مەسعوود بزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە و زیان بە هەمووان دەگەیەنێت.

دووشەممە 20ـی نیسانی 2026، مەسعود بزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە لێدوانێکدا جەختی لەوە کردەوە: “بێ متمانەیی بە دوژمن و هۆشیاری لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا، پرسێکی بنەڕەتی و سەرەکییە و ناکرێت بە هیچ شێوەیەک پشتگوێ بخرێت”.

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، لە پاڵ خۆڕاگری و وەستانەوە لە بەرانبەر هەڕەشەکاندا، پێویستە هەموو رێگەیەکی عەقڵانی و دیپلۆماسی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بەکاربهێنرێت، چونکە بە بڕوای ئەو پاراستنی ئارامی لە رێگەی دیپلۆماسییەوە لە پێشینەی کارەکانە.

لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: گرژیی و ئاڵۆزییەکانی کەنداوی فارس و گەرووی هورمز تەنیا دەرئەنجامی چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێش 28ـی شوبات ئەم ناوچەیە ئاسایشی تەواوی هەبوو، بۆیە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێپرسینەوە لەم دوو لایەنە بکات لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و خۆیان لە گۆڕینی رۆڵی “تاوانبار” و “قوربانی” بەدوور بگرن.