سهرهتا وتار پێکەوەژیان لە کوردستاندا دروشمەکی سیاسی نیە بەڵکو کلتورێکی ڕەگداکوتاوە
سامدار عەدنان
پێکهاتەی جوگرافیی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە شێوەیەکی ئاڵۆز لە ژێر کاریگەری مێژووی ئایینەکاندایە، بە جۆرێک کە سنورە سیاسیەکان زۆر جار لەسەر بنەمای دابەشکاری پەرستگاکان و مەڵبەندە ئایینیەکان بونیاد نراون. ئەم ناوچە (ڕۆژهاڵاتی ناوەڕاست) تەنها مەڵبەندێکی جوگرافی نیە، بەڵکو گۆڕەپانی ململانێ و یەککەوتنی سێ ئاینە ئاسمانیەکەیە (اسلام- مسیح- یەهودی) کە توانیویانە سیستەمی بەها و ناسنامەی کۆمەڵایەتی دابڕێژن . لێرەدا ئایین دەبێتە ئەو رەنگە سەرەکییەی کە سنوورە نێودەوڵەتیەکان و پێناسەی تاکەکان دیاری دەکات، لە ئەنجامی ئەم داڕشتنە کۆمەڵایەتیەدا ناسنامەی ئایینی و مەزهەبی لە پێش ناسنامەی نیشتیمانی هاوڵاتی بوون جێگیر بووە.
لە ڕەهەندێکی قوڵتردا، ململانێی جەمسەرە ئایینی و مەزهەبییەکان لە ناوچەکەدا تەنها رووبەرووبوونەوەکی سادەنین، بەڵکو گۆڕاون بۆ ململانێیەک بۆ هەژموونی جیۆپۆلیتیکی. ململانێی نێوان پێکهاتە مەزهەبیەکان، یان کێشە مێژووییەکەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، تەنها جەنگێکی سەربازی نین، بەڵکو ململانێی دوو چەمکی دژ بەیەکن بۆ «خاکی پیرۆز» ئەم دۆخە سێ ئاستەنگی گەورەی بەرهەمهێناوە:-
یەکەم:- توندڕەوی و دەمارگیری مەزهەبی:-
لیرەدا گەورەترین پارادۆکس(دژ بەیەک) دەردەکەوێت، لە کاتێکدا ئاین لە جەوهەری خۆیدا وەک سەرچاوەی ئاشتی و مرۆڤدۆستی پێناسە دەکرێت، بەڵام کاتێک دەمارگیری مەزهەبی جێگەی لێبوردەیی دەگرێتەوە ئایین لە پەیامێکی ڕۆحیەوە دەگۆڕدرێت بۆ ئامرازێکی جیاکەرەوە. توندڕەوی لێرەدا دەبێتە دەرئەنجامی سروشتی ئەو دابەشکارییە، کە تێیدا ئەویتر وەک هەڕەشە دەبینرێ نەک هاوبەش.
دووەم:-بەکارهێنانی سیاسی ئاین:-
ئاین لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا کراوەتە سوتەمەنی بۆ بەرژەوەندییە سیاسیەکان. ئەم(بە سیاسی کردنە) ڕێگریەکی گەورەیە لەبەردەم پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان. کاتێک دەسەلات ئاین بۆ شەرعیەتدان بە ململانێیەک بەکاردەهێنرێت، چەمکی پێکەوە ژیان دەبێتە قەربانی بەرژەوەندی پاوانی هێزەکان.
سێیەم:-سنوردارکردنی ئازادیی تاک:-
کاتێک نەخشەی ناوچەکە بە ڕەنگی ئاین دەکێشرێ، ناسنامە تاک لە نێو «ناسنامە گشتیە ئایینیەکاندا» کورت دەبنەوە لێرە مرۆڤ وەک تاک بوونی نامێنی، بەڵکو تەنها وەک ژمارەیەک لەنێو گروپێکی ئایینیدا دەژمێردرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پاشەکشەی ئازادیە کەسییەکان و سەپاندنی جۆرێک لە یەکڕەنگی بیرکردنەوە کە رێگری لە داهێنان و سەربەخۆی مرۆڤ دەگرێت.
(ئایین وەک ئامرازی جەنگ).. لە پیرۆزییەوە بۆ توندوتیژی
لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاین و مەزهەب لە چوارچێوەی عەقیدە دەرچوون و گۆڕاون بۆ میکانیزمێکی سیاسی و سەربازی بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی دەوڵەتەکان، کێبڕکێی جەمسەرە مەزهەبیەکان(سونە-شیعە) تەنها جیاوازییەکی فیکری نیە، بەڵکو بزوێنەری سەرەکی ئەو جەنگانەیە کە نەخشەی(عێراق-ئێران-فەڵەستین) و وڵاتانی ناوچەکەی گۆڕیوە. ئەم ململانێیە زۆرجار وەک ئامرازێک بۆ «پاکتاوی دیمۆگرافی» بەکارهێنراون. نەک بۆ پاراستنی پیرۆزییەکان.
پرۆسەی توندوتیژی لێرەدا بە قۆناغێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێت، پێش ئەوەی «پاکتاوی جەسەدی» دەستپێبکا «پاکتاوی مەعنەوی» ئەنجامدەدرێت.لایەنە توندڕەوەکان سەرەتا پەنا بۆ تیرۆری زمانەوانی دەبەن بە بەکارهێنانی زاراوە گەلێکی وەک (کافر- مورتەد- ڕافیز) بەرامبەرەکەیان لە مرۆڤبوون دادەماڵن. کاتیک ئەویتر وەک دوژمنی خودا وێنادەکرێت، کوشتن لە تاوانێکی مرۆییەوە دەگۆڕدرێت بۆ «ئەرکێکی پیرۆز». ئەم شەریعەتدان بە کوشتن نەک تەنیا ویژدانی بکوژەکە ئاسودە دەکات بەڵکو جەنگەکان لە ململانێیەکی سیاسیەوە دەگۆڕێ بۆ تێکهەڵچوونێکی ئەبەدی کە تێیدا هەموو لایەک بە ناوی خوداوە خوێنی یەکتر دەڕێژن.
سڕینەوەی مێژوو و گۆڕینی ناسنامەی خاک:-
گۆڕینی دیمۆگرافیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا تەنها بە دەرکردنی مرۆڤەکان کۆتایی نایەت، بەڵکو پرۆسەیەکی سیستەماتیکە بۆ «سڕینەوەی یادەوەری خاک». وە لە عێراق و سوریا بینیمان گروپە توندڕەوەکان تەنها پەنایان بۆ کوشتن و دەربەدەرکردن نەدەبرد، بەڵکو هێرشیان دەکردە سەر شوێنەوار و پەرستگا و مەزارگە دێرینەکان. تێکدانی ئەو ئاسارانە هەولێکە بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەیان هیچ «بەڵگەیەکی مێژووی» نەمێنێ کە ڕۆژێک لە رۆژان لەسەر ئەو خاکە ژیاوە.
لەم نێوەندەدا کەمە ئایینەکان(زەردەشت- کاکەی- ئێزدی- مەسیحە دێرینەکان) بوونە قوربانی یەکەمی ئەم سیاسەتەی سڕینەوە، ئەمانە کە ڕەسەنترین رەنگەکانی نەخشەی ناوچەکەن رووبەرووی (جینۆسایدی کلتوری و جەستەی) بوونەتەوە. کاتێک لەپەرستگایەکی ئێزدی یان کەنیسەکی دێرین دەتەقێندرێتەوە ئامانجەکە تەنیا تێکدانی بیناکە نیە، بەڵکو گۆڕینی ناسنامەی جوگرافیایە بۆ نەخشەکە تەنها بە یەک رەنگی دەسەلاتدار دادەرێژرێتەوە. ئەمە گەورەترین مەترسیە لەسەر موزایکی رۆژهەلاتی ناوەراست کە تێیدا فرە چەشنی دەبێتە قوربانی یەکڕەنگیەکی سەپێنراو.
هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی نوێی پێکەوە ژیانە لە نێوەندی ئەم هەموو ململانێ و وێرانکارییە مەزهەبییانەی کە رۆژهەڵاتی ناوەراستیان شێواندووە.
هەرێمی کوردستان توانیویەتی ببێتە مۆدێلێکی جیاواز لە پێکەوەژیان و لانکەی ئارام بۆ پاراستنی ئەو نەخشە فرەڕەنگەی کە لە شوێنەکانی دیکە خەریکە دەسڕێتەوە، کوردستان تەنها پەماگەیەک نەبووە بۆ ئاوارەکانی جەنگ، بەڵکو بووەتە ناوەنێک کە تێیدا (مزگەوت- کەنیسە و پەرستگاکانی ئێزدی – کاکەیی/زەردەشتی) لە ژێر یەک چەتر بەبێ ترس پەیامەکانیان بگەیەنن.
ئەم ئەزمونەی هەرێمی کوردستان پێماندەڵێت کە پێکەوەژیان دروشمەکی سیاسی نیە بەڵکو کلتورێکی ڕەگداکوتاوە، لە کاتێکدا لە دوروبەرمان ناسنامە ئاینییەکان بۆ پاکتاوکردنی یەکتر بەکاردەهێنرێت،. لە کوردستان ناسنامەی(مرۆڤبوون و هاونیشتیمانبوون) بووە بنەما. ئەم مۆدێلە و گەشەپێدانی تاکە رێگایە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە رۆژهەڵاتی ناوەراست دەتوانێ لە مێژووەکی پڕ لە خوێنەوە بەرەو داهاتووەکی پڕ لە ئاشتی بنادبنێ.
دەرەنجام.. دەکرێ بڵێین؛ نەخشەیەک کە بە ئایین کێشراوە، دەکرێت نەخشەی جەنگ بێت ئەگەر سیاسەت بڕیاری لەسەر بدات، بەڵام دەشکریێت ببتە تابلۆیەکی جوانی پێکەوە ژیان، ئەگەر مرۆڤدۆستی و لێبوردەیی وەک ئەوەی لە کوردستان دەبینریت؛ ببتە بنەمای ژیان.