەتەوە.»
ناوبراو دەشڵێت: «نیشانەکانی ئۆتیزم لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازن؛ هەندێکیان لە بوارەکانی وەک مۆسیقا و بیرکاری بلیمەتن، هەندێکی تریشیان کێشەی قسەکردن، دوورەپەرێزی و دووبارەکردنەوەی ڕەفتاریان هەیە. پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە هۆکارەکان دەکرێت بۆماوەیی یان ژینگەیی بن، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە کە بیسەلمێنێت ڤاکسین پەیوەندیی بەم حاڵەتەوە هەیە، لە کاتێکدا بەکارهێنانی زۆری شاشە زیرەکەکان دەکرێت نیشانەکان خراپتر بکات و گەشەی کۆمەڵایەتیی منداڵ دوابخات.»
ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگەی هەڵەبجەیە؛ ئێستا خێزانەکان لەبری شاردنەوەی منداڵەکانیان، خۆیان بەدوای دەستنیشانکردن و ڕێگەی چارەسەریدا دەگەڕێن. ستافی چالاکی سەنتەرەکەمان توانیویانە گۆڕانکاریی ڕەفتاریی بەرچاو لە منداڵەکاندا دروست بکەن، بەڵام داواکاریی سەرەکییان دابینکردنی بودجە و ستافی پسپۆڕی زیاترە بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە لۆجستیانەی بەرۆکی خێزانە کەم دەرامەتەکانی گرتووە.
نیشانە سەرەتاییەکان چین؟
شەهێن عومەر ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی کات نیشانەکانی ئۆتیزم لە تەمەنی ٢ بۆ ٣ ساڵیدا دەردەکەون، بەڵام دەکرێت زۆر زووتر هەستیان پێ بکرێت. چەند نیشانەیەکی سەرەتا هەن کە دایک و باوک دەبێت ئاگاداریان بن، لەوانە:
نەبوونی پەیوەندیی چاو: منداڵەکە سەیری چاوی بەرامبەر ناکات. کاردانەوەی لاواز بۆ ناو: لە تەمەنی ٩ مانگییەوە کاردانەوەی نییە کاتێک بانگی دەکەیت. گۆشەگیری: حەز بە یاریکردن لەگەڵ منداڵانی تر ناکات و لە تەمەنی ٢٤ مانگییەوە هەست بە ئازار یان غەمباریی دەوروبەری ناکات. کێشەی پەیوەندی: ناتوانێت ئاماژە بۆ ئەو شتە بکات کە دەیەوێت و لە قسەکردندا دوا دەکەوێت.
« منداڵی ئۆتیزم زۆرجار حەز بە باوەش پیاکردن و دەستلێدان ناکات، هەروەها کاردانەوەی نائاسایی هەیە بۆ بۆن، تام و دەنگ. یەکێک لە خاڵە هەرە مەترسیدارەکانیش ئەوەیە کە ئەم منداڵانە هەست بە مەترسییەکانی وەکوو ئاگر و کارەبا ناکەن، ئەمەش ئەرکی دایک و باوک قورستر دەکات،» شەهێن عومەر وایگوت.
دەستنیشانکردن و چارەسەر
زۆر جار ئەو پرسیارە لە ڕاهێنەرانی سەنتەرەکان دەکرێت کە ئایا پشکنینی خوێن یان تیشک (MRI) هەیە بۆ ئۆتیزم؟ شەهێن عومەر گوتی: «نەخێر، ئۆتیزم پێویستیی بە پشکنینی تاقیگەیی نییە. دەستنیشانکردنی تەنیا لە ڕێگەی تێڕوانین لە ڕەفتاری منداڵەکە و پرسیارکردن لە مێژووی گەشەی، لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی منداڵان یان دەروونناسی منداڵانەوە، ئەنجام دەدرێت.»
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی بنبڕ بۆ ئۆتیزم نییە و حاڵەتەکە بە درێژایی تەمەن دەمێنێتەوە. بەڵام دەستنیشانکردنی زووی منداڵەکە، کلیلی سەرکەوتنە. چەند زووتر ڕاهێنان دەست پێ بکات، ئەنجامەکەی بۆ باشترکردنی ژیانی منداڵەکە کاریگەرتر دەبێت و توانای تێکەڵبوونی لەگەڵ کۆمەڵگەدا زیاد دەکات. چارەسەری ئۆتیزم تەنیا ئەرکی یەک پزیشک نییە، بەڵکو پێویستی بە تیمێکی فرەپسپۆڕ هەیە کە پێکدێن لە (پزیشکی منداڵان، دەروونناس، پسپۆڕی کۆئەندامی دەمار، توێژەری کۆمەڵایەتی، و ڕاهێنەرانی هەڵسوکەوت و قسەکردن). گرنگە سیستەمێکی خۆراکیی دەوڵەمەند بە ڤیتامین و کانزاکان پەیڕەو بکرێت و هەر دەرمانێکیش (وەکوو ئۆمێگا ٣) تەنیا لەژێر چاودێریی وردی پزیشکی پسپۆڕدا بەکاربهێندرێت.









