سهرهتا وتار بارزانیی نەمر.. ئەو ڕێبەرەی مێژووی چهوساندنهوهی كوردی لهبهردهم ئیرادهی نهتهوهكهی چهماندهوه
کاروان محەمەد سینۆ
مێژووی نەتەوەی کورد لێواو لێو پڕە لە کارەسات و کەوتن و سەرکەوتن، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم میللەتە خاوەنی وێستگەی وایە کە تێیدا تاکی کورد فێری شکۆمەندی و هەستانەوە دەبێت.
لە چەق و ناوەندی ئەم مێژووەدا، ناوی مەلا مستەفا بارزانی وەک سیمبولی بەرخۆدان و ڕێبەرێکی بێوێنە دەدرەوشێتەوە. ئەو مرۆڤەی ژیانی خۆی کردە قوربانیی ئامانجە نیشتمانییەکان و هەرگیز لە بەرامبەر ستەم و داگیرکاریدا سەری دانەنەواند.
یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین قۆناغەکانی خەباتی بارزانی، بەشداریی کاریگەری ئەم زاتە بوو لە دامەزراندن و پاراستنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد. کاتێک “کۆماری کوردستان” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندرا، بارزانی و هەڤاڵانی بە گیانێکی نەتەوەیی بەرزەوە بەرەو مەهاباد بەڕێکەوتن. لەوێدا بارزانی وەک ژەنەڕاڵی کۆمار، ئەرکی پاراستنی دەستکەوتەکانی نەتەوەکەی گرتە ئەستۆ. نارزانی وک فەرماندەیەکی سەربازی کۆمار؛ پارێزەری ئەو خەونە بوو کە دەیان ساڵ بوو کورد بۆی تێدەکۆشا. بەڵام کاتێک بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکانەوە کۆمار ڕووبەڕووی پیلانی داگیرکەران بووەوە، سەرەڕای بارودۆخی ئاڵۆز و پڕ نەهامەتی ئەم کات، بارزانی بژاردەیەکی قورسی هەڵبژارد؛ ئەویش درێژەدان بە شۆڕش و پاراستنی ناسنامەی پێشمەرگە بوو.
داستانی ڕاستەقینەی ئیرادەی بارزانی دوای داگیرکردنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد دەستی پێکرد. لە کاتێکدا زۆرێک لە دۆست و دوژمنان پێیان وابوو شۆڕشی کورد کۆتایی هاتووە، بارزانی و ٥٠٠ هەڤاڵی بڕیاریان دا ڕێگایەکی پڕ لە مەترسی بگرنە بەر کە دواتر بە “ڕێڕەوی بەرەو ڕووباری ئاراس” ناسرا. ئەم گەشتە ٥٣ ڕۆژەیەی بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان، لە ڕاستیدا تاقیکردنەوەیەکی گەورەی مرۆیی و نەتەوەیی بوو. ئەوان بەناو خاکی سێ وڵاتی داگیرکەردا (عێراق، ئێران و تورکیا) تێپەڕین، لە کاتێکدا لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشیان دەکرایە سەر، بەڵام بڕوایان بە ڕەوایەتیی دۆزەکەیان وای لێکردن هەموو ئاستەنگەکان ببڕن.
گەیشتنی بارزانی و هەڤاڵانی بۆ یەکێتیی سۆڤیەتی جاران لە ساڵی ١٩٤٧، پەنابردنێکی سیاسی بوو، لە هەمان کاتیشدا گواستنەوەی هەڵمەتی شۆڕشەکان ڕێبازی بارزانیی بوو بۆ قۆناغێکی نوێ. بارزانی لە غەریبایەتیدا(یەکێتی سۆڤیەت)، وەک ڕێبەرێکی دووربین، توانی یەکڕیزی و دیسپلینی هەڤاڵانی بپارێزێت و دەنگی مەزڵومییەتی گەلی کورد بگەیەنێتە ناوەندە جیهانییەکان.
دوازدە ساڵی تەمەنی ئەو تێکۆشەرانە لە سۆڤیەت، پڕ بوو لە وانەی خۆڕاگری و فێربوون، تا دواجار لە ساڵی ١٩٥٨ بە سەربەرزییەوە گەڕانەوە بۆ باوەشی نیشتمان و شۆڕشی مەزنی ئەیلوولیان بەرپا کرد.
ئەمڕۆ کە ئێمە ئاوڕ لەو مێژووە دەدەینەوە، تێدەگەین کە بارزانیی نەمر قوتابخانەیەکی گەورەی نیشتمانپەروەریی بۆ ئێمەی جێهێشتووە.
بارزانی نەمر؛ فێری کردین کە نیشتمان و ئازادی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی تایبەتییەوەن. خەباتی بارزانی و هەڤاڵانی لە مەهابادەوە تا ئاراس و سۆڤیەت، سەلماندی کە تاکی کورد ئەگەر خاوەن ئیرادە و ڕێبەرێکی ڕاستەقینە بێت، هیچ هێزێک ناتوانێت بیبەزێنێت. ئەمڕۆ ئەرکی هەموو نەوەیەکی نوێیە کە لەسەر ئەم ڕێبازە بەردەوام بێت و پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکات کە بە خوێنی هەزاران شەهید و ساڵانێکی زۆر لە ئاوارەیی و دەربەدەریی بارزانی و هەڤاڵانی بەدەست هاتوون.
دوای دوازدە ساڵ لە ژیانێکی سەخت و پڕ لە چاوەڕوانی لە ناو جەرگەی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، وەرچەرخانە سیاسییەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٥٨دا، دەرگای بۆ گەڕانەوەی ڕێبەری خەباتگیڕ مستەفا بارزانی و کاروانی سەروەری و شکۆمەندی هەڤاڵانی واڵا کرد کە بگەڕێنەوە ناوەشی کوردستان و درێژە بە شۆڕشی ڕزگاری بدەن بۆ کۆتا پێهێنان بە مێژووی داگیرکاری.
گەڕانەوەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی بۆ کوردستان، لەگەڵ ئەوەی گەڕانەوەی کۆمەڵێک شۆڕشگێڕ و تێکۆشەری ماندوو و دوورە وڵات بوو بۆ زێدی باوباپیرانیان، هەروەها گەڕانەوەی ڕۆح بوو بۆ جەستەی شۆڕشێک کە داگیرکەران وایان دەزانی دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد کۆتایی پێ هاتووە.
بارزانیی نەمر لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨دا، وەک چیاکانی کوردستان بە شکۆوە گەیشتەوە بەغدا. ئەو لەو کاتەدا بە حیكمەت و دووربینیی خۆیەوە بەرنبەر بارودۆخی ئەوسای عێراق و نێودەوڵەتی؛ فەرمووی: “ئێمە بۆ ئاشتی و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان گەڕاوینەتەوە”. ئەم گەڕانەوەیە بووە هەوێنی چالاک کردنەوە و یەکخستنەوەی ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و دروستکردنی فشارێکی سیاسیی بەهێز بۆ چەسپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە دەستووری ساڵی 1958عێراقدا؛ کە بۆیەکەم جاربوو دان بە “یەکسانی کورد و عەرەب نرا وەک دوومیللەتی شەریک لە وڵاتی عێراقد” (ماددە3 لە دەستووری عێراق ساڵی 1958)
لە لایەکی دیکەوە، داستانی گەڕانەوەی هەڤاڵانی بارزانی لە نیسانی ١٩٥٩دا، وێستگەیەکی دیکەی پڕ لە حەماسەت بوو. نزیکەی ٨٥٠ پێشمەرگە و خێزانەکانیان لەسەر کەشتیی (گرۆسیا) لە بەندەری “ئۆدیسا”ـوە بەرەو بەندەری “بەسرا” بەڕێکەوتن. ئەو ١٦ ڕۆژەی ناو کەشتییەکە، پردێک بوو لە نێوان ساڵانی غوربەت و ئاسۆی ڕزگاری کوردستان. گەیشتنی هەڤاڵانی بارزانی و خێزان و منداڵەکانیان لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ بۆ “بەندەری بەسرا”، نەک هەر نەیارانی کوردی تووشی شۆک کرد، بەڵکو ورەیەکی وای بە میللەتی کورد بەخشی کە زەمینەی بۆ هەڵگیرسانی گەورەترین شۆڕشی چەکداریی مێژووی کورد( شۆڕشی مەزنی ئەیلوول) خۆش کرد.
گرنگیی مێژوویی ئەم گەڕانەوەیە لەوەدابوو کە ئەو پێشمەرگانەی لەگەڵ بارزانی گەڕانەوە، لە سۆڤیەت ئەزموونێکی دەوڵەمەندی سەربازی و ئەکادیمییان وەرگرتبوو. دواتر ئەوان بوونە فەرماندە و مامۆستای یەکەمین مەفرەزەکانی شۆڕشی ئەیلوول و توانییان سوپایەکی تۆکمەی پێشمەرگە دروست بکەن کە چۆک بە داگیرکەران دابنێت و تکو ئەمڕۆش بەردەوامە. گەڕانەوەی کاروانی بارزانی، سەلماندی کە کوردایەتی و نیشتیمان پەروەریی لە هیچ دووری و غەریبییەکدا نامرێت و هەمیشە وەک ئاگرێکی بن خۆڵەمێش بۆ کاتی پێویست دەمێنێتەوە.