تۆپۆلۆجیای خەباتی كورد و بیردۆزەكانی

69

د. نەسرەدین ئیبراهیم گولی*
سایكۆلۆژیای تۆپۆلۆجی (Topological psychology)وەك یەكێك لە بیردۆزەكانی سایكۆلۆژی بۆ هەوڵەكانی كورت لیڤین(Kurt Lewin, 1890-1947)، زانای سایكۆلۆژی ئەلمانی، دەگەڕێتەوە، كە بە گشتی باس لە فاكتەرەكانی ناوخۆیی و دەرەكییەكانی سایكۆلۆژی، كۆمەڵایەتی و فیزیكی كاریگەر بە سەر تاكی مرۆڤ لە ژینگەی ئێكۆلۆژی خۆیدا دەكات و بە شێوەی چەندین هاوكێشە و وێنەی ئەندازیاری و بیركاری پێشاندەدرێت، كە هەموو دەربڕین لە پەیوەندی ئەو فاكتەرانە و ئەو رەفتارانە دەکەن، كە لە كۆتاییدا بەرهەم دێن.
وەك ئەوەی جەنابی سەرۆك بارزانی لە پەرتووكی خۆیدا، «بۆ مێژوو …» دا باسی لێوەدەكات و ئاماژە بە ساڵی 1514 ی زایینی لە مێژووی كورد وەك ئەوەی، كە هاتووە و تیایدا كورد و خاكەكەی بەسەر زلهێزەكانی ئەو سەردەمەی ناوچەكە، واتە صەفەوی و عۆسمانییەكان، دابەشكراوە، دەردەكەوێ‌، كە ئەم مێژووە قۆناغێكی نوێی سیاسیی و وەرچەرخانێكی مێژووییە لە ژیانی تاكی كورد و بەتایبەتی خەباتەكەی لە پێناو وەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی.
خەباتی كورد لە پێش ئەو قۆناغەدا مۆركێكی ئایینی پێوەدیار بوو وەك جەنگ و كارەكانی سەلاحەدین ئەیوبی، كە لە بەرژەوەندی نەتەوەكانی دیكەدا بوو و هیچ سوودێكی بۆ كورد نەبووە هەرچەندە ئەو جەنگانە لە سەر شانی كورد و بە بەهای گیانی كوردەكان بووە، بەڵام دواتر و بەتایبەتی لە سەدەكانی دواییدا ئەو خەباتە لە سایەی گەشەی ئاراستە و مەیلەكانی نەتەوەگەرایی لە رۆژئاوا و ناوچەكە ڕەنگێكی نەتەوەگەرایانە و ناسیۆنالیستی بەخۆیەوە گرتووە و لای كوردیش وەك هەر نەتەوەیەكی دیكەی ناوچەكە بەهێزتر لە جاران دەردەكەوێت.
بەشێوەیەكی گشتی، كە باس لە خەباتی نەتەوەیەك دەكەین دەبێ‌ ئەو ڕاستییەمان لە یاد بێ‌، كە باس لە چەمكی دەسەڵات دەكەین وەك دیارە دەسەڵات چەمكێكی هەمە لایەنەیە، كە هەموو كۆمەڵگەكانی مرۆڤایەتی لەخۆدەگرێ‌ و هەر لە سەرەتای سەرهڵدانی مرۆڤ لە سەر گۆی زەوی لە میانەی ئەو گۆڕانكارییە پێنج ملیۆن ساڵەی، كە زانایانی وەك چارلز داروین(Charles Darwin , 1809-1882) لە تیۆرەكەی خۆیدا ئاماژەی پێدەكات و لە میانەی ئەو گۆڕانكارییانەی، كە مرۆڤ لە پێش مرۆڤەكانی (prehuman) پێش خۆی گەیشتووە ئاستی مرۆڤی سەردەم، كە ناوی هۆمۆساپیێنی (homosapiens sapiens) لێنراوە، بوونی هەبووە و لەگەڵ مرۆڤدا بوونی هەبووە و بەشێك بووە لە سروشتە دانەبڕاوەكەی، كە ئەویش هەمدیسان لە سەر بنەمای بوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و جیاوازی و وێكچوون و خاڵە هاوبەشەكانی دانراوە. ئەوەش دیسانەوە دەچنە