خه‌بات: محەمەد سەعید کوردە:- هونەرمەندی کۆچکردوو سمکۆ عەزیز کەریم لە ساڵی 1934 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، ئەو هونەرمەندێکی بە ئەزموون و تژی لە داهێنان بوو، تا لە ژیان بوو ئەوەی لە هەگبەیدابوو بەوپەڕی کاریگەرییەوە پێشکەشی کرد، بۆیە کارە دیار و بەرچاوەکانی گەواهی ئەو ڕاستیمان بۆ دەدەن و توانای ئەو هونەرمەندە دەردەخەن، ئەوەتا لە چیرۆکی تەمسیلی لالۆ کەریم، توانی ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێ و جوانترین نمایش پێشکەش بکات و زۆر بێباکانە دژی زوڵم و زۆرداری بووەستی و لە پێناوی هەق و ڕاستیدا سەری خۆی هەڵبگرێ و زێدی خۆی بەجێ بهێڵێ بۆ ئەوەی بەرامبەر نەیارەکانی چۆک دانەدات، هەروەها لە زنجیرە تەمسیلی (ژاڵە)ش کە ڕۆڵی (کێخوا ڕەزا)ی بینی بوو بە نمایشە جوانەکانی توانی سەرنجی بینەران بەلای خۆیدا ڕابکێشێ، چونکە ئەو کوێخوایەک بوو پتر لایەنگیری لە خەڵکە ڕەش و ڕووتەکە دەکرد، ئەو هەڵوێستەشی لە دوا دیمەنەکاندا زیاتر دیار کەوت، ئەوا لە کار و بەرهەمەکانی دیکەشیدا بە هەمان شێوە توانی جێگەی ڕەزامەندیی هەموو لایەک بێت. هونەرمەند سمکۆ عەزیز لە تەمەنێکی وا گەورەدا زۆر لێهاتووانە توانی ئاوێتەی ڕۆڵەکانی ببێ بێ ئەوەی هەست بە ماندووبوون و بێزاری بکات، ئەویش لەبەر ئەوەی کارە هونەرییەکانی هێندەی ڕۆڵەکانی و بگرە زیاتریش خۆش دەویست، بۆیە هەر ئەو خۆشەویستییەش بووە هەوێنی سەرکەوتنی ئەو هونەرمەندە.

دیارترین بەرهەمه‌كانی ئەو هونەرمەندە بریتی بوون لە: مه‌كری ژنان 1975، لالۆ كه‌ریم 1976 ، پیری ئاخیر شه‌ڕ 1973، ژاڵه‌ 1985، به‌رمانه‌ی به‌رنامه‌،کەشکۆڵ، كه‌له‌پووت، عه‌به‌ی سنورداش، فه‌رته‌نه‌، بەڵام ئەفسووس ئەو هونەرمەندە هەر زوو بار و بارگەی خۆی پێچایەوە و لە ڕۆژی 28.3.2004 لە تەمەنی 70 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و دنیایەک یاد و یادگاری لە دوای خۆی جێهێشت کە ئێمەی بینەران هەرگیزا و هەرگیز لە یادیان ناکەین.