ئەمریکا دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی ڕاگەیاند کە گومانی تێوەگلانی لە قاچاخچێتی نێوان چین و ئێران لێدەکرێت.

 هێزە دەریایییەکانی ئەمریکا دەستیان بەسەر کەشتی بارهەڵگری ”ئێم ڤی تۆسکا” گرت، دوای ئەوەی کەشتییەکە هەوڵیدابوو گەمارۆکانی سەر ئێران بشکێنێت و بچێتە نێو یەکێک لە بەندەرەکانی ئەو وڵاتەوە، ئەم کەشتییە کە ئاڵای ئێرانی پێوەبووە، لەلایەن واشنتنەوە سزای بەسەردا سەپێنراوە و بە یەکێک لە کەشتییە چالاکەکانی “دەستەی تاریک” دادەنرێت.

 فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزە دەریایییەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە دابەزیونەتە سەر کەشتییەکە و دەستیان بەسەردا گرتووە.