نێو خانەی بیردۆزەكەی داروین. ئەمەش وادەخوازێ‌، كە لەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتیانەدا هەندێ‌ ئەرك و ماف و پابەندبوونیان هەبێ‌ و لە ئەنجامدا چەمكێك بەناوی دەسەڵات بێتە ئاراوە، وەك دۆخێكی كۆمەڵایەتی و سەلمێنراوەكانی سروشتی مرۆڤایەتی، تەنانەت گیانەوەران و ئەوەش لە پێناو گەیشتن بەو ئامانجانەی، كە ئەو كۆمەڵگەیانە لە پێناوی هاتوونەتە ئاراوە و جیاوازییەكەی لەگەڵ گیانەوەران لەوەدایە، كە بەپێچەوانەی ئەوان خەبات و ڕێڕەوەی بەرەو دەسەڵات هەنگاوێكە بەرەو هێزی سیاسیی، كە چاوەڕێدەكرێت لە كۆتاییدا بە قازانجی ئەندامانی ئەو كۆمەڵگە و نەتەوەیە بشكێتەوە، كە ئەركی ڕاپەڕاندنی ئەم خەباتەی لە ئەستۆ گرتووە.
جۆرەكانی خەباتی كورد
لە نێو كورد ڕوانگەی جیاواز بۆ خەبات لەپێناو بەدەستهێنانی ئامانج و مافەڕواكانی پەیدا بوونە، كە هەر یەكەیان بۆ ئەم ڕوانگەیەی خۆیان بەڵگە یان هۆكاری جیاواز دەهێننەوە و بە دیدێكی تایبەت لەو خەباتە دەڕوانن، كە لە یەكتری جیاوازن، هەر لەم سۆنگەیەوە، كە ئەوانەی لە خەباتی كورد دەڕوانن چەند جۆر لەو خەباتە لەبەرچاو دەگرن و پێیانوایە خەباتی كورد دابەشی سەر ئەو جۆرانەی خۆوارەوە دەبن:
یەکەم/ خەباتی چەكداری: ئەوانەی، كە بڕوایان بەو جۆرە خەباتە هەیە و لایەنگری لێدەكەن، ئەو گریمانانەی خوارەوە پێشكەش دەكەن:
أ- دەسەڵات بە زەبری هێز و خەباتی چەكداری دادەنرێت.
ب- بۆیە پەنابردنە بەر خەباتی چەكداری گەرەنتی ئەوە دەكات ئەو دەسەڵاتەی، كە لە سایەی ئەو جۆرە خەباتە بەدەستمان بگات بتوانین بەشێك لە مافە ڕەواكانمان وەدەست بهێنین.
ئەو گرووپە بۆ پێشاندانی بەڵگە بۆ سەلماندنی گریمانە و بیردۆزەكەی خۆیان نموونەكانی خەباتی چەكداریی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان دەهێننەوە، كە كەم و زیاد دەستكەوتی مەزنیان هەبووە و نموونەشی شۆڕەشی مەزنی ئەیلوول بوو، كە بە ڕێبەرایەتی بارزانی نەمر لە كۆتاییدا بووە هۆی داننانی حكومەتی عێراق لە 11 ئاداری 1970 بە بەشێك لە مافە كولتووری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی خەڵكی باشوور و تەنانەت ئەو گرووپە پێیانوایە حكومەتی هەرێمی كوردستانی ئێستا، كە خۆی لە ستاتۆیەكی فیدڕالیی ئێستاكەییدا دەبینێ‌ بەردەوامی هەمان 11 ی ئاداری 1970 یە و جگە لەوەش ئاماژە بە زۆر دەستكەوتی دیكەی شۆڕش و خەباتە چەكدارییەكانی كورد لە بەشەكانی دیكەی كوردستان دەکرێت، کە هەر لە سەدەی 19 تا ئەمرۆ و نموونەی هەرە دوایینیشی خەباتی چەكداری میللەتی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بوو، كە دەستكەوتەكانی ئێستای ئەو پارچەیەی كوردستانی لێكەوتووەتەوە.
