پ.د. سلێمان عەبدوڵڵا ئیسماعیل*
لە زانستی جوگرافیای سیاسیدا، یەکێک لە مەترسیدارترین جۆرەکانی داگیرکاری بریتییە لە سڕینەوەی مێژوویی Historical Erasure. کە تێیدا داگیرکەران هەوڵ دەدەن ڕووداوە مێژووییەکان لەو شوێنە جوگرافیایانەی لێی قەوماون داببڕن و مێژوویەکی دەستکرد بسەپێنن. لێرەدا مۆسیقا وەک ئەرشیفێکی گەڕۆک و سیستمێکی تۆمارکردنی مەعنەوی کار دەکات. لاوک، حەیران، بەیت و گۆرانییە حەماسییەکان دەبنە ئامرازی گواستنەوەی مێژوو لە سینەیەکەوە بۆ سینەیەکی تر، بەمەش ڕێگری دەکەن لەوەی خاکەکە لە شوناسە مێژووییەکەی دابماڵرێت.
کاتێک گۆرانییەک یان لاوکێک باس لە شەڕێکی دیاریکراو لە دەشت یان چیایەکی کوردستان دەکات، ئەو شوێنە لە دیاردەیەکی سروشتییەوە دەگۆڕێت بۆ (شوێنی یادەوەری – Lieux de Mémoire). ئەمەش ئەو چەمکە قووڵەیە کە مێژوونووس و بیرمەندی فەرەنسی (پیێر نۆرا Pierre Nora) لە کارەکانیدا پەرەی پێ داوە. لە ڕاستیدا، کاتێک شوێنە جوگرافییەکان لە ڕەهەندە فیزیکی و سروشتییەکەیان دەردەچن و بارگاوی دەبن بە مێژوو، دەچنە ناو کایەیەکی فیکریی توندوتۆڵەوە. نۆرا لە پڕۆژە مەزنەکەیدا بە ناوی شوێنی یادەوەری. ئەم تێزەی وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی تێگەیشتن لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان مێژوو، شوێن و بیرەوەریی کۆمەڵایەتی پێشکەش کردووە.
لەم چوارچێوەیەدا، مۆسیقای کوردی ڕۆڵێکی جەوهەری دەبینێت لە مانادارسازکردنی خاکدا. بۆ نموونە، مۆسیقای تایبەت بە کارەساتی هەڵەبجە تەنیا شیوەنێکی سادە نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی جیۆپۆلیتیکی زیندووە کە ڕێگری دەکات لەوەی ئەو جێگایانە لە ژێر سایەی داگیرکەریدا ببنە شوێنێکی ئاسایی یان لە بیر بچنەوە. مۆسیقا لێرەدا وەک ئامرازێکی بەرگری کار دەکات، بە جۆرێک کە ناوە جوگرافییەکان لە ناو تێکستە مۆسیقییەکاندا دەبنە هێمایەک بۆ ناسنامە و مێژوویەکی دانەبڕاو.
لە ڕوانگەی نۆراوە، ئەم پرۆسەیە بریتییە لە پاراستنی هەستی نەتەوەیی لە ڕێگەی شوێنەکانەوە. کاتێک هونەر و مۆسیقا مێژووی ناوچەیەک دەگێڕنەوە، ئەو خاکە چیتر تەنیا خاک نییە، بەڵکو دەبێتە ناوەندێکی مانایی کە یادەوەرییە کۆمەڵایەتییەکانی تێدا کۆ دەکرێتەوە. بەم شێوەیە، مۆسیقا جوگرافیای مێژوویی کوردستان لە فەوتان دەپارێزێت و لە هەر لاوک و مەقامێکدا، شوێنەکان وەک بەشێکی زیندوو لە ناسنامەی مرۆڤی کورد دەهێڵێتەوە. ئەم تیۆرە، کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی زانستیی فرەبەرگدا گەشەی سەند، تیشک دەخاتە سەر ئەو شوێنانەی کە تەنیا خاڵێکی جوگرافی نین، بەڵکوو لە ڕووی مەدەنی و سیمبولیکەوە بایەخیان هەیە. نۆرا باس لەو بەڵگەخانە، شوێنە مێژووییەکان و ئەو نیشتەجێبوونە مرۆییانە دەکات کە سەرەتا لە دۆخێکی فیزیکیی ئاساییدا بوون، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و بەهۆی ڕووداوە مێژووییە گەورەکانەوە، گۆڕاون بۆ هێما و نیشانەی یادەوەرییەکی نەتەوەیی یان مەدەنی. بەو مانایەی، شوێن چیتر تەنیا پێگەیەک نییە، بەڵکو دەبێتە مانایەک.
لە ڕوانگەی نۆراوە، ئەم گۆڕانکارییە تەنها گۆڕانێکی سادە نییە، بەڵکو پڕۆسەیەکی مێژوویی و سۆسیۆلۆژیی قووڵە. لێرەدا کۆمەڵگەکان بە ئەنقەست دیاردە سروشتییەکان یان شوێنە دیاریکراوەکان دەگۆڕن بۆ شوێنی یادەوەری بە مەبەستی چەسپاندن و پەرەپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی و بیرەوەریی دەستەجەمەعی. لێرەدا شوێن لە سنوورە ماددییەکەی خۆی تێدەپەڕێت و دەبێتە ناوەندێکی ڕەمزی کە تێیدا مێژوو زیندوو دەکرێتەوە و دەپارێزرێت.
بۆ نموونە لە فەرەنسادا، شوێنەکانی وەک (قەڵای باستیل – Bastille) یان گۆڕەپانی (کۆنکۆرد Place de la Concorde)، کە لە سەرەتادا تەنها پێگەی شارستانی یان جوگرافی بوون، بەهۆی ڕووداوە گۆڕانکارییەکانی شۆڕشی فەرەنساوە گۆڕان بۆ گرنگترین شوێنەکانی یادەوەری نەتەوەیی. ئەم شوێنانە لە دیدی نۆراوە نموونەی هەرە ڕوونن بۆ ئەوەی چۆن شوێن دەتوانێت لە ئاستە سروشتییەکەیەوە سەربکەوێت بۆ ئاستێکی مانایی و مێژوویی، بە جۆرێک کە ناسنامەی گەلێک لە ناو سنوورە جوگرافییەکانیدا تێهەڵکێشی یادەوەری بکات.
ئەم ئەرشیفكردنە دەنگییە، لە مێژووی شۆڕشەكانی كورددا خاڵی جەوهەری بووە بۆ پاراستنی نەخشەی بەرگری. نموونەی هەرە دیار، شۆڕشەكانی شێخ مەحموودی حەفید و جێگیركردنی ناوی شوێنی ڕووداوەكانە لە ناو یادەوەریی نەتەوەییدا، كە لە ڕێگەی مۆسیقا و شیعرەوە بووەتە مۆنۆمێنتێكی مەعنەوی بۆ چیرۆكی خۆڕاگریی ساڵی 1919 – 1923. مۆسیقا توانیویەتی ئەو شوێنە بكاتە شایەتحاڵێك كە هیچ هەوڵێكی داگیركەر نەیتوانیوە بێدەنگی بكات. هەر لەم چوارچێوەیەدا، شاكاری هونەرمەند كاوێس ئاغا بۆ شێخ مەحموود، وەك مانیفێستێكی مێژوویی و جوگرافی دەردەكەوێت. كاوێس ئاغا كە هۆگرو عەبداڵی شێخ بووە، لە ڕێگەی لاوكەكەیەوە نەك تەنها داستانێكی قارەمانیی گێڕاوەتەوە، بەڵكو وەك ئەرشیفوانێكی سیاسی، وردەكارییەكانی شۆڕشی پاراستووە. لەوانە دیاریكردنی وەرزی ڕووداوەكە (بەهار) و شوێنی شەڕەكان لە ناوچەی سورداش و خەلەكان.
بۆ بەرجەستەكردنی ئەم ڕەهەندانە لە ناو واقیعی مێژوویی كورددا، لاوكە نەمرەكەی كاوێس ئاغا بۆ شێخ مەحموودی حەفید، وەك مانیفێستێكی جوگرافی و مێژوویی دەردەكەوێت كە تێیدا مۆسیقا لە ئاستە هونەرییەكەی باز دەدات و دەبێتە سیستمێكی تۆماركردنی جیۆپۆلیتیكی. ئەم لاوكە تەنها شینگێڕییەك نییە بۆ شكستی شۆڕش، بەڵكو نەخشەیەكی وردی دەنگییە كە تێیدا ڕووداوەكان لە چوارچێوەی كات و شوێنی دیاریكراودا جێگیر كراون. لێرەوە، كاوێس ئاغا وەك ئەرشیفوانێكی نەتەوەیی كار دەكات و لە ڕێگەی ئاواز و ووشە و شێوازو ڕەسەنایەتی گۆتنەكەیەوە، وێنەی ئەو ململانێیەمان بۆ دەكێشێت كە تێیدا چیاكانی كوردستان دەبنە سەنگەری بەرگری لە بەرامبەر بێوەفایی دەرەكی و خیانەتی ناوخۆیی. بە وردبوونەوە لە ناوەرۆكی ئەم لاوكە، تێدەگەین چۆن مۆسیقا توانیویەتی مێژوویەكی زیندوو بۆ نەوەكان بگوێزێتەوە كە هیچ دەسەڵاتێكی داگیركەر نەیتوانیوە لە لاپەڕەكانی مێژوو ڕەشی بكاتەوە:
دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ
دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ
شێخێ من دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ
بهارا من ب سەرێ سلێمانیێ دا تێتن دحالێ شەرادا
ل عاسمانا خوشی تێ گرێنا تەیاران و گرگرا مەتەریۆسا
* * *
بەلێ شاهدێ شهودێ شێخ مەحمود نەڤییێ شێخ قادر بابێ لەتیف
ب سێ دەنگا گازی دكەت كەریمێ فەتاح و گەلی عەگیدان مێرانییەكێ بكەن.
هەچی گاڤا دەستێ خوە بدەمە دارێ جامبێزارێ
* * *
دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ
دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، شێخێ منوو!
ئەزێ هندی هەوار دكەم هەوارا توركا گەلەك دوورە، برانۆ كورد خائینو،
دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ
دەلۆیلۆ، شەرەكا قەومی ل چیایێ سورداشێ ل بیرڤانێ،
هەسپێ شێخ مەحموود، گەنجێ شێخ قادر، بابێ لەتیف لاوێ كوردا دەنگداۆ
شێخ مەحموود، ب سێ دەنگا گازی دكەت، كەریمێ فەتاح وە بمشیرا رابن،
گەلی عەگیدا، ئەفرۆ دەست هەلاتەكێ ب من رابگەهینن،
بە لێ شەڕێ مە دەچەپەرا دا نامینیت، ئەشهەد و بیلا،
گەلی برا شەڕێ مە دێ خار كەڤیت و بەلاڤە بیت و كەڤتە چیا و چولی،
دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ
شێخێ منۆ، بەلێ باش هەوار دكەم:
هەوارا توركا دوورە، بەلێ برا برانۆ، كورد خائینۆ،
* * *
دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ
دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ شێخێ برا
دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ
شەرەكا قەومی ل چیایێ سورداشێ،
وا ب بەرا بەلێ سۆبا، ڤێ سوبێ
عەسكەرێ ڤێ نەیاری، قەلەرەشكا وا ب بەرا تێرێنە هات سەرا،
بەلێ شاد و شودێ شێخ مەحمود، گەنجێ شێخ قادر، بابێ لەتیف
ب سێ دەنگا گازی دكەت:
كەریمێ فەتاح، تۆ ب گەلی عەگیدا ئەڤرۆكە تەكبیرانەكێ بكە، بەلێ ب چ گاڤا
دەستێ خوە بدەمە دارێ جەمبێزارێ، بگرم شارێ كەركوكێ،
شارێ بەغدایێ، بارەكێ تێدا خەملا دلا،
دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ
* * *
دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، شێخی منۆ
دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ
ئەزێ ئەڤرۆ هەوار بكەم، هەوارە توركا، برانۆ كورد خائینۆ
دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ
دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، شێخ مەحموودێ من،
زەری ل چیایێ سورداشێ، كانی وەرده خەلكانێ،
بەژنا شێخ مەحمود، كەكێ شێخ قادر، بابێ لەتیف، نەباتا تاكێ روحانێ.
شێخ مەحمود، ب سێ دەنگا گازی دكەت:
كەریمێ فەتاح و ب گەلی عەگیدا، بۆ من دەست هەلاتەكێ بكە،
ئەفە سێ ڕۆژه، دەمێ ئاسێ بین، ل چیایێ سورداشێ
جیهادا ل مە ڕابی دەراڤێ وێ دادێ وانێ
دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ، دەلۆیلۆ
شێخێ منۆ، بەلێ فایدە نینە، هەوار بكەم،
هەوارا توركا دوورە، گەلی برانۆ، كورد خائینو.
لاوكەكەی كاوێس ئاغا كاریگەرییەكی قووڵی لەسەر بڵاوكردنەوەی ئەم داستانە لە تەواوی كوردستاندا هەبووە، بە تایبەت كە لە ساڵی 1930 لەسەر قەوان تۆمار كراوە و دواتر لە ڕادیۆی بەغدا پەخش كراوە. ئەم تێكستە زانیاریی جیۆسیاسی گرنگ لەخۆ دەگرێت. وەك ئاماژەدان بە عاسێ بوون و گیرخواردنی سوپاكەی شێخ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە چیای سورداش، و پلانی ستراتیژی بۆ گواستنەوەی شەڕ لە دەشتەوە بۆ چیا. هەروەها لاوكەكە ڕەهەندە سیاسییەكانی دەرەوەش ئاشكرا دەكات، وەك بە پیرەوە نەهاتنی سوپای تورك سەرەڕای پشت پێ بەستنیان، كە كاوێس ئاغا بە دەستەواژەی (هاوارا توركا گەلەك دوورە) وەسفی دەكات. لە هەمان كاتدا، گوزارشت لە ئازاری ناوخۆیی و پاشگەزبوونەوەی سوێندخۆرەكان دەكات بە ناوزەندكردنیان بە كورد خاینۆ، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە مۆسیقا ڕۆڵی دادگایەكی مێژوویی گێڕاوە بۆ جیاكردنەوەی دڵسۆزان لە نەیاران.
مۆسیقای کوردی لە مێژووی کۆندا وەک «مێژوونووسێکی دەنگی» ڕۆڵی بینیوە لە پاراستنی ئەو داستانە قارەمانێتییانەی کە مەترسیی سڕینەوەیان لەسەر بووە. نموونەی هەرە دیار داستانی «قەڵای دمدم»ە لە ساڵی 1609، کە لە ڕێگەی بەیت و لاوکەوە وردەکاریی خۆڕاگریی کورد و جەنگی دژی سەفەوییەکانی بۆ نەوەکانی دواتر گواستووەتەوە. هەروەها داستانی «دەورێشی عەڤدی» لە ناوچەی شەنگال، نموونەیەکی تری ئەم ئەرشیفەیە کە تێیدا مۆسیقا نەک هەر چیرۆکی سوارچاکییەکان، بەڵکو ناوی وردی شوێنە جوگرافییەکانیشی وەک ناسنامەی خاک پاراستووە. لە مێژووی نوێ و هاوچەرخدا، مۆسیقا بووەتە ئامرازێکی سیاسی و نەتەوەیی بەهێز بۆ ئەرشیفکردنی ڕووداوە وەرچەرخانەکان. لە شۆڕشەکانی شێخ مەحموودی حەفید و دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهابادەوە، تا دەگاتە کارەساتەکانی ئەنفال و هەڵەبجە، گۆرانی و سرودەکان بوونە بەڵگەی زیندووی جینۆساید و ڕاپەڕین. مۆسیقا توانیویەتی کارەساتی هەڵەبجە لە شیوەنێکی سادەوە بگۆڕێت بۆ ناسنامەیەکی جیۆپۆلیتیکی جیهانی، هەروەها لە داستانە هەرە نوێیەکانی وەک بەرگریی کۆبانێ و شەنگال دژی داعش، هونەر توانیویەتی مێژوویەکی زیندوو بۆ قارەمانێتییەکان بنەخشێنێت.
لە كۆتاییدا، مۆسیقای كوردی توانیویەتی مێژووی سەر خاك لە تەمومژی شێواندن بپارێزێت. ئەگەر داگیركەر توانیبێتی كتێبخانەكان بسووتێنێت، نەیتوانیوە ئەو ئەرشیفە دەنگییە بسڕێتەوە كە لە ناو لاوك و مەقامەكاندا جێگیر كراوە. ئەمە دەیسەلمێنێت كە لە جوگرافیای سیاسیدا، مۆسیقا وەك پارێزەری ئەرشیفەری زیندووی جوگرافیای نەتەوەیی و مێژوویی كار دەكات. چونكە تا ئەو كاتەی ئاوازێك هەبێت باس لە شەڕێكی دیاریكراو لە شوێنێكی دیاریكراودا بكات، شوناسی ئەو خاكە بە داگیرنەكراوی دەمێنێتەوە و مێژووەكەی وەك ئەمانەتێكی جوگرافی بۆ نەوەكانی داهاتوو دەگوازرێتەوە.
ژێدەر و بنەماکانی ئەم ووتارە
یەکەم: سەرچاوە فۆلکلۆری و مێژووییەکان: بۆ گەیشتن بە ناوەڕۆکی تێکستەکان و جیاوازیی لاوکەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، ئەم ووتارە پشت بە توێژینەوەی نووسەر (بوار نورەدین) دەبەستێت لە ژێر ناوی (شێخ مەحموودی حەفید لە گۆرانی فۆلکلۆری کوردیدا) لە چوارچێوەی کتێبی (یادنامەی شێخ مەحموود، 2006). هەر لەم باسەیدا، نووسەر سێ سەرچاوەی بنەڕەتی بەکارهێناوە: كە ئەوانیش کتێبی (سترانی زارگۆتنا کوردایە تاریخی، ئۆردیخانی جەلیل، 1978) و کتێبی (سترانیت کاویس ئاغای، شەعبان مزیری، 1988)، و کتێبی (کاویس ئاغا، 1889–1936، جەلال مەلا حەسەن خۆشناو، 2000).
دووەم: چوارچێوەی تیۆری: بۆ قووڵبوونەوە لە ڕەهەندە سیمبولییەکانی ئەم تێکستانە و تێگەیشتن لە چۆنیەتی گۆڕانی جوگرافیای کوردستان بۆ پێگەیەکی مێژوویی پارێزراو، پشت بە چەمکی (شوێنەکانی یادەوەری – Les Lieux de Mémoire) بەستراوە کە مێژوونووسی فەرەنسی (Pierre Nora) دایهێناوە. ئەم تیۆرییە یارمەتیمان دەدات ڕوون بکەینەوە چۆن مۆسیقای کوردی ڕێگری دەکات لە سڕینەوەی ناسنامەی خاک و چۆن شوێنە جوگرافییەکان لە ڕێگەی لاوکەوە دەبنە کۆگای یادەوەریی نەتەوەیی.
* بەشی جوگرافیا/كۆلێجی ئاداب/زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر