سهرهتا وتار برینی ناوخۆ كوشندەترە خەنجەری ناپاك یان شمشێری داگیركەر..؟!
عارف ڕوشدی
ڕەوا نییە گلەیی لە ناحەزانی بێگانەی کورد بکرێت. هەرچییان لەدەست بێت و لەدەستیان هاتبێت، لە ستەمکاریی دژ بە گەلەکەمان، کردوویانە و دەیکەن و بە ئاشکرا داگیرکەر و چەوسێنەرن، بۆیە ڕەوا نییە یەخەیان بگرین، چونكە ئەوەی هەندێک لە کوردزمانە لادەرەکان لە بواری لاوازكردنی هەستی کوردبوون و بەهێزکردنی بیری خۆبەدەستەوەدان دەیکەن، زۆر ئازاربەخشترە لەوەی ناحەزانی گەلەكەمان دەیكەن. ئەوان بێشەرمانە بازاڕی پڕوپاگەندەی ڕەوایەتیدان بە داگیرکاری گەرم دەکەن، تەنیاش لە پێناوی مەبەستە گڵاوەکانیاندا. ئەمەش هاندەرێکی گەورەیە بۆ ناحەزان پلانەکانیان بە ئاسانی جێبەجێ بکەن.
هەر ئەو کوردزمانە لادەرانە بوون کە داوای بڕینی بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانیان کرد.! هەر ئەوان بوون کە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان بەم ڕۆژە گەیاند، تا ڕێژەی کورد لە کەرکووک بەرانبەر پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان ببێتە کەمینە و دامودەزگه ئیداری و ئەمنییەکان لە بەرپرسی کورد دابماڵرێن.!
هەر ئەوانن بەردەوامن لە تێکدانی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی پێکهاتە سیاسییەکانی کوردستان و ڕێگرن لە دەستبەکاربوونی پەرلەمان و کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.!
هەر ئەوانن شێلگیرانە کار دەکەن بۆ سڕینەوەی ناسنامەی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان و زاڵکردنی هزری «ناوەندێتیی بەغدا».
هەر ئەوانن سڵ ناکەنەوە لە هەڕاجکردنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان، تەنیا بۆ تێرکردنی خواستە نەگریسەکانیان لە وەرگرتنی کورسییەکی بێبایەخ یان پڕۆژەیەکی خۆدەوڵەمەندکردن.
مەترسییەکانی ئەم ئاراستە پۆپۆلیستییە بەئەژنۆداهاتووەی هەندێک کوردزمان، سەبارەت بە گرفتارکردنی پرسی ڕەوای گەلەکەمان، زۆر کاریگەرترە لە ناحەزە شۆڤێنییەکانی بەغدا. بۆیە، حەق نییە کەس ڕووی گلەیی بکاتە حوکمڕانانی ئەمڕۆی بەغدا، کاتێک هەندێک کوردزمان خۆیان بوونەتە کەواسوری بەر شاڵاوی ستەمکاری.
لە دوای ڕاپەڕینەوە و لە سایەی خوێنی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادیی کوردستان، لە سێبەری کڵپەی شۆڕش و مەینەتییەکانی (ئەنفال و کیمیاباران، ڕاگواستن و ڕووخاندنی شار و گوندەکانماندا) هەتاوی ئازادی هەڵات و ڕۆحی شەهیدانی هێمن کردەوە. گەلی کوردستان لە چوارچێوەی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەنگاوی ڕێکخستنەوەی نا، بەڵام بەداخەوە، ئەوەندەی نەبرد لە پێناوی دەستکەوتی حزبی و کەسیی بچووکدا، هەندێک لایەنی ڕیاکار و فریودەر، ڕێچکەی سازش و ملدان و خۆچەماندنیان هەڵبژارد. ئەوان بە هاوکاریی نەیارانی گەل، بە پلان کەوتنە وێزەی هەرێمی کوردستان و ئابڵووقەدانی بە دەیان شێوازی پیلانگێڕی.
کارەساتەکە لەوەش گەورەترە، تەنانەت لە ساڵیادی ئەنفالکردنی خەڵکی کوردستاندا، بۆ ڕازیکردنی دڵی شۆڤێنییەکانی بەغدا، لە وتارە کرچ و کاڵەکانیاندا بە ئەنقەست ناوهێنانی (گەلەکەمان، نیشتمانەکەمان، کورد و کوردستان) فەرامۆش دەکەن و بە چەند دەستەواژەیەکی گشتی و بێناسنامە پەردەپۆشی دەکەن. ئەمە خۆی لە خۆیدا هەوڵێکی دیکەی ترسنۆکانەیە بۆ کاڵکردنەوەی هەستی نەتەوەیی و شێواندنی یادەوەریی نەتەوەیەکی مەینەتبار. ئەوان دەیانەوێت مێژووی پڕ لە قوربانیدانی ئەم گەلە وەک کۆمەڵێک هەڵەی سیاسی نیشان بدەن، نەک وەک داستانێکی بەرگری و خۆڕاگری.
هیچ دوژمنێکی دەرەکی بە تەنیا نەیدەتوانی ئەو درزە گەورەیە لەنێو قەڵای یەکڕیزیی گەلی کوردستاندا دروست بکات، ئەگەر کلیلی دەروازەکە لە ژوورەوە بەدەست ناپاکانەوە نەبووایە. خەنجەری ژەهراویی بیانی و بێگانە کاتێک کاریگەر دەبێت کە دەستێکی ناوخۆیی ڕایبکێشێت. بۆیە ئەمڕۆ، جەنگی سەرەکیی ئێمە تەنیا لەگەڵ دوژمنی دەرەوە نییە، بەڵکوو لەگەڵ ئەو بیرۆکە و ئاراستە خۆفرۆشانەیەشە کە لەژێر پەردەی کوردایەتییەكی ساختەدا، سەرقاڵی هەڵتەکاندنی بناغەی ماڵە گەورەکەمانن.