ئەو ڕوانگەیە بۆ خەباتی كورد خۆی لە تیۆرێكی سیاسیدا دەبینێ‌، كە بەناوی «بیردۆزی هێز» دەناسرێت و كەسانی وەك چارلز سۆهنێر داكۆكی لێوەدەكات و پێیوایە، كە هێزی سیاسیی واتای توانایی ئەنجامدانی گۆڕانكار لە بابەتی رەفتارەكانی و بە فاكتەرێكی گرنگی ئەم گۆڕانكاریە هەژماری دەكەن، وای بۆدەچن كە ئەو هێزە سیاسییە توانایی و هێزێكە، كە نەتەوە یان كۆمەڵگەكان ناچاری كارێك دەكات بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان بە پێویست دەزاندرێ‌. چونكە لە ڕوانگەی ئەوانەوە هێز بەشێكە لە ژیان و پێكهاتەی سۆسیۆ – سایكۆلۆژیی كەسایەتی مرۆڤ و كاریگەری لە سەر دەوروبەری كۆمەڵایەتی و ژینگەیی دەكات و فاكتەری گۆڕانە كە خۆی لە نێو هەندێ‌ خاڵدا دەبینێ‌ وەك تووندوتیژی، كاریگەری و دەسەڵات، و هەر ئەوانەن، كە بە جۆرێك لە جۆرەكان دەچنە بازنەی تیۆریی چارلز داروین وەك بەشێك لە ڕەفتارەكانی گیانەوەر و مرۆڤەكان لە پێناو سەركەوتن لەو ململانێیە بەردەوامەی، كە لەگەڵ كەسانی دیكە هەیانە، كە تیایدا مان و ژیان و بەردەوامی بۆ ئەو كەس و لایەن و كۆمەڵگەیەیە، كە بتوانێ‌ بە هێز و توانایی خۆیەوە بە سەر ئەوانی دیكە سەركەوێ‌ و زاڵ ببێ‌ و درێژە بە بوون و مانەوەی خۆی بدات و بۆ ئەم بیرۆكەیەكی خۆیان ئاماژە بە چەندەها نموونەی ناوچە و جیهانی دەكەن، كە وڵاتان دوای جەنگەكان بۆ نەتەوەكان دروستكراون و دواتر دانیان پێنراوە و نموونەشیان هەموو ئەو وڵاتانەن، كە دوای ڕووخانی خەلافەتی عۆسمانی لە جەنگی جیهانی یەكەم لە ناوچەكە و لە ئەنجامی دابەشبوونی ئیمپراتۆریەتی عۆسمانی بنیاتنراون.
دیارە ئەم بیردۆزە ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێ‌تەوە و یەكێك لە بەهێزترینی ئەم ڕەخنانەش تێچووی گرانی مرۆیی و ئابووری و كۆمەڵایەتی ئەو جۆرە خەباتەیە، كە لە شۆڕەشە یەك لە دوای یەكەكانی بەشە جیاوازەكانی كوردستان بە بەهای لەسێدارەدان و جینۆساید و ئەنفال و كیمیابارانكردنی سەدان هەزار كەس تەواو بووە و دەهان هەزار گوند و شارۆچكە و شاریش تێكدراون.
دووەم/ گرووپی دووەم ئەوانەی، كە وەك دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی لە خەباتی كورد دەڕوانن، ئەوانەن، كە پێیانوایە خەباتی كورد دەبێ‌ بە شێوەیەكی شارستانیانە بێ‌ و ئەوانیش بیردۆزەكەیان لە سەر بنەمای ئەو گریمانانەی خوارەوە دادەنێن:
أ- قۆناغێكی نوێی نێودەوڵەتی لە ژیانی سیاسیی كورد هاتووەتە ئاراوە و بە خەباتی شارستانیانە و مەدەنی دەتوانرێ‌ دەستكەوت بۆ نەتەوەی كورد مسۆگەر و گەرەنتی بكرێ‌.
ب- بۆیە كورد بە پەنابردنە بەر شێوازی خەباتی مەدەنیانە و شارستانیانە هەنگاوێكی دیكەی خێرا بەرەو ئەوە بنێ‌، كە لە سایەی دیموكراسیی و جیهانی ئازادی ئەمڕۆی لیبراڵی و سیكۆلار و تەنانەت لائیتیسە گەیشتن بەو دەستكەوتانە مسۆگەرتر بكات.
ئەم گرووپە لە پاش هێنانی ئەم گریمانانە نموونەكانی كێبێك لە كەنەدا و كاتەلۆنیا لە ئیسپانیا و سكۆتلەندی بەریتانیا و … هتد، دەهێننەوە، كە لە سایەی ئەم گریمانانەدا و لە چوارچێوەی وڵاتانی خۆیان دا توانیویانە بۆ ناوچەكانی خۆیان هەموو مافەكانی كولتووری و فەرهەنگی و سیاسیی و ئابوورییەكانی گرنگ بۆ ژیانێكی بەختەوەرانە مسۆگەر بكەن بە بێ‌ ئەوەی پەنا بۆ خەباتی چەكدارانە و تووندوتیژی و ناكۆكی و ململانێی تووند ببەن. ئەو ڕوانگەیەش بە جۆرێك لە جۆرەكان دەچێتە چوارچێوەی تیۆری داروین، چونكە خۆی لە خۆیدا جۆرێكە لە خۆگونجاندن (adaptation) لەگەڵ ژینگەی كۆمەڵایەتی و فیزیكی دەوروبەر و هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، كە یەكێكە لە چەمكە سەرەكییەكانی ئەم تیۆرە و بە هەوێنی پاراستنی گیانەوەران ( و مرۆڤەكان) دادەنرێت، چونكە داروین پێیوایە هەر گیانەوەرێك، كە بتوانێ‌ بە باشترین شێوە خۆی لەگەڵ ژینگەی خۆیدا بگونجێنێ‌ ئەوە شانسی مانەوەی خۆی زیاتر دەكات و خۆی لە لەنێوچوون دەپارێزێت و پێچەوانەشی دروستە.
دیارە ئەو گرووپە لە بیروباوەڕەكانی خۆیان پشت بە تیۆریی سیاسیی دامەزراوەكان دەبەستن كە پێشەنگەكانی ئەم بیردۆزە پێیانوایە، كە سیاسەت شتێك نییە جگە لە هەندێ‌ چالاكی حكومی و ناحكومی و پەیوەندی لەگەڵ تاكەكانی كۆمەڵگەدا هەیە، كە ئەو دامەزراوانەش خۆیان لە هەندێ‌ پارتی سیاسیی، ڕێكخراوەكان و سەندیكاكان و دامودەزگای یاسادانان و جێبەجێكاری وەك پەرلەمان و سەرۆكایەتی و … هتد، دا دەبینن، كە هەڵسوكەوتكردنیان لەگەڵ یەكتر بەردی بناغەی داڕشتنی بڕیارەكان و كاریگەرییەكانی سەر نواندنی كۆمەڵگە و رەفتاری تاك و سەركردەكانی سیاسییە.
ئەگەر تەماشای نموونەكانی سەرەوە بكەین دەبینین وەك هەرێمی كوردستان جۆرێكن لە فیدڕالیەت یان هاوشێوەی ئەو جۆرە كیانی سیاسییە، كە وەك دیارە فیدڕالیەت شێوازێكی هاوپەیمانییە لە بارەی دەسەڵات لە نێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی فیدڕالی، لە پێناو زاڵبوون بە سەر كێشە و گیروگرفت و ناكۆكییەكان و مسۆگەر و گەرەنتیكردنی مافە نەتەوەیی، كولتووری و فەرهەنگی، ئابووری، سیاسییەكانی ئەو بەشەی، كە دەكەوێتە نێو بازنەی حكومەتی فیدڕالی و لە سەر بنەمای پەیوەندی نەرم و نیان لە نێوان و مسۆگەركردنی مافەكانی هەموو لایەك بە بێ‌ پەنابردنە بەر پێكدادان و تووندوتیژی و ململانێیەكانی وەك جەنگ و كوشتار.
هەمان ئەو بیرۆكەیەی، كە مەحموود تلوعی، توێژەری ئێرانی، لە پەرتووكی خۆیدا لە ژێر ناونیشانی « فەرهەنگی گشتی سیاسیی» لە لاپەڕەی 889 لە بارەی كوردەكان و دوای ئەوەی بەدرێژایی باس لە مێژووی سیاسیی كورد لە ناوچەكە دەكات و ئاماژەشی بەوە داوە، كە كوردەكانی باشووری كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا و بە جۆرێكی حكومەتی كۆنفیدڕالی (فیدڕالی) بەشێك لە مافەكانی خۆی بەدەست بهێنێ‌ و لەوانەیە ئەوە بە جۆرێك لە جۆرەكان هەڵوێستی وڵاتێك بێ‌، كە بەشێكی كوردەكان بەسەریدا دابەشكراون و بە پێی هەندێ‌ خەملاندنەكان ژمارەیان نزیكەی 15 ملیۆن كەس دەبێت، کە تیایدا دەژین و حەز ناكات، كە زیاتر لە مافەکانیان بە كورد بدرێت.
هەرچۆنێك بێ‌ ئەو روانگەیە لە خەباتی كورد و لایەنگرانی پێیانوایە، كە كورد دەتوانێ‌ لەم قۆناغەی ژیانی سیاسیی خۆیدا لەو وڵاتانەی، كە تیایدا دەژین لە ڕێگەی دیموكراسیی وەك هەڵبژاردن و بەشداری كارا لە رێكخراوەكانی مەدەنی و جەماوەری و سیاسیی و دامەزراوەكانی فەرمی حكومی وەك پەرلەمان و حكومەت بەردەوامی بە خەباتی خۆیان بدەن لە پێناو دەستەبەركردنی مافەكانی خۆیان، لانیكەم بەشێكی كولتووری و فەرهەنگی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسیی و تەنانەت بتوانن لەو وڵاتانی خۆیاندا فراكسیۆنی كوردی بەهێز لە پەرلەمانەكانیان پێكبهێنن كە بتوانرێ‌ بە هۆیانەوە پشتگیری لە مافەكانی كورد لە وڵاتانی خۆیان و تەنانەت پارچەكانی دیكەشدا بكەن.
لایەنگرانی ئەو بیردۆزە پێیانوایە، كە تێچووی ئەم شێوازە لە خەبات كەمترە لە خەباتی چەكداری، كە هەندێ‌ جار بە بەهای گیانلەدەستدانی دەیان هەزار مرۆڤ كۆتایی پێدێت و نموونەشی لە هەموو پارچەكانی كوردستان هەن، كە بە دڕندانەترین شێواز ئەو خەباتە چەكداریانە سەركوتكراون و هەزاران كەس جینۆساید و ئەنفال و كیمیابارانكراون و هەزاران گوند و شار وێران و خاپوور كراون.
بەڵگەیەكی دیكەی كە لایەنگرانی ئەم بیردۆزە پێشكەش دەكەن رەفتارەكانی كەسانی وەك تۆم باراك و ئیدارەی نوێی ئەمریكایە، كە هەوڵی بەهێزكردنی حكومەتە ناوەندییەكان دەدەن و نموونەشی هەوڵوێستیان بەرامبەر بە كورد و رۆژئاوای كوردستان بوو، كە ئەگەر هەڵوێستە جدیانەی جەنابی سەرۆك بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كوردستانیانی هەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكە و تاڕاوگە و هەوڵە دیپلۆماسییەكانی كورد نەبووایە دوور نییە بە بەهای زیانێكی گەورە بۆ ئەم پارچەی كوردستان تەواو ببایە.
خاڵێكی دیكەی، كە هەڵگران و شوێنكەوتووانی ئەم بیرۆكە سیاسییە ئاماژەی پێدەدەن ئەو گۆڕانكارییە سەرەكیانەن، كە خۆی لە گۆڕینی سیستەمی جەنگ و ململانێیەكانی سەردەمدا دەبینێ‌ بە هۆی تەكنەلۆژیاوە جەنگەكان لە شێوازی جەنگی كلاسیك دەركەوتوون و چوونەتە ئاست جەنگی تەكنەلۆژی و ژیری دەستكرد و چەكە پێشكەتووەكانی دەریایی و ئاسمانی، كە كورد لەم قۆناغەدا توانایی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هیچ كامیان نییە، لەگەڵ ئەوشدا، كە لە یادمانە میللەتی كورد لە بەردەم چەكە كیمیاوی و فۆسفۆرییەكانی رژێمی گۆڕبەگۆڕی سەدام و بەعسیش خۆی نەچەماندووە.
جگە لەوەش و لە خەباتی چەكداری لە یادمان نەچێ‌، كە زۆر جار چەك رێگری لە ڕوودانی جەنگەكان ناكات. باشترین نموونەشی هێڕشەكەی ئەم دواییەی ئەمریكا و ئیسرائیل بوو بۆ سەر ئێران، لە كاتێكدا، كە هەم ئێران چەكی قورسی هەبوو و ئەم چەكانە نەبوونە هۆكاری ئەوەی، کە رێگری لە هێڕشەكەی ئەمریكا و ئیسرائیل بکات بۆ سەر ئێران و بە هەمان ئەندازەش هەرچەندە، كە ئیسرائیلیش خاوەن چەكی زۆر پێشكەوتووە و تەنانەت چەكی ئەتۆمیش بوو، بەڵام ئێران هێڕشی كردە سەر ئەم وڵاتە و سەرەڕای ئەوە ئێران هەروەها هێڕشی كردە سەر وڵاتانی كەنداو، لە كاتێكدا، كە ئەم وڵاتانە بە ساڵەهای ساڵە چەكی زۆر پێشكەوتوو لە ئەمریكا و رۆژئاواییەكان دەكڕن و بۆ ئەم مەبەستە ساڵانە بە ملیارها دۆلار خەرجی پڕچەككردنی سوپای خۆیان دەكەن، بەڵام هەموو ئەو چەكانە نەیانتوانی رێگری لەوە بكەن، كە وڵاتەكی وەك ئێران هێڕشی نەكاتە سەر ئەوان. بە واتایەكی دیكە هەموو ئەو خەرجی و پڕچەككردنە ئەوانی نەپاراست و ئەوەش هەڵوێستی گرووپی دووەم بەهێزتر دەكات و ئاماژەیەكن بۆ ئەوەی، كە چەك هەمیشە فریادڕەسی وڵاتان نابێ‌.
هەڵبەت نابێ‌ ئەوە لە یاد بكەین، كە ئەو ڕوانگەیەی خەباتی سیاسیی كورد رەخنەشی لێدەگیرێت. بۆ نموونە لەو وڵاتانەی رۆژئاوا و كەنەدا، كە لە سەرەوە ئاماژەیان پێدراوە وڵاتی دیمۆكراسین و جیاوازن لەو وڵاتانەی كە كوردەكان بەسەریاندا دابەشكراون، كە لە قۆناغەكانی سەختی خەباتی كورددا نەك تەنها چەكی كۆمەڵكوژ و قەدەغەكراویان بەكار هێناوە، تەنانەت لە دیموكراسیترینیشیان ئەو رێگەیەیان بە كورد نەداوە، كە خەباتی دسموكراسی و شارستانیانەی خۆی بەكاربێنێ‌ و نموونەشی دیاریكردنی قەیووم لە جیاتی كەسانی هەڵبژێردراو لە لایەن خەڵكەوە لە شارەوانیەكانی باكووری كوردستان و گرتن و دەستەسەركردنی سەركردەكانی سیاسیی وەك سەلاحەدین دەمیرتاش، كە بەشێكن لە بنپێكردنی بنەما دیموكراسییەكانی خەباتی شارستانیانە و مەدەنی كورد لەم وڵاتانە. لە لایەكی دیكەشەوە هێشتا، وەك بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی ناوچەكە و هەرێم ئاماژەی پێدەدەن مەترسیی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە ئارادایە و ئەو ڕاستییە تاڵە هێشتا دەخوازێ‌، كە لە بەرامبەر ئەو هێزە وێرانكەرەی تیرۆریستی پەنا ببردرێتە بەر چەك.
دوا وتە و ئەنجام
خەبات وەك پرۆسەیەكی كۆمەڵایەتی درێژخایەن یان كورت مەودا، ڕەهەندێكی چەند لایەنەی هەیە، كە كۆمەڵێك فاكتەری كەسێتی و كۆمەڵایەتی و مرۆیی و ژینگەیی و فیزیكی و لۆجێستیكی رۆڵ تیایدا دەگێڕن و هەر یەكە لەم فاكتەرانە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشداری لە سەركەوتن و گەیشتن بە ئامانجەكان یان شكست و سەرنەكەوتن لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەدا دەكەن، و هەر یەكە لەم فاكتەرانە لە هاوكێشەیەكی تۆپۆلۆجیاییدا و بە ئەندازەی توانایی و كاریگەریی خۆیان دەبن بە سەنگی مەحەك لەوەی، كە لە ئێستا و داهاتوودا لایەنەكانی پەیوەست بەو پرۆسەیە تەكتیك و ستراتێژییەكانی خۆیان بگۆڕن یان جێبەجێیان بكەن.
بە واتایەكی دیكە و بە پشتبەستن بەو ڕەخنانە دەبێ‌ پرسیار لە خۆمان بكەین، كە ئایا بە پێی تۆپۆلۆجیی سایكۆلۆژیای سیاسیی و لەشكەریی وڵاتانی ناوچەكە و بەتایبەت ئەوانەی، كە كوردیان بە سەردا دابەش بووە و هێشتان لە هەندێكیان بە دڕندانەترین شێوە هەڵسوكەوت لەگەڵ كورد دا دەكرێت كاردانەوەی وڵاتان و ئەو حكومەتانە لە ئاست داخوازییە ڕەوا و مافە سرووشتیەكانی كورد لە چ ئاستێكدان و وەك پێویست و یان ئەرێنی یان نەرێنین؟ ئایا وڵاتێكی وەك ئێران لە ئەگەری پەنابردنی كوردەكان بۆ شێوازەكانی مەدەنی و دیموكراسییەكان، ئەوانیش وەك نەتەوەی ئازەری شیعەمەزهەب، كە لە دوای كۆماری ئازەربایجان لە سەردەمی شاهی ئێران وەك كۆماری مهاباد سەركوتكرا و ئێستا خۆیان لە خەباتی چەكداری دوورخستووە لە ئارامی و ئاسوودەییدا دەبینن و وەك ئەوان گوندەكانمان ئاوەدان دەكرێن و وێران و چۆڵ ناكرێن، یان ئەو ڕەفتارەیان بەرامبەر بە كوردی زۆرینە سوننە جیاواز و بەپێچەوانە دەبێت؟ هێشتان وڵامی ئەم پرسیارانە ناڕوون و لێڵن. بە هەمان شێوە لە وڵاتانی دیكەی، كە كوردی لێ‌ دەژین و ئاواتەخوازی گەیشتن بە مافەكانی خۆیانن، دۆخی كورد لە سایەی خەباتی شارستانیانەی كورد بە چ ئاراستەیەكدا تێپەڕدەكات و چۆن دەبێ‌؟
بەڵام لە دوای ڕوونكردنەوەی ئەم دوو بیردۆزە لە خەباتی كورد لە قۆناغەكانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا، ئۆمێد دەكەین، كە جەنگەكەی ئەم دواییەی ناوچەكە بە ئاقارێكی ئاساییدا تێپەڕ بكات و دواتر بەرچاوڕوونییەك بۆ دۆزی ڕەوای كورد پەیدا ببێ‌ و ئێمەی كورد، كە لە ئێستادا پشتەوانییەكی جیهانیمان هەیە و رۆژئاواییەكان و جیهان و زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە ڕێزمان لێدەگرن و هزر و بیردۆز و سیاسەتی پێكەوەژیانی ئێمە و ئەزموونە سەركەوتووەكانمان لە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان بووەتە جێگەی ڕەزامەندی و سەرسوڕمان و دڵخۆشیی جیهانیان و بەتایبەتی، كە جەنابی سەرۆك بارزانی بە سیاسەتی حەكیمانەی خۆی زیاتر لە هەر كەس و لایەنێك جەخت لەو رەَفتار و هەڵسوكەوت و سیاسەت و بەهایە دەكات، خۆی لە خۆیدا هەنگاوێكە، كە كورد بەرەو كولتووری مەدەنیەت و خەباتی شارستانی لە قۆناغێكی هەستیاری ژیانی سیاسیی كورد لە ناوچەیەكی پڕ لە شڵەژان و پەشێوی دەبات، دەروازەیەك بێ‌ بۆ ئەوەی، كە وڵاتانی ناوچەكەش پێداچوونێك بە رەفتار و هەڵسوكەوتی خۆیان بەرامبەر كورد دا بكەن و بە چاوێكی مرۆڤانەتر و لەسەر بنەماكانی دیموكراسی و ڕێزلە كورد گرتن بە سیاسەتە چەوتەكانی خۆیاندا بچن، و كورد ناچار نەكەن، كە وەك جاران پەنا ببەنە بەر چەك و تووندوتیژی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خۆیان، بەڵكو ببن بە دەروازەی خێر و خۆشی بۆ خۆیان و نەتەوەكانی ناوچەكە و بەتایبەت كورد تا بە یەكەوە دەست لە ناو دەستی بگرین و لە جیهانێك، كە لە دوای ملیارها ساڵ لە نەبوونی ژیان لە 3.850 ملیار ساڵی دواییدا دەرفەت بە سەرهڵدانی ژیان دراوە و لەو ماوەیە بە سەدان هەزار بوونەوەر و دار و درەخت و گیا و گیانەوەر و لەوانەش مرۆڤ سەریان هەڵداوە، بزانین ئاخۆ عاقیبەتی چی دەبێ‌ و ئایا مرۆڤی ئەم جیهانە لە خۆی تێكدەدات و بە بۆمبە ئەتۆمی و كیمیاوییەكانی ژیان و مرۆڤایەتی لە ناو دەبات یان دیاردەیەكی دیكەی بیگ بەنگ جارێكی دیكە ڕوودەدات و بۆ ملیارها ساڵی دیكە جیهان دەگۆڕێت؟
وەك دیارە هەموو فاكتەرەكانی، كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ كاریگەرییان هەیە بە سەر تۆپۆلۆجیای خەباتی كورد، لە قۆناغە جیاوازەكانی ژیانی سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكەی. بەواتایەكی دیكە ئەم خەباتە هەڵقووڵاوی كاریگەری كۆمەڵێك فاكتەری نێوخۆیی و دەرەكین، كە لە سەرەوە ئاماژەمان بە بەشێكیاندا، و لەو پرۆسەیەدا خەباتی كورد خاڵی هاوبەش و ناكۆكی لەگەڵ خەباتی نەتەوە و میللەتانی دیكەی هەیە، كە هەندێكیان تەنها تایبەتن بە كورد و لە شوێنی دیكە نموونەیان نییە، بەڵام هەن ئەو شتانەی لە نێو كوردیش هاوشێوەی نەتەوەكانی دیكەن و تیایدا هاوبەشین. بەڵام گرنگ ئەوەیە، كە كورد بتوانێ‌ هاوسەنگییەك لە نێوان ئەو دوو جۆرە خەباتەی دروست بكات لە پێناو دەستبەركردنی مافەكانی نەتەوە ستەملێكراوەكەی خۆی، کە لە هەر پارچەیەك لە كوردستان بە پێی هەلومەرجەكانی هەمان پارچە و حكومەتەكانی ناوەندی لە سەر بنەمای یەكدەنگی و یەكڕەنگی كورد و بە هەمان ئەندازەش لە چوارچێوەی بەها مرۆییەكانی نەتەوەكانی دیكەی ناوچەكە، كە هەموومان خاوەن چارەنووسێكی هاوبەشین و سنوورە كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكانمان كەمن و دەبێ‌ ڕێز لەو سنوورانە بگیرێن.

*پڕۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانكۆی زاخۆ