قەیرانی سیاسی لە عێراق

150

هەورامان عەلی تۆفیق
عێراق لەم دواییانەدا یارییەکی ئاڵۆزی نێوان قەیرانە ناوخۆییەکان و ململانێ ناوچەییەکانی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل و کاردانەوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و پێکهاتە سیاسییەکەیەوە بووەتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ یەکلاکردنەوەی هاوسەنگییەکانی هێز لەنێوان زلهێزەکان و جەمسەرە ناوچەییەکاندا، ئەمەش دۆخی ناوخۆی زیاتر ئاڵۆز کردووە و هەوڵەکانی گەیشتن بە سەقامگیریی لاوازتر کردووە.
لە ناوخۆشدا پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا و هەرێمی کوردستان بە ئاڵۆزی ماونەتەوە و تادێت متمانە کەم دەبێتەوە، بەتایبەتیی سەبارەت بە نەوت و بودجە و دەسەڵاتە دەستوورییەکان. تادێت لایەنە عەرەبییە(شۆڤێنییە)کان هەڵوێستی شەڕەنگیزانە بەرانبەر بە کورد داواکارییەکانی دەگرنەبەر و بەداخەوە بەشێک لە کوردیش لە چوارچێوەی ئەو ئەجندایانەدایە و ئەمەش زیانی گەورە بەخودی کورد دەگەێنێ و لە بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی عێراقیش دەبێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی عەرەبی، جێگای سەرنجە لەناو هەندێک لە هێزە عەرەبییەکان لە عێراقدا، چ سوننە و چ شیعە، هەڵکشانی هەستی ناسیۆنالیستی (شۆڤێنیستی) هەیە، هەمیشە بە گومانەوە لە خواستەکانی کورد دەڕوانن و هەندێک جاریش هەوڵی کەمکردنەوەی هێزی کورد لە ناو دەوڵەتی عێراق دەدەن و لەم خاڵەشدا سەرکەوتوو بوون، ئەم ڕەوتە بە شێوەیەکی کردەیی لە ڕێگەی هاوپەیمانی سیاسی و هەوڵدان بۆ گوشارخستنە سەر لایەنە کوردییەکان، بەتایبەتی بە ئیستغلالکردنی دابەشبوونە ناوخۆییەکانیان و دواتریش ئەم لایەنە عەرەبییانە بەشێکن لە دروستکردنی کێشە بۆ کورد و دروستکردنی ئەو درزە لەناو ماڵی کورددا.
بۆیە ئاستەنگی ڕاستەقینەی بەردەم لایەنە کوردییەکان لە هێنانەدی هاوسەنگییەکی دروست لەنێوان پاراستنی پرەنسیپە نیشتمانییەکان و بەشداریکردنی کارا لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا، هەروەها چارەسەرکردنی دووبەرەکیی ناوخۆیی نێوان هێزە کوردییەکان بۆ پتەوکردنی پێگەی دانوستانکاری کورد و ڕێگریکردن لە ئیستغلالکردنی ئەو دووبەرەکییانە لەلایەن لایەنەکانی دیکەوە زۆر پێویستە، ئەمەش تەنها بە گەڕاندنەوەی متمانە و گەیشتنە خاڵی هاوبەش، بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە هەستیارەی ئەمڕۆ ناوچەکە تێی کەوتووە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییانە، دۆخی ئێستا تا ڕادەیەک هەستیار و مەترسیدار دەمێنێتەوە و پێویستی بە دیدگایەکی ستراتیژی درێژخایەن هەیە کە لەسەر بنەمای یەکگرتوویی ناوخۆیی و توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا خۆی دەبینێتەوە.