سەدیق سەعید ڕواندزی
خانی لە دیباجەی مەم و زیندا، كە مام هەژار بە زمانە جوان و كوردانەكەی وەریگێڕاوە، بە ناوی خودا دەقەكەی دەست پێ دەكات و باس لە بوون دەكات. بێگومان بوون لێرەدا هەر تەنها مرۆڤ ناگرێتەوە، بەڵكو كۆی بوونەوەرەكانی دیكە و پێكهاتە فیزیكی و گەردوونییەكانی دیكەش، كە بەر لە مرۆڤ خوڵقێنراون دەگرێتەوە. ئیدی خانی ئاماژە بە باڵا دەستی پەروەردیگار لە دروستكردن و بەیەكەوە بەستنەوەیەكی فیزیكییانەی وردی پێكهێنەرەكانی نێو سرووشت و ژیان و گەردوون دەكات و هەموو ئەم نموونانە، وەك ئاماژەی هەبوونی خودایەكی تاك و تەنها و بە هێز و دەسەڵات، كە هەر شتێك ویستی لە سەر نەبێت ڕوونادات، پیشان دەدات. بۆیە هەر لە دەسپێكەوە بە ناوی پەروەردیگارەوە دەست پێ دەكات و دەڵێت:_
چی دێت و دەچێت و چی هەیە و چوو
هیچی نەبوو تۆ وتت ببەو بوو
خانی مەزن، دەگەڕێتەوە سەر ئەو ئایەتەی قورئانی پیرۆز، كە بەكون فەیكونێك، واتا ببەو دەبێ، چی مەبەستی بێت دەیكات و دەیهێنێتە دی. ماوە و زەمەنی ئەو بەدیهێنانە، لە ڕووی زمانییەوە هێندە مەودا كورت و چڕكەییە، كە تەنانەت هێشتا هەر لە بوونەكەیە، كە دەبێت ! بەمەش لای پەروەردیگار، هیچ شتێك مەحاڵ نییە و تەنانەت نەك مەحاڵ، بگرە لە هاوكێشەی ببە و دەبێت دەرناچێت كە چەند چركەیەكی كەم دەخایەنێت. خانی سەرەتا تەنها ئاماژە بە بووەكان بێ پۆڵێن و جۆر دەكات چونكە شوناسی بووەكان دوای بوونیان دەردەكەوێت، بۆیە خانی لە دوای بووەكانەوە، ئەو كات پۆڵێنیان دەكات وجیایان دەكاتەوە لە یەكتری و دەڵێت:_
گیاندار و نەبوودیارو نادیار
زانا ونەزان وگێل و وشیار
لەو پیتەوە گشتی هاتە بەرهەم
تۆزێ لەو خاك و ئاوی ئادەم
هەموو شتە دیار و نادیارەكان و مرۆڤ و بوونەوەرەكانیش، دروستكراو و خوڵقێنراوی تۆن. كاتێ بێ باوەڕان بە پەیامبەریان وت، چۆن دوای مردنمان ئێمە زیندوو دەبینەوە؟! خودا پێی فەرموو پێیان بڵێ مەگەر دروستكردنی ئێوە لە دڵۆپە ئاوێك بۆ یەكەم جار قورسترە، یان زیندووكردنەوەی ئێسك و تەرمەكەتان؟ خانی باوەڕی وایە، چارەنووسی شوناسی بووەكانی هەموو توخمێك، خودا لە سەرەتا دیاری كردووە، گەر خودا ویستی نەبێت، نە زانایەك دەبێت، نە گەمژەیەك، نە ئادەم وەك یەكەم مرۆڤ بوونی دەبوو، نە زەویش، بەڵام ئایا ئاماژەدانی خانی بە هەموو ئەو توخمە سرووشتی و مرۆییانە، هەر تەنها بۆ ئەوەیە ئێمە بیزانین و بیاناسین؟ بێگومان نەخێر، بەڵكو حیكمەتێك لە بوونیان دایە و دەبێ ئێمەی مرۆڤ بیریان لێ بكەینەوە و پەندیان لێ وەرگرین و بیەكەینە وانە لە ژیانمان، هەر وەك دەڵێت:_
گەنجینەیە و تاكو بناسین
هاتووین كەچی هەمیشە گێژ و كاسین
بەمەش ئێمە، وەك گێژێك لەو دروستكراوانە ورد نابینەوە و بڕوامان وایە هەر لە خۆیانەوە هاتوونەتە بوون، بێ ئەوەی ویست و هێز و باڵا دەستی خودای گەورەیان لە سەر بێت. لە نێویشیاندا مرۆڤ وەك دروستكراوێك. هەڵبەتە لە قورئانی پیرۆزدا، خودا لە چەنیدین شوێن ڕێزی لە مرۆڤ ناوە و پایەكی بەرزی داوەتێ، وێرای ئەوەی هەرچی هەیە بۆ ی مەیسەر كردووە و لە خزمەتی ئەو دایە. بۆیە خانی، بەخششەكانی خودای گەورە بە بیر ئەو مرۆڤە گێڵ و وڕو كاسە دێنێتێتەوە كە پەند و حیكمەت لەو هەموو دروستكاراوانەی خودا وەرناگرێت، هەروەك دەڵێت:_
چی دڵ دەیەوێ ببێتە خۆراك
چی لەش دەیەوێ ببێتە پۆشاك
خانی لێرەدا دەگەڕێتەوە سەر چیڕۆكی ئادەم و حەوا و دواتر دەركردنیان لە بەهەشت و فڕێ دانیان بۆ سەر زەوی. ئیدی لەوێ لەشی خۆیان بەگەڵایەك دادەپۆشن و شەرم و تەریقبوونەوە، لە ئاست خوای گەورە دایان دەگرێت. خانی كاتێ باس لەوە دەكات كە هەموو شتێك دەبێتە پۆشاك، لە ڕاستیدا گەڕانەوەیە بۆ سەر ئەم ڕووداوە. بەمەش وێرای ئەوەی ئادەم پەیمانی خودای گەورەی شكاند و خۆش و بەهەشتیشی دۆڕاند، بەڵام وەك یەكەم مرۆڤ كە خودا لە قوڕ خەڵقی كرد، هەر بە پایە بەرزی مایەوە و خودا لێیان بورا و نزاكانیانی وەرگرتن. بۆیە دیسانەوە خانی باس لە پایەی مرۆڤ لای پەروەردیگا دەكات و دەڵێت:_
هەرچی كە دیار و نادیارە
بۆ تیرەیی ئادەمی لە كارە
عاسمانێ كەوا زل و بەرینە
هەرچی كە فریشتنە و پەرینە
دەزگایەكی وا بە سوڕ گەورە
ساماڵە مژە هەتاوە هەورە
بێگومان پەروەردیگار، هەموو شتێكی بۆ مرۆڤ مەیسەر كردووە، بگرە هەر لە سەرەتاوە پایەی مرۆڤی شكۆمەندانە بەرز ڕاگرت، كاتێ داوای لە هەموو فریشتەكان كرد كڕنۆش بۆ ئادەم بەرن، كە ئەمە نیشانەی پێگە و گەورەی مرۆڤە لای خودا، كە دواتر هەموو شتێكیشی لە سەر زەوی بۆ دەستە بەركرد، چونكە خودا دەڵێت:_( وقد كرمنا بنی ادم) بەڵام ئایا مرۆڤ لە بەرانبەر هەموو ئەو پێدراوانەی خودا سوپاسگوزارە؟ لە بەر چاویەتی؟ خانی بەردەوام دەبێت لە دەرخستنی پێگەی مرۆڤ وئەمجارەیان دەگەڕێتەوە سەر چیڕۆكی دروستبوونی ئادەم لە گڵ و لاشەكەشی دواجار هەر دەبێتەوە گڵ، كە ئەمە هاوكێشەی دروستكراوی خودایە دەبێ هەموو مرۆڤێك ئەوە ئەزموون بكات و لەگڵەوە بچیچتەوە گڵ، هەر وەك خانی دەڵێت:_
ئەو لاشە گلین و قوڕینە
هۆی تۆیە كە جێی گیان و ژینە
ڕاسپاردەتە ئەم گیانە پاكە
ناچارە كە یاری خۆڵ و خاكە
ئەمەش جەختكردنەوەیە لەو ئایەتەی كە مرۆڤ دوای مردنی دەبێتەوە خۆڵ. كاتێكیش بێ باوەڕان پرسیاریان لە پەیامبەر كرد كە مرۆڤ چۆن زیندوو دەبێتەوە كاتێ دەبێتە خۆڵ، خودا ڕایسپارد پێان بڵێت، مەگەر دروستكردنیان بۆ یەكەمجار لە نەبووەوە زەحمەتە یان مردن و زیندووكردنەوەیان؟ بێگومان (ڕۆشنبیریی ئایینی، لە سەر دەقی ئایینی كار دەكات) (2) خانی، ڕۆشنبیرییەكی بەر فراوانی ئایینی هەبووە، هەر بۆیە ئەو جیهانبینییە ئایینییەی لە مەم و زیندا لە ڕێی ئەو داستانەوە دەیخاتە ڕوو، جۆرێك لە جیهانبینی زانستییانە و بابە تییانەیە بەو مانایەی خانی كە باس لە خوداو دەسەڵاتەكانی، مرۆڤ و دروستكراوەكانی دیكەی، بوونەوەر و گەردوون دەكات، بۆ هەموویان بەڵگەی پشتڕاستكردنەوە لە ڕێی ئایەتەكانی قورئانەوە دەخاتە ڕوو. ئەمجارەیان خانێ لە ستاییشی پەروەدیگاردا كە تاك و تەنهایە و خۆی باڵادەست و ڕێكخەری بوون و ژیان و گەردوونە، دیسانەوە دەگەڕێتەوە سەر ئایەتە پیرۆزەكانی قورئان ( چونكە زۆربەی ئایەتەكانی قورئان یەك ئامانجیان هەیە، كە مرۆڤەكان و بەشدارانی ئاخاوتن بتوانن بەهرەكانی دەرك پێكردن و توانستی بیركردنەوە و عەقڵانیەت بەكاربێنن) (3) خانیش تێڕوانینێكی ئەقڵانی بۆ دەسەڵاتەكانی خودا و دروستكراوەكانی هەبووە و لە هەموو وەسف و ناساندنێك دەگەڕێتەوە سەر قورئان وئەجارەیان دەڵێت:_
بێ ڕۆڵە و داك و باب وكاكی
بێ هاوبەش و تاك و پاك و چاكی
نیتن چ وەزیر و یاریكەرێك
لات وەك یەكە پاشاو هەژارێك
بێگومان لە قورئاندا، ئەوە ڕوونكراوەتەوە كە خودا لە كەس ناچێت و كەسیش لەو ناچێت و لەكەس نەبووە و كەسیش لەم نەبووە، بەڵكو هەر خۆی باڵادەستی زەوی و ئاسمانە و هەرچی هەیە لە بوونەوەر و پێكهاتە گەردوونی و سرووشتییەكانی دیكە، بە ویست و ئیڕادەی ئەو كار دەكەن و تەنانەت هەژارو پاشایەكیش لای ئەو وەك یەكەن، چونكە دادپەروەری خودای گەورە بێ هاوتایە، پێچەوانەی ئەوەی لە دەستی مرۆڤ دایە، كە هەرگیز ناتوانێت دادپەروەری بێنێتە ئاراوە.بۆیە لای خودا گەدا و زەنگینێك یەك پایەیان هەیە و هیچ جیاوازیەكیان نییە و هەموویان هەر مرۆڤن و دواجار دەگەڕێنەوە لای ئەو، دوای ئەوەی ئەزموونی ژیان دەكەن و پاشانیش دەمرن و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها خودای تاك و تەنهایە، بۆیە هەربووەوە هەر دەشبێت و كۆتایی نییە:
هەربووی و دەبیت و پایەدار بیت
چوونت نییە تا هەتا لە كاریت
هەموو ئەم دروستكراوانە، وەك ئەوەی لە قورئانیش جەختی لێ كراوەتەوە، بۆ ئەوەی مرۆڤی ژیر، پەندی لێ وەربگرێت وئەقڵانیانە لێیان وردببێتەوە، چونكە هەموویان حیكمەت و ئامۆژگاریی و وانەیەكیان بۆ مرۆڤ تێدایە، بەڵام ئایا ئێمە لەوانە دەگەین؟ دركیان پێ دەكەین؟ ئەم بەڵگانە دەكەینە وانەیەك بۆ ڕێنوێنی و ژیان و چۆنیەتی ژیانمان؟ بێگومان نەخێر مرۆڤەكان زۆرینەی هەرە زۆریان كارێك دەكەن، كە لەگەڵ ویستی خودای گەورە نایەتەوە وهەمیشە شەیتان دەتوانێت بە ئاسانی هەڵیانخەڵەتێنێ و دەستخەڕۆیان بكات ! خانی ئەم بێ ئاگایی و بەدنمەكییەی مرۆڤ باس دەكات ودەڵێت:_
زۆربەد نمەكین و ڕێ نەناسین
نانی تۆ دەخۆین و بێ سپاسین
ئەی خوایە بەدڵ نەزانی خانی
خۆت فێری سپاسی بكە زمانی
مرۆڤەكان لە ئاست خودای گەورە و هەموو ئەو بەخششانەی پێی بەخشیون، بەد نمەكن، سپڵە و بێ وەفان و هیچیان لە بەرچاو نیە و نانی خودا دەخۆن، كەچی سەڵەوات بۆ یەكێكی تر لێ دەدەن. لە ئایینی ئیسلامدا، سەرچاوەی ڕسق و ژیان لە دەست خودایە، بۆیە دەبێ مرۆڤ ئەو پێدراوانە بە هی خودا بزانێت و سوپاس و ستاییشی بكات، كە چی بە پێچەوانەوە. خانی نەك زانایانە و هزرییانە، بەڵكو زۆر ورد و لۆژیكیانە و بە ئەرگۆمێنتەوە لە باڵادەستی خودای گەورە دەڕوانێت و باسیكردووە، كەچی هێشتا بڕوای وایە، ئەو تەنها نەزانێكە، وەك ئەوەی سوكرات دەیگوت من تەنها یەك شت دەزانم ئەویش ئەوەیە كە هیچ نازانم. بۆیە خانی تەنانەت وشەیەكی ئاسایی وەك سپاسیش نازنێت و داوا دەكات خودا فێری بكات، لە كاتێكدا دركی بەو هەموو شتانە كردووە. كەچی بڕوای وایە هەموو ئەوانەی وتوویەتی، هی كەسێكە كە سەری دەخاتە گێژێ، كە هەر شتێك لە بارەی خوداوە ببێژێن هەر وەك دەڵێت:_
دەرناچی سەرم لە كاروبارت
خانی دەبێ چی لە تۆ بێژێ
گێژێكە سەری دەخاتە گێژێ
ئەمەش دیسان جەختكردنەوەیە لە وەی كە زانست و ئیدراكی مرۆڤ، سنووردارە و خودای گەورە جگە لەكەمێك زانستی سنووردار، هیچی تری بە مرۆڤ نەداوە! خانی وێرای ئەو هەموو زانین و وردەكارییە و بە ئاگابوونە لە قورئانی پیرۆزدا، كەچی هەمیشە بڕوای وایە نەزانێكە. خانی هزرییانە لە ئایین دەڕوانێت و بیر دەكاتەوە و قورئان دەكاتە جێگەی تێڕامان و ڕێنوینی ژیان، كە ئەمەش لە خەسڵەتی بنچینەیی كەسی موسڵمانە، كە مرۆڤی موسڵمان دەبێ بیر بكاتەوە، وەك ئەوەی لە قورئانیشدا تێڕامان و حیكمەت كراوەتە بنەمای پەیوەندی مرۆڤ بە خودا و قورئان و ئایینەوە چونكە ( پرۆسەی بیركردنەوە كارێكی هەرە جەوهەری و دینی ڕوحی پێویستە) (4) خانیش وەك شاعیرێكی هوشیار و ئاییناس، نەك هەر بیری كردۆتەوە، بەڵكو زۆر بە وردی لە قورئان و دەسەڵاتەكانی پەروەردیگار و گەردوون و زەوی و سرووشت ڕاماوەوە كردوونەتییە چەقی بیركردنەوەی خۆی، ئەمەشی وەك بەشێك لە ئەركە ئایینی و شیعرییەكە بینیوە چونكە ( ئەركی ئایینی بە یەكەێك لە ئەركە سەرەكییەكانی شیعری كلاسیك دادەنرێت، ئەم ئەركەش لە دوو ئاستدا دەردەكەوێت، لە یەكەمیاندا زیاتر خودی و كەسییە و نزا و پاڕانەوە و داوای لێ خۆشبوونی تێدا كردووە، ئاستەكەی تریشیان شیعریان وەك دەرەتانێك بینیوە تا لە ڕێیەوە زیاتر ئایینی ئیسلام بناسێنن.(5) بەڵام گەر سەرنج لە مەم و زین بدەین، دەبینین خانی پتر لە سەر ڕەهەندە هزرییەكەی ئایین و تێڕامانی هزرییانە وەستاوەو ئایین دەكاتە سەرچاوەی بیركردنەوە و كەمتر ئیسلام دەناسێنێت، بەڵكو خوداو پەیامبەر لای ئەو، دەرەتانی ئەو ئایین ناسییەن و بۆ هەر دوانێكیش گەڕاوەتەوە سەر قورئانی پیرۆز، بەو پێیەی لێكدانەوەی خانی لە قورئانەوە سەرچاوەی گرتووە. دیارە( زۆربەی شاعیران، سەرەتای دیوانەكەیان بە ناوی خواوە دەست پێ كردووە تەنانەت بابەتی ئایینی و خۆشەویستیان بۆ خودا و پێغەمبەر و قورئان بە جۆرێك تێكەڵی نەستیان بووە، بووە بە سەرچاوەیەكی سەرەكی وێنە شیعریەكانیان .(6). لەو سۆنگەیەوە، خانی دوای پەروەردەیگار، پەسنی پەیامبەری ئیسلام دەدات، چونكە وەك ڕوونە، بڕواداری هیچ موسڵمانێك تەواو نابێت تا گەواهی ئەوە نەدات كە پەیامبیەر(د –خ) لە سەر بێت، نێردراوی خودایەو كاتێ موسڵمانان گەواهی دەدەن كە تەنها یەك خودای تاك و تەنها هەیە، ئەوا دەبێ لە درێژەی ئەو شایەتمانییە ئەوەش بڵێن كە (محمەد) ڕەسولی خودایە. ناوی پەیامبەریش دیارە هەر لە سەرەتاوە، لە (لەوحی مەحفوز) هاتووە كە بۆ پێش دروستكردنی زەوی و گەردوون و ئادەمیش وەك یەكەم مرۆڤ دەگەڕێتەوە. بۆیە خانی دەڵێت:
هێشتا نەزە وی نەعاسمان هەبوو
ئەو سەروەری هۆزی سەروەران بوو
ئەمەش وەك ئاماژەیەك كە هەموو ئاینەكانی دیكە لە دوای ئیسلام بەتاڵن و پەیامبەریش هی هەموو مرۆڤایەتییە و ئەو لە هەموویان پایەدارترە لای خودا، بۆیە بە هاتنی دەبێتە سەروەری هۆزی سەروەران و هەم ئایینەكەی، هەمیش خەڵكەكەی لای خۆی و خودا، ڕێز لێگیرا و و شكۆمەندن. لێرەوەش بڕوابوون بە پەیامبەریش هەر تەنها ئەوە نییە ئێمە ناوی بێنین و سوننەتەكانی زیندوو بكەینەوە، بەڵكو چەند لە سەر ڕێباز و پەیڕەوی ئەو دەڕۆین، ئەمەیان دەبێ بۆ موسڵمانان لە پێشینە بێت و بكرێتە پێوەر. دەبێ كردە وە و ڕەفتارمان وەك ئەو پاك و جوان و خاوێن بێت، نەك ڕووكەشیانەن ئایین بۆ فریودان و بە لاڕێ دابردن و ناوی خوداو پەیامبەریش بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵكی بەكاربێنین، وەك ئەوەی ئێستا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا باوە. بۆیە خانی دەڵێت:
كێ پەیڕەوی ئەو بێت سەر فیرازە
شانازی بە خۆی دەكا و بە نازە
ڕێو شوێنی ئەو كە ڕاستە ڕێیە
بیبەیتە سەر خوا لەوێیە
ئەوەشی ئەو ڕێیە نەگرێت، دیارە سەرفراز نابێت و گەر لە ژیانیش خۆی بە سەر فراز بزانێت، ئەوا لە ژیانی ئاخیرەتدا دوای مردنی و لە ڕۆژی كۆتاییدا، لە هەنبەر ئەو ژیانەی لە دنیا بە ڕێی كردوەو هەروەها كار و كردەوەكانی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت.
سەرچاوەو پەراوێزەكان:_
1_ مەم و زین، وەرگێڕانی هەژار موكریانی، بڵاوكراوەی دەزگای ئاراس، ساڵی چاپ _2009.
2_ دابڕانی سۆسیۆلۆژیای ئەبستمۆلۆژی لە شیعری كوردیدا، هاوكار مامەند تەها، ساڵی چاپ _ 2024، لە 347.
3_قورئانناسی، د _كەمال میراودەلی، بڵاوكراوەی مێخەك، ساڵی چاپ_ 2021، ل 198.
4_ قورئانناسی، د _كەمال میراودەلی، بڵاوكراوەی مێخەك، ساڵی چاپ_ 2021، ل 84.
5_ ئەركی شیعر لە ئەدەبی كلاسیكی كوردیدا، ژینۆ عەبدولرەحمان محمد، بڵاوكراوەی كتێبخانەی خاك، ساڵی چاپ _2024، ل 334.
6_ ئەركی شیعر لە ئەدەبی كلاسیكی كوردیدا، ژینۆ عەبدولرەحمان محمد، بڵاوكراوەی كتێبخانەی خاك، ساڵی چاپ _2024، ل 